خۆپیشاندانەکانی عێراق، دەستی ئێرانی تێدایە یان خەڵکی تر؟

ئەردەڵان فەرەجی


لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوو عێراق و بە تایبەتی شارە گەورە شیعە نشینەکانی ئەم وڵاتە شاهیدی خۆپیشاندانی سەدان هەزار کەسی بووە دژی گەندەڵی لەو وڵاتە و خەڵکی ناڕازی کۆمەڵێک داواکارییان کردووە بە دروشمی خۆپیشاندانەکانیان. ڕووخاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێستا، بێکاری و باشتر کردنی ژیانی خەڵکی عێراق و ئێران بڕۆ دەرەوە

بەڕاستی سەرچاوە و ڕێکخەری ئەم خۆپیشاندانە جەماورەییە بەر بەرینانە خوێناوییانەی عێراق کوێ و کێن؟ 

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هۆکاری کێشانی خەڵک بۆ سەر شەقام و خۆپیشاندان بە پلانی ئیسرائیل و سعوودیا دەزانن و هێرش بۆ سەر تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبییە کە لە لایەن عەرەبستانەوە سپۆنسەری دەکرێت بە نیشانەی ئەوە دەزانن. یان تەنانەت حەسەنی شەریعەمەداری نوێنەری خامنەی لە ڕۆژنامەی کەیهان، داوا لە خەڵکی عێراق دەکات کە هێرش بکەنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا. لە لایەکی دیکەوەوە ئیسرائیل و سعوودیا هۆکاری ناڕەزایەتی خەڵکی وەزاڵە هاتووی عێراق بە دەست تێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی عێراق و تاڵان کردنی سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە دەزانن کە بە هۆکارێک بۆ هەژار و بەشمەینەتی خەڵکی عێراقی دەزانن و هێرش و سووتاندنی بینای باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە بەغدا و بەسرە بە سەلمێنەری ئیدیعاکەی خۆیان دەزانن

بێ گومان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق کە بەرە بەرە بەرەو شارە سوننی نشینەکانی عێراقیش دەڕوات، ڕەگێکی ناوخۆیی و لە ناڕەزایەتی بە دۆخی ژیانی خراپ و بۆ گوزەرانی تاڵی خەڵکی عێراق دەگەڕێتەوە، بەڵام دەستی دەرەکیش لە ڕێکخستنی ئەم ناڕەزایەتییە خوێناوییانە دیارن.

ئێران و موقتەدا سەدر

موقتەدا سەدر سەرکردەی شیعەی عێراقییەکان کە خولیای بوون بە ڕێبەری عێراق و بوون بە ئایەتوڵڵای لە سەر دایە سەرێکی کێشە و ناکۆکییەکانە. بە پێی شەریعەتی ئیسلامی شیعە کەسێک دەتوانێت ببێت بە ئایەتوڵڵا و مەرجەع بۆ شیعەکان کە لە لایەن ئایەتووڵڵا و مەرجەعێکی دیکەی شیعە ئیجازە وەربگرێت و بناسێنرێت. موقتەدا سەدر زۆر هەوڵی داوە کە ئیجازەی بە مەرجەع بوون و ئایەتووڵڵایی لە ئایەتووڵڵا سیستانی وەربگرێت. زۆری هەوڵدا لێی نزیک ببێتەوە. موقتەدا سەدر هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ بوون بە ئایەتووڵڵا و بە مەرجەع بوونی ئەنجام داوە و دەرسی خاریجیشی بۆ خوێندووە، بەڵام تاکوو ئێستا نەیتوانیوە ڕەزامەندی ئایەتووڵڵا سیستانی وەدەست بێنێت. موقتەدا سەدر سەرەڕای ئەوەی زۆری هەوڵدا دژی مەرجەعییەتی خامنەیی لە ئێران بوەستێتەوە و تەنانەت لە دەورەی ڕابردوو و کارزاری هەڵبژاردنەکانی عێراق کە سەرکردایەتی هاوپەیمانی سائێروونی دەکرد، بە ئاشکرا هێڵی ناسیۆنالیزمی عەرەبی تەبلیغ دەکرد کە بە واتای دژایەتی کردنی دەستێوەردانی ئێرانییەکان و فارسەکان بوو و زۆرتر وەک نیشاندانی چرا سەوز بوو بە ئایەتووڵڵا سیستانی، بەڵام ئەمجارەش لە وەرگرتنی ڕەزایەتی سیستانی ناسەرکەوتوو بوو. بۆیە بایدایەوە بەرەو ئێران. لە محەڕەمی ئەمساڵدا چوو بۆ بەیتی خامنەیی و لە نێوان قاسم سولەیمانی و خامنەیی دەرکەوت. بە نیازی ئەوەی بتوانێت ئیجازەی ئایەتووڵڵا بوون لە خامنەیی وەربگرێت. دیارە ئەوە بۆ کۆماری ئیسلامی و خامنەیی دەبێتە مامەڵەیەک کە لە بری دانی ئیجازەی ئایەتوڵڵایی بە موقتەدا دەبێت موقتەدا سەدریش بە قسەی کۆماری ئیسلامی و خامنەیی بکات لە عێراق دا.

بە دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی عێراق موقتەدا سەدر کە سەرۆکی ئیتلافی سائێروونە لە پارلمانی بەغدا وێڕای پشتیوانی کردن لە داواکاری خەڵکی ناڕازی داوای لە ئەندام پەرلمانەکانی لیستەکەی کرد کە دەست لە کار بکێشنەوە و زەمینە بۆ شکست پێ هێنانی دەوڵەتی ئێستای عێراق خۆش بکەن. لە پێناو چی دا؟

حەیدەر عێبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوو عێراق ئەگەرچی دەیویست خۆی لەگەڵ سعوودییەکان نزی بکاتەوە و هەندێک پێوەندی لەگەڵ سعوودییەکان دروست کرد، بەڵام کەم تا کورت بە کۆماری ئیسلامی وەفادار مایەوە. موقتەدا سەدر دژی عادل عەبدولمەهدی بوو بۆ بوون بە سەرۆک وەزیران و کەمیش کێشەی بۆ دروست نەکرد، ئێستاش دەخوازێت لە ڕێگەی هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عادل عەبدولمەهدی ڕێگە بۆ گەڕانەوەی عێبادی و نووری مالکی خۆش بکات کە دوو زاتی وەفادار بە کۆماری ئیسلامی و خامنەیین. لە بری بە ئەنجام گەیاندنی ئەم ئەرکە، خامنەییش ئیجازەی بوون بە ئایەتووڵڵا و مەجەعییەت بدات بە موقتەدا سەدر و دواجار بە خەونی خۆی بۆ بوون بە ڕێبەری عێراق بێنێتە دی.

نابێ فەرامۆش بکرێت کە موقتەدا سەدر لە هەڵگرتنی دروشمی دژە گەندەڵی، ناڕاستە و چەواشەکاری دەکات. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و هێرش ئەمریکا بۆ سەر عێراق و ڕووخانی ڕژیمی سەدام حسێن، یاسای بنەڕەتی عێراق لە سەر بنەمای "تەوافوقدامەزرا بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و لەو نێوانەدا پشکی موقتەدا سەدر لە بە دەستەوە گرتنی وەزارەت پڕ داهاتەکان، "شێربووە، هەر لە وەزارەتی نەوت، وزە، پیشەسازی و پارێزگاکان ولە دەستی گرووپی سەدر دا بووە. بە واتایەکی تر جیا لەوەی کە کێ و کام کۆتلە لە عێراق پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار و سەرۆک پارلمانیان پێ دەبڕێت، پشکی سەدرییەکان ئەو وەزارەتخانە پڕ داهاتانە بووە لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوو دا. بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ کێشەیەک لە گەندەڵی و دۆخی خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵک بە دی دەکرێت، سەدرییەکان سەرچاوە و هۆکاری سەرەکی ئەو گەندەڵییانەن و هەر بۆیەش هەڵگرتنی دروشمی وەستانەوە بەرامبەر بە گەندەڵی، جگە لە فریوکاری شتێکی دیکە نییە.


سعوودیا، ئیسرائیل و ئەمریکا

ماردین ئیندیک باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە ئیسرائیل سێ ساڵ لەمەوبەر گەڵاڵەی پلانێکی بە گۆنگرەی ئەمریکا پێشنیار کرد کە ئامانج لەو پلانە پێکهێنانی بشێوی و ئاڵۆزی ئامانج دار بوو لە عێراق. بەو واتایە کە لە عێراق لە پێناو ئامانجێکی دیاریکراو قەیران و ئاڵۆزییەک بخولقێنن کە بتوانن عێراق -کە بۆتە مەیدانی تەرانتەرانی ئێران- لە دەستی ئێران دەربێننەوەپلانەکەی ئیندیک ئەوەیە پێکدادانێکی شیعە لەگەڵ شیعە پێک بێنێت و شەڕەکە بەرێتەوە نێوان خودی شیعەکانەوە کە سەرێکی ئێرانە و لەم ڕێگایەوە پێگەی ئێران لە عێراق لاواز بکات. لەو پێناوەدا پێشنیاریان دا بە سعوودییەکان کە هەندێک لە لایەنە شیعەکانی عێراق لە خۆیان نزیک بکەنەوە

بەرژەوەندی سعوودییەکان لەم گەڵاڵەیەدا ئەوە دەبێت کە جۆرێک شەڕی یەمەن بگوازنەوە بۆ عێراق و لە عێراقەوە پێگەی کۆماری ئیسلامی کە ڕکابەری سەرەکی ناوچەیی سعوودیایە لاواز بکەن. هەوڵی داوە کە نێوانی موقتەدا سەدر کە ڕۆژێک لە ڕۆژان گوتاری ناسیۆنالیزمی عەرەبی عێراقی بڵاو دەکردەوە لەگەڵ ئێران بپسێنیت و کەم تاکورتێکیش لەوەدا سەرکەوتوو بوو، بەڵام بە نێوەندگیری حەسەن نەسڕووڵڵا پێوەندی ئێران و سەدرییەکان پاش چەند دانیشتن ئاسایی و لایەنگرانە بوویەوە، بەڵام ئەم پرۆژەیە هەروا بەردەوامە لە ڕاکێشانی هەندێک لایەنی شیعە بەرەو خۆیان

ئاشکرایە کە عێراق بۆتە مەیدانی پێکدادانی وڵاتانی ناوچەکە هەر لە ئێران و سعوودیاوە بگرە تا ئیسرئیل. خواستی خەڵکی عێراق بۆ کۆتایی هێنان بە گەندەڵی ئابووری و سیاسی و دابین کردنی ژیانێکی ئاسوودە ڕەوایە. وڵاتێک کە حەشیمەتێکی ٣٦ میلیۆن کەسییەوە ڕۆژانە ٤ میلیۆن بۆشکە نەوت هەناردە دەکات و گەشەی ئابووری وڵاتەکەی بە پێی ڕاپۆڕتی سندووقی نێونەتەوەیی دروا ٢.٨٪ بووە، شایستەی ئەوەی کە لە ژیانێکی خوشگوزەران تر بەهرەمەند بن، خواستێکی ڕەوا و لە جێ دایە. بەڵام بەشێکی نەوت و بێنزین و سامانی ئەو وڵاتە لە لایەن ئێرانەوە تاڵان دەکرێت. خواستی ڕەوای خەڵک بووەتە سووتەمەنی شەڕی دەسەڵات و پووڵی لایەنە عێراقییەکان و ململانێی هێزە ناوچەییەکان و سەر هەر کام لەم کێشەکان، دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامییە.

خواستی دەرکردنی ئێران لە عێراق و کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانە ئاژاوەگێڕانەکانی کۆماری ئیسلامی کە عێراقی کردووەتە گۆڕەپانی شەڕە نیابەتییەکانی و تاڵان و بە تاراج بردنی سامانی خەڵکی عێراق، خواستێکی ڕەوایە

ئیسرائیل کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ماوەی چل ساڵە هەڕەشەی سڕینەوەی لە سەر نەخشەی گۆی زەوی لێ دەکرێت لە بەهێز بوونی ئێران لە ناوچە نیگەرانە. هەر جووڵەیەک کە ئەنجامەکەی ببێتە لاواز بوونی پێگەی ئێران، بە قازانج و بەرژەوەندی خۆی دەزانێت و لە هیچ هەوڵێکیش لەو پێناوەدا درێغی نەکردووە و نایکات. هەر لە هێرش بۆ سەر جبەخانە و بۆردمانی پێگەکانی ئێرانییەکان و هێزەکانی سەر بە ئێران لە خاکی عێراق و سووریە نمونەی ئەو هەوڵانە.

سیاسەتی دەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە و لە جیهاندا نانەوەی ئاژاوە و شەڕەنگێزییە و عێراقیش مەیدانێکی بەرچاوی ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامییە. بە هەر ڕێژە لە لاواز بوونی ئێران و شکستی سیاسەتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی، ئاسایش و ئەمنییەت لە ناوچەکە جێگیرتر دەبێت، بەڵام کۆماری ئیسلامیش لە هەوڵدایە لە ڕێگەی مەشغووڵ کردنی نەیارە ناوچەییە و جیهانییەکانی بە پرسی عێراقەوە، لە پرسی سەرەکی کە بریتییە لە خوودی خۆی دوور بخاتەوە. کۆماری ئیسلامی ئەکتەری سەرەکی ئاژاوەگێڕییەکانە لە عێراق و دووریش نییە لێی نەبێتە پاشنە ئاشیل و لە سەر عێراق، ئێرانیش لە دەست نەدات.


AM:01:11:07/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 52 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌