گۆڕانکارییە ناوچەییەکان زەنگی مەترسیان بۆ کۆماری ئیسلامی لێداوە

 

 

ئەرسەلان ئیحسانی

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران  و قۆرغ کردنی دەسەڵات لەلایان خومەینی  و دارودەستەکەیەوە، زۆر شت لە ئێران بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات  و ئەو بەڵێنانەی کە خومەینیش لە کاتێک کە دورخرابوویەوە و لە دەرەوەی ئێران بوو، دابووی یەک بە یەک لە بیر کران و پلانی سەرەکی خۆیان کە پێشتر کاریان لە سەر کردبوو چووە باری جێبەجێ کردنەوە. خومەینی لە ڕاوێژکاری ئایینیەوە دەگۆڕدرێت بۆ ڕێبەرێکی دیکتاتۆر و سیاسەت و ئابووری وڵات لە ژێر نەزانی و نا کارامەیی زانا ئایینیەکان بەرەو هەڵدێر دەچێت و یاسا و ڕێساکان لە نێو پاساوە ئایینیەکاندا دەتوێتەوە  و تەنیا قسەیەک دەتخوات کە ئایین دانی بەسەردا بنێت و لەسەرەوەی هەموو شتێک ڕێبەری پشت ڕاستی بکاتەوە.

یەکەم هەنگاو کە خومەینی دەینێت داکوتانی ڕێشە لە ناوەوە و دەرەوەی ئێرانە کە زور بو زووی دەستبەکاردەبێت و کاری بۆدەکات. ئەم کارەش سەرمایە و داهاتێکی زۆری پێویستە، بەڵام ئەوە تەنیا بڕیاری ئەوڕۆ  نییە و پێشتر پیلانەکانی خۆیان بۆ داڕشتووە، سەرەتا بە خاڵی کردنی مۆزەخانەکان و بانکەکان، داهاتێکی زۆر کۆدەکەنەوە و دەیخەنە ئەستۆی شا و بنەماڵەکەی و بەم جۆرە هەم پارەیەکی باش دەکەوێتە دەستیان و هەم شا زیاتر لەبەر چاوی خەڵک دەخەن  و ئاوا دەنوێنن کە ئەوان تەنیا وڵاتێکی وێرانیان گرتۆتە دەست و دەبێت هەوڵ بدەن ئاووەدانی کەنەوە و هەروەها بە پاساوی دۆستایەتی شا دەست بەسەر زۆربەی کارگا و کارخانەکاندا دەگرن و ئەوکەسانەش کە بەرامبەریان بوەستنەوە بە تاوانی دژی حکومەت و ئایین لە سێدارە دەدرێن.

خومەینی بەمجۆرە دەتوانێت هەم پووڵی پێویست بۆ ئامانجەکانی دەستبخات هەم ئەوەیکە زۆربەی ئەوکەسانەی دژایەتیان دەکرد لەناویان بەرێت. دوای ئەوە پلانی سەرەکی خۆیان دەخەنە گەرەوە. ئەوێش قۆرغ کردنی تەوای دەسەڵاتی ناوخۆیی و بوونی چەند پێگەیەکی دەرەکی لە وڵاتانی دراوسێی ئێرانە. زۆر لەوە پێشتر هێزێکی ئێرانی و لوبنانی لە لوبنان و لیبی بۆ ئەو ڕۆژانە ئامادە کردبوو بۆ ئەوەیکە بۆ سەرکوت کردنی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان و هەروەها لەناوبردنی کەسایەتییەکان دژی حکومەت کە لە دەرەوەی وڵاتن.

سەرەتا ڕکابەرە سیاسییەکانی ناخۆ و ئۆپۆزسیۆنە چالاکەکان بە پلانی جۆراوجۆر لە مەیدان بەدەر دەکات و گۆڕەپانی سیاسیدا دەیانشواتەوە. تەنانەت هەوڵدەدات ئەو مۆرانەی خۆشی کە بەربەستن لەبەر کردەوەکانیان لە ناویان ببات و بیان سووتێنێت. باهونەر ، ڕەجایی و بهێشتی ئەو کەسانە بوون کە کاریان بۆ حکومەت دەکرد، بەڵام دەیانتوانی دژیشیان بوەستنەوە و ئاستەنگیان بۆ دروست بکەن هەر بۆیە تیرۆریان دەکەن و تاوانەکەشیان دەخەنە سەر شانی ئۆپۆزسیۆن، بەم جۆرە دوو خاڵ دەپێکن؛ هەم ڕێگا بۆ خۆیان دەکەنەوە و هەم دەستیان ئاواڵەدەکرێتەوە بۆ لە ناوبردنی ئۆپۆزسیۆن. بەو کارانە هەلەکە دەڕيخسێنن بۆ تیری کۆتایی، زانا ئایینیەکان بەبیانووی نەبوونی کەسی شارەزا دێنە گۆڕەپانی دەسەڵاتدارییەوە، سەرۆک کۆماریش قۆرغ دەکەن هەرچەند پێشتر بڕیاڕ بوو هیچ زانایەکی ئایینی نەبێتە سەرۆک کۆمار.

دەستوور دەگۆڕدرێت و دەتوانین بڵێین بە دانانی دوو حیزبی ڕێفۆرمخواز و بناژوخواز دەتوانن چوارچێوەی سیاسی ئێران بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان  و بەم شێوازە لە گۆڕەپانی سیاسی ئێران تەنیا خۆیان دەسەڵاتیان بەدەست بێت و هەرکاتێک هەست بکرێت کەسایەتێک دەتوانێت مەترسیدار بێت بۆ سەر ئەم دەسەڵاتە بە بیانووی جیا جیا لە ناو دەبردرێت. بەڵام بە لەناوبردنی مۆرەسەرەکییەکانی دەسەڵات ئەو ترسە دەنیشێتە، دڵی کاربەدەستان کە لەوانەیە خۆشیان ڕۆژێک نۆرەیان بێت هەربۆیە زۆر جار لە کۆبوونەوەکان و دەرکەوتنەکانیان دەریدەخەن کە چیدەزانن و نەهێنییەکان تا کاتێک دەپارێزن کە کاریان پی بکرێت و ئەگەر بێت و پەڕاوێز بخرێن زۆر شت دەگوترێت کە نابێت بگوترێت. هەر ئەوە دەبێتە هۆی ڕوونبوونەوەی خەڵک و ئەوەی تا دۆینێ شاراوە بوو و خەڵک بۆی دەردەکەوێت و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئاگرئ ناڕەزایەتییەکان و شکانی شکۆی ئەوەی تا ئێستا تابۆ بوو بە لایانەوە. ئەم ناڕەزایەتییانە، ئێران وەک دارێک دەردەخات کە لە ناوەوە نەخۆشە و خەریکە لەناوەوە دەدەڕزێت.

بەڵام دەسەڵاتدارانی تەنیا بە قۆرغ کردنی دەسەڵاتی ناوخۆ ناوەستن و دەیانهەوێت لە وڵاتانی تریشدا پێگەیەکیان هەبێت کە ئەگەریش نەتوانن دەسەڵاتداریشی بکەن لانی کەم بتوانن بیکەنە قەڵغانێک بۆ لە ناو نەچوونی دەسەڵاتی ناوخۆییان لە ئێران. بۆ دەست پێک لەوڵاتە هاوسێکانیانەوە دەست پێدەکن و هەڵگرتنی ئاڵای ئایین و ئیسلامی شیعە، بنکە و پێگەکانی لە عێراق و سوریەدا دادەنێت و پێشتریش کە لە لوبنان توانیویەتی پێگەی خۆی قایمتر کات. دەسەڵاتدارانی ئێران کە خۆیان بە نوێنەری شیعە و ئیسلام دەزانن بۆ یان گرنگە خۆیان لە تورکیە یان عەرەبستان وەک وڵاتێکی سوننە نزیک کەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن لە دوا ڕۆژدا لە بەرژەوەندی خۆیان کەڵکیان لێ وەربگرن. یەمەن وڵاتێکی هاوسێی عەرەبستانە و ژمارەیەک لە دانیشتووانی پێڕەوی ئایینزای شیعەن کە لە دەسەڵاتدا نین و کەمینەن، ئەوە خۆی وادەکات هەلەکە گونجاو بێت بۆ کۆماری ئیسلامی تا پشتیان بگرێت بە ناوی ئایینەوە و وەک مۆرەیەک لە دژی عەرەبستان بەردەوام چالاک بێت و بتوانێت لە سیاسەت و ئابووری سعودییەدا کاریگەری بێت و لە تورکییەش کۆماری ئیسلامی پاڵپشتی ئۆپوزسیۆن دەکات و ڕێگا و پێگەیان دەداتە و یارمەتی ماڵی و سیاسییان پێدەدات تا لە تورکییەش مۆرەیەکی هەبێت بۆ یاری کردن هەرچەند بچووکیش. عێراق و سوریە  دوو وڵاتن کە کۆماری ئیسلامی بە ڕاشکاوی دەستیان تێوەر دەدات و حەوشە خەڵوەتی (حەوشەی پشتەوە، بەک گاردن) ئێران ناوی لێدەبردرێت و ئێران ڕۆڵێکی کاریگەر لە سەر سیاسەت و ئابووری ئەم وڵاتانە هەیە.

ڕاستە کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوە بەردەوام توانیویەتی خۆی حەشار بدات و سیاسەتی خۆی بەڕیوە بەرێت، بەڵام هەروەک دیارە لە ناوخۆ و دەرەوەش خەڵک ئاگا بوونەتەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و مۆرەکانی خۆشیان دەستیان کردووە بە وەستانەوە لە بەرامبەر یەکدا و بۆ دەسەڵات گرتنە دەست، ئەو ڕاستیانەی کە بە زەرەر و زیانی خۆیان نییە دەیڵێن. خەڵک ئێران بەگشتی وەک جاران ترس و شەرمی نەماوە و بە ڕاشکاوانە مەرگ بۆ خامنەیی و دەسەڵاتدارانی دەرەجە یەکەم دەنێرن و مانگ نییە نەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای مافەکانیان نەکەن و هەروەها دزی و درۆ ئایینیەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەردەکەوێت و لە ناو خەڵکدا پێگەیەکیان نەماوە.

کۆماری ئیسلامی بەردەوام وەک دارێک وایە کە ڕیشەی تەنیا لە ژێر خۆی نەبوووە و بەردەوام ڕەگی بۆ دەوروبەریش هاویشتووە هەر بۆیە توانیویەتی ساڵیانێکی زۆر ئەگەرچی لە ناوخۆدا نەخۆشە و گەڵاو لەقەکانی بەرەو کەوتتنن، بەڵام توانیویەتی لەسەر پێ بمێنێتەوە. بەڵام ئەو نەخۆشییە ئێستا گەیشتۆتە سەرجەم دارەکە و تەواوی ڕیشەکانیشی گرتۆتەوە . کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی بە هەڕەشە کردن لەوەی کە لە وڵاتانی تر پێگەیەکی هەیە کە دەتوانێت بەرژەوەندی نەیارەکانی لەدەرەوەی سنوورەکان خۆی بکاتە ئامانج ، کاتی بۆ خۆی کڕێوەتەوە و بەردەوام شانازی بەئاژاوەگێڕی و دەستێوەردانەکانی دەکات لە باقی وڵاتی دیکە. بەڵام هەروەک لە ناوخۆی ئێران خۆشی تا سەر نەبوو و خەلک ڕوونبونەوە و خەڵکیان لێ هاتووەتە دەنگ، لە دەرەوەش وادیارە کۆماری کۆماری ئیسلامی وەک جاران ناتوانێت سەرکەوتوو بێت. یەمەن ڕایگەیاندووە دەیهەوێت لەگەڵ سعودییە دانوستاندن بکات و کۆتایی بە گرژیەکانی ناویان بێنێت و لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانیاندا هەڵدەنەوە هەرچەند ئەوە بە یەک ڕۆژ و دوو ڕۆژ ناکرێت، بەڵام خۆی دەرخەری ئەوەیە کە هەوڵێک هەیە بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا و ئەگەر ئەوە ڕوو بدات کۆماری ئیسلامی ناتوانێت گاریگەرێکی ئەوتۆی هەبێت.

هەروەها خەڵکی لوبنان هەلەکەیان قواستۆتەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی و دژی ناکارامەیی دەسەڵاتدارانی لوبنان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن و هەروەها حەسەن نەسروڵڵا کە مۆرەی چالاکی ئێرانە لەو وڵاتە. لوبنانییەکان زۆر با ڕاشکاوانە دژی دەستێوەردانەکانی ئێران وەستاونەتەوە و خوازیاری چوونە دەرێی کۆماری ئیسلامین لە وڵاتەکەیان و داوای حکومەتێکی سەربەخۆ دەکەن. لە لایەکی تروەوە خەڵکی عێراقیش هەموو بەدبەختی، نەهامەتی و گەندەڵییەکانی وڵاتەکەیان دەخەنە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی و دەستێوەردان نابەجێ و تێکدەرانەکانی و هەموو لە چاوی کۆماری ئیسلامییەوە دەزانن.  خەڵکی عێراق لە دوو قۆناغ دا ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و خوازیاری لابردنی حکومەت و چوونەدەرێی ئەو حیزب و دەسەڵاتدارانەی سەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامین و بەردەوام لە گۆڕەپانەکان، لێیان دەکوژرێت، بەڵام سوورن لەسەر داواکارییەکانیان.

نەهامەتی لە سوریەش ئێران دەگرێتەوە و بە جێبەجێ کردنی ناوچەی ئارام لە لایەن تورکییە و ئەمریکاوە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەوێش کەم دەکات و  کۆماری ئیسلامی ساڵانێک ساڵ بە تەرخان کردنی بودجە و پارە و سەرمایەی خەڵکی ئیران لە هەوڵی ئەوە دا بووە بتوانێت پێگەیەکی دەرەکی بۆ خۆی بنیات بنێت، نەک هەر سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو بە خەرج کردنی سامانی وڵاتەکەی بۆ وڵاتانی ترو ئاژاوەنانەوە، لە ناوخۆش ناڕەزایەتی بەرینی لێکەوتۆتەوە و دەردەکەوێت نەک لە ئابووری بەڵکوو لە سیاسەتی دەرەوە و ناخویشدا کارامە نەبووە و تەنیا توانیویەتی وەک نەخۆشێکی شێرپەنجە کات بۆخۆی بکڕێت. لە بری چارەسەر کردن و بنبڕ کردنی نەخۆشینەکەی ئەوندەی تر خۆی لاواز کردووە هەر بۆیە نەخۆشی هەموو لەشی تەنیوە و چی دیکە بۆ چارەسەر نابێت و زۆر درەنگ بووە و ئاسۆی چاوەڕوان کراو بۆ کۆماری ئیسلامی ڕووخان و لەناو چوونە.

 


AM:11:25:02/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 55 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌