شینزۆ ئابە، ناوبژیوان یان پەیامنێر؟!


ئەردەڵان فەرەجی

دوێنێ چوارشەممە ٢٢ی جۆزەردان شینزۆ ئابە، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن گەیشتە تاران و بڕیارە لەگەڵ ڕووحانی سەرۆک کۆمار و خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دانیشتنی هەبێت.


جێی وەبیرهێنانەوەیە کە کاتی خۆی لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی باوکی شینزۆ ئابە، کە ئەو کات وەزیری دەرەوەی ژاپۆن بوون بۆ ڕۆڵ گێڕان و یان ناوبژیوانی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان ئێران و عێراق سەردانی تارانی کرد. ئەو سەردەمیش ڕۆڵی ژاپۆن بۆ ناوبژیوانی ئەنجامێکی نەبوو و شەڕی ئێران و عێراق  پێنج ساڵی تریشی خایاند.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا شینزۆ ئابە، سەردانی تاران دەکات کە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە لوتکەدایە و ئەگەری بەریەک کەوتنی ئەم دوو وڵات زۆر بەهێزە. هەموو جیهان بە تامەزرۆییەوە سەیری ئاراستەی ڕووداوەکان دەکەن و پلان بۆ هەر دوو ئەگەری شەڕ و بەریەککەوتن و یانیش سازان لە نێوان ئەم دوو وڵاتە دادەنێن.

هەمووان دەزانن کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو بە دوای داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە لایەن خوێندکارانی پەیڕەوی خەتی خومەینی و بە بارمتەگرتنی باڵوێز و کارمەندانی ئەو باڵوێزخانەیە پێوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا نائاسایی بووە و باڵوێزخانەی پاکیستان لە واشینتۆن، پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئێران بووە لە ئەمریکا و لە بەرامبەردا باڵوێزخانەی سووئیس لە تاران ڕۆڵی پارێزەری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە ئێران لە ئەستۆ بووە.

دۆناڵد ترامپ دوو هەفتە لەمەوبەر سەردانی ژاپۆنی کرد و هەر لەوێش بڕیار درا کە شینزۆ ئابە سەردانی تاران بکات. بەڵام بۆچی ژاپۆن و شینزۆ ئابە لە لایەن ئەمریکاوە ڕاسپێردران بۆ ناردنی پەیامەکەی ئەمریکا و نەک پاکیستان و سووئیس؟

وڵامی پرسیارەکە ئاسانە. ژاپۆن لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی لە بەرەی موتەحدین کە بریتی بوون لە ئاڵمان و ئیتالیا دا بوو. کۆتاییەکان شەڕ بەرەو ئەوە دەچوو لە بەرژەوەندی ئەو بەرەیە کۆتایی پێ بێت، بەڵام هاتنە مەیدان زلهێزێکی تازە سەرهەڵداوی وەک ئەمریکا باڵانسی هێزی لە بەرژەوەندی بەرەی موتەفقین، ئەنجامی شەڕەکەی هەڵگەڕاندەوە. ئەمریکا بە بۆردۆمان کردنی هیرۆشیما و ناکازاکی پشتی ژاپۆن و بەرەی موتەحدینی شکاند و ژاپۆنی ناچار بە تەسلیم بوون کرد. لە دنیای سیاسەت و بواری سەربازیدا ژاپۆن هێمای تەسلیم بوون و چۆکدادانە لە بەرامبەر ئەمریکادا.

ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بۆ ئێران وەک هێمای چۆک دادان، بە ئامانجی ئەو مەسیجە ڕوونەیە کە وەستانەوە بەرامبەر بە ئەمریکا دەتوانێت چ ئەنجامێکی تراژیدیا و کارەساتباری هەبێت.

گومان لەوەدا نییە کە شینزۆ ئابە نەک لە هەیبەتی ناوبژیوانێکی ڕاستەقینە، بەڵکوو وەک پەیامنێرێک بۆ گەیاندنی پەیامی ئەمریکا سەردانی تارانی کردووە. شنیزۆ ئابە بە کۆماری ئیسلامی دەڵێت؛ ئێمە باجی شەڕ لەگەڵ ئەمریکامان بە کارەسات و تراژیدیا وەرگرت، ئێوە مەیکەن!"

 


AM:11:21:13/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 45 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌