سیاسەتی دەرەوە لە ململانێی باڵ باڵێنەکانی کۆماری ئیسلامیدا

ئەرسەلان ئیحسانی


لەم قۆناغەی ئێستادا سیاسەتی دەرەکی گرنگترین کردەوە و هەڵسووکەوتی نێودەوڵەتی وڵاتانە کە دەتوانین بڵێین گۆڕەپانێکە بۆ ململانێ نێوان تێۆری و کردەوە سیاسییەکان کە کاریگەریەکانی لێکۆڵینەوە سیاسییەکان لە بواری نێودەوڵەتیدا بەردەوام خۆی بەسەر کردەوەی وڵاتاندا زاڵ کردووە. ئەوەی جێ ئاماژەیە ئەوەیەکە سیاسەتی نێودەوڵەتی هەر وڵاتێک هەڵقوڵاوی سیاسەتی ناوخۆیی ئەو وڵاتە هەر بۆیە کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران ڕوودەدات زۆرزوو کاریگەری خۆی لە سیاسەتی دەرەوەدا دەردەخات و لەم بوارەدا گۆڕانکاری بەرچاو بەدی دەکریت.
بە دەستپێکی شۆڕشی گەڵان لە ئێران و هاتنە سەر کاری دەوڵەتی کاتی بە هۆی باروودۆخی نەگونجاوی سیاسی و ئابووری و بگرە ناوچەیی و هەروەها هەوڵدان بۆ بەرەنگاری کردن لەو شۆڕشەی کە سەری هەڵدابوو و بەدەست کاربەدەستان قۆرغکرابوو، سیاسەتێکی نێودەوڵەتی نوێی دەویست بۆ داڕشتنەوەی سەرلە نوێی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان. هەرچەند زۆربەی شڕۆڤەکاران پێیان وایە کە لەم قۆناگەدا سیاسەتی دەرەکی  ئێران درێژکەرەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەورانی پاشایەتییە و تەنیا ڕوانینی سیاسی ڕیبەری ئەوکات بۆ پرسی ئایین چەند گۆڕانکاریەکی بەدی هێناوە، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەوان لەبیریان کردووە کە بابەتێکی گرێنگی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووری بە ناوی شۆڕشی ئیسلامی ڕووی داوە کە دەتوانێت سەرجەم بوارەکانی سیاسەت و بگرە ژیانی خەڵک بگرێتە بەر کە خۆی گۆڕانکاریەکی گەورە بەدووی خۆیدا دەهێنێت.
ساڵەکانی کۆتایی دەهەی ٥٠ و هەروەها سەرەتای دەهەی ی٦٠یهەتاوی دوو ڕوانگەی جیاواز و تاڕادەیەک دژبەیەکی لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە ئێران بەدی هێنا. بەڕیوەبەرانی دەوڵەتی کاتی ئەوکات بیر و ڕایان وابوو کە بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە تازەیە کە ڕەنگی و بۆنی ئایینی هەیە بتوانرێت ڕاگیڕیت و پەرە بستێنێت دەبێت ئێران هاوکاری و پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و ڕۆژئاوا و زیاتر لە وانیش ئەمریکا بەهێزتر بکات و دەبێت بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان لەسەرەوەی بەرژەوەندی ئایینی بێت و هەر بۆیەش ئاستی پەیوەندییەکانی ئێرانی لە گەڵ ئەمریکا پەرە پێدا و کۆنسوولخانە ئەمریکا بۆ باڵوێزخانە گۆڕدرا و چەند دانیشتنێکیش لەگەڵ بێرژینسکی ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نەتەویی ئەوکاتی کارتێر کرد، بەڵام لە بەرامبەردا ڕیبەری ئێران دژی ئەو بیر و باوەڕە بوو و لە ڕوانگەی ئەوەوە بەرژەوەندی ئایینی لە پێشەوەی هەموو شتێک بگرە بەرژەوەندی خەڵک و مەملەکەت و شۆڕشی تازە پێگەیشتووش بوو. خومەینی هەر زوو قسەکانی دەوڵەتی کاتی ڕەت کردەوە و بە دروشمی نە ڕۆژهەڵاتی نە ڕۆژئاوای (نە شرقی نە غربی) پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێرانی تا ڕادەیەکی زۆر بردە پەڕاوێزەوە.لەم قۆناغەدا بەربەرەکانی نێوان ڕوانگەکان تا ڕادەیەکی زۆر پەرەدەستێنێت  و موهەندیس بازەرگان سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئێران لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە کۆننفرانسێکدا باس لەو کێشەیە دەکات ودەڵێت؛ «ئامانجی  سەرەکی دەوڵەتی کاتی یارمەتی بە ئێران لە ڕێگای ئیسلامەوەیە،  بەڵام ڕوانگەی خومەینی  یارمەتی دانی ئیسلامە لە ڕیگای ئێرانەوەیە». ئەو کێشەیە بە گرتنی سفاڕەتی ئێرانەوە لە لایەن قوتابیەکانی زانستگای دواکەوتووی خومەینی بە قازانجی خومەینی کۆتایی پێدێت.
لە دەهەی ٦٠ی هەتاویەوە بە وردی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئێران لە خۆپاراستن لە هاتن و دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکی گۆڕدرا بە هەناردەکردن و بڵاوکردنی ئامانجەکانی شۆڕشی ئێسلامی ئێران بۆ دەرەوە و پەل هاویشتن لە وڵاتانی دراوسێدا. لەم قۆناغەدا ئێران هەوڵیدا بە یارمەتی ئایین و مەزهەبی تەشەیوع و کەڵک وەرگرتن لە مەڕاسمی حەجی مەسڵمانان هەوڵبدات دژی سیاسەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بوەستێتەوە. هەروەها هەڵدەدرێت کە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتەکان کەمکاتەوە و ڕووبکاتە پەیوەندی لەگەڵ نەتەوەکان تا بتوانێت بە دانی پارە و یارمەتی تر بۆلای خۆیان ڕابکێشێت و بیانکاتە هێزێکی گوشار بۆ سەر وڵاتانی خۆیان.
بە هاتنە ئاڕای باسی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ وڵاتانی تر بۆ سازکردن و بەدیهێنانی سنوورێکی ئەمنی لە دەورووبەری ئێران و هەروەها گرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکا تا ڕادەیەکی زۆر ڕەوایی سیستم سیاسی ئێران چووە ژێر پرسیارەوە. بە واتەیەکی تر هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی خالی لێککەوتنی دوو کولتوری سیاسی ئێرانی – ئیسلامی و فەلسەفەی سیاسی خومەینی بوو. سەرەڕای ڕەخنەی ناوخۆیی لەم شێوازەی هەناردەکردنەی شۆڕشی ئێسلامی کە دەستەیەک لە سیاسەتوانانیش دەگرێتەوە، بەڵام تا ئێستا هەر ئەو سیاسەتە گرتراوەتەبەر. لەم قۆناغەدا لەجیاتی ئەوەی ئێران خۆی لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتی هاوئاهەنگ بکات هەوڵدەدات بە کەڵک وەرگرتن لە سیاسەتی ناوخۆیی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سیاسەتسازی بکات.
دوای کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق و لە ناوچوونی شووڕەوی، مردنی خومەینی و گۆڕانکاری و پێداچوونەوە لە دەستووری ئێراندا و بە چاو خشاندنێک بە وێرانییەکانی دوای شەڕ و لە ناوچوونی زۆربەی هەرەزۆری ژێرخانە ئابوورییەکانی ئێران لە ساڵەکانی دەیەی ٧٠ی هەتاویدا، ئێران سیاسەتی نێودەوڵەتی خۆی بۆ پەرەپێدانی ئابووری لە ڕێگای ڕاکێشانی بازرگانی نێودەوڵەتی بۆ سەرمایەگوزاری لە ئێران تەرخانکرد. لەو دەورەیەدا کە هاوکاتە لەگەڵ سەرۆک کۆماری هاشمی ڕەفسەنجانی، هەوڵدەدرێت شۆڕشی ئیسلامی لە ڕێگای ئابووری و گەشەی ئابووری پەرەپێبدرێت و هەروە دەیهەوێت پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە تا ڕادەیەکی زۆر بەرەو پێش بەرێت.هەر بۆیە لەو دەورەیەدا لە سیاسەتی نێودەوڵتی ئێران چاوپێکەوتنەکانی نێوان سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوە لەگەڵ هاوتاکانی خۆیان تاڕادەیەک هەڵکشانی بە خۆیە بینیوە. گرتنەبەری ئەم ڕێگایە دەبێتە هۆی ئازاد کردنی زیاتر لە ٥٦٧ میلیۆن دۆلار لە داراییەکانی ئێران کە لە لایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیرابوو. 
ئەم پەیوەندییانە دەبیتە هۆی پەرەستاندنی ئابووری ناوخۆیی و هاتنە ناوکایەی کەرتی تایبەت و تا ڕادەیەک خۆشبژێوی بۆ خەڵک و لە ئاستی ناوچەییشدا هەوڵدرا تا ئەو وڵاتە تازانەی سەریان هەڵداوە وەک بازاڕێک و هەلێک بۆ پەرەستاندنی ئابووری چاو لێبکرێت و تا ڕادەیەکی کەم لەم دەوەرەیەدا هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی دەکەوەێتە دوای بابەتی ئابووریەوە و لە بواری نێودەوڵەتیشدا تا ڕادەیەک ئێران بە پەسەند کردنی یاسای سندووقی پوڵی نێودەوڵەتی دێتەوە سەر هێڵی بازارگانی و ئابووری جیهانی.
لە کۆتاییەکانی دەهەی ٧٠ و سەرەتای دەهەی ٨٠ی هەتاوی و هاتنە سەرکاری خاتەمی وەک سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەوەندی دەورەی پێشوو بەردەوام دەبیت و تەنیا بابەتی سیاسی و کلتوری جێێ بابەتی ئابووری دەگرێتەوە و سیاسەتی هاوسەنگی و پەرەستاندنی ئابووری جێی خۆی دەدات بە گەشەی سیاسی  و هەوڵدەدرێت لە سیاسەتی تەک لایەنەی خۆیان دوورکەنەوە و تا ڕادەیەک لەگەڵ سیاسەتی گشتی خۆیان نوێ کەنەوە و هەوڵدەدرێت خۆیان لە توند و تیژی بەدوور بگرێن و زامنی ڕوو بەدەرێیان نەرمتر دەکەنەوە و باس لە وتووێژی شارستانییەتەکان دەکرێت. لەم قۆناغەدا ئێران باس لەوە دەکات کە دەیهەوێت لە ڕێگای لەیەکتێگەیشتن و وتووێژی کلتووری و شارستانییەتەکانەوە، لە یەک نزیک ببنەوە و ئیسلام دینی لەیەک تێگەیشتنە و زمانێکی نەرمی هەیە و دەبێت بە لە یەک تێگەیشتن پەرە بە پەیوەندییە ناودەوڵەتییەکان بدرێت. بە ڕەچاو کردنی ئەم سیاسەتە ئێران لە هەنگاوی یەکەمدا هەوڵیدا خۆی لە گەمارۆی سیاسی ئەمریکا بێنێتە دەرەوە و دواتر بە ڕەچاوگرتنی ناوچەکە وڕۆڵی ئێران لەو ناوچەیەدا بارودۆخی بەرگریکارانە دەگرێتە بەر و خۆی تۆکمەتر دەکات و لە ئاکامدا هەوڵیدا بە وتووێژی سیاسی ئەو کێشە و ئاڵۆزیانەی کە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەیەتی تا ڕادەیەکی زۆر چارەسەریان بکات.
ئەم نەرمی نواندنانەی ئێران و هەوڵ بۆ وتووێژ و لێکتێگەیشتن بێ هۆ نییە و ئێران کە پێشتر لە دەورانی هاشمی ڕەفسەنجانی گرێبەستێکی لەگەڵ وڵاتی چین بۆ سازکردنی وێستگەیەکی پیتاندنی ئۆرانیۆم واژۆ کردبوو، بەڵام دوای ماوەیەک لە ژێر گوشاری ئەمریکا چین لەم گرێبەستە دەکشێتەوە و خاتەمی بە هاتنەسەرکاری بە کەڵک وەرگرتن لە شارەزایانی ناوخۆ ئەم پڕۆژەیە دەخاتەوە گەڕ کە کاردانەوەی وڵاتانی دیکەی لێدەکەوێتەوە.
 لە دەهەی ٨٠ی هەتاوی کە بە هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی سەرۆک کۆماری ئەحمەدینژاد، سیاسەتی نێودەوڵەتی ئێران لەو دەورانەدا تا ڕادەیەک لە نەرم و نیانییەکانی دەورانی خاتەمی دوور دەکەوێتەوە و ئەحمەدینژاد باس لەوەدەکات کە خاتەمی لە بواری نێودەوڵەتیدا زۆر بەنەرمی چۆتە پێش. لەو دەورەیە زیاتر هەوڵدەدرێت بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم و ڕاگەیاندنەکان ڕوو بەدەرەوە توندوتیژ تر دەبێت و ئێران لە بواری سیاسی و ئابووریدا گۆشەگیرتر دەبێت و ئاکامەکەشی دەبێتە گەمارۆی ئابووری بۆ سەر ئێران و خراپ بوونی زیاتری بژێوی خەڵک. لەو دەورەیە زیاتر لە جاران لێدوانی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل دەدرێت و لە کۆنفرانسی هۆلۆکاست لە بەر چاوی میدیای جیهانی ئەحمەدینژاد باس لە لەناوبردنی ئیسرائیل و ڕەتکردنەوەی هۆلۆکاست دەکات و هەروەها لە لێدوانی فەرمیدا بە ڕاشکاوی باس لە یارمەتی و پشتگیری حیزبوڵڵای لوبنان و وڵاتانی تر دەکات. لەو قۆناغەدا ئێران زیاتر لە جاران خۆی لە چین و ڕووسیە نزیک دەکاتەوە.
لە دەهەی ٩٠ و بە هاتنە سەر کاری ڕووحانی وەک سەرۆک کۆماری ئێران جارێکی تر ئێران هەوڵدەدات بە گۆڕینی کردەوەکانی ئەو هەلە بۆ خۆی بڕەخسێنێت کە بتوانێت نەفەسێکی تازە هەڵمژێت و سیاسەتی هەنگاوێک بۆ دواوە و دوو هەنگاو بۆ پێشەوە دەخاتە بەرنامەی کاری خۆی. ئێران کە لە دەورانی ئەحمەدینژاد دا هەوڵی خۆیدا بە هەرجۆرێک دەتوانێت تا ڕادەیەک بەو ئامانجانەی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوە بگات و هەربۆیەش زۆر بۆی گرنگ نەبوو وڵاتانی تر هەڵوێستیان چییە و هەر ئەوەش بووە هۆی گەمارۆی ئابووری و پەراوێز خستنی لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەروەها گەورەبوونەوەی کێشەی وزەی ناوەکی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. هەر بۆیە چاوەڕوان کراو بوو کە سەرۆک کۆماری دوای ئەحمەدینژاد دەبوو سیاسەتێکی نەرمترو گونجاوتر و شیاوتری لە ئەو هەبووایە بۆیە ڕووحانی بە دروشمی پەیوەندی نێودەوڵەتی دەبێت بەرژەوەندی و ئەمنیەتی ناوخۆ بپارێزێت و دەبێت ئێمە لەو پەراوێزە سیاسییە بە وتووێژی ژیرانە و واقعگەرایانە ئەو پچراوی سیاسییەی کە ڕوویداوە نۆژەن بکەینەوە و بەڵام ناشبێت بەڕژەوەندی و مافی خۆشمان لە بەرچاو نەگرین.
لەو دەورەیەدا هەوڵدرا ئێرانیش لە ئەمریکا دەست بکات بە لابیگەری کە ئەوە چەندین جار لەقسەکانی  جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێراندا بە ڕوونی ئاماژەی پێکراوە.  هەرچەند پێشتریش لابیگەری هەبوو، بەڵام زۆر بەرچاو نەبوو. هەر بۆیە هەوڵ درا لە لایەن ئیسلامییەکانی نزیک لە ئێران و دژبە ئەمریکا و ئیسرائیل کە نیشتەجێی ئەمریکا بوون و هەوەها سیاسەتوانانی دۆستی ئێران کە زەمینەی هاوکارییان بوو بەم ئامانجە بگەن کە تا ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بوون هەرچەند کە بە ئاشکرا خاوەندارییەتی ناکەن.
لەو دەورەیەدا ئامانجی سەرەکی ئێران واتە هیلالی شیعی کە خۆی لابیەکی دینییە لەبیر نەکراوە و وەک دەورەکانی پێشتر کاری لەسەر کراوە و بەرو پێشتریان بردووە هەرچەند لەوانەیە کە ڕووحانی زۆر لەسەر ئەو بابەتە سوور نەبێت، بەڵام ویستی سەرەکی خامنەیی و سپای قودسی ئێران پەرەستاندنی ئایینی شیعە لە جیهانە ئەویش نەک لەبەر خوودی ئایین و مەزهەب تەنیا بۆ لابیگەری و گرتنە دەستی ناوچەیەکی ئایینی کە خۆیان دەستی یەکەم بن تێیدا کە تا ڕادەیەکی زۆر لە دەورانی ئۆبامادا لە سەر ئەو بابەتە کە لە ناوچەکەدا باڵانسێکی بەرچاو لە نێوان سوننی و شیعەدا دەبێت پێک بێت، وتووێژکرا و ڕیگاشی پێدرا. بە پێک هاتنی ناوچەیەکی تا ڕادەیەک ئازادی شیعە بە ڕیبەری ئێران، توانی ئە هەلە بۆ ئێران بڕەخسێنێت کە پەل و پۆیەکی زۆر بخاتە ناوچەکە، کە ترامپ دوای هاتنەسەر کاری هەوڵی زۆریدا بۆ قرتاندن و لە ناو بردنی.
هەروەها نابێت لە بیری کەین کە ئێران لەسەرەتاوە دوای دوورکەوتنەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمرێکا هەوڵێکی زۆریداوە بۆ خۆ نزیک کردنەوە لە چەپی ڕۆژئاوا کە لە دەورانی سەرۆک کۆماری ئەحمەدینژاد دا بە لووتکەی خۆی گەیشت و لەو دەورەیەشدا بەردەوام لەم ئاڕاستەیەدا هەنگاو نرا، هەرچەند زۆر بەرچاو نەبوو چونکا سیاسەتی ئێران لەم دەورەیەدا لە چوارچێوەی گرنگیدان بوو بە ئەم پەیوەندییانەی کە زۆرترین سوود و قازانجیان هەبێت لە مەودایەکی زەمانی کەمدا.
لە چاو خشاندنێکی گشتیدا لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیدا تا ئیستا دەردەکەوێت کە سیاسەتی نێودەوڵەتی ئێران بەردەوام گرێدراوی توندی سیاسەتی ناوخۆی ڕژیم بووە و بەردەوامیش هەوڵدراوە لە چوارچێوەی هێشتنەوە و ڕیشەداکوتان و دواتر پەل و پۆ هاویشتنی ئەم شۆڕشە بە واتەیەک شۆڕشی ئیسلامی شیعەدا کار بکرێت، بۆ ئەوەیکە بتوانێت خۆی ڕابگرێت و سنوورەکانی لە دەرەوە لە بواری سیاسی و جوغڕافیاییەوە پەرە پێدات و تەنیا بە سنووری خاکی ڕازی نییە و خۆی دەزانێت دەبێت شەڕ و ئاڵۆزییەکانی بەرێتە ئەو دیوی سنوورەکانی، هەر بۆیە بەردەوام بە دروشمی هەناردەکردنی شۆڕشی ئایینی و ئیسلامی ئەم ڕێگایەی گرتووەتە بەر و لەم ئاستەشدا توانیویەتی بە ڕەچاو کردنی سیاسەتی ناوچەکە و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکایی بە سیاسەتی هەنگاوێک بە دواوە و دو هەنگاو بۆ پێشەوە بەردەوام بێت لە ئامانجەکانی و هەرکات ڕێگا بووە بە توندی ڕۆشتووە و هەرکات پێشی پێگیراوە سیاسەتەکەی بۆ وتووێژ گۆڕیوە و دەبێت چاوەڕوان بکرێت کە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەکی تا چ ڕادەیەک دەتوانێت لە سیاسەتەکانی بەردەوام بێت و تا چ ڕادەیەک لێی قبووڵ دەکرێت.


PM:03:04:05/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 138 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌