كرێكاران، چەوساوەترین توێژی كۆمەڵگای ئێران

سامان ریشەساحێب

ساڵی 2016 ساڵێكی پڕ لە ئازار و مەینەت بوو بۆ چینی كرێكار لە ئێران، سەرمایەداری كە تووشی قەیرانێكی قورسی هەمەلایەنەی بەربین هاتووە، بەهەموو شێوازێك هەوڵی ئەوە دەدات بە هەژاركردن و بێمافكردنی كرێكاران و زەحمەتكێشان لە تەنگ‌وچەڵەمەی ئابووری خۆی دەرچێت. هەربۆیە لەحاڵێكدا كە داهاتی كۆمەڵگا ساڵانە چەندین ملیارد دۆلارە و بەشی ژیانێكی شایستەی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا دەكات، دەكرێت ببێتە سەرچاوەی گەشەی هەمەلایەنەی كۆمەڵگا، بەڵام لە دەستی كۆمەڵێك كەسی ناشیاودایە و بۆتە مایەی هەرچی زیاتر بێمافكردنی چینی هەژار و زەحمەتكێشی كۆمەڵگا بەتایبەت كرێكاران. لەراپۆرتەكانی سەر بەناوەندەكانی رژیمی كۆماری ئیسلامی لەسەر زاری نوێنەری خاوەنكاران لە شورای باڵای كاری رژیم جەختكراوەتەوە كە‌ بارودۆخی یەكەی بەرهەمهێنانی وڵات قەیراناویە و لە ئاكامی كاریگەری دەرەنجامی سەرچاوەگرتوو لە بەكردەوەدەرهێنانی یاسای هەدەفمەندكردنی یارانەكان، رەوتی بێكاری و داخرانی ناوەند و یەكە بەرهەمهێنەرەكان لەچاو ساڵانی رابردوو چووەتەسەرەوە كە لە بەشێكی ناوەندەكانی كار و بەرهەمهێناندا، دواكەوتنی حەقدەستەكان لە سنووری 2 ساڵ تێپەڕێوە. گرانی و دژوارییەكانی ژیان و دواخستنی حەقدەستی مانگانەی كرێكاران و مەزایاكان، كرێكارانی تووشی كێشەی نەداری و هەژاری دەكاتەوە و دەبێـتە گرفتی دەروونی بۆیان.
كرێكاران كە چەوساوەترین بەشی كۆمەڵگای سەردەمن، هەمیشە خواستەكایان لە كۆمەڵگایەكدا بەدیدێت كە زۆرترین ڕێز بۆ ئینسان دابنێت نەك كۆمەڵگایەك كە ستەم‌ و بێمافی یەخسیری كردبێت، ئەمڕۆ كۆماری ئیسلامی لە هەل و مەرجێكدا گرفتارە كە تەنانەت لە سێبەری خۆیشی دەترسێت هەربۆیە دەستبەسەركردنی كوێركوێرانە و بێحیساب وەرێدەخات تا بەڵكوو لەم رێگایەوە بتوانێت بەربە پەرەسەندنی بزووتنەوە كۆمەڵایەتەكان بەتایبەت بزوتنەوەی كرێكاری بگرێت.
یەكێك لە كێشە ھەر كارەساتبارەكانی كۆمەڵگای كرێكاری ئێران، بابەتی نائەمنی و نەبوونی ئەمنیەتی شوێنی كارە. كارەساتی شوێنی كار بەردەوام كرێكارانی تووشی قەیران و كوشتن كردووە. ئاماری فەرمی و بڵاوكراوەی ساڵی رابردوو نیشانیئەدات كارەساتی شوێنی كار لە ئێران، 4 ھێندەی وڵاتانی پێشكەوتوو بووە و ئەمە لەكاتێكدایە كە 90%ی قوربانیانی كارەساتی شوێنی كار لە بوونی بیمەی كار و رێكخراوی دابینكردنی كۆمەڵایەتی بێبەشن.
ھاوكات لەگەڵ بەرەوپێشچوونی شەپۆلی ناڕەزایەتییە كرێكارییەكان، رژیمی كۆماری ئیسلامی بە گرتنەبەری سیاسەتی سەركوتی زیاتر كردەوەی لەخۆنیشاندا. گوشار و سەركوت دژی چالاكان و ھەڵسووڕاوانی كرێكاری و كرێكارە ناڕازییەكان و رێكخەرانی لەم ماوەیەدا زۆرتر لە پێشووتر بوو. كۆماری ئیسلامی ھەموو كات بە كەرەستەگەلێكی وەك، ھێرشی ھێزە ئەمنی و نیزامییەكان بۆسەر كرێكارانی ناڕازی، دەستێوەردانی دەسەڵاتی دادپەروەری وڵات و لەسەر كاردەركردنی كرێكارانی ناڕازی دەستی داوەتە سەركوت و ئازاری زیاتری كرێكاران.
بەپێی ئامارە رەسمییەكانی كۆماری ئیسلامی زیاتر لە 10 ملیۆن كرێكار لە ئێران بوونی ھەیە و ئەگەر ھەر بنەماڵەیەكی كرێكاری 4 كەس لەبەرچاوبگرین نزیك بە 40 ملیۆن لە 77 ملیۆنی رێژەی حەشیمەتی ئێران كرێكارن و لە خوارترین ئاستی داھات ژیان بەسەردەبەن.  جۆری دابینكردنی ئاستی حەقدەستی كرێكاران بەم جۆرەیە كە ھەموو ساڵە و چەند حەوتووتەیك  پێش دەستپێكی ساڵی نوێی ھەتاوی دانیشتنێكی رواڵەتی  سێ لایەنە بە بەشداری نوێنەری كرێكاران، نوێنەری كارفەرما و نوێنەرانێكی دەوڵەتی دەستپێدەكات و لانیكەمی حەقدەستی ساڵی نوێ دیاریدەكەن. 
دابینكردنی ئاسایش و ژیانێكی نۆڕماڵی ملیۆنھا مرۆڤ بە چەنە لێدان چارەسەر ناكرێ، دەتوانین بڵێین چەوساوەترین توێژی كۆمەڵگای ئێران چینی كرێكارە كە ئێستاكەشی لەگەڵ بێت بە ماف و حەقدەستی واقێعیی خۆیان نەگەیشتوون. بەداخەوە سیاسەتە ھەڵە ئابوورییەكان و بەتایبەت لە دەوڵەتی پێشووتر واتە كابینەی ئەحمەدی نژاد و چوونەسەرەوەی كتوپڕی نرخی دراو و ھەروەھا دواكەوتنی نەدانی یارانەی بەرھەمھێنان، پشتی بەرھەمھێنانی ناوخۆیی وڵاتی شكاندوە و ئەمڕۆكە ھەم بەرھەمھێنەران و ھەم كرێكارانیش لەژێر گوشاردان.
دەوڵەت رۆڵێكی گرینگی ھەیە لە بەروپێشچوونی گەشەی بەرھەم و ھەروەھا دابینكردنی ئاسایشی ژیان بۆ كرێكاران. تا ئەوكاتەی دەوڵەت نەتوانێت بەستەری پێویست بۆ سەرمایەگوزاری دابین و پشتیوانی لە كارخانە ئابوورییەكان بكات، كارفەرماكان توانای ئەوەیان نییە كە حەقدەستی كرێكاران دابینبكەن و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ھەڵس و كەوتی ناشیاوی دەوڵەت كە كرێكاران ناچاردەكات بە حەقدەستێكی ناواقێعی و گرانی و بارودۆخێكی ئابووری داڕما و تەنانەت چەندپیشەیی ژیانیان بەسەربەرن. بوونی ھاندەر یان پاڵنەر بۆ باشتركاركردن و چوونەسەرەوەی ئاستی كار كە دەبێتە ھۆی زۆربوونی چۆنیەتی و بەرھەمھێنان پێوەندییەكی راستەوخۆی لەگەڵ حەقدەست و ئاسایشی كرێكاران ھەیە كە بەداخەوە سەرنجدان بەم بابەتە زۆر نزم و بێھیواكەرەوەیە.
بابەتێكی دیكەی كێشە و گرفتی چینی كرێكار لە ئێران بوونی یاسای لاواز بۆ چاودێری بەسەر ھەڵسوكەوتی كارفەرما یان خاوەنكارە كە دەبێتە ھۆی گرژی و بێمتمانەیی پێوەندیی نێوان كرێكار و خاوەنكار، بوونی سەدان كەیسی لەم چەشنە واتە سكاڵای كرێكار لە خاوەنكار و بەپێچەوانە لە ناوەندگەلی كار خۆی دەرخەری راستیی ئەم بابەتەیە. باش جێبەجێنەكردنی دەوڵەت لە گەڵاڵەی پێدانی شیركەتەكان بە یەكە یان كەرتی تایبەت  لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە ھۆی ئاڵۆزتربوونی یاسای كار لە ئێراندا.
رژیمی ئیسلامی لەمەڕ مەترسی ھەبوونی رێبەرانی كرێكاری لەناو كرێكاران بەردەوام تێدەكۆشێت كە ھەندێك لەوانە بە بارمەتە بگرێت. گوشار بۆسەر رێبەرانی كرێكاری و گوێنەدان بە گوشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان بۆ ئازادی چالاكانی كرێكاری، سیاسەتی ووشیارانەی خودی رژیمە كە لەلایەن كەسانی باڵادەستی نێو حاكمیەت پەسەند دەكرێت. گوشارخستنەسەر چالاكانی كرێكاری، پەیامی دەوڵەت و خاوەن كارانی حاكمە بۆ ھەموو چینی كرێكار و سەرجەم بزووتنەوەی كرێكارای لە ئێران. بەڵام ئەزموونی سەركەوتووی خەباتی كرێكاری سەلماندی كە دەوڵەت سەرەڕای ئەو ھەموو سەختی و گوشارانە بۆ سەر كرێكاران، ناتوانێت زۆر خۆڕاگر بێت و لە بەرامبەر داخوازییە رەواكانی كرێكاران ناچارە ملكەچ بێت.
بێگومان ھەلومەرجی دژواری ژیانی ئێستاكەی جەماوەری كرێكاران و خەڵكی كەمداھاتی كوردستان و سەرتاسەری ئێران، كاردانەوەی ئەم چینەی بەدواوە دەبێت. لەلایەكەوە رژیمی كۆماری ئیسلامی چەوسێنەر ناتوانن لەم دەورەیە لە قەیرانێكی ئابووری كە داوێنیگرتوون بە ئاسانی دەربازبن و گشت ئاسەوارەكانی بەسەر چینی كرێكار و خەڵكی ھەژاردا برۆخێنن و لەلایەكی دیكەشەوە كرێكاران لەدرێژەی ناڕەزایەتییەكانیاندا بۆ بەئاكامگەیاندن و ناچاركردنی دەوڵەت بە پاشەكشێ، پێویستیان بە یەكگرتوویی و ھەرچی زیاتر و پێكھێنانی رێكخراوی خۆیانە.

PM:09:46:04/02/2017




ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌