حكومەتی ئیسلامیی ئیران و پیلانێكیتر

فەرزین كرباسی 

كۆماری ئیسلامیی ئێران لەدریژەی 38 ساڵی رابردووی حوكمرانیدا و تائەمرۆ بۆ پتەوكردنی دەسەڵاتەكەی لەهیچ پیلانێك چاوپۆشی نەكردوە و بۆ سەركوتكردنی نەیارەكانی دەستی بۆهەموو شێوازێك لەتوندوتیژی بردوە، لە تیرۆرەوە تا كۆمەڵكوژی خەڵك و خستنە زیندانیان و كوشتنی بەكۆمەڵیان بەڵام بەدرێژایی تەمەنی ئەم حوكمرانیە هیچ كات بە ئەندازەی ئەم 8 ساڵەی حكومەتی ئەمریكا، كە ئۆبامان سەرۆكی بوو، نەیتوانی دەستكەوتی سیاسی بەدەستبێنێت و هێژێمۆنی خۆی بەسەر ناۆچەكەدا بسەپێنێت.

 بە پاشەكشێكردنی هێزەكانی ئەمریكا و بەجێهێشتنی عیراق و حكومەتەكەی بۆ شیعەكان بەمەش دەرفەتی بۆ رەخسا كە زیاتر دەستكراوە بێت لەناو عیراق و ناۆچەكە تا ئەو شوێنەی هەنگاوی یەكەمی نا بۆ جێبەجێكردنی پلانە ستراتێژیەكەی خۆی لەعیراقدا بە دروستكردنی حەشدی شەعبی وەك جێگرەوەی سوپای عیراقی كە ئەویش لاسایكردنەوەیەكی خودی كۆماری ئیسلامی بوو لەساڵانی سەرەتای هاتنە سەرحكوم كە بەدروستكردنی سوپای پاسداران بەرامبەر بە ئەرتەشی ئیران توانی دەسەڵات بەتەواوی قۆرغ و نەیارەكانی سەركوتبكات، حكومەتی ئیران بەناردنی راوێژكار و فەرماندەكانی سوپای پاسداران توانی لە شەری دژی داعشدا رەوایەتی بە هێزێكی وەك حەشدی شەعبی بدات و خەڵك ئەوان بەپشتوپەنای خۆیان بزانن. بۆ ناوخۆی خۆشی ئەو بیروبۆچوونە بەرێتە پێشەوە كە ئەوە سوپای پاسدارانە لە دەرەوەی سنووری ئێران شەڕی تیرۆرست دەكات. لەئێستادا هەنگاوێكیتری كۆماری ئیسلامی بۆجێبەجێكردنی ستراتێژیەكەی لە عیراق كاراكردنی مادەی 8ی دەستوری عیراقیە لەڕێگەی پەرلەمانەوە كە زورینە شیعەن كە بەپێ ئەم مادەیە (عیراق رەچاوی بنەمای دراوسێتی دەكات و پابەند دەبێت بە دەستوەرنەدان لە كاروباری وڵاتانی دیكە، كاریش دەكات بۆ چارەسەكردنی كێشەكان بە هۆكاری ئاشتیانە، پەیوەندیەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و مامەڵەی هاوتا دادەمەزرێن و رێز لە پابەندبونە نێودەوڵەتیەكان دەگرێت) بەمەش هەوڵدەدات حیزبە ئۆپۆزسیۆنە كوردیەكان بخاتە ژێر گوشاری یاسایی و بە فشارخستنەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیفلج و لە هەرێم دەریانبكات و  وەك پێشتر ئەم هەنگاوەی نا كە دەركردنی موجاهدینی خەلق بوو لە عیراق.

ئۆپۆزسیۆنی ئیرانی بەگشتی لەسەر واقعی سیاسی ئێرانیدا چالاك نابینرێن، تەنها موجاهدی خەلق بوو ئەوانیش چەككران و بەڕێكران بۆدەرەوەی عیراق. ئەوەی ماوەتەوە لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی وەك حیزبێكی چەكدار و خەڵكیش راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پشتگیریان دەكات حیزبە كوردیەكانی وەك كۆمەڵە و دێمۆكراتن كە پاشخانێكی مێژوییان لەڕووبەڕووبوونەوە و ملنەدان بۆ كۆماری ئیسلامی هەیە و تائەمرۆ پێگەی جەماوەری خۆیان لە دەستنەداوە و جێگە ئومێدی خەڵكن و لەگەڵ خەڵكدا لەپەیوەندی راستەوخۆدان و هەركات پێویست بكات خەڵك بەدەم داوای ئەم حیزبانەوە دێن؛ نموونەی هەرە رۆشن و دیار كۆمەلەی شۆڕشگێڕە كە لە سالانی رابردوودا هەر كات داوایەكی رووبەڕووی خەڵك كرددۆتەوە خەڵك بەدەمیانەوە هاتوون و بەتایبەت لە ساڵیادی دامەزراندنی ئەم حیزبەدا چالاكی جۆراوجۆر لەناوخۆدا ئەنجام دەدرێت.

ترسی سەرەكی كۆماری ئیسلامی لەم حیزبانە و بەتایبەت لە كۆمەلە ئەوەیە كە نەیتوانیوە و ناشتوانێت حیزبی جێگرەوەیان بۆدابنێت تا خەڵك بۆلایان راكێشرێت؛ نموونەی ئەوەش درووستبونی شاخەیەك لە حیزبێكی باكوور بۆ  رۆژهەڵات بوو كە لەم دواییەدا لەگەڵ ئێران رێكەوتن و وازیان لە چالاكی هێنا. خەڵك ئەم جیاوازیە دادەنێت كە كام حیزبە لە هەناوی خەڵكەوە و بۆ خواست و داخوازیەكانیان هەڵقوڵاوە و نوێنەرایەتیی بەرحەقی داواكانیان دەكات. لەم دواییانەدا سوپای پاسداران راستەوخۆ هەڕەشە لە حكومەتی هەرێم و حیزبە رۆژهەڵاتیەكان دەكات و دەڵێت بەتووندی هێرش دەكەینە سەریان و بە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی راگەیاندوە كە دەستیان لێ ناپارێزن. نموونەی زیندووی ئەوە دانانی بۆمپی چنراو لەناو بارەگای حیزبی كۆمەڵەی شۆرشگیری كوردستانی ئێران و پاشان دانانی بۆمب لە بارەگای حیزبی دێمۆكراتی كوردستان وشەهیدبوونی چەند پێشمەرگەیەكی ئەو حیزبە بوو. 

ئەوەی گرنگە حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەوردی و قووڵی سەیری ئەو ستراتێژیەی كۆماری ئیسلامی ئێران بكەن كە ریشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ مێژویەكی دوور و هاوكات خوێندەوە هەبێت بۆ پێگە و هێزی حكومەتی هەرێم و تەرازوی بەرژوەندیەكان و دەبێت ئەوەمان لە بەرچاۆبێت كە هێزە سیاسیەكانی هەریمی كوردستان تا سنورێكی دیاریكراو حسابیان لەسەر دەكرێت و رۆشنایی ئەمە پلانی ستراتێژیكی ڕووبەڕووبونەوە و مانەوە و خۆسەپاندنی ئایندە دابنێین.



PM:07:20:09/03/2017




ئه‌م بابه‌ته 671 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌