خوێندنەوەیەک لە سەر ڕاپۆڕتەکەی «جاوید ڕەحمان»


ئەرسەلان ئیحسانی

لە گرینگترین چالاکیەکانی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ دەتوانین ئاماژە بە جارنامەی مافی مرۆڤ بکەین کە لە ساڵی ١٩٤٨ی زایینی، سە ساڵ دوای کۆتایی هاتنی شەڕی جیهانی دووهەم لە لایەن ئەم کۆمیسیۆنەوە ئامادەکراوە. لەکۆی ٥٨ وڵاتی ئەندامی ئەوکاتی نەتەوە یەکگرتووەکان ٤٨ وڵات کە ئێرانیش دەنکێک لەو وڵاتانە بوو دەنگی « بەڵێ « یان پێدا و هیچ وڵاتێک دەنگی « نا « ی پێنەدا و تەنیا ١٠ وڵات یان دەنگیان نەدا یان بێلایەنی خۆیان ڕاگەیاند.

ئێران نزیک بە چاردە ساڵە پێش هاتنی ڕاسپێردراوی نەتەوە یەکگرتۆکان بۆ کار و باری مافی مرۆڤ لە ئێران دەگرێت و بەردەوام باس لەوە دەکات کە ئەم ڕاپۆرتە دوورە لە ڕاستی و ڕاسپێردراوی نەتەوە یەکگرتۆکان لەم بابەتە بێ لایەن نیە و لایەنگری وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئامریکا و عەرەبستان دەکات. کاتی مردنی ڕاسپێردراوی پێشوو بۆ کار و باری مافی مرۆڤ لە ئێران، عاسیمە جهانگیر، دەسەڵاتدارانی ئێران هاودەردی و سەرەخۆشی خۆیانی بۆ ڕادەگەیەنن و باس لەوە دەکەن کە بڕیار بوو لە چەند حەوتووی داهاتوودا لەگەڵ عاسیمە جەهانگیر سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران کۆ ببنەوە کە مەرگی ئەو، ئەو مەجالەی نەدا. وڵاتانی ئیسلامی بە گشتی و ئێران بە تایبەت بەردەوام باس لەوە دەکەن کە مافی مرۆڤێک کە نەتەوە یەکگرتۆکان ئامادەیان کردووە لە سەر بنەمای مرۆڤ و مادیات نوسراوەتەوە و ئەوە لەگەڵ کولتوری وڵاتانی ئیسلامی نایخوێنێتەوە، هەر بۆیە دوای کۆبونەوەکانیان لە ئەنجومەنی وڵاتانی  ئیسلامی و دوای سێ جار گەڵاڵە و پێشنیار توانیان لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینی لە قاهرەی مسر، لە سەر مافی مرۆڤی ئیسلامی ڕێک بکەون و جاڕنامەی مافی مرۆڤی ئیسلامی پەسەند بکەن.

ئەگەرچی ئێران ڕێگرە لە هاتنی ڕاسپێردراوی نەتەوەیەکگرتۆکان بۆ وڵاتەکەی، بەڵام بەردەوام دوای دەست نیشانکردنی هەرکەسێک بەم پۆستە هەوڵدراوە لە دەرەوە و لە ڕێگای نوێنەرەکانیان لە ناوخۆی ئێران و ڕاپۆرتی چالاکە مەدەنی و سیاسیەکان ، ساڵانە ڕاپۆرتێک لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران ئامادە بکەن. دوای مەرگی عاسیمە جەهانگیر ، جاوید ڕەحمان کە ئەویش پاکستانیە وەک ڕاسپێردراوی مافی مرۆڤ بۆ کار و باری ئێران، لە لایان نەتەوەیەکگرتۆکانەوە دەست نیشان کراوە کە وەک چەند کەسی پێشووتر، ئێران بە فەرمی نایناسێت و ناهێڵێت سەردانی ئێران بکات. لە کۆتایەکانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا یەکەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران بە نەتەوەیەکگرتۆکان ڕادەست کرد و تێیدا باسی ئەو پێشيلکاریانە دەکات کە لە سەر مافی مرۆڤ لە ئێران ڕوودەدات. لە ٢٥ی گەلاوێژی ئەوساڵیشدا دووهەمین ڕاپۆڕتی جاوید ڕەحمان سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران ڕادەستی ئەنجوومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.

لەم ڕاپۆرتەدا سەرەتا باسی زیانەکانی لافاو لە ١٩ پارێزگای ئێران دەکات کە تێیدا هەزاران کەس تووشی خەسار و زیانی بەرچاو بوون. جاوید ڕەحمان لە ڕاپۆرتەکەیدا باس لە نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین، مافی ئازادی، پێشەل کردنی مافی کەمینە ئایینیەکان و هەروەها کەمینە قەومیەکان دەکات و هەروەها باس لە سێدارەدانی ئەو کەسانە دەکات کە پێش تاوانەکەیان تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵ بووە، هەروەها چاوێک دەخشێنێت بەسەر ئازار و ئەشکەنجەی چالاکانی مافی مرۆڤ و پارێزەران، ڕۆژنامەنوسان، کرێکاران و مامۆستای قوتابخانەکان و ... . هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران کەمبۆتەوە سەبارەت بە ساڵانی ٢٠٠٧ تا ئێستا بەڵام ئێستاش لەو وڵاتانەیە کە بە ڕێژەی وڵاتانی تر، یەکێکە لەو وڵاتانای زیاترین سزای سێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت. لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوەدەکات کە لە ساڵی ٢٠١٨ ی زایینیدا بە لانی کەمەوە ٢٥٣ کەس و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ تا مانگی مەی نزیک بە ٧٩ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون .

جاوید ڕەحمان باس لەوەدەکات کە ئێستاش زیاتر لە ٨٠ تۆمەتی وەک ، « محاربە «، « مفسد فی الارض «،   « کفر کردن «، « سب النبی « ، لە یاسای ئێراندا هەن کە توشی سزای سێدارە دەبنەوە ، بەڵام یاسا و ڕێسا سیاسی و مەدەنیە ناودەوڵەتیەکان ئەم تاوانە بە تاوانێکی سەرەکی و بەرچاو نازانێت و گرنگێکی ئەوتۆیان پێ نادات. هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا باس لە بەندکراوانە دەکات کە بۆ دان پێدانان بە تاوان تووشی ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و دەروونی دەبنەوە. سەبارەت بە لە سێدارەدانی منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ، جاوید ڕەحمان دەنوسێت کە لە ساڵی ٢٠١٨دا حەوت کەسی ژێر ١٨ ساڵ لە سێدارە دراون و بە لانی کەمەوە زیاتر لە ٩٠ کەسی ژێر ١٨ ساڵی دیکەش چاوەڕوانی جێ بە جێ کردنی حوکمی سێزای سێدارەن.

لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا باس لە دەسبەسەرکردنی ئەو کەسانە دەکات کە هەڵگری ناسنامەی دوو وڵاتن و بە بێ هۆ و سەرەڕۆیانە دەسبەسەردەکرێن و تۆمەتی جۆراوجۆریان دەخسترێتە پاڵ و تووشی کردەوەی نەشیاو دەبنەوە. هەروەها باس لە هەشت پارێزەر دەکات کە بە هۆکاری بەرگری لە تاوانبارانی سیاسی و چالاکە مەدەنیەکان دەستبەسەر کراون، لەم چوارچێوەیەدا ناوی نەسرینی ستودە چالاکوانی مافی مرۆڤ و پارێزەر، دەکات کە بە هۆ کاری پشتگیری و داکۆکی لەو ژنانە  کە بەرەنگاری پۆششی زۆرە ملی دەبنەوە، سزای ٣٨ ساڵ زندان و ١٤٨ شەلاقی بەسەردا سەپاوە. جاوید ڕەحمان باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ڕابردوو گوشار بۆ سەر ئەندامانی سەندیکای کرێکاران بە هۆی خۆپیشاندانەکانیان سەبارەت بە وەرنەگرتنی مافەکانیان ، دەسبەسەرکردن و ئەزیەت و ئازاری مامۆستای قوتابخانەکان و شۆفیری بارهەڵگرەکان زیادی کردووە.

سەبارەت بە ناڕەزایەتیەکانی ئەو دووایانەی ژنان سەبارەت بە سەرپۆشی زۆرە ملی و دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ٣٢ کەس کە زۆربەیان ژنن و تاوانی « هاودەستی و هەوڵدان بە دژی ئەمنیەتی ملی» یان خستراوەتە پاڵ، باس لە پەروەندەی  یاسەمین ئاریانی، مونیرە عەرەبشاهی و مۆژگان کشاوەرز دەکات  کە ئەم سێ چالاکوانە مەدەنیە سەرجەم سزای ٥٥ ساڵ و شەش مانگیان بەسەردا سەپاوە، دەڵێت، سزادانی ئەم ژنانە کە بەشێوازێکی ئەوڕۆیانە و ئارام هەوڵی دەستەبەر کردنی سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان دەدەن، نمونەیەکی بەرچاوە لە پێشەلکردنی ئازادی و مافی ژنان.

لەم ڕاپۆرتەدا زیاتر لە هەموو بابەتەکان باس لە مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەکان دەکات و باس لە دۆخی خراپی ئەو دین و مەزهەبانەدەکات کە بە فەرمی دەست نیشان کراون بەڵام دیسان کەس بۆی نیە بە ئازادی  هەڵیان بژێرێت و هەر کات موسڵمانێک ببێتە مەسیحی تووشی تاوانی مۆرتەد بوون و کافر بوون دەکرێت و تاوانی ئەو کەسانەش لە ئێران سێدارەیە. هەروەها سەبارەت بە بەهائیەکان دەڵێت بە درێژایی ٤٠ ساڵ دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی لە ئێران بەهائیەکان گەورەترین گروهن کە موسڵمان نین  و تا ئیستاش ئایینەکەیان بە فەرمی ددانی بەسەردا نەهێندراوە و ڕیژەی ئەوان دەگاتە زیاتر لە ٣٥٠٠٠ کەس و بەردەوام تووشی ئازار و ئەزیەت و بێڕیزی دەبنەوە. بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە بەهائیەکان لە سێدارەدراون و هەروەها بەردەوام لێیان دەکوژرێت و هیچکات بەدواداچوون بۆ مافەکانیان ناکرێت. هەروەها بەهائیەکان وەک جاران تەنیا بە هۆکاری ئایینیەوە لە سێدارە نادرن بەڵکوو هەڵکوتانە سەریان و گرتن و ئەشکەنجەیان بەردەوام لە ئاڕادایە بە جۆرێک کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا زیاتر لە ١١٦٨ بەهایی دەستبەسەر کراون و تۆمەتەکەیان نا دیار و نا ڕوونە.

سەبارەت بە مەسیحیەکان دەزگای هەواڵگری ئێران بەردەوام لە نزیکەوە چاودێری کلیساکانیان دەکات و لە ئەزیەت و ئازاریان بەردەوامە. لە مەڕاسمە ئایینیەکانیان بەردەوام بەوردی چاودێری دەکەن کە ئەو کەسانەی لە ئیسلام هەڵگەڕاونەوە لەم کۆبوونەوانەدا نەبن و دەسبەسەریان دەکەن. بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە دوکتورێک کە زندانیانی پێشووی دەرمان کردووە بە دەست گەێشتووە ئەو کەسانەی لە ئیسلام هەڵگەڕاونەوە و بوون بە مەسیحی لە ژێر مەترسی دەستدرێژی و ئازاری جنسی و کردەوەی نەشیاو دان. سەبارەت بە سوننیەکان باس لەوەدەکات کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٣ موسڵمانی سوننی کە زانا ئایینیەکانیش لە خۆ دەگرێت، دەستبەسەر کراون و  زۆرتریان تۆمەتی « پروپاگەندە دژی وڵات «  و «  ئەندام بوون لە گروپە سەلەفیەکان « یان دراوەتە پاڵ. دەراویشی گۆنابادی لە سەراتی نارەزایەتیەکانیان لە ساڵی ٢٠١٨وە لە زندانی قرچەک دەستبەسەرن و لە مافی  پارێزەر بێبەش کراون و ئەم بەندکراوانە زیاتر لە دە کەسیان ژنن کە زیاتر لە پێنج ساڵ زندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

بارودۆخی مافی مرۆڤ سەبارەت بە نەتەوەکانی تر لە ئێران، باس لە ئازار و ئەزیەتی عەڕەبەکانی ئەهواز دەکات لە کاتی لافاوی خوزستان و هەروەها دەستبەسەرکردنی ژومارەیەک لە تورکە ئازەریەکان بە تۆمەتی کردەوە دژی ئەمنیەتی ملی. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە دەستهەڵات دارانی ئێران زیاتر لە ٧٠ کەس لە عەڕەبەکانی ئەهواز، کە چالکانی مدنی و مافی مرۆڤ لە خۆدەگرێت، هەوڵیان دابوو لە کاتی سێلاوی خوزستان یارمەتی خەڵک بدەن و خواردن و پێخەف و ڕاخەر و پێداویستیان بۆ دابین بکەن، بە تاوانی نادیار دەستبەسەر کردووە.

سەبارەت بە کوردەکان باس لەوەدەکات کە زندانیان سیاسی کورد کە بە تاوانی ئەمنیەتی لە زندانەکانی ئێراندان، زیاتر لە نیوەی زندانیە سیاسیەکانی ئێران لە خۆ دەگرن و زیاتریان سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا دەسەپێت. لە ساڵی ٢٠١٨ دا زیاتر لە ٨٢٨ شارومەندی کورد دەستبەسەر کراون کە زۆربەیان بە تاوانی ئەندامیەت لە حیزبە کوردیەکان یان چالاکی مەدەنی و سیاسی، سزای زندانی درێژ مەودایان پیدراووە. لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٩دا ١٩٩ شارومەندی کورد دەستبەسەر کراون. هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا باس لە کوشتنی کۆڵبەرانی کورد دەکرێت کە بۆ بژێوی ژیانیان ئەو ڕگایەیان هەڵبژاردووە .

لە کۆتایی ڕاۆپۆرتەکەدا جاوید ڕەحمان باس لەوەدەکات کە ئێران باشترە ڕیگا بدات کە نێردراوی نەەتەوە یەکگرتۆکان بۆ کار و باری مافی مرۆڤ سەردانی ئێران بکات و لە نزیکەوە دۆخەکە هەڵسەنگێنێت و هەروەها هەڕەشە و مترسی لەسەر چالاکوانانی مافی مرۆڤ لابات و ئەو کەسانی کە  ناسنامەی دوو وڵاتیان هەیە و لە زنادانەکانی ئێڕان ئازاد بکرێن و کەمینە ئایینی و قەومیەکان ئازار و ئەزیەت نەدرێن.و درسەڵاتدارانی ئێران گەرەنتی ئەوە بدەن کە هەر کەسێک بە هەر تاوانێک کە هەیەتی لە کەش وهەوایەکی دادوەرانە و دوور لە دەمار گرژی بەڕێوە بچێت. ئەگەرچی وڵاتانی ئیسلامی بە گشتی و ئێران بە تایبەت جاڕنامەی مافی مرۆڤی ئیسلامی وەک جێگرەوەیەک بۆ جارنامەی مافی مرۆڤ ناوزەد دەکەن و باس لە کارامەیی ئەم جاڕنامەیە دەکەن، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێت نە جاڕنامەی مافی مرۆڤی ئیسلامی بەڵکوو دەستووری سەرەکیش ناتوانێت کێشەی مافی مرۆڤ لە ئێران چارەسەر بکات کە هۆکارەکەی ئەوە دەتوانێت بێت کە بەرپرسەکانی ئێران و دەسهەڵاتداران هەوڵدەدەن بە ڕای تاکەکەسی و بۆچوونی خۆیان وڵات بەڕێوە ببەن و لەم بوارەدا هیچ یاسا و ڕێسا و دەستوورێک ناتوانێت پێشیان بگرێت مەگەر هاودەنگی و یەکگرتوویی خەڵک.

 


PM:03:26:01/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 111 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌