ژن، دونیای مۆدەو سۆشیال میدیا، ٨ی مارس

لە نێوان هاتوهەرای پیرۆزباییەكانی ڕۆژی ٨ی مارس لە دونیای پڕ لە درۆ و چەواشەكاری سۆشیاڵ میدیادا پێویستە لێرەدا بپرسین چی پیرۆز دەكەین و ئەم پیرۆزباییانە بۆچیە؟كاتێك پێویستە بڵێین ڕۆژی ٨ی مارس پیرۆز بێت كە دۆخی ژنان گۆرانێكی ئەرێنی بەخۆیەوە ببینێت.

سەرەتا بزانین هەشتی مارس‌ چ ڕۆژێکە و دواتر دەچمە ناو ناوەرۆکی باسەکەم. هەشتی مارسی ئەمساڵ۱٦۳ ساڵ بەسەریەکەم کۆبوونەوەی گشتگیری ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان تێپەڕبوو. ژنانی نیویۆڕک لە ڕێکخستنێکی بەرچاودا یەکەم دەستپێکی قۆناغێکی پڕ لە شکۆی بەرەنگاربوونەوە بە دژی سیستێمیپیاوسالاریان لێداو داوای مافی یەکسانیان لەگەڵ پیاوان کرد.

لەو کاتەوە ژنان خوازیاری یەکسانیخوازی بۆ هەموو مرۆڤەکان بێ جیاوازی بوون تا لەساڵی 1945یەکەم بڕیارنامەی یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان لەلایەن ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا. لەو کاتەوە تا ئێستا ڕۆژ بەڕۆژ ژنان لە ئاستی جیهاندا لە هەوڵەکانیان بۆ ئامانجی یەکسانی مرۆڤەکان بەردەوامن و دەستکەوتی زۆریشیان بەدەست هێناوە و لە خەباتیش هەربەردەوامن. ژنانی جیهان ساڵانە لە ڕۆژی 8مارسدا (رۆژی جیهانی ژنان) لەدەوری یەک کۆدەبنەوە و پێداگری لەسەر مافەکانیان دەکەن و بەرەو داهاتوویەکی پڕ لەیەکسانی هەنگاو دەنێن.

ژنانی کۆمەڵگای ئێمە

بۆ ئەوەی تەنها لە ناو گێڕانەوی مێژووییدا و لە ناو بابەتی کڵێشەییدا نەمێنینەوە دەبێت لە سەر واقعی کۆمەڵگاکەی خۆمان قسە بکەین. دەبێت پرسین لەم رۆژەدا کە باس لە ٨ی مارس و پیرۆزباییەکانی ٨ی مارس دەکەین، دەبێت بە دیدێکی رەخنەگرانەوە لە واقعی کۆمەڵگای خۆمان بڕوانین و کۆمەڵێک پرسیار ئاراستەی خۆمان و کۆمەلگاکەمان بە گشتی بکەین و بپرسین: " ژنانی کۆمەڵگەی ئێمە لەم ڕۆژەدا کە ڕۆژی جەژن گرتنی خەبات و تێکۆشان و پیرۆز کردنی دەسکەوتەکانە، دەیانهەوێ باس لەکام دەسکەوتیان بکەن؟ باس لەکام ڕێکخستن، بزووتنەوە و کام خەباتیان بۆ گەیشتن بە یستانداردە جیهانیەکان بکەن؟

ئێمە ئەم ڕۆژه لەکام ژنی تێکۆشەری کورد بەکام فاکتەرەوە بێین پیرۆز بکەین، لە کاتێکدا هەر ڕۆژەی لەگۆشەیەک لەم وڵاتە ژنان دەبنە قوربانی و ڕۆژ نییە هەوالێکی دڵتەزێن لەبارەی ژنان بەو سەردێرانەی خوارەوە، نەبیستین:

ژنێک خۆی سوتاند.

ژنێک بە دەست مێردەکەی هەڵواسڕا.

ژنێک خۆی کوشت.

ژنێک دەستدرێژی کرایە سەری.

ژنێک تێزابی پێداکرا.

... ژنێك ڕفێندرا.

ژنێك بۆ تێركردنی منداڵەكانی خۆی حەراج كرد.

و هتد. ئیتر چی پیرۆز بێت؟

كوژران و سووتانی ژنان؟

ڕفاندن و دەستدرێژی و حەراج بوونی ژنان؟

یان شایەد شەوان بە هەنیسكەوە خەوتنی ژنان؟

تا مەودای نووسینی ئەم چەند دێرەدا بڵێی چەن ژن تووشی كارەسات بووبێتن؟ چەن ژن تیزئاویی پێداكرابێت؟

چەن ژن......

ئەمانە سەردێری کۆمەلێک هەواڵی دڵتەزێنن لەبارەی ژنانەرە، بۆیە دەبێ بڵێنن ئەو سەردێرانە کە ژیانێکی تراژێدی بۆ ژنان لە وشە وشەیدا شاردراوەتەوە بەس نیە بۆ هەوێنی یەکگرتوویی ژنان بۆ داهاتوویەکی باشتر؟

با بەسی بكەین و واز لە پیرۆزباییە بێ بایەخەكان بێنین. پیرۆز بایی چی لە دۆخەكە دەگۆرێت؟ با دەس پێبكەین بۆ گۆرینی ئەم سەردێرانە و سڕینەوەیان لە هەواڵەکان. پێویستە کۆمەڵگا بە شێوەیەکی یەکگرتووانە و بە بێ لەبەرچاو گرتنی رەگەز و جنسییەت ، هەوڵ بدەین بۆ گۆڕینی ئەم دونیا تاڵ و جەهەنەمەی کە دروستکراوەو لە واقعدا کار بکەین بۆ ئەوەی دۆخی هەبوو بگۆڕین.

ژنان ئایا پیرۆز باییەکانی پیاوانیان دەوێت لەدنیای بێ دەرگاوبانی سۆشیاڵ میدیا كە هەموو بۆ كۆ كردنەوەی لایكە یان نا ژنان شتێك و هەنگاویی ڕاستەقینەی پیاوانیان دەوێت كە ئیتر بەسی بكەن چەوساندنەوەكانیان لە سووچی چێشتخانە و ژوورە تاریكەكاندا؟ دەبێت کۆمەڵگا بە ژن و پیاوەوە بە جیدی و لە دەرەوەی بازنەی دروشمەوە هەر لە چواردەوری خۆمانەوە دەست بکەین بە خەبات و کارکردن بۆ گۆڕینی ئەو واقعەی کە هەیە. با پیاوان واز بێنین لە درووشمە بێ بایەخەكانمان و هەر كام لە ئێمە هیچ نەكەین تەنیا ڕێز لە ژنان و كچانی ناو ژیانی خۆمان بگرین ئەمە دەبێتە هەنگاوێك كە دەتوانێت یەکێک لە گرینگترین هەنگاوەکانی پیاو بێت کە سەبارەت بە گۆرینی دۆخی هەنووکەیی ژنان هەڵی هێنابێت.

خودوشیاری ژنان

بەڵام ئایا‌کێشەی ژنان تەنیا پیاوانن؟ وەڵامەکەی بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم نا، بەڵکوو گەورەترین کێشەی ژنان، ئەوەیە کە خودی ژنان بوون بە بەشێک لە سیستەمی دژە ژن و پیاوسالاری. سەرەتاییترینن و گرینگترین هەنگاویی ژنان دەتوانێت بیرکردنەوە بێت سەبارەت بە ئەو دۆخەی کە تێیدان . ژنان هەموویان یەک خالی هاوبەشیان هەیە بێ جیاوازی( شایەد ژنێک کەمتر و ژنێک زیاتر) بەڵام هەموویان لە بێ مافی دەناڵێن. بۆیە ژن سەرەتا پێویستە بیربكاتەوە لە خۆی و بزانێت چی دەوێت. تا کاتێک نەزانێت ویست و داخوازیەکانی چین و مافی ئەو چیە لە ژیاندا ئەو ناتوانێت خۆی لە دۆخی هەنووکەیی ڕزگار بکات و ئەگەر مافێکیش کە لە لایەن یاسای پیاو سالاردا پێیببەخشرێت هەر بەو ئاسانەش لێی زەوت دەکرێت. کەواتە ژنان پێویستە سەرەتا بە خود وشیاری بگەن. خودوشیاری ژنان، رزگارکردنی ئەوانە لەو بازنەیەی کە تێیدان و دەرچوونیانە لەو بازنەیەی کە بوونەتە بەشێک لە سیستەمی پیاوسالاری. دەبێت ژنان جۆڕی روانینیان بۆ خۆیان و دەورووبەریان بگۆڕن. خۆیان و مافەکانیان بناسن. بە وشیارییەوە بە خۆ پێگەیاندنەوە هەنگاو بنێین بۆ گەیشتن بە مافەکانیان. بە پێچەوانەوە رزگاری لەوم دۆخە ئەستەم و دژوارە. دەبێت ژن پێناسەی بۆ خۆی و جۆری روانینی بۆ خۆی بگۆڕێت. نە خۆی بە خزمەتکاری پیاوان بزانێت و نە تەنها خۆی و خەون و خولیاکانی لە ناو زێڕ و پارەو جوانکاری و ماکیاج و پاساژەکاندا قەتیس بکات. تا ئەم دیدە نەگۆڕێت ئەم دۆخی هەبووە گۆڕانی ئەستەمە.


ژن و دونیای مۆدە



لە گەڵ پرسی خودوشیاریدا، بابەتێکیتر هەیە کە ئەویش قەتیس مانەوەی ژنانە لە ناو بازاڕی مۆدە و جوانیناسی بازاڕی مۆدەدا. لێرەدا ئەم شیعرەی ئەمین گردیگلانی دێنمەوەو دواتر دەچمە ناو ناوەرۆکی بابەتەکە:

ناڵێم خۆزگە هەموو جیهان

ببێتە تاقە یەک وڵات،

دڵی نەرمی دڵدارەکەم

بەرگی سەوزی

شێعرەکانم لە بەر بکات!

ناڵێم خۆزگە

کۆشی شەو پڕ بێ لە گڕی چاوی هەتاو،

هەرچی تفەنگە بخنکێن

بە شەپۆلی خوێنی ڕژاو!

دەڵێم خۆزگە

وەرزی تەمەنی درێژی چاوەڕوانیم

کۆتایی بێ

ژن و کچی وڵاتەکەم

ئیتر پەپوولەی نیگایان

لە دۆزەخی چاوی زێر دا نەسووتێنن،

رۆژی جارێ

تەنیا جارێ

بە باڵی ئەو پەپوولانە

تۆزی ڕوومەتی کتێبێک بتەکێنن!

-ئەمین گردیگلانی-

یەکێک لەو پرسانەی کە ئەمڕۆ باسی لێوە دەکرێت، بەکاڵا بوونی ژنانە لە لایەن بازاڕای سەرمایەوەو خولانەوەیانە لە ناو مۆدەو زێڕ و سکەدا. سەرمایەداری و بازاڕی سەرمایە پێناسەی جوانی و جوانی ژنیان گۆڕێوە بۆ ئەو شتەی کە دەتوانین بە کاڵابوونی ژن ناوی ببەین. جوانیان لە ناو پاساژەکان و لە ناو مۆدە و جل و بەرگی مۆدە و رۆژدا قەتیس کردوە. کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکانی و بازاڕی Fashion و مۆدە جۆری جوانییەکان و مۆدێلەکانی جوانی دیاری دەکەن و بە داخەوە ژنانی کۆمەڵگای ئێمەش وەک بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگاکان کەوتوونەتە داوی ئەو دێوجامەوە کە سەرمایەداری دروستی کردووە.میدیاکان ژنانێک و فۆڕمێک لە جوانی نمایش دەکەن و دەیکەن بە پێناسەی ژنبوون کە سیستەمی بازاڕ و سەرمایە دیاری دەکات. سیستەمی بەکاڵا کردنی ژنان، کە لە لایەن سەرمایەو سیستەمی سەرمایەدارییەوە بەڕێوە دەبرێت لە خزمەتی حەزەکانی پیاو، حەزە سێکسی و جوانیناسییەکانی پێاودایە نەک شتێک بێت لە لایەن ژنانەوە دیاری کرابێت. بۆیە دەبێت ژنان بە خود وشیارییەکی تەواو بگەن و خۆیان لە چنگ بازاڕی سەرمایە، لە چنگ شاسەی تەلەفیزیۆن و سۆشیال میدیا ئازاد بکەن بکەن و ژنبوونی خۆیان بوێت وەک ژن، نەک ئەوەی پیاوان دەیانهەوێت. نەک ئەوەی سیستەمی سەرمایە دەیهەوێت.

ژنان تا ئەو کاتەی خۆیان بڕوایان بە خۆیان نەبێت، تا ئەو کاتەی لە بازنەی دروشمەکان دەرنەچن و بە شێوەی زانستی و وشیارانە هەنگاو نەنێن بۆ گەیشتن بە خواست و مافەکانیان، ئەستەمە بتوانن کاریگەرییان لە سەر کۆمەڵگا دەورووبەر هەبێت بۆ گۆڕینی دونیابینی پیاوسالارانە کە رەگێکی قووڵی لە کەلتوور، ئایین دا هەیە و بەردەوام پەرەشی پێ دەدرێت.

کە باسی وشیاری و خودوشیاری ژنان دەکەین، مەبەستمان ئەوەیە دەبێت ژنان خۆیان بە شێوەیەکی قووڵ بڕوا بەوە بکەن کە دەبێت هەنگاوی بۆ هەڵبگرن، نەك ئەوەی کە خۆیان ببن بە بەشێک لە پرۆژی پیاوسالاری و دونیای سەرمایە و لە بەرژەوەندی ئەواندا هەڵسووکەوت بکەن. بە داخەوە بەشێکی زۆر لە ژنان لە کۆمەڵگای کوردی، ئەو ژنانەی کە خۆیان بە پێشەنگی ژنان و مافەکانی ژنان دەزانن بەشێکن لەو بازنەیەی کە سەرمایەداری بەرهەمی دەهێنێت.

ئەم بابەتە هەوێرێکە ئاوی زۆر هەڵدەگرێت و بێگومان لە وەها نووسینێکدا ناتوانین لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا ورد بینەوە کە هۆکارن بۆ ئەوەی چەوسانەوەی ژنان بەردەوام بێت. ئەرکی هەموومانە ، هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا، هەموو ئەو ژن و پیاوانەی باوڕەیان بە یەکسانی ژن و پیاو هەیە کە بە شێوەیەکی قووڵ و لە دەروەی بازنەی دروشمەوە کار بکەین بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی یەکسان دروست بێت و ئاماری تراژێدیەکان کەمتر و کەمتر بکەینەوە.

هیوادارم ڕۆژێک ژنانی کۆمەڵگاکەشم بێن و باس لەدەسکەوتەکانیان بکەن نەک تەنیا ڕووکەشە جوانکراوە بە ناخ پڕ لە چەوساندنەوەکانیان لە پاساژەکاندا دەست لە دەستی هاوسەر یان خۆشەویستەکەیان خەریکی کرینی دیاریەک بن یان بۆیان ببردرێتەوە ماڵەوە و دیسان لە ڕۆژی ۹ی مارسەوە هەر بەشیان تا ٨ی مارسەکەیتر هەر چەوسانەوە و قاچ ڕاکێشان لە بەر تیڤیەکان و گەران بەناو پاساژەکاندا بێت یان لە ناو سۆشیاڵ میدیادا لە مارکە نوێیەکان بگەرێن یان خەریکی پۆرێتێز و سمت و مەمک گەورە و بچووک کردن بن.

لە کۆمەڵگەی ئیمەدا ئەودەمە دەتوانین پیرۆزبایی هەشتی مارس بکەین کە دۆخی ژنان لە دیوێکەوە بۆ دیوێکی باشتر گۆردرابێت و دەستکەوتی بەرچاومان بەدەست هێنابێت. ئەودەمە دەتوانین پیرۆزبایی بکەین کە ژنان و پیاوانی چالاک بە کردارەوە بیسەلمێنن کە چالاکی بواری یەکسانیخوازین نەک تەنیا بۆ بەرژەوەندی لایەنە سیاسیەکان و خۆزەق کردنەوەو بەرژەوەندە شەخسییەکان و بۆ کۆکردنەوەی لایک، لە سۆشیاڵ میدیادا خەریکی وتنەوەی درووشمی یەکسانی بن.


 


PM:08:47:07/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌