"ترس" و "هیوا" لای ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران


ئەردەڵان فەرەجی

"ترس" چییە؟ "هیوا" چییە؟ ئایا ترس و هیوا، چەمک و گوتەزایەکی تاکەکەسین؟ چۆن بەرهەم دێن؟ ئایا کەم و زیاد دەبن؟ ئایا ترس و هیوا تەنیا پەیوەندییان بە تاکەوە هەیە؟ ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسی بەخۆوە دەگرن؟ ترس و هیوا لە کۆمەڵگای ئێران لە چ ئاستێک دایە و کۆماری ئیسلامی چۆن لەگەڵ ئەو چەمکە وەک چەک دژی خەڵکەکەی و لە بەرژەوەندی خۆی کەڵک وەردەگرێت؟

لە دێر زەمانەوە "هیوا" و "ترس" لەگەڵ مرۆڤدا ژیاون و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوویی مرۆڤایەتی و بە تایبەتی دەقە ئایینی و ئەدەبییەکانی مرۆڤ پڕن لەم دوو وشە و دەستەواژەکانی پێوەندی دار بەم دووانەوە.

"ترس" و "هیوا" هەوێنی مانەوە، بەردەوامی مرۆڤ بوون بۆ ژیان. بە پێی لێکۆڵینەوە و گریمانە زانیستییەکانی مرۆڤ، "ترس" و پێویستی بە دابین کردنی ئەمنییەت بۆ مرۆڤ بەر لە میلیۆنان ساڵ، مرۆڤی کردۆتە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و لە هەمانکاتیشدا "هیوا" بۆ داهاتوو و دابین کردنی ژیانێکی باشتر لە ئێستا، مرۆڤ و مرۆڤایەتی گەیاندۆتە ئەم سەردەمە.

بەڕواڵەت ڕەنگە "ترس" و "هیوا" دوو پرسی تەواو تاکەکەسی بن. دیارە ئەم چەمک و گوتەزایانە لە زانستی دەروونزانی لە زۆر کۆنەوە لێی دەکۆڵدرێتەوە. بە پێی زانستی دەروونزانی "ترس" و "هیوا" سەرچاوەکەی لە مرۆڤەوەیە و نەک بەند بێت بە هێزێکی ئاسمانییە، واتە دوو کاردانەوەی مرۆڤن بەرامبەر بە واقعییەتی ژیانیانەوە. جیا لەوە ئەمڕۆکە بە دوای گەشە سەندنی زانستی کۆمەڵناسی، "ترس" و "هیوا" لە بازنەی تەسکی کاردانەوە و دژکردنەوەی تاکەوە ئەو لاتر دەچێت و ئەم دوو چەمکە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە کۆمەڵگا و دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کۆمەڵگاکەوە هەیە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پاش هاتنە سەرکارییەوە، هەموو پیلانەکانی لە پێناو بۆ دەروونی کردنەوەی "ترس"، "هیوا" بڕاو کردنی خەڵک بووە. لە بەڕێ دابردنی ئاراستەی شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ یاساکانی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر، لە هەڵگیرسانی شەڕی ئێران و عێراق و بە کوشتن دانی نزیک بە یەک میلیۆن کەس و ئاوارە کردنی چەند میلیۆن مرۆڤ لە زێد و خاک و نیشتمانی خۆیان و بە فیڕۆدانی سەروەت و سامانی ئەو خەڵکە، لە پرۆژە زیانبارەکانی هاشمی ڕەفسەنجانی کە بە ناوی سازەندگییەوە دەرخواردی خەڵک دەدران، لە ئیسڵاحتەڵەبی درۆینەی خاتەمی، لە پۆپۆلیستی بازی ئەحمەدی نژاد و فریوکارییەکانی ڕووحانی و بەڵێنە درۆینەکانی هەموو بۆ بەبارمتەگرتنی خەڵک ئێران و بە تاڵان بردنی سەروەت و ژیانیان بووە.

ڕۆژێک لە ڕۆژان چل ساڵ لەمەو بەر خەڵک و گەلانی ئێران بۆ دەستەبەر کردنی ژیانێکی باشتر هەم لە بواری ئابووری و هەم لە بواری ئازادییەکانیانەوە ڕاپەڕین و ڕژیمی پاشایەتییان ڕووخاند. ئەو لێکدانەوەیەش ناڕاستە ئەگەر پێمان وابێ دۆخی ژیانی هەموو خەڵک لە باری ئابوورییەوە لە ئاستێکی بەرزدا بوو و خەڵک لەو بوارەوە بێ کێشە بوون. ئەگەر وا بوو، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەی چۆن بوو کە بە میلیۆنان خەڵک وەدوو دروشمە زریقە و بریقەدارەکانی خومەینی کەوتن؟! کە دەیگوت؛ ''آب را مجانی می کنیم، اتوبوس را مجانی می کنیم ... دلخوش بە این مقدار نباشید ما معنوایات شما را بالا می بریم ...''

لە زانستی دەروونزانیدا دەستەواژەیەک هەیە کە پێی دەڵێن؛ بەختەوەری جا چ لە بواری تاکدا بێت یا خود کۆمەڵایەتی! بەختەوەری واتە دابەشکردنی ئەو شتانەی هەتە بە سەر خواست و ئارەزووەکانت. واتە دەستەبەرکردنی هەستی بەختەوەری و یان بەخشینی هەستی بەختەوەری پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ڕیژە و بارستای دەستەبەر بوونی خواستەکان بە بەراود بەو دەسکەوتانەی هەتە.

ئەوەی لە ئێستا دا دەبینرێت کۆماری ئیسلامی لە پاش هاتنە سەرکارییەوە چوونکا نەیتوانیوە داشتەکانی خەڵک بەرز بکاتەوە، بەردەوام هەوڵی داوە بۆ دروستکردنی هەستی بەختەوەری لە خواست و ئارەزووەکانی خەڵک کەم کاتەوە.

بە پێچەوانەی دەوڵەتی ئێستا ڕووحانی و دروشمەکانی کە بریتییە لە "هیوا"، گەورەترین پەیامی بۆ کۆمەڵگای ئێران بریتی بووە لە "ترس". ترس لەوەی کە ئێران دەبێتە سووریە. ئێران دەبێتە عێراق و لوبنان و یەمەن. ئەم ترساندنەی خەڵک بەوەی ئەگەر ناڕەزایەتییەک دەرببڕن و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بڕوخێنن، ئێران دەبێت بە سوریەیەکی دیکە. لە لایەکی دیکەشەوە بۆ ئەوەی هەستی بەختەوەری درۆینە بە خەڵک بدەن، بارستایی و ئاستی خواستەکانیان بچووک و بچووکتر دەکەنەوە کە ڕازی بن بەوە، دڵخۆش بن بەوەی کە وەک سوریەتان لێ نەهاتووە.

ئەگەر ئەمڕۆ زیاتر لە ٦٠ بۆ ٧٠ دەرسەدی خەڵکی ئێران لە دابین کردنی ژیانێکی مامناوەند بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان دەستەوەستانن، ئەگەر ڕۆژانە ڕۆڵەکانیان بە پەتی سێدارەوە هەڵدەواسرێن و ئیعدام دەکرێن، ئەگەر ڕۆژانە ڕێژەی گیرۆدەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان زیاتر دەبێت و تەمەنی ئیعتیاد و لەش فرۆشی کەمتر دەبێتەوە، ئەگەر ڕۆژانە خەڵک و داواکارییە بەرحەقەکانیان سەرکوت و دەمکوت دەکرێن، ئەگەر ڕۆژانە بە هەزاران هەزار میلیاردی سەروەت و سامانی ئەو خەڵکە لە لایەن بەرپرسەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە تاڵان دەچێت، جا چ بچێتە گیرفان یان حیسابە بانکییەکانیانەوە یان بکرێن بە خەرجی شەڕ و ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەقمار و دەست و پێوەندەکانی لە ناوچە و هەموو جیهان، ئەگەر هەژار و نەداری بێ داد دەکات، قەیناکە، دڵخۆش بن بەوەی وەک سوریە و عێراق و لوبنان و یەمەنتان لێ نەهاتووە.

کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەر شتێک لە "هیوا" و "هیوادار" بوونی خەڵک بۆ دابین کردنی داهاتوویەکی باشتر و گەشتر دەترسێت و زیاتر لە هەر شتێکی دیکە، دڵخۆشە بە "ترس" و "ترسنۆکی" خەڵک. بەڵام ڕۆژێک دێت کە خەڵکی ئێران، بوێرانە جلی ترسی ڕۆحیان دەدڕینن و بەرگی هیوای پی دەبەخشن بۆ دەستەبەر کردنی داهاتوویەکی گەش بۆ خۆیان و جیلەکانی داهاتوو و بێ گۆمان ئەم ڕێگایەش بە بازدان بە سەر تەرمی کۆماری ئیسلامییەوە تێدپەڕێ.


PM:10:33:22/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 189 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌