ژنان؛ ستراتێژیەكی یەكە و خەبات لەو پێناوەدا

سەرگوڵ میرزایی

هەموو پێشكەوتنەكانی مروڤ لە سەرەتای مێژووەوە تاكوو ئەمڕۆ بەشێكی زۆری بە فیداكاریی ژنان بەرهەم هاتووە. لە سەردەمی كۆمەڵگای جووتیارییەوه كە ژنان شان بە شانی پیاوان هەبوون و كاریان دەكرد و لە شۆرشی پیشەسازیدا كە بە توانا و هێزی جەستەیی و سرووشتیی خۆیان، ژنان خۆیان وەك بوونەوەرێكی سیاسی زیندوو هێشتەوە و شەڕە جیهانییەكان كە ژنان تیماركەری برینی پیاوان بوون و... هەمووی ئەمانە باس لە ڕۆڵ و كاریگەریی ژن دەكات لە پانتای كار و سیاسەتدا. بزووتنەوەی ژنان بە دوو سەدە تەمەنەوە و بە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژنان لە ساڵی 1848 لە ولایەتە یەكگرتووەكان و ساڵی 1903 لە بەریتانیا تاكوو گەیشتن بە پاڵیوراوی و بەربژێریان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی وڵا‌تە یەكگرتوەكان لە ساڵی 2008 و گەیشتن بە پۆستی وەزیری دەرەوە لە ساڵی 2009 (هیلاری كلینتۆن) مێژوویەكی درێژە لە خەبات و چالاكیی ژنان.
كێشەكانی بەردەم ژنان زۆرن و مێژووی كێشەكانیان زۆر زیاتر و قووڵ‌ترە لەوەی بتوانین لەم باسەدا دەسنیشانیان بكەین بەڵام بە كورتی دەتوانین چەند خاڵێك باس بكەین و بیانخەینەڕوو. بە گشتی ژنان لە زوربەی وڵاتانی جیهاندا ڕووبەڕووی ئەم تەنگ و چەڵەمانە دەبنەوە: یەكەم، نەبوونی مافی هاووڵاتی‌بوون دووهەم، دەركردن لە ماڵ بە دەستی هاوسەر یان منداڵ سێهەم، بەشوودان لە تەمەنی خوارەوە چوارەم، هاوسەرگیریی نەشیاو پێنجەم، كێشەی بە خاون‌كردنی منداڵان شەشەم، نەبوونی یارمەتیی دەوڵەت بۆ پەروەردەی منداڵان حەوتەم، نەبوونی یارمەتیی دەوڵەت بۆ بەشی تەندرووستی و بیمە هەشتەم، بێ‌بەش‌بوون لە بەرژەوەندییە كۆمەڵایەتییەكان نۆهەم، نەبوونی مافی بە ناوكردنی تایبەتمەندییەكان دەیەم، نەبوونی ئازادیی هاتووچۆ یازدەهەم، بێ‌بەش‌بوون لە هەلە ئابوورییەكان دوازدەهەم، ئازاری ڕۆحی و جەستەیی و بە گشتی بە هێزبوونی ژنان و دەستەبەركردنی مافی ژنان و چاكسازیی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزیی ژنان، هەمووی ئەمانە پرسێكی جیهانییە و بەرپرسیارێتییەكی گشتییه.
پرسی بزووتنەوەی ژنان لەم بارودۆخە هەنووكەییەی ئێراندا گرینگە بەڵام بزووتنەوەی ژنان لە بارودۆخی ئێستادا بۆ چەسپاندنی ویست و داخوازییەكانیان لە نێو كۆمەڵگادا پێویستی بە دانانی ستراتێژییەك هەیە كە بتوانێت لە بارودۆخی ئێستا بۆ بەرژەوەندیی ژنان كەڵك وەربگرێت. لە ناڕەزایەتییەكانی ئێستای ئێراندا بەپێی وێنە و ڤیدیۆكان بەشداریی ژنان بەرچاوە و دەنگی ژنان دەگاتە گوێ بە تایبەت وێنەی ئەو ژنەی كە لە نێو گازی فرمێسك‌ڕێژەوە تێپەڕ دەبێت. بوونی ژنان لە شارە گەورەكاندا بەرچاوتر بووە و هۆكاری ئەوەی كە درووشمی ناڕەزایەتییەكان ژنانە نەبووە لەبەر ئەو هۆكارەیە كە سەرچاوەی درووشمەكان ناڕەزایەتی خەڵك بەرامبەر بە بارودۆخی ئابووری بووە و هەروها هۆكاری دیكە ئەوەیە كە ژن و پیاو لەم بارودۆخەدا بە یەك شێواز گوشاریان لەسەرە و لە ئێستادا كێشەی ئابووری تەوەری سەرەكیی بووە و هەروەها لەبەر ئاستەنگ و بەربەستی زۆر لەسەر ژنان درووشمی تایبەت بە ژنان كەمتر بیستراوە و شایانی باسە كە ڕێبەریی ژنان لەم بزاڤەدا دەرنەكەوتووە و ژنان هەر یەكە و لە لایەكەوە هەنگاویان ناوە و لەم بارودۆخەدا چالاكانی ژنان بە هۆی بەربەستەكانەوە تەنیا جەخت لەسەر چالاكیی كۆمەڵایەتی دەكەنەوە و هەر بەو بۆنەش لە بزاڤە مەدەنییەكان دووركەوتوونەتەوە كە ئەم ستراتێژییە لە كورت ماوەدا سەركەوتووە بەڵام لە درێژماوەدا هەل‌ودەرفەتی ژنان بۆ هەڵبڕینی دەنگ و دەربڕینی خواستی خۆیان لەناو دەبات و بە شێوەیەكی گشتی پرسی ژنان لە ناوەندی بزاڤە مەدەنییەكاندا كاڵ دەكاتەوە و لە كۆتاییدا دەیسڕێتەوە.
لە بارودۆخی ئێستادا ژنان دەبێت یەكگرتووانە و هاوهەڵوێست بەردەوام بن لەسەر داواكارییەكانیاندا، بزووتنەوەی ژنان بزووتنەوەیەكی سەرتاسەرییە و پرس و كێشەی ژن لە پرسێكی تایفەیی و عەشیرەیی و مەنتەقەیی دەرچووە و پرسێكی جیهانییە و هەموو ڕێكخراوە نێونەتەوەیی و جیهانییەكان وەك پرسێكی سەرەكی دەستنیشانیان كردووە و ئەوەی ئەرك بێت لەسەر بزووتنەوەی ژنان لە كوردستان ئەوەیە كە یەكگرتووانە هەوڵ بۆ كاناڵیزەكردنی دەنگەكانی خۆیان بدەن و بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاری‌كراوەكانیان پرۆگرام و پرۆسەی دارێژراویان بەپێی مانیفێستێكی هاوبەش هەبێت و هاوتەریب لەگەڵ ئەمانە هەوڵ بۆ دانانی كاریگەریی ئەرێنی و نەهێشتنی ترس و وشیاركردنەوەی ژنان بۆ دەربڕینی داواكارییەكانیان لە ڕێگای ڕێكخستن و میدیا و ڕۆژنامەكان و هەروەها بە گشتی كاریگەریی لەسەر كۆمەڵگا بە مەبەستی گۆڕینی زێهنییەت و كولتووری دواكەوتوویی بدرێت و پێوەندییەكانی خۆیان لەسەر ئەم چەند خاڵە چڕ بكەنەوە و بە دەوڵەمەندكردنی زانستی و فكریی خۆیان بتوانن لە ئاستێكی بەرزدا داكۆكی و بەرگری لە مافەكانیان بكەن و بەتایبەتی هەوڵ بۆ وەدی‌هێنانی یەكسانیی ڕەگەزی بدەن و بەگشتی خەبات بكەن لە پێناو ڕزگاریی كۆمەڵگا.
 


PM:10:31:05/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌