کاتێک دۆڕاوانی سیاسی زار دەکەنەوه


وتەیەک له سەر چەواشەکارییەکانی حکا و حیکمەتیست


ئارام بوداغی



له رۆژانی رابردوودا حزبی حیکمەتیست و حزبی کومونیستی ئێران و سەلاحی مازووچی تەنیا له سەر قسەی کەسێک، زۆر به پەلەپڕووزه و قیناوی کەوتنه دەرکردنی راگەیاندن و تۆمەتبار کردنی کۆمەڵه و دەفتەری سیاسی کۆمەڵه و دوور له هەر جۆره ئەخلاق و پرەنسیپێکی سیاسی و ئینسانی کەوتنه خۆ و هەرچی قین و بوغزی دڵی کرمۆڵیان بوو، هەڵیانڕشت. عەقلی سەلیم و شعووری ئینسانی پێشکەوتووی ئەمڕۆ، کاری لەم جۆره ناکا و تەنیا به پشتبەستن به قسەی کەسێک ئاوا زەبوونانه و دوژمنکارانه بەم جۆره هێرش ناکاته سەر کۆمەڵه. ئەوه له حاڵێکدایە هەم کۆمەڵه و هەم ئەو کەسانەی ناویان هاتووه و تاوانیان لێدراوه ئەم تانه و تۆمەتەیان مەحکوم کردووه و رەتیان کردووەتەوه.

دەبیرخانەی سازمانی حیزبی کومونیستی ئێران راگەیاندنی داوه و داوای «کومیتەی حەقیقەت یاب» واته (کومیتەی دۆزینەوە و ئاشکراکردنی راستییەکان) دەکا و کۆمەڵە و سەرکردایەتی کۆمەڵه به «ترۆریست» ناو دەبا. هەر دوو حزبی ناوبراو و سەلاحی مازووچی هاتوون له سەر کارێک که ئەساسی نییه، گوللـەیەک که نەتەقیوه، خوێنێک که له کەپۆی کەس نەهاتووه و شتێک که رووی نەداوه، چوونە سەر کورسی قەزاوەت و حوکمی «ترۆریست» بوونیان به سەر کۆمەڵەدا سەپاندووه. دەبیرخانەی سازمانی حکا له راگەیاندنەکەدا دەڵێ: «جنبش کردستان نباید جای عرض اندام تروریستها و اقدامات تروریستی باشد». شەرم و داڕزان و ئابڕوو چوونه (ئەگەر هەبێ) بۆ رێبەرانی دۆڕاوی حزبی کومونیست که تاوانی لەم چەشنه دەخەنه پاڵ دەفتەری سیاسی کۆمەڵه.

کۆماری ئیسلامی ئێران دەمێکه لە رێگای ئیتلاعات و سپای پاسداران و دامودەزگای سەرکوتگەر و راگەیاندنی خۆیەوه هەوڵیداوه ناو و ناتۆرەی «ترۆریست» به کۆمەڵه و رێبەرایەتی شۆڕشگێڕی کۆمەڵەوه بلکێنێ بەڵام رەوایی خەباتی گەلی کورد و کردەوەی دروست و ژیرانە هەروەها سیاسەتی پێشکەوتووانە، ئازادیخوازانه، دێموکراسیخوازانە و ئامانجه بەرز و ئینسانییەکانی رێبەرایەتی کۆمەڵە سەری سەردارە جینایەتکارەکانی رژیمی له بەرد داوە. کەچی ئێستا ئەوەی رژیمی داگیرکەری ئیسلامی پێی نەکراوه هەر دوو حیزبی حیکمەتیست و کومونیست درێژەی دەدەن و ئەرکی وەزارەتی ئیتلاعات و سەردارانی سپا و دەسەڵاتدارانی رژیم بەجێدێنن، هەڵبەت تیرەکەیان وە بەرد کەوتووە. رابردووی پڕشنگداری خەباتی کۆمەڵه و رێبەرانی تێکۆشەری کۆمەڵه ئەم تانە و تۆمەتانەی پێوە نالکێ و ئاوی ئەم دەریا مەزنه زۆر لەوه روونتر و زوڵاڵتره بە زمان و پیلانی دزێوی ئەوان پیس بێ.

جێی تێڕامانه سەرۆکانی ئەو دوو حیزبه که به خەیاڵ پیر بوون و تەمەنێکیان لێ گەڕاوەتەوە و به پێی ئەوەش دەبوو وردتر و قوڵتر بیر بکەنەوه، بۆچی وا له حاست کۆمەڵه توندوتیژن و بەم جۆره هەڵچوون و دەڵێی هەرزەکارن؟ له حاڵێکدا که ئەو گشته لافی پشتیوانی له کرێکار و مافی کرێکار لێدەدەن، بۆ پشتیوانی کرێکارانی ئەهواز و ئێران ئاوا به گوڕ و بڕ نین و نەبوون کەچی که دەگەنه کۆمەڵه قوولەی پێ دەکەن. هەر دوو حیزب لە دەروونی خۆیانەدا وەک تاک و حیزب تەواو نین و شپرزن ئەم هەڵوێستانەش رەنگدانەوەی ئەو دەروونه شپرز و شێواوە و ئەو ناخه نەخۆشانەیە.

«گیا لە سەر پنجی خۆی دەڕوێ»

حیکمەتیستەکان که ئاشکرایه و نێوی خۆیان به خۆیانەوەیه. ئەوان فەقێ و شوێنکەوتووی مەرجەعی خۆیانن. مەنسوور حیکمەت چاوی به کورد و کۆمەڵه هەڵنەدەهات. ئەسڵەن گاڵەتەیان به جل و خواردن و کولتووری کوردی دەهات چ بگا به مافەکانی کورد وەک میللەت. مەنسوور حیکمەت تەنیا کاک عەبدوڵڵا موهتەدی به رەقیبی خۆی دەزانی بۆیه رقی شەخسیی لێی بوو و سوخەنڕانی و نووسراوەکانی بەڵگەی سەلمێنەری ئەم راستییەن. ئێستا پەیڕەوانی حیکمەت له کۆمەڵگای کوردستان هیچ جێگە و پێگەیەک شک نابەن. ئەسڵەن خەڵکی کورد وەنازانن هەن. دەی له ئێرانیش خۆ کەس خودی مەنسوور حیکمەتی نەدەناسی چ بگا به ئەوان. دوای ٤٠ ساڵ هەڵپە هەڵپ له ئێران و کوردستان کەس نایانناسێ و هێچ پێگەیەکیان نییه. لە باری سیاسییەوه پەرت و چەوتن و کەس نازانێ دڵێن چی. ئەمانه تووشی نەخۆشییەکی دەروونی کردوون. تەنیا مەیدانێک که دەمێنێتەوه بۆ ئەوان دنیای مەجازییه و فەرتەنه ساز کردنی لەم جۆره. بێکارن و هەست به هیچ بەرپرسیارییەتێکیش کە ناکەن چونکه بەرپرسیارێتییان وەئەستۆ نییه. کۆمەڵه حزبێکی سیاسییە و کار و پڕۆژه و بەرنامەی زۆر زۆر مەزنی بۆ کوردستان لە پێشە و له حاست گەلی کورد هەست به بەرپرسیارەتی دەکا. هەر بەڕاستی لەبەر سەرقاڵ بوون به کار و هەڵسووڕانەوه، شتێک به ناوی حیکمەتیست هەر لە بیری هیچ کەسی کۆمەڵەدا نەماوه و هەر هیچیش نین تا رێبەرانی کۆمەڵه وەختی خۆیانی بۆ تەرخان بکەن. لەبیرم نایە نەک له کۆبوونەوە بەڵکوو له مەجلیسی ماڵانیش باسیان کرابێ. له کوردستانیش هەر لەبیرچوونەوه. دەی دەیانەوی کارێک بکەن که ناویان بێتەوه نێو ناوان. حیکمەتیستەکان به هەموو ئاکاریانەوه دیاره رێک چوونەوه سەر باوەگەورەی خۆیان.

«چی بچێنی ئەوە دەدروویەوه»

ساڵی ١٩٩٩ و ٢٠٠٠، سەید براییم خۆی به پارێزەری حزبی کومونیست دەزانی (هەرچەند کەمیشی باەڕ پێ بوو) و دژی باسەکانی کاک عەبدوڵڵای موهتەدی بۆ گۆڕانکاری و پێداچوونەوه بەم روانگەیه بوو. سەید براییم کردی به فەرتەنه و هەرا بۆ ئەوەی هیچ مەجالێک و کەشێکی ئارام بۆ دیالۆگ و سیمیناری سیاسی نەمێنێ چونکه له بنەڕەتدا خۆی هیچ ئیستیدلال و قسەی پێ نەبوو و تەنانەت توانای دیفاعی زانستی و سەردەمییانەی له مانەوەی حیزبی کومونیست و ئیدۆلۆژییەکەی نەبوو. بۆ دەرباز بوون لەم دۆخه فەزای ناوخۆی حزبی ئاڵۆز کرد که دەرفەت بۆ باسی سیاسی نەمێنێ. ئێستا ئەو چاڵەی ئەودەم بۆ کاک عەبدوڵڵا و کۆمەڵەییەکانی هەڵکەندبوو، خۆی تێیکەوتووه. حیزبی کومونیست سەری ئەویش دەخوا. ئەودەم لەبەر بەرژەوەندی تەسکی خۆی و دەسەڵاتی خۆی بۆ مانەوه وەک سکرتێر، هەموو شتێکی کرد. ئێستا خۆی بە چنگ حیزبی کومونیستەوه پێوه بووه و نازانێ چی لێ بکا. ئەو دڕک و داڵەی سەید براییم بۆ گیانی لایەنگرانی ساغکردنەوەی کۆمەڵەی چاند ئێستا له چنگ و لاق و لەتەری خۆی هەڵدەچەقن.

ئێستا حیزبی کومونیستی ئێران و سازمانەکەشی تووشی کێشەیەکی قوڵی ناوخۆیین. سەلاح مازووچی و باڵەکەی بەرەو حیکمەتییەکان و چەپتری دەکێشێ و سەید براییم و باڵەکەی بڕێک نەرم بوون و سەید براییم لێی بووەته کوردەنامووسی دەنا دوای چەندین ساڵ تازە هاتووەته سەر رەوایی قسەکانی ساڵی ١٩٩٩ی کاک عەبدوڵڵا موهتەدی. به هۆی کێشە ناوخۆییەکانی حیزبی کومونیستەوه، پێشمەرگه و ئەندامەکانیان خەریکه لی دەتەکێتەوه و لەم کێشانه ماندوو بوون. له باری سیاسیشەوه تەواو بەرشکست بوون. له کوردستان کەس گوێیان بۆ ناگرێ. لە ئێرانیش کەس نایانناسێ. هەر ئەو قسانە دەڵێنەوه که ٣٠ ساڵ لەوە پێش دەکوترایەوه. ئەوه لە حاڵێکدایه لەم ٣٠ ساڵەدا جیهان و ناوچەکه و کوردستانیش ئاڵوگۆڕی زۆری بەخۆیەوه بینیوه. قسە و بەرنامە و پڕۆژەی تازەیان پێ نییه. بەشێکیان به جوانی هەستیان بەمه کردووه و هەست به داماوی و بنبەست و رووخان دەکەن. باڵەکانی ناو حزبی کومونیست بۆ ئەوەی لایەنگری پتر له دەوری خۆیان کۆبکەنەوه، کیبڕکێ دەکەن له سەر دوژمنایەتی کۆمەڵه چونکه ئەساسی یەکگرتوویی ئەو دوو باڵه، (که له ساڵی ٢٠٠٠ دا یەک باڵ بوون)، تا ئێستاش دوژمنایەتییە لەگەڵ کۆمەڵه و رێبەرایەتی کۆمەڵه، نەک کۆماری ئیسلامی. هەر بۆیه بۆ یەکریزی خۆیان خەریکن تۆمەت و تانه له کۆمەڵه و رێبەرایەتی کۆمەڵه دەدەن.

بۆ ئاگاداری کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخواز، رێبەرانی حزبی کومونیست که زۆر پۆزی باوڕمەندی به ئازادی و دێموکراسی و ئازادی پێکهێنانی حزب و رێکخراوی سیاسییەوه لێدەدەن، هیچ باوەڕیان پێی نییە و هەر تا ئەو جێگایە که بەرژەوەندی خۆیان نەکەوتبێته مەترسییەوه و له قازانجی خۆیاندا بێت باسی دەکەن. بۆ وێنه کۆمەڵه زیاتر له ١٨ ساڵه له حزبی کومونیست هاتووەتەدەر و خەبات دەکا و به ئاشکرا له باری سیاسییەوه وەک ئەوان بیر ناکاتەوه و خەت و رێبازی سیاسی جیاوازی خۆی هەیه. کەچی لەم ١٨ ساڵەدا دەستیان له هیچ تۆمەت و پیلان و ئاژاوەیەک دژی کۆمەڵه و رێبەرایەتی کۆمەڵه نەپاراستووه، هەر چونکه کۆمەڵه وەک ئەوان بیر ناکاتەوه و به دەلایلی سیاسی دیار و ئاشکرا و راگەیەندراو له حیزبی کومونیست هاتووەتەدەر. تەنانەت کاتی خۆی بۆ دژایەتی کۆمەڵه و بەرگرتنی هاتوچۆی ڕێبەرانی کۆمەڵه بۆ دەرەوەی وڵات خۆیان بۆ حکومەتی بەعسی جینایەتکاریش پان کردەوه و دەستەوداوێنی بوون و ماڵم هەقه تێشیدا سەرکەوتوو بوون... . ئەمەش رادەی باوەڕمەندی ئەوانه به ئازادی و دێموکراسی و فرە حزبی.

«ئەم چەقاڵتە بێ لوو نییه»

له کاتێکدا که ئێران ئاوسی ئاڵوگۆڕه، له یەکساڵی رابردوودا خۆپیشاندان و مانگرتنەکان سەراسەری ئێرانی گرتووەتەوه، له کاتێکدا بزووتنەوەی کرێکاران، خوێندکاران، مامۆستایان (موعەلیمان)، ژنان و ماڵخوراوان و به گشتی ناڕەزایەتییەکان دژی رژیم له شارەکانی ئێران لە هەموو کات زیاتر له گەشەدایه، له کاتێکدا کە دروشم و ئامانجی هەموو بزووتنەوەکان و خۆپیشاندانەکان رێک دژی بنەماکانی دەسەڵاتی رژیمە و داوای رووخان و گۆڕانی بنەڕەتی دەکەن، لە کاتێکدا سەدان هەڵسووراوی کرێکاری، خوێندکاری، ژنان، مامۆستایان، چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێز و بیرجیاوازان له بێدادگاکانی رژیمی سێدارەدا له ژێر سەختترین ئازار و ئەشکەنجەدا حازر نین کۆڵ بدەن و گیان و ژیانیان بۆ ئازادی دادەنێن، له کاتێکدا به هەزاران کەس له سەر شەقامەکان ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوه و له زستانی ساردی ئیستیبداددا کورەی خەبات به نرخی گیانی خۆیان نێڵ دەدەن و دروشمی رووخانی رژیمی سەرکوتگەر بە دەنگی دلێر دەڵێنەوه، له کاتێکدا رژیمی ئیسلامی له هەموو کات زیاتر لەلایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوه کەوتووەته ژێر زەخت و گوشاری سیاسی و ئابووری، له کاتێکدا کێشەی ناوخۆی باڵەکانی رژیم و کێشەی ئابووری داڕماو یەخەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی گرتووەتەوه ، له کاتێکدا خەڵکی کوردستان له هەموو کات یەکگرتووتر و رێکخراوتر به گژ سەرەڕۆیی و جینایەتکانی رژیم لە کوردستاندا دەچنەوه و لە کاتێکدا هەموو ئەم گۆڕانکارییانه یەکگرتوویی گەلی کورد و حزبە سیاسییەکانی دەخوازێ ، لە کاتێکدا رووناکاییەک بۆ هاوکاری و لێک نزیک بوونەوەی هێزەکانی کوردستان له ئارادایه و کەشێکی ئارام بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتری لایەنە سیاسییەکان له کوردستان له هەموو کات زیاتر پێویسته، له کاتێکدا دامودەزگای سیخوڕی رژیم هەموو هەوڵی خۆی خستووەته گەڕ بۆ ئاڵۆزکردنی کەشی سیاسی کوردستان و بە توندی خەریکی ئاژاوە نانەوە له نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان‌دایه، بۆمان نییه بپرسین جگه له هاوئاهەنگی و هاوکاری حیزبەکانی حیکمەتیست و کومونیست لەگەڵ پلانەکانی دامودەزگای ئیتلاعاتی رژیم، دەبێ چ ئامانجێکی دیکە لەپشت ئەم ئاژاوەیەوە هەبێ؟ ئەمه سەری داوەکەیه و له داهاتوودا دەردەکەوێ که دۆڕاوانی سیاسی ئەو حیزبانه له چ زەلکاوێک چەقیون. 

ئێران لە بەردەم ئاڵوگۆڕی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدایه و هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێدەڵێن و تەنانەت سەرانی دەسەڵاتداری رژیمیش حاشای لێ ناکەن و ناتوانن ئەم راستییە بشارنەوه. لێرەدا رژیمی ئیسلامی بۆ بێ هێز کردن و لەناوبردنی ئوپوزیسیونی خۆی هەموو هەوڵی خستووەتەگەڕ. هەر دوو حیزبی حیکمەتیست و کومونیست بە هۆی سیاسەتی چەوت و هەڵەیان هیچ جێگا و پیگەیەک له کۆمەڵگای کوردستاندا بۆ خۆیان نابینن و ئاسۆیەکی روون بۆ خۆیان بەدی ناکەن. لەولاشەوه دەبینن رێبەرایەتی بلیمەت و تێگەیشتووی کۆمەڵه سیاسەتی خۆی له سەر بنەمای راستییەکانی کۆمەڵگای کوردستان و ناوچەکە و جیهان زۆر ژیرانه دادەڕێژی و گوێی بیستن بۆ رێبەریی کۆمەڵه و پڕۆژه و نەخشە رێگاکانی بۆ داهاتووی کوردستان و ئیدارەی وڵات هەیه و لەگەڵ پێشوازیی بەرینی کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بەرەوروو بووەتەوه. لەبەر ئەوەی خەڵک پێشوازی له کۆمەڵه و سیاسەتەکانی دەکەن، رێبەرانی ئەو دوو حیزبه چاویان بەرایی نادا و هەستی شکست و بنبەستی سیاسی و فکری هانیان دەدا به هەموو جۆرێک به گژ کۆمەڵەدا بچنەوه. هەر بۆیه دەیانەوێ به نرخی تۆمەت و تانەدان و بەخەیاڵی خاوی خۆیان شکاندنی کۆمەڵه، جیگا و پێگەیەک له کوردستان بدۆزنەوه و هاوئاهەنگ لەگەڵ رژیمی داگیرکەر کەوتوونه یەک بەرە بۆ ئالۆز کردنی فەزای سیاسی کوردستان و لێڵ کردنی ئەو ئاسۆ روونەی کۆمەڵگای کوردستان.

کێ ئەم کورسی قەزاوەتەی بە دۆڕاوانی سیاسی حزبی کومونیست داوه که ئاوا بێ شەرمانه تەنیا به پشت بەستن به قسەی کەسێک حزبێک تاوانبار دەکەن؟ دۆڕاوانی سیاسی ئەو حیزبانه جێگای خۆیان لێ گۆڕاوه. جێگای راستەقینەی ئەوان کورسی تاوانبارە نەک قازی و دادوەر. ئەوان له کورسی تۆمەتبار دان و دەبێ له داهاتوودا جوابی کۆمەڵگای کوردستان بدەنەوه و ناتوانن بێنه سەر کورسی قەزاوەت و «کومیتەی حەقیقەت یاب» بۆ رێبەرانی کۆمەڵه پێکبێنن. کومیته یا کومیسیۆنێک که پێک بێ رێک دەبێ بۆ لێکۆڵینەوه له سەر ئەوان پێکبێ که بۆچی بوونه بەڕێوەبەری پیلان و پلانەکانی رژیمی ئیسلامی و دامودەزگای سیخوڕی و ئیتلاعاتی رژیم. ئەمه داڕزان و شەرمەزارییە بۆ ئەوان. رێبەرانی حیزبی کومونیست که تووشی دووبەرەکی و ناکۆکی ناوخۆیی حیزبین، بۆ یەکڕیزی ناوخۆی حیزبەکەیان هەموو پرەنسیپەکانی ئەخلاقی سیاسی و دیسیپلینێک دەبەزێنن و تۆوی رق و بێزاری له دڵی ئەندامانی خۆیاندا دژی کۆمەڵه و سەرکردایەتی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی کۆمەڵه دەچێنن. ئەم کاره قێزەوەنه نیشانەی ئەوپەڕی بێ ئاسۆیی سیاسی و داڕمانی فکری و ئەخلاقی رێبەرانی سەرلێشێواوی حیزبی کومونیسته. ئەمه نیشانەی بنبەست و شکستی سیاسی و فیکرییە که بۆ یەکخستنەوەی ریزی لێکترازاوی خۆیان، خەریکی کێبڕکێن بۆ بوختان و تۆمەت و تانە لێدان له کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران. سەرانی حیزبی کومونیست خۆیان باش دەزانن گەلێک رووداوی دڵتەزێن له رابردوودا له کۆمەڵە و حیزبی کومونیستدا هاتووەتە پێش که پێویست بوو و پێویسته کومیسیۆنی لێکۆڵینەوه یا «کومیتەی حەقیقەت یاب» بۆ روونکردنەوەی راستییەکان پێکبێت بەڵام لە بەرژەوەندی خۆیانیدا نابینن باسی بکەن. 

هەژار وتەنی «ئەم چەقاڵتە بێ لوو نییه» و هەر وەک لە سەرەوه باسم کرد نە باوەریان به ئازادی بەیان و هیچ جۆره ئازادییەکە و نە باوەڕیشیان به دێموکراسی و فره حزبییه، بەڵکوو هەوڵ دەدەن بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی رەها و خەونی دیکتاتۆڕییەتی خۆیان ئەویش له ژێر ناوی مافی کرێکار و «دونیای بێهتەر» و دروشمی چەوت و خەیاڵییدا. ئەم هەنگاوه دوژمنکارانەیەی سەلاحی مازووچی و رێبەرانی سەرلێشێواوی هەر دوو حیزبی کومونیست و حیکمەتیست ئەوپەڕی زەبوونی و شکست و بنبەستی سیاسی و فکری و ئیفلاسی ئەوان ئاشکرا دەکا و فەشەلی ئەخلاقی خۆیان راگەیاند. ئەوان له باری سیاسییەوه دۆڕاندوویانه و خەریکن بەم شێوه قێزەوەنه تێیهەڵدێننەوه. 

کاروانێ ئەم شۆڕشه دەئاژوێ و له وەستان نایا، ئاسۆ ڕوونه و بەری داهاتووش بەم پیلان و ئاژاوه و تۆمەت و توانجانەی ئەوان و داگیرکەرانی کوردستان ناگیرێ و رووڕەشی بۆ ئەوانە دەمێنێتەوه که خەریکی بنکۆڵ کردنی کۆمەڵەن و به سازی دوژمنان و دایگرکەرانی کوردستان و ئیتلاعاتی رژیم سەما دەکەن.



PM:12:01:03/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 273 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌