بۆشایی سیاسەتی دەرەوە ئێران و قەیرانەكانەكانی ناوخۆ

ئازاد سلێمانی

كۆماری ئیسلامیی ئێران لە چل ساڵی ڕابردوو و  بەپێی ئەم سەردەمە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەیرانەكانی قووڵ‌تر دەبنەوە بەڵام ئەم قەیرانە تازانە وا دەكات بڵێین قەت بەو شێوەیە تووشی قەیران نەبووە، قەیرانێك كە ڕۆژ بە ڕۆژ پەلی زیاتر دەهاوێتە نێو سیستمی حكومڕانی و تانوپۆیەوە و ئەوەش بە ئاشكرا لە هەموو ئاستەكاندا دەبیندرێت و بۆ حاشا لێ‌كردن نابێت.
ترامپ و تەكنیكە نوێ و بەرژۆكانی لە بابەت دانیشتن لەگەڵ ڕژیمی ئێران، بە تایبەت پێشنیاری دانیشتنی بێ‌مەرج و بینینی سەرانی ئەو ڕژیمە، وەك ئەوەیە ئاو بكرێتە كونی مێلوورەوە. لە وڵام‌دانەوەی فەرماندەكانی سپای پاسدارانەوە بگرە تا دەگاتە بەشێك لە نوێنەران و هەیئەتی خوبرەگان، بە ئاشكرا ترس و دڵەڕاوكێ هەست پێ‌دەكرێت. زۆرێك لە خەڵكانی نزیك لە ڕێبەرایەتیی ئەو ڕژیمە بە جۆرێك هەڵسوكەوتیان دەربڕیوە لە هەمبەر ئەمریكادا و هەركام بە جۆرێك پێناسەیان كردووە. یەكیان ڕۆژێك دوای پێشنیارەكەی ترامپ دەڵێ، ئاغای ترامپ، ئێران كۆرەی باكوور نییە و ئەوەی دیكەیان دەڵێت، گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا ڕەت ناكەینەوە و یەكی دیەكەیان دەڵێت ئەمریكا فیرعەونە. جیا لەمانە، جارێكی دیكە بابەتی بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم لە هەمبەر دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا لە كۆڕوكۆمەڵی سیاسیی ئێران و ئاستی كۆمەڵایەتی بە سیاسی و ناسیاسییەوە بۆتە ڕۆژەڤ. جیا لەوەی لەسەر بابەتی دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان لایەنە جیاجیاكانی ئەو ڕژیمەدا دووبەرەكایەتی و چەند بەرەكایەتیی خوڵقاندووە، بەڵام ڕووحانی هیچ قسەیەكی گەرم و گوڕی لەسەر ئەم پرسە نەكردووە كە بە چەشنێك لە ئێستادا نە شیش بسوتێ نە كەباب.
ئەو هەمووە بۆشایی و چەند لایەنیە لەسەر سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە كاتێكدا سەرهەڵدەدات كە ڕووحانی بە سەردانێك بۆ وڵاتانی سویس و ئۆتریش و هێنانە زمانی ئەوەی كە ئێمە تەنگەی هۆرمۆز دادەخەین، بۆ ئەوەیە كە لایەنگرانی لە نێوخۆی ئێران هاوڕیز بكات و لەلایەكی دیكەشەوە سەرنجی خامنەیی و سوپای پاسداران بۆلای خۆی ڕابكێشێت. هەر لەو سەروبەندەدا فەرماندەی سوپای پاسداران نامەیەكی سەر ئاوەڵای بۆ ڕووحانی ناردووە و تێیدا نووسیوە، بۆچی ئەو هەمووە غەزەب و نێوچاوان ترشاندنەی كە لە تۆ بینیومانە لە كاتی ڕكابەرییەكانی هەڵبژاردن و دواتر بەرەنگاری لەگەڵ دژبەرانت بەكارت دەهێنا، لەگەڵ ئابووریدا بەكاری بهێنە و كارت بەسەر پرسی بەرجام و ئەمریكا و هەڵوێست و بەرەنگارییەوە نەبێت. گومان لەوەدا نییە كە هەڵوێستی جیاجیا و لە دواتردا دژبەیەكی تا ئێستای دامودەزگا و خەڵكانی سەر بە ڕژیمی ئێران لە بابەت گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ ئەمریكا، تاكە بابەتی بەربڵاوی جێی سەرنجی دەسەڵاتداران بووە. ئەو ڕژیمە لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی لە ماوەی چل ساڵ خەفەقانی خۆیدا، لانیكەم لە دوو قۆناخی هەستیاردا لە ژێر دروشمی " بەرژەوەندی نیزام" وڵامی بە چەندبەرەكایەتیی خۆی داوەتەوە و تا ئاستێك توانیویەتی خۆی ڕێك‌بخاتەوە.
ساڵی 1367 لە جەرگەی شەڕی ئێران و عێراقدا كە ئەو كات خومەینی بە دروشمی "سەركەوتن" و " شەڕ، شەڕ تا نەهێشتنی دوژمنان" و هەروەها ئەگەر " بیست ساڵیش شەڕ هەبێت ئێمە پیاوی شەڕین" ، لە دواتردا بە وەرچەرخانێكی نەخوازراو "پێكی ژەهری" ئاشتیی لەگەڵ عێراق نۆشی. هەروەها لەسەردەمی خامنەیدا، دەقاودەق ئەو ئەزموونە لەسەر قەیرانی ناوەكی هاتۆتە ئاراوە. خامنەیی و هەیئەتی دەسەڵات وێڕای هەموو دروشمە تووندەكانیان، كە لە بابەت ڕێنەكەوتن و نەسازان لەسەر پرسی ناوەكی لەگەڵ ئەمریكا دەیاندا، لە كاتێكدا خۆیان بەرەو ترازان و لە ناوچوون ملیان دەنا، بە هێنانە ئارای تەكنیكێكی سیاسیی دیكە لە ژێر ناوی "نەرمش قهرمانانە" بەیەكجاری چوونە سەر مێزی گفتوگۆ لەمەڕ پرسی ناوەكی لەگەڵ ئەمریكا.
بەپێی ئەو قسە و باسانەی خامنەیی لەسەر ئەوەی كە "ئێمە لەگەڵ ئەمریكا هەڵسوكەوت ناكەین و دانیشتن ناكەین و هەر كەس بیكات خیانەت بە ئێران دەكات و یاخود بە دروشمی هەمیشەیی "شەیتانی گەورە"، كەواتە نابێت بڵێین كە هیچكات ئێران ملكەچی ئەمریكا و تەحریمەكانی نابێت. شاراوە نییە كە هەیئەتی دەسەڵاتداریی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، بە شێوەی نهێنی و ئاشكرا دانیشتن و دیالۆگی جۆراوجۆری لەگەڵ ئەمریكا كردووە و بگرە لە ئێستاشدا بە نێوان‌گیریی سوڵتان قامووس، پاشای عوممان دانیشتنی نهێنی لە ژوورە داخراوەكاندا نەهاتبێتە ئاراوە.
شتێك كە بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران گرینگە و لانیكەم لە ئێستادا جێی بایەخە، دانیشتن لەگەڵ ئەمریكا نییە بەڵكوو نەچوونە نێو ڕێكەوتنێكە كە ئەمریكا هەوڵی گۆڕینی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی تێدا دەدات. پرسی سەرەكی ئەوەیە تا كەی ئەمە درێژەی دەبێت، بەستراوەتەوە بە دژوارتر بوونی بارودۆخی كۆماری ئیسلامی. لەو بارودۆخە قەیراناوییەی كە ئەو ڕژیمە تا ئێستا هەیەتی و هەیئەتی حاكمە دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەكات، ئەستەمە بتوانێت بەو شێوەیە درێژە بدات. وێڕای لەبەرچاوگرتنی هەموو ڕاستیەكان و دوور لە چاوەڕوانی نییە كە هەیئەتی دەسەڵاتداری ڕژیم و خامنەیی بە گەڕانەوە بۆ دروشمی "بەرژوەندیی نیزام" و لە بەستێنی گوتاری "نرمش قهرمانانە"دا هەوڵ بۆ لابردنی دووبەرەكایەتی و پڕكردنەوەی بۆشایی ئایدیۆلۆژیك و هەلسوكەوتی سیاسیی خۆیان بۆ دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا دەدەن.


PM:09:17:16/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌