بەسۆزەوە لێکدانەوەی چوونی بۆڵتۆن، هەڵەیە


ئەردەڵان فەرەجی

پیاوە سمێڵ زلەکەی کۆشکی سپی لە لایەن دۆناڵد ترامپەوە وەلانرا. ترامپ لە تویتێک دا نووسی؛پێویست بە بوونی بۆڵتۆن نەبوو، من بە تەواوەتی دژی پێشنیارەکانی جان بۆڵتۆن بووم، هەروا کە زۆرێک لە ئەندامانی کابینە بوون. داوام لێکرد دەست لە کاربکێشێتەوە. سپاسگوزاری خزمەتەکانیم و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕاوێژکاری ئەمنییەتی کۆشکی سپی نوێ دەناسێنرێت.”

جیا لە هۆکارەکانی لابردنی جان بۆڵتۆن کە ڕەنگە هێشتا ڕوون نییە و چەند گریمانەیەک هاتوونەتە ئاراوە و یەک لەوان ئەوەی کە جیاوازی بووە لە نێوان شێوە هەڵسووکەوتی بۆڵتۆن لەگەڵ کابینە بەرامبەر بە پرسی ئەفغانستان، بەڵام بە ئاشکرا ئەوە دیارە کە جان بۆڵتۆن لە بازەکانی ئەمریکا و سیمبۆلی دژایەتی کۆماری ئیسلامی بوو کە خوازیاری ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوو.

ترامپ بە ئاشکرا باسی لەوە کردووە کە دژی پێشنیارەکانی بۆڵتۆن بووە، هەروا کە زۆرێک لە ئەندامانی کابینە دژی بوون. یەکێک لەو کەسانەی کە وێڕای ترامپ دژی بۆچوون و پێشنیارەکانی بۆڵتۆن بووە، مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە.

ئەم هەواڵە کاردانەوەی سێ بەرەی بەدوای خۆیدا هێناوە؛ کابینەی ترامپ، کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی.

پەمپێئۆ دەڵێت؛ بە بێ بوونی بۆڵتۆن هەوڵەکانمان بۆ سەپاندنی ئەوپەڕی گوشارەکان بەردەوام دەبێت. کاردانەوەکەی پەمپێئۆ جۆرێک ڕەزایەت و دڵخوازی ئەم هەواڵەی پێوەدیارە.

کۆماری ئیسلامی لابردنی جان بۆڵتۆن بە نیشانەیەک لە سەرکەوتنی سیاسەتی نەشەڕ و نە موزاکرە، بەڵکوو مقاومەت و خۆڕاگری خۆیان دادەنێن.

ترامپ ڕەنگە بەم کارەی پەیامی حوسنی نییەتی خۆی بەرامبەر بە ئێران بۆ ئەنجامی موزاکرە و گفت و گۆ ناردبێت، بەڵام لە هەمانکاتدا تۆپەکەی خستۆتە مەیدانی کۆماری ئیسلامییەوە. بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە تا ئێستا سیاسەتی مقاومەت لە لایەن ئێرانییەکانەوە پێڕەو دەکێت و هێشتا ئاماژەیەکی ڕوون لە لایەن ئێرانەوە بۆ وت و وێژی ئاشکرا دیار نییە، دەتوانێت لە دروست کردنی دووبەرەکی لە نێوخۆی بازنەی دەسەڵاتی ئێران کاریگەر بێت.

بۆڵتۆن یەکێک لە بازە ڕەقەکانی بازنەی دەورووبەری ترامپ بوو. گریمانەی زۆر دەکرێت دەربارەی جێگرەوەکەی و ناوی چەند کەسێکیش باسکراوە. ژێنێڕالی خانەنشین کیت کلۆک، فرێد کلایز ئەندامی کابینەی ترامپ، جەک کین و چەند ناوێکی دیکە.

لە لایەکەوە کۆماری ئیسلامی بەو لابردنە خۆشحاڵە، بەڵام دەشترسێت. ئەو پەیامە لە ترامپەوە ئەوندەی دیکە ناکۆکی ناو سیستمی دیکتاتۆر تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامی  قووڵتر دەکاتەوە کە دەبێت کاردانەوەیان بەرامبەر بەو پەیامەی ترامپ چی بێت

لە لایەکی دیکەوە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی دڵنیگەرانن لە چوونی بۆڵتۆن و بەڵام بەگومانیشن.

چیرۆکێکی کۆن هەیە ڕۆژێک ئەسپی پیرەپیاوێک دەڕوات، خەڵکی ئاوایی هەموو بۆی بەداخ دەبن و دەڵێن، چ پیرەپیاوێکی لێقەوماوە، ئەسپێکی بوو، ئەویشی چوو. پاش ماوەیەک ئەسپەکەی لەگەڵ گەلە ئەسپێک دەگەڕێتەوە، خەڵک دەڵێن چەند پیرەپیاوێکی بەبەختە، پاش ماوەیەک تاقە کوڕەکەی لە کاتی ڕام کردنی ئەسپەکان بەردەبێتەوە و قاچێکی دەشكێ، هەمیسان خەڵک زۆر بۆ بەداخ دەبن و دەڵێن چەن پیرەپیاوێکی بەدبەختە، هەر کوڕێکی بوو ئەویش قاچی شکاوە و لە جێ دایە، پاش ماوەیەکی تر دەوڵەت دێ و سەربازدەگرێت و هەموو کوڕە گەنجاکان دەگرێت بە سەرباز و دیان با بۆ شەڕ و هەموویان دەکوژرێن، جگە لە کوڕی پیرە پیاوەکە و ئەمجاریش خەڵک دێن و باس لە بەبەختی پیرەپیاوەکە دەکەن. ئەم چیرۆکە هەروا درێژەی دەبێت. ئەم چوونی بۆڵتۆنەش زۆر لەم چیرۆکە دەچێت

بۆڵتۆن کەسایەتییەکی بناژۆخوازی ڕەقی کابینەی ترامپ بوو. لە بەرامبەدا ترامپ بۆ خۆی بزنسمەن، تاجرێک و سیاسەتمەدارێکی پراگماتیست و کردارییە. ڕوانگەیەی بۆڵتۆن ڕەق و وشک و نافلێکسەیبێل بوو، لە کاتێک دا ئەمە ڕێک بە پێچەوانەی کردار و جۆرە ڕانینی ترامپ و کایبنەکەی و لە سەروو هەموویانەوە مایک پەمپێئۆوەیە.

لاچوونی بۆڵتۆن ڕەنگە دەروازەیەک بکاتەوە بۆ هاتنە سەرکاری "بازێکی دیکەی ئەمریکا بە لۆژیک و جۆرە ڕوانینێکی کراوەتر. ڕەنگە دەرکە بکاتەوە و بۆ لاکردنەوە لە ئۆپۆزیسیۆنی فرەڕەنگی کۆماری ئیسلامی.

بە سۆزەوە لێکدانەوەی چوون و لابردنی بۆڵتۆن، وەک لێکدانەوەی خەڵکی ئاوایی پیرەپیاوەکەیە کە هەموو جارێک بە لاڕێدا دەچوون.

ئەمریکا لە خواستەکانی بەردەوامە و ئەوپەڕی گوشارەکانیشی خستۆتەگەڕ بۆ بەچۆک داهێنانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەنجامی وت و وێژێکی دیکە و هاتنەئارای ڕێکەوتنێکی دیکە کە گەرەنتی ئەوە بکات کە ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ناوکی ناگات. کارتەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبە بە ئەمریکا و کۆمەڵگای سیاسی ڕۆژئاوا زۆر لاوازن

گۆڕینی بۆڵتۆن دەتوانێت، دەرکە بۆ گۆڕانی ڕووداوی باشە لە بەرژەوەندی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بکاتەوە.


PM:03:08:11/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 90 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌