دەنگی یەکەم و ئەزموونەکانی کۆماری کوردستان


سامان ریشەساحێب



بەستەرەکانی پێکھاتنی کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ھەست بە پێشلکاری مافی مرۆڤ لەکوردستان و ھەروەھا زەوت کردنی مافی نەتەوایەتی نەتەوەی کورد لە لایەن دەسەڵاتی ئەو سەردەمەوە. نەتەوەی کورد پتر لە یەک سەدەیە بۆ بەدیھێنانی مافەکانی ھەوڵ دەدات و لەم راستایەدا ئێمە دەتوانین ئاماژە بە راپەڕینی شێخ عوبەیدۆڵڵا نەھری و سمکۆی شکاک بکەین کە بە داخەوە ئەم بزووتنەوانە زۆر زوو سەرکوت کران. دواتر رۆڵەکانی نەتەوەی کورد بە ئەزموون وەرگرتن لەم راپەڕین و بزووتنەوانە کە زۆربەیان لە لایەن شێخ و کەسایەتییە نەتەوەیی و بە ئەجێندای حەق خوازانە بەڵام بە رێبەرییەکی تاکی و بەرنامەی ناروونی سیاسی پێک دەھات، بریاریان دا کە رێکخراوێکی سیاسی و بە رێبەرییەکی گشتی و بەرنامە دارێژراو لە سەر مافی نەتەوایەتی و ئازادیخوازی خۆیان پێک بێنن.

لە راستای ئەم بیرۆکەیە روناکبیرانی کورد لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١ی ھەتاوی رێکخراوەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان(ژ.ک)یان دامەزراند. مەسەلەی کورد زۆر گرینگ بوو، لە تورکیە ٢٥ساڵ پێش کۆماری کوردستان رێکخراوی (کۆمەڵەی خۆ ێبوون) پێکھاتبوو کە باسی کوردایەتی دەکرد و شێخ عەبدولقادر گەیلانی و چەند کەسێکی دیکە پێکیان ھێنابوو. گەشەی چێنێکی نوێ بە تایبەت لە لاوانی ئەو سەردەمە لە شاری مەھاباد کە زۆربەیان لە چینی مام ناوەندی کۆمەڵگا بوون و ھەروەھا ئەو ئاڵوگۆڕانە کە بە سەر ناوچەکە ھاتبووە ئاراوە بوونە ھۆکاری پێکھێنانی کۆماری کوردستان.

قازی محەممەد:

قازی محەممەد، کوڕی قازی عەلی، لە بنەماڵەیەک کە ناوبانگی لە شاری مەھاباد بۆ چوار سەدە پێشتر دەگەڕێتەوە. ئەوان نە تەنیا لەلای خەڵک بەڵکوو لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حکوومەتیش، جێگەی رێز و پێزانین بوون. ھەر بە بنەماڵە زانا و ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر بوون. قازی محەممەد وەکوو کەسایەتییەکی روناکبیر و ئایینی و بە بیرۆکەی پێشکەوتنخوزانە کە لە بەرێوەبردنی شاری مەھاباد رۆڵێکی گرینگی ھەبوو زیاتر کەوتە بەرچاوی رێکخراوی (ژ.ک). ئەم رێکخراوەیە بە لەبەرچاوگرتنی کەسایەتی قازی، داوای ئەندام بوون لەم رێکخراوەی لە قازی کرد و ئەویش بەو پەڕی ھەست بە بەرپرسیاریەتی ئەم داواکارییەی قبوڵ کرد.

قازی محەممەد بڕەوی کۆمەڵایەتی زۆری ھەبوو بۆ خۆی قازی مەحکەمە بوو لە شاری مەھاباد و کەسایەتییەکی دیار بوو. کۆمەڵەی (ژ.ک) لە ماوەی ٣ساڵ تەمەنی خۆی توانی بڕەوی خۆی لە نێو خەڵکی کوردستان پەرە پێبدا و لە بردنە سەرەوەی ئاستی وشیاری و ئاگاھی خەڵک و ئاشنابوونیان بە مافەکانیان رۆڵێکی بەرچاو و گرینگی ھەبوو. لە جەریانی شەری جیھانی دووھەم سەڕەرای بێ لایەنی ئێران لە لایەن شۆڕەوی و بەریتانیا و کەم بونەوەی دەسەڵاتی ناوەندنی و ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە جیھاندا لە راستای دێمۆکراسی دەھاتنە ئاراوە ئەم بەستەرەی بۆ ئەوە خۆش کرد کە قازی محەممەد لە بیری دامەزراندمی کۆماری کوردستان بێت. ھەر ئەمە بوو کە لە سەر بنەمای بنەڕەتی تەشکیلاتی (ژ.ک) بەڵام بە بەرنامەیەکی دێمۆکراتیک و روونتر لە ٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی ھەتاوی توانی کۆماری کوردستان رابگەیێنێت. سەرەتا شەوڕەوی بەم حەرەکەتە ناڕەزایەتی دەربڕی بەڵام کاتێک پێشوازی خەڵکی بینی و لە بەرامبەر (عمل انجام شدە) بەرەوروو بوونەوە بیریان لە پێوەندی گرتن لە گەڵ کۆماری کوردستان کردەوە تا دژایەتی کردن.

تایبەتمەندییەکانی کۆماری کوردستان:

ی کوردستان تەنھا ١١ مانگ تەمەنی بوو کە بە ھێرشی نیزامی حکومەتی ناوەندی و پشت بەردانی لە لایەن شەورەوییەوە لە ناو چوو. کۆماری کوردستان دێمۆکراتیک بوو، حکومەتێکی ناوچەیی، لە قەوارەی کۆماری، لە نێو وڵاتێکی پاشایەتی بوو کە خاوەنی ھەموو لایەنەکانی دێمۆکراتیک بوون بوو. لە ماوەی تەمەنی کورتی کۆماری کوردستان تەنھا یەک نمونەی کوشتن روویدا کە ئەویش لە دەرەوی ئیرادەی حکومەتی کۆماری کوردستان بوو. زیندانی سیاسی بوونی نەبوو، ئازادییە دێمۆکراتییەکان ھاتبوونە ئاراوە، کۆماری کوردستان بۆ یەکەمین جار بوە ھۆکاری ئەوەیکە کە نەتەوەی کورد ئازادی و مافی نەتەوایەتی خۆیان لە باوەش بگرن، زمانی کوردی بوو بە زمانی فەرمی دایەرە و پەروەردە، یەکیەتی ژنان و لاوان پێکھات، کۆمەڵێک لە لاوانی ئەو کات بۆ درێژە دان بە خوێندن رەوانەی دەرەوی وڵات کران. لە کۆماری کوردستان بۆ یەکەم جار قوتابخانەی کچان کرایەوە کە زۆر شتێکی نامۆ بوو لەو سەردەمە، کۆماری کوردستان توانی ببێتە ئەڵقەیەک لە نێوان ھەر چوار پارچەی کوردستان و بە جۆرێک رۆحی کوردایەتی گەشایەوە..

لە گەڵ ئەوەی تەمەنی کۆماری کوردستان لە مەھاباد کورت بوو، بەڵام زۆر کاری گرنگیان ئەنجام دا کە دەتوانین ئاماژەی بکەین بەوەیکە لە ٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٤ی ھەتاوی ئاڵای تەواوی نەتەوەی کورد بە فەرمی راگەیەندار و کورد بۆ یەکەم جار لە سەر خاکی کوردستان بە سەربەستی و ئازادی ئاڵاکەی شەکایەوە. سرودی ئەی رەقیبیش وەکوو مارشی نەتەوایەتی دیاریکرا، زمانی کوردی کرا بە زمانی فەرمی، رۆژنامەکانی ھەواری کورد و نیشتمان و ھەڵاڵە و گروگاڵی منداڵان چاپ کران. دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان سەرەڕای تەمەن کورتی زۆر رێچکەی بۆ نەتەوەی کورد کردەوە. 

بۆ ١١ مانگ:

دیارە قسە کردن لە سەر ئەوەیکە بۆ کۆماری کوردستان زۆر زوو لە ناو برا و تەمەنی یەکجار کورت بوو لەم وتارە نەتوانین ھەموو باس بکەین و دەبێت زۆر بە وردی و کارناسانە بەم مەسئەلەیە بروانین. بەڵام دەتوانین کورت ئاماژە بە چەند ھۆکار بکەین: 

ئیستبدادی سیاسی و نیزامی ئێران و لە سەردەمی پاشایەتی پەھلەوی و پێویستی ئێران بە وڵاتانی دەرەکی وەکوو بەریتانیا، سیاسەتی فرێوکارانەی شۆڕەوی لە بابەت ئێران و کوردستان و تەنانەت ئازەربایجان، کەم ئەزموونی لە بواری پێکھێنانی حکومەت و ھەروەھا خەباتی سیاسی ونیزامی، بۆشایی و کەم بوونی کادری خوێندەوار و شارەزا و بە ئەزموون لە بوارگەلی سیاسی، ئابووری و ئیداری، نەبوونی ھێزێکی نیزامی و پێشمەرگە، بارودۆخی نالەباری ئابووری کوردستان و نا شارەزابوون و لە گەڵ بە کارھێنانی ژێرخانی ئابووری و پێوەندی بازرگانی لە گەڵ دەرەوە، زاڵ بوونی دەسەڵاتی ئاغا و عەشیرەتەکان و سازان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، شکستی لە ناکاوی حکومەتی ئازەربایجان و ھەڵاتنی بەرپرسانی بۆ شۆڕەوی کە بووە ھۆی ترس لە نێوان سەرۆکی عەشیرەتەکان و ترس لە کوشت و کوشتار.

پێش کۆماری کوردستان پەیمان نامەیەی (یاڵتا) واژۆ کرابوو کە بە پێی ئەو پەیمان نامەیە دەبوایە شەوڕەوی خاکی ئێرانی چۆڵ بکردایە و دیارە شۆڕەوی دۆست و ھاوپەیمانی کۆماری کوردستان بوو و لە ناکاو بەریتانیا دەستی بە سەریدا کێشا. رژیمی پاشایەتی ئەو کات لە ٢١ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٥ی ھەتاوی ھێرشی کردە سەر کۆماری ئازەربایجان و دوابەدوای ئەو بە پلان ھێرشی کردە سەر کۆماری کوردستان و ھاتنە ناو شاری مەھاباد و پادگانیان گرت و دوابەدوای ئەوە گرتن و لە سێدارەدانی قازی محمەممەد و ھاوڕێیانی ھاتە ئاراوە. سیاسەتی وڵاتانی بەریتانیا و شۆڕەوی وەکوو دوو زل ھێزی جیھانی و کاریگەری لە سەر جیھان و ھەروەھا ناڕەزایەتی لە بەرامبەر نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە ئازادیش ھۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ کۆتایی ھێنان بە کۆماری کوردستان. دوای وتووێژی زۆر، تاران و کۆماری کوردستان بە خاڵێکی ھاوبەش نەگەشتن و گرفتەکان چارەسەر نەکران. ھەر بۆیە بەشوێن ماوەیەک ھەڕەشە، و بە دوای وەر گرتنی ھێندێ بەڵێن بۆ یارمەتیدان لە ڕووخاندنی کۆماری مەھاباد لە لایەن ھەندێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان، تەنانەت چەن کەس لەوانەی دەگەڵ قازی سەفەری باکۆیان کردبوو، تاران لە پێش‌دا ھێرش دەکاتە تەورێز بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئازەربایجان و پاشان ھێرش دەکاتە سەر کوردستان.

کۆتایی:

دیارە کۆماری کوردستان بە ھۆی ٢ جەمسەری بوونی جیھان لەو کاتەدا نەیتوانی زۆر سنوورەکانی خۆی تێپەرێنێت و زۆر کەم پەرەی سەند، بەڵام بە گشتی کۆماری کوردستان توانی جۆرێک لە روحیەی کوردایەتی فۆرمەلە بکات. لە سەردەمی کۆماری کوردستان کورد توانی خاوەنی رۆژنامە و گۆڤار بێت، قازی محەممەد رۆڵێکی گرینگی ھەبوو لە کۆماری کوردستان سەرەرای ئەوەیکە کەسایەتیەکی ئایینی بوو بەڵام لایەنگیر و پارێزەی مافی ژنان و ئازادی بیر و را بوو، رێکخراوی ژنان پێکھات و کچان توانیان بچنە قوتابخانە. کۆماری کوردستان خەڵکی ئاشنا کرد بە دەربرینی بیر و را و خودی قازی محەممەد بە ھەڵبژاردن بوو بە سەرۆکی کۆماری کوردستان.

ئەگەرچی ھەردوو کۆماری کوردستان و ئازەربایجان لەسەر پاڵپشتی سۆڤیەت دامەزرێندران، بەڵام کۆماری کوردستان ئارەزووی لە مێژینەی جەماوەری کورد بوو. سۆڤیەت بۆ سوودی خۆی پشتی کۆماری بەرداو دەسەڵاتی تاران ھەردوو کۆماری لاوازی مەھاباد و ئازەربایجانی خنکاند. و ئەم دوو کۆمارە ساوایە کە سەر بە دوو نەتەوەی جیاواز بون بوونە قوربانی بەرژەوەندیە ھەرێمی و نێو نەتەوەییەکان.

کۆماری کوردستان بۆ ھەر کوردێکی ئازادیخواز بە بیر و بۆچوونی جیاواز جێگە و پێگەی تایبەتی خۆی ھەیە و ئەم ئەزموون و مێژووە کەس ناتوانێ قۆرغی بکات و دەستی بەسەردا بگرێت. کۆمەڵە وەک یەکێک لە حیزبە سەرەکییەکانی کوردستان ساڵی ١٣٥٨ی ھەتاوی لە شاری بۆکان وەک یەکەمین حیزب رێورەسمی ٢ی رێبەندانی لە شاری بۆکان زۆر شکۆمەندانە بەرێوە برد، لەم رێورەسمەدا شەھید جەماڵ موفتی سرودی (بیرەوەری ٢ی رێبەندان)ی پێشکەش کرد و سەبارەت بەم رۆژە وتار خوێندرایەوە.. دیارە کە ھەڵسەنگاندنی ھەمە لایەنەی کۆماری کوردستان لە بابەتێکی وا کورتدا ناگونجێت، بەڵام روونە کە بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی کۆماری کوردستان و خوێندنەوەیەکی باش و خەسارناسییەکی پسپۆرانە دەتوانین بۆ داھاتوو کەڵکی باشی لێوەرگرین.



ئەم بابەتە لە ژمارەی ١٤٧ی ئاسۆی رۆژھەڵات بڵاو کراوەتەو.



AM:11:55:03/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 235 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌