كرێكاران، بێبەریبوون و خۆڕاگری

ئاماژەیەكی كورت لەسەر 1مەی، رۆژی جیهانیی كرێكار

ھێزی مرۆیی لە ھەر كۆمەڵگایەك گرینگترین سەرمایەی ئەو وڵاتەیە لەبەرئەوەی رۆڵێكی گرینگی لە گەشەكردنی كۆمەڵگادا ھەیە و لە واقێعدا دەتوانین بڵێین رەمزی گەشە و بەرەوپێشچوونی ھەر كۆمەڵگایەك، ھێزی كارا، پڕ كار و داھێنەرە. لەم روانگەوە لە دەیەكانی رابردوودا ھێزی مرۆیی وەكوو توخمێكی ھۆشمەند و كاریگەری وڵاتان ناوی لێبراوە. لەم نێوەدا كرێكاران وەكوو ھێزی وەچەرخانی ئابووری، رۆڵێكی بەرچاو و تایبەتییان لەم بوارەدا ھەیە. ئەم چینە پێشمەرجی گەشەی ھەر كۆمەڵگایەكە. كرێكار كەسێكە كە لە كارگە یان كارخانەدا كاردەكات و حەقدەست وەردەگرێت و لە بەرامبەر كارفەرمادایە.
یەكی مانگی مەی وەبیرھێنانەوەی خەبات و شۆڕشی ئەو كرێكارانەیە كە لەساڵی ١٨٨٨ی زایینی لە وڵاتی ئەمریكا لە یەكەم ڕۆژی مانگی مەیدا دەستیپێكرد. پێش لەوە كرێكاران كۆمەڵێك داواكاری و داخوازییان ھەبوو بۆنموونە كەمكردنەوەی كاتی كار، باشتركردنی بارودۆخی ژیان و گوزەران و بێھداشت، كە بەداخەوە لەلایەن دەوڵەت و خاوەنكارانەوە  وڵامی ھیچ كام لەم داخوازییانە نەدرایەوە، بەمبۆنەوە لەڕۆژی یەكی مەی لەھەموو ئەمریكادا مانگرتنێكی گشتی دەستپێدەكات و لە ٤مین ڕۆژی مانگرتنەكەدا ھێزی پولیس ھێرش دەكاتەسەر كرێكاران و ژمارەیەكیان دەكوژرێن و ژمارەیەكی دیكەش بریندار و كۆمەڵێكی دیكەش دەستبەسەردەكرێن كە لەم نێوەدا چووار كەسیان لە سێدارە دەدرێن.
كرێكارانی ئەوكاتی ئەمریكا لە بارودۆخێكی سەخت و تاقەتپڕوكێنی پیشەییدابوون، كاتی كارەكەیان زۆربوو و یەكێك لە داخوازییەكانیان ئەوە بوو كە كاتی كاری ڕۆژانە بكەن بە ٨ كاتژمێر و بارودۆخی شوێنی كار و بێھداشت و ئەمنیەتیشان نەگونجاو بوو و داوای باشتركردنی ئەم داخوازییانەیان دەكرد. بەپێی ئامارە مێژووییەكانی ئەوكات، ڕێژەیەكی بەرچاو و زیاتر لە ٣٠٠ ھەزاركەس و ھەر لەخودی شیكاگۆدا ٩٠ھەزاركەس بەشداری ئەو خۆپیشاندان و مانگرتنەبوون، ھەربۆیە بە توندی ھێرشی كرایەسەر و نزیك بە ١٢٠٠ كارگاە و ناوەندی كرێكاری لە ئەمریكادا داخران.
ئێران و 1ی مەی
چینی كرێكار لە ئێران كە وەكوو گوردانێك لە ئەرتەشی نێونەتەوەیی كرێكارانە، ئامانجێكی جیاوازی لەباقی كرێكارانی جیھان نییە ئەویش ئاواتەخوازیی دونیایەكی باشتر و كۆمەڵگایەكی یەكسان و بەرابەرە. ماوەی سێ دەیە دوای كۆنگرەی دامەزرێنەری ئینتێرناسیۆناڵی دووھەم و دیاریكردنی ڕۆژی 1ی مانگی مەی، لە ئێران كرێكاران لەساڵی ١٣٠١ی ھەتاویی (١٩٢٢. ز) بۆ یەكەمجار پێشوازییان لەم ڕۆژەكرد و بەڕێپێوان و خۆپیشاندان و وتارخوێندنەوە ئەم ڕۆژەیان بەرزڕاگرت و ڕێزیان لێگرت. دروشمی سەرەكیی كرێكاران لەم ڕۆژەدا بریتی بوو لە: كەمكردنەوەی كاتی كار بەھۆی ئەوەی كرێكاران ڕۆژانە ١٤ كاتژمێر لە ڕۆژدا كاریاندەكرد، یەكێتی كرێكارانی چاپخانەكانی تاران و یەكێتی گشتیی كرێكارانی ناوەند لەم خۆپیشاندان و سازماندان و بەڕێوەبردنی ئاھەنگی 1ی مەیەدا ڕۆڵێكی گرینگیان ھەبوو، كرێكارانی چاپخانەكان كە توانیبوویان خواستی ٨ كاتژمێر كاتی كار لە ڕۆژدا بچەسپێنن، خوازیاری ئەوەبوون كە لەھەموو شوێنكی دیكەی ئێرانیشدا ئەم یاسایە بەڕێوەبچێت و دواتر، واتە لەساڵی ١٣٠٢ ھەتاویدا، وێڕای كرێكارانی سەراسەری جیھان ڕێزیان لەم ڕۆژەگرت و  1ی مەی یان بەرزڕاگرت.
لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی ڕەزاخان لەساڵی ١٣٠٤ی ھەتاویدا كە حیزبی  كۆمۆنیستی ئێران و یەكێتی كرێكاران سەركوتكران، چیدی چالاكیی ئاشكرا و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ئاشكرا مەجالی نەمابووەوە، سەركوتەكە بەڕادەیەك بوو كە تەنانەت یەكێتییە كرێكارییەكان ناچاربوون بە نھێنی كۆبوونەوەكانیان بەڕێوەببەن. ڕۆژی ١١ی گوڵانی ساڵی ١٣٠٦ی ھەتاوی، مەئمورانی شارەوانی ھێرشیان كردەسەر چاپخانەكان و  دەستیان بەسەر ھەموو بەڵگە و ڕاگەیاندنەكانی پەیوەندیدار بە 1ی "مە"یدا گرت، ھاوكات كۆمەڵێك لە ڕێبەرانی ڕێكخراوە كرێكارییەكانیشیان دەستبەسەر و ڕاپێچی زیندانكرد. لەساڵی ١٣٠٧ی ھەتاویدا، سەرەڕای ئەو بارودۆخە كە زاڵ بوو بەسەر كۆمەڵگادا، ڕۆژی ھەینیی ٣ی مانگی مەی گروپگەلێكی ٣ تا ٥ كەسی جیاجیا لە دەرەوەی شار لەنێو باخێكدا، كە نزیك بە ٨٠٠ كەس كۆببوونەوە، ئەم ڕۆژەیان بە وتارخوێندنەوە و پێویستیی ھەبوونی بزووتنەوەی كرێكاری و خوێندنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە بەڕێوەبرد. ساڵی دواتریش بەھەمان شێوە، بەڵام ئەمجار بەڕێژەیەكی ٢ھەزار كەسیەوە ئەم ڕێوڕەسمە بەڕێوەچوو، بەڵام دواتر ھێرش كرایە سەریان و نزیك بە ٥٠ كەس لە چالاكان و ڕێبەرانی ڕێكخراوە كرێكارییەكان دەستبەسەركران.
شكۆدارترین ڕێوڕەسمی ڕۆژی كرێكار  لەدوای نەمانی ڕژیمی پاشایەتی، واتە لەساڵی ١٣٥٨ی ھەتاویدا بوو كە بە ھاوكاریی "شۆرای ھاوئاھەنگی بەڕێوەبردنی ١ی مانگی مەی" لە تاران نزیك بە ٥٠٠٠ كەس بەشدارییان كرد و ڕێپێوانێكی گەورەیان ڕێكخست و بە دروشمی (یەكێتی، یەكێتی، كرێكاران یەكێتی) شەقامەكانی تارانیان پێوا، بەڵام زۆری نەخایاند كە حكومەتی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی كۆماری ئیسلامی، زۆرێك لە پێشڕەوان و چالاكان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی كرێكاریی دەسبەسەر و ڕاپێچی زیندانی كرد. بۆیە تاكوو ئێستاش، وەك ئەوەی كە دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ڕەسمییەتیان دابێت بەم ڕۆژە وەك ڕۆژێكی تایبەت بە چینی كرێكاران یان بەپێی یاسا ڕێكخرابێت و بەرگریی لێكرابێت، نەبووە و ھەموو كات چالاكان و ھەڵسوڕاوانی كرێكاری بەرچاوتربوون و ئێستاكەشی لەگەڵ بێت كۆمەڵێكی بەرچاویان دەسبەسەركراون و لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدان.
كوردستان و 1ی مەی
مێژووی بزووتنەوەی كرێكاری لە كوردستاندا بەشێكی جیانەكراوەی بزووتنەوەی كرێكارییە لە ئێران، ئەم بزووتنەوەیە لەچاو بزووتنەوەی سەراسەری، دیارە ئەزموونێكی كەمی ھەیە، بەڵام ئەو ھەنگاوانەی وا لەم سێ دەیەی ڕابردوودا ھەڵیناوە زۆر دیار و بەرچاوە. شۆڕشی ٥٧ی ھەتاوی ئێران پانتای سیاسی كوردستانیشی گرتەوە و ناڕەزایەتی حیزب و لایەنە سیاسیەكان و توێژی جیاوازی كۆمەڵگا لەدژی ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو پێكھات، ئەوكات كوردستان بارودۆخێكی سیاسی و پلۆڕاڵ، بەڵام بێفۆرمی ھەبوو و لە قۆناغەدا كۆمەڵێك ڕێكخراو و یەكێتی كرێكاران پێكھاتن و ھاتنەناو گۆڕەپانی بزووتنەوەكە.
لەدەیەی ٥٠ی ھەتاوی و ساڵەكانی نزیك لە شۆڕشی ئێران جگە چەند كارگەی بچووكی وەك: شاھۆ، جل و بەرگی سنە و كارخانەی قەندی پیرانشار و كارگەی فەرش چنین، ھیچ ناوەندگەلێكی پیشەسازی لە كوردستاندا بەھۆی ئەو ڕوانینە سیاسیە پێكنەھاتبوون. ماڵی كرێكار (خانەكار) لە سنە لایەنێكی بەھێزبوو بۆ جێبەجێكردنی یاسای كار و بردنەسەرەوەی حەقدەستی كرێكاران و ھەروەھا ئەم ڕێكخراوەیە لە ڕێپێوانی خەڵكی سنە بەرەو مەریوان بۆ پێشوازی لە كۆچە مێژووییەكەی ئەم شارە، ڕۆڵێكی گرینگی ھەبوو. 
كۆمەڵێك یەكێتی و رێكخراوە و سەندیكای كرێكاری لەم ساڵانەدا لە كوردستان پێكھاتن و چالاكییان كرد كە لە خوارەوە ئاماژەیەكی كورت بە ناوەكانیان دەكەین:
*ساڵی ١٣٥٨ی ھەتاوی، سەندیكای نانەواكانی سەقز پێكھات، كە لە ماوەیەكی كورتدا نزیك بە ٢٠٠ كەس بوون بە ئەندامی ئەم سەندیكایە.
*بەھاری ساڵی ١٣٥٨ ناوەندی بێكارانی شاری سەردەشت بۆ ناڕەزایەتی كەمیی حەقدەست و دۆزینەوەی ھەلی كار ڕێكخرا و بەم بۆنەشەوە خۆپیشاندانێكیان وەڕێكخست.
*ساڵی ١٣٦٦ی ھەتاوی، (تعاون)ی مەسەرەفی كارخانەكان لە شاری سنە پێكھێنرا.
*ساڵی ١٣٦٨ لەلایەن ڕێكخەرانی 1ی مانگی مەی لە شاری سنە، سەندیكای كرێكارانی وەرزییان پێكھێنا و كۆمەڵێك چالاكیی وەك ڕەخساندنی ھەلی كار، ئاوڕدانەوە لەبارودۆخی كار و ژیانی كرێكاران، وامی بێكاری و ھتدی خستە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.
*لە مەھاباد بەھۆی ئەو قەیران بێكارییەی كە تەنگی بەھەمووان ھەڵچنیبوو، ماڵی كرێكار (خانە كارگر) پێكھات كە زۆربەی ئەندامانی كرێكارانی بیناسازی بوون. ھەمان ساڵ لە بەردەم فەرمانداریی شاری مەھاباددا بە بەشداری نزیك بە ٤٠٠ كەس كۆبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان وەڕێخست و دواتر ئەم سەندیكایە پەرەیسەند و لە مێتینگەكانی دواتردا نزیك بە  ٤ھەزار كەس توانیان ھۆڵی (تربیت بدنی) ئیدارەی كاری مەھاباد دابخەن.
*یەكێتی كرێكارانی بۆكان لەساڵی ١٣٥٨ لەلایەن كرێكارانی بێكاری ئەو شارەوە پێكھات و كۆمەڵێك دروشمی وەك "یەكێتی، یەكێتی نان، كار،  ئازادییان وتەوە.
*لە شاری بانە لەساڵی ١٣٥٨ یەكێتی كرێكارانی بێكار ڕێكخرا و نزیك بە ٦ تا ٧ ھەزار كەس لایەنگری بووە و ئەمانیش خوازیاری جێبەجێكردنی یاسای كار و باقی داخوازییە ڕەواكانی چینی كرێكاران بوون.
*لەنێوان ساڵەكانی ٦٤ تا ٦٦ زۆربەی ئەو كرێكارانەی وا لە یەكێتییەكان و ڕێكخراوە و سەندیكا كرێكارییەكاندا چالاكیان دەكرد و پەیامھێنەری ڕۆژی 1ی مەی بوون، بەداخەوە زۆربەیان دەسبەسەر و زیندانیكران، بەتایبەت لەساڵەكانی ٦٧ تا ٦٨ بزووتنەوەی كرێكاری زۆربەی ڕێبەران و پێشڕەوانی خۆی لەدەستدا و ئەمەش بووە ھۆی درووستبوونی بۆشاییەكی گەورە لەنێو بزووتنەوەی كرێكاری لە ئێران و كوردستاندا.
ڕێبەرانی كرێكاریی شیكاگۆ گیانیان لە دەستدا، بەڵام ڕاستیی خەبات و وتەكانیان لەساڵی ١٨٨٩ی زایینی لە كۆنگرەی نێونەتەوەیی كرێكاران لە پاریسدا بە ناولێنانی ڕۆژی 1ی مانگی مەی(١١گوڵان) وەك ڕۆژی جیھانیی چینی كرێكار تۆماركرا. لەڕۆژی 1ی مانگی مەیدا ملیۆنان كرێكار لە سەرانسەری جیھان، بە ڕێكخستی میتینگ و بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و ڕێپێوان، ھێزی یەكگرتووی خۆیان بەرامبەر دنیای زوڵم و چەوساندنەوە پیشاندا و بەم كردەوە ئەوەیان سەلماند كە تا گەیشتن بە مافە ڕەواكانیان و بنیادنانی كۆمەڵگایەكی دوور لە جیاوازی، لە خەبات و چالاكییەكانیان ڕاناوەستن.
رۆژی 1ی مانگی مەی سیمبولی یەكێتی و ھاوئاھەنگیی نێونەتەوەیی كرێكارانە دژی جیھانی سەرمایەداری و ئەو نابەرابەریانەی ئەم سیستمە بەرهەمیدەهێنێتەوە. ڕەچەڵەكی ڕۆژی 1ی مانگی مەی و یادكردنی ئەم ڕۆژە وەكوو ڕۆژی جیھانیی چینی كرێكار دەگەڕێتەوە بۆ كۆتاییەكانی سەدەی ١٩ی زایینی. لەم قۆناغەدا سەرمایەداری زۆر زوو گەشەدەكات و تێكڕای گەشە و پەرەسەندی سەرمایەداری، چەندایەتی (كمییت)ی كرێكارانیش خۆی دەردەخات  لە ئۆرووپا و ئەمریكا و ھەموو وڵاتانی دونیا، خەباتی ئەم چینە پەرەدەستێنێت. ناوەندگەلێكی زۆر فراوان و گەورە پێكدێن كە بە ھەزاران كرێكار كاری تێدادەكەن. 1ی مەی لەلایەن حیزب و لایەنە چەپ و كۆمۆنیستەكان، سۆسیالیستەكان و یەكێتیە كرێكارییەكان ڕێزی لێدەگیرێت و ئەم ڕۆژە وەك ڕۆژی ھاوخەباتی و ھاوپشتیی چینی كرێكار، كە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ھەیە، لە سەرانسەری دونیادا ناونراوە و ناسراوە. 
كۆماری ئیسلامی ئێران دوو بازووی دژە كرێكاری واتە ماڵی كرێكار (خانە كارگر) و شۆڕای باڵای كاری ھەیە كە ئەم دوو ناوەندە تەنھا كەرەستەیەكن بۆ پڕوپاگاندای ھەڵبژاردنی پارلەمان و حیزبەكانی خۆیان و ھیچ ھەنگاوێك لە قازانجی بەرژەوەندی و داخوازییەكانی كۆمەڵگای كرێكاری لە ئێران ھەڵناھێننەوە. دانانی یاسایەكی كاری نوێ لە بەرژەوەندی كرێكاران بۆ كاروباری سیاسی، دابینكردنی مەرجەكانی پێویست بە تەندروستی و ئەمنیی و ئاسایشی كرێكاران، ئازادی پێكھێنانی ڕێكخراوە و سەندیكای كرێكاری و مانگرتن و كۆبوونەوە، ووشیاركردنەوەی چینی كرێكار سەبارەت بە مافەكانیان، دابینكردنی بیمەی كۆمەڵایەتی و خانەنشینی و ...ھتد، دەتوانێت چەند داواكاری و داخوازییەكی ئەم چینە بێت بۆئەوەی باشتربژین.
ماوەیەكی زۆرە حكومەتی كۆماری ئیسلامی سەرلەنوێ ھێرشێكی بەربڵاوی كردووەتەسەر ئاستی ژیان و بارودۆخی كرێكاران. جگە لەمانە كێشەی سیاسی و ئابووریی دەوڵەت سێبەری بەسەر بارودۆخی چینی كرێكاردا كێشاوە. لەنموونەكانی گوشاری ئابووری بۆسەر كرێكاران پەسەندكردنی یاسای بیمەی بێكارییە كە لەبنەڕەتدا لە قازانجی كارفەرما و دەوڵەت دەشكێتەوە و لەھەمان كاتدا رێژەی بێكاری لە ئێران ھەڵكشانی زۆری ھەبووە و بە لە بەرچاوگرتنی بەستنی كاتی گرێبەستی كار و بارودۆخی كرێكارانی دانەمەزراو، ھیچ گارانتیەك بۆ دەرنەكردنی ئەو كەسانەی وا لەسەر كارن، بوونی نییە.
كاتێك رژیم ناتوانێت سەرەتاییترین پێداویستییەكان و داخوازییەكانی خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێش دابینبكات و وڵامی بداتەوە ھیچ رێگایەك جگە دەستبردن بۆ توندوتیژی بوونی نییە. لەلایەك، هەژاری و نەبوونی و كەمداھاتی و لەلایەكی دیكەشەوە، نەبوونی ھیچ جۆر ئازادییەك بۆ مانگرتن و بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بەو بارودۆخە نالەبارەی ژیانی خەڵك وایكردوو كە بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان لە ئێران سەرلەنوێ بگەشێنەوە.
لەسەر ناەڕەزایەتی دەربڕینی جەماوەری خەڵكی ئێران ئەم بزووتنەوانە پێكھاتوون و ئەمرۆكە شوێنەواری بزوتنەوەی كرێكاری، ژنان، خوێندكاران و ھەروەھا بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان لەھەموو شوێنێك دیار و بەرچاوە. ئێران لە باردوخێكی زۆر قەیراناویدایە. فەقر و فەلاكەت، بێكاری، گرانی و قەیرانی ئابووری ئەمرۆ بەرۆكی بە كۆمەڵانی خەڵكی زەحمەتكێش و كەمداھاتی ئێران گرتووە و بوەتە ھۆی پەرەسەندنی خەسارە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكان.


PM:08:45:01/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 295 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌