جیاوازی یاسای مرۆڤدۆستی نێودەوڵەتی و یاسای پێكدادانی چەكداری "بەشی دووهەم و كۆتایی"


لە بەشی یەكەمی ئەم نووسراوەدا تێكۆشام مەبەست لە داڕێژان و بەڕێوەبردنی یاسا پێناسەكراوەكانی شەڕ باس بكەم، بەڵام وەكوو لێكۆڵینەوە و خوێندنەوەیەك بە وردەكاری زۆرترەوە لەسەر یاسای مرۆڤ دۆستی نێونەتەوەیی بەدەستەوەدا. لە بەشی دووهەم و هەروەها كۆتاییدا تێدەكۆشم بەشێوەی كورت باس لە جیاوازیەكانی یاسای مرۆڤدۆستانە و یاسای مافی مرۆڤ لە كاتی پێكدادانی چەكداریدا بكەم.
وەكوو دەسپێك، گرینگترین خاڵەكانی جیاوازی نێوان ئەم دوو یاسا: تێگەیشتن، سەرچاوەكان، كاتی جێبەجێكردن، توێژە پارێزراوەكان، چاودێری و گۆڕانكاریە.
یەكەم: یاسای مرۆڤ دۆستی نێودەوڵەتی ئەو یاسا دیاریكراوەیە كە لە كاتی پێكدادانی چەكداریە ناوخۆیی یان نێونەتەوەییەكاندا جێبەجێ دەكرێت. بەڵام پاراستنی مافی مرۆڤ و لە كاتی پێكدادانی چەكداریدا (چەكی سارد و گەرم) بۆ جێبەجێبوونی پێویستی بە كات و شوێن نیە. 
دووهەم: جیاوازیەكی ڕوون و ناوەڕۆكی لەنێوان دوو یاساكەدا هەیە، یەكەم یاسای مرۆڤدۆستی نێودەوڵەتی بریتە لە ڕێكەوتننامەكانی لاهە لە ساڵی 1904 و هەروەها  ڕێككەوتننامەكەی ژێنێڤ لە ساڵی 1949 و  پرۆتۆكۆلی ئێلحاقی یان ئیزافەكراوی ساڵی1977ی زایینیە، بەڵام سەرچاوەكانی یاسای پێكدادانی چەكداریی ناوخۆیی یان بەواتایەكی دیكە یاسای نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤ لە ڕاگەیاندنی جیهانی ساڵی ١٩٤٨دا لەلایەن نەتەوەیەكگرتوەكانەوە جاڕی بۆ درا و  بەدوای ئەوەدا هەر دوو بەڵیننامەی نێودەوڵەتی ساڵی 1966، بریتیبوون لە: یەكەم، مافە مەدەنی و سیاسییەكان و دووهەم، بۆ مافە ئابووری و كولتووری و كۆمەڵایەتییەكان.
سێهەم: لەڕووی كاتی جیبەجێكردنەوە، یاسای مرۆڤدۆستی نێودەوڵەتی لە كاتی پێكادانی شەڕدا بەسەر دەوڵەتاندا دادەسەپێت، بەڵام یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە كاتی پێكدادانی چەكداری بۆ پاراستنی تاك لەهەموو كاتەكاندا و لە هەموو شوێنەكاندا جێبەجێ دەبێت.
چوارەم: یاسای مرۆڤدۆستی نێودەوڵەتی چەند توێژێكی دیاریكراو دەپارێزێت كە بریتین لە قوربانیانی پێكادانە چەكدارییەكان، ئەو جۆرە كە لە بەشی یەكەمدا باسمكرد بریتین لە: بریندار، نەخۆش، نوقومبوو و خەڵكانی  مەدەنی و ئاسایی، سەرەڕای پاراستنی دامەزراوە مەدەنیەكان، بەڵام یاسای نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤ لە كاتی پێكدادانی چەكداریدا هەمو ئەوانە دەپارێزێت كە لەسەر زەوی دەوڵەتێك یان سیستەمێك (وەكوو نموونە حیزبێكی غەیرە دیكتاتۆری چەكداری) دیاریكراون و پەیوەندیان رێكدەخات.

پێنجەم: یاسای مرۆڤدۆستی نێودەوڵەتی لەلایەن وڵاتانەوە، كە لە رێكەوتننامەی ژنێڤی ساڵی ١٩٤٩ و دوو پرۆتۆكۆلە ئێلحاقیەكە و هەروەها لە لایەن ڕیكخراوە نێودەوڵەتیە ناحكومییەكانی دیكە و مۆنیتۆرینگی ناوەندەكانی پەیوەندیدار بە ژنێڤ، كە لەناو رێكەوتننامەكاندا هاتوە، سەرپەرشتیاری و كۆنتڕۆڵ دەكرێت، بەڵام یاسای نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤ لە كاتی پێكدادانە چەكداریەكاندا، لیژنەی تایبەتی بەخۆی بۆ چاودێری و كۆنتڕۆڵكردن هەیە، وەكوو لیژنەی پەیوەندیدار بە وەرگرتنی ڕاپۆرتی مۆنیتۆرینگی وڵاتانی ئەندام لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤە و ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ و لیژنەی ئامریكا بۆ مافەكانی مرۆڤ و لیژنەی ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ و لیژنەی ئەفریقا بۆ مافەكانی مرۆڤ، هەروەها دەكرێت هەندێك جار دەوڵەتەكان و تاكەكان ڕاپۆرتی درووستی خۆیان پێشكەش بكەن.


AM:10:31:12/11/2016




ئه‌م بابه‌ته 711 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌