منداڵانی کار، پەپوولە سووتاوەکانی باخچەی ژیان بە بۆنەی ٢٣ی جۆزەردان، ڕۆژی جیهانی خەبات دژی کاری منداڵان




منداڵانی کار، پەپوولە سووتاوەکانی باخچەی ژیان

بە بۆنەی ٢٣ی جۆزەردان، ڕۆژی جیهانی خەبات دژی کاری منداڵان




ئەردەڵان فەرەجی

هەرکات منداڵێکمان لە سەر جادە بینی کە خەریکی فاڵ فرۆشییە، لە سەر تەرازووی خۆ کێشانە، بنێشت دەفرۆشێت یان لە ترافیک لایتەکان ئامادەیە شووشەی ئۆتۆمبیلەکانمان بسڕێت، یان لە کارگەکان، یان لە مەزرا، شوانە یان خەریکی دەسکەنەیە، یان لە کانزاکان خەریکی کۆڵکێشییە دەبێت بزانین کە ئەوانە "منداڵی کار"ن.

مێژووی کار پێکردنی مرۆڤ بە منداڵان زۆر دوور و درێژە، بەڵام لانی کەم لە سەدەی نۆزدەی زاینییەوە، بیرۆکەی دژایەتی کردنی ئەو دیاردەیە سەری هەڵداوە زۆر کەس خۆیان و ژیانیان تەرخانی خەبات دژی کاری منداڵان کردووە و بە پێی تایبەتمەندی کۆمەڵگا جیاجیاکانی مرۆڤ، تێشیدا سەرکەوتوو بوون، بەڵام هێشتا سەدان میلیۆن منداڵ لە سەرتاسەری جیهان لە بری ئەوەی سەردەمی منداڵی بە یاری و مەکتەب و مەدرەسە و دەرس و دەور و چێژ وەرگرتن لە تەمەنی منداڵی تێپەڕێنن، دەچنە بەر کار.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ١٢ی جوەنی وەک ڕۆژی خەبات دژی کاری منداڵان دەست نیشان کردووە.

گرنگترین هۆکار بۆ دەستنیشان کردنی ئەم ڕۆژە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ژێر گوشاری چالاکانی مەدەنی و هەڵسووڕاوانی بواری مافەکانی منداڵ، ڕاکێشانی سرنجی کۆمەڵگایە بەو دیاردە کۆن و مێژووییە دڵتەزێنەیە.

کارکردنی منداڵان بە هۆی هەستیاربوونی سەردەمی منداڵی، کاریگەری خراپی لە سەر دەوورن و جەستەی منداڵ دەبێت.

منداڵان زۆر جاران دەبنە دەستەچیلەی تاوانکارنی پیشەیی دزی و مافیاکانی مادەهۆشبەرەکان، لەش فرۆشی و ... و بەهۆی بێ بەهرە بوونیان لە پەروەردە و خوێندن، زانست و لێهاتووی، لەچاو باقی منداڵانی هاوساڵیان لە داهاتوودا، دەکەونە بەر رکابەرایەتییەکی نابەرابەرەوە بۆ دەستەبەر کردنی ژیانێکی تەندروست. لە لایەکی دیکەوە بەهۆی دۆخی تایبەتی دەروونی منداڵان، منداڵانی کار ئاسیب پەزیرتر و خەساردیتووتر دەبن و کەمتەرخەمی لەمبارەیەوە، دەبێتە هۆی دەروونی بوونەوەی تووڕەییەکی شاراوە لە ناخی ئەواندا و ڕەنگە لە گەورەساڵیدا لە شێوازی "تاوان" بتەقێتەوە.

ئامارە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە ٣٥٠ میلیۆن منداڵی کار لە جیهاندا بوونیان هەیە. ئەو منداڵانەی چەند کاتژمێر لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بە هۆی دۆخی نالەباری بنەماڵە، کۆمەڵگا و کێشە ئاڵۆزە ئابوورییەکان بۆ پەیداکردنی بژیو و یان بۆ یارمەتی بنەماڵەکانیان لە کارگە و کارخانە و مەزرا یان لە سەر شەقام و کۆڵان یان وەک خزمەتکار و کرێکار لە ماڵان، "کار" دەکەن.

ئەگەرچی ئامارێکی دروست بۆ ژمارەی منداڵانی کار لە ئێراندا بوونی نییە، بەڵام ماڵپەڕی خەبەرگوزاری جمهوری ئیسلامی باس لەوە دەکات بە پێی ئامارێکی مەجلیسی شوورای ئیسلامی، لە نێوان ٣ بۆ ٧ میلیۆن "منداڵی کار" لە ئێراندا بوونیان هەیە.

بوونی ڕێژەیەکی زۆری منداڵانی کار لە ئێران، ڕاستەوخۆی بەرپرسیارییەتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی سیستم و دەسەڵاتی سیاسی کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی بە خولقاندنی کۆمەڵگایەکی چەقبەستوو لە قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری سەرەکی، بوونی منداڵانی کارە لەو وڵاتەدا.

ئیران وڵاتێکی دەوڵەمەندە و بوونی دەسەڵات و سیستمێکی سیاسی زانا، دێمۆکرات و دادپەروەر کە تێیدا ڕەچاوی مافەکانی مرۆڤ و لە سەروو هەموویانەوە "منداڵان" -کە داهاتووی هەر وڵاتێکن-، بکات، گەشە سەندوویی وڵات گەرەنتی دەکات.



PM:06:47:12/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 118 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌