ڕۆڵی فاکتی دەرەکی لە پێکهێنانی کۆماری کوردستان و دەرسەکانی بۆ ئەمڕۆی کورد




تیشک خسنتە سەر دەوروونەخشی فاکتی دەرەکی لە پێکهاتنی کۆماری کوردستان



ئەردەڵان فەرەجی



بە لەبەرچاوگرتنی تەوەری باسەکەم و بۆ پێشگیری لە هەر چەشنە ناڕوونی مەغڵەتەیەک ئاماژە بە چەند خاڵ لە سەرەتادا بە پێویست دەزانم:

هەر لە شەڕی چاڵدێرانەوە لە مابەینی دوو ئیمپراتۆری عوسمانلی تورکی سونی و سەفەوی شێعەی ئێرانی و تا دواتر لە پاش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم و دابەش بوونی ئیمپراتۆری عوسمانی و دامەزراندنی دوو دەوڵەت و وڵاتی نوێ بە ناوەکانی عێراق و سوریا کە بە پێچەوانەی ڕێکەوتننامەی ”سیڤەر" -کە ”برایم پاشا" بە نوێنەرایەتی گەلی کورد لەو دانیشتنەدا بوو- بڕیار درا کە کورد خاوەنی کیانی سیاسی سەربەخۆی خۆی بێت و مۆڵەت درا بە برایم پاشا بچێت و سنووری وڵاتەکەی دیاری بکات، بەڵام لە ڕێکەوتننامەی "لۆزان" پشت لە هەموو ئەو بەڵێنانە کرا کە بە کورد درابوو بۆ خاوەندارییەتی وڵات و کیانێکی سەربەخۆی خۆی، خەڵکی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافە زەوتکراوەی خۆی دەستی داوەتە خەبات و شێخ سەعیدی پیران (شەمزینان) ڕچەشكێنی ئەو خەباتە بوو. 

بە لە بەرچاوگرتنی پێکهاتەی کولتوری و بافتی کۆمەڵگای ئەو سەردەمی کوردستان زۆربەی خەبات و چالاکییەکان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد، جەماوەر زۆرتر لە دەوری سەرۆک عەشیرەتەکان، شێخ و مەلاکان کۆ دەبوونەوە، بەڵام بە دوای هاتنە ئارای مۆدێرنیزاسیۆن لە ئۆرووپا و گەیشتی شەپۆلی. مۆدێرنیزم بۆ کوردستان و یەکێک لە دیاردە و دیارییەکانی پارتایەتی و حیزبایەتی بوو، گەلی کوردیش لەم فۆڕمە بۆ خەبات و کار و چالاکی سیاسی خۆی کەڵکی وەرگرت. دروست بوونی یەکەم حیزبەکان و لەوانە »خۆیی بوون» کە لە لوبنان دامەزرا و ئاراستەکەی ڕووەو کوردستانی باکوور بوو، »حیزبی هیوا» لە باشووری کوردستان و »کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (کۆمەڵەی ژ. ک)» لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نموونەی کەڵک وەرگرتنی گەلی کورد بوو لەو دیاردەیەی سەردەمی مۆدێرنیتە.

مەبەستمە بڵێم ئەگەرچی تەوەرەی بابەتەکەم دەربارەی ڕۆڵی توخمی دەرەکی و هێزی دەرەکییە لە هاتنە ئارای کۆماری کوردستان، ئەم هەڵێنجانەی لێنەکرێ کە گۆیا کۆی ئەزموونی کۆماری کوردستان ببەستمەوە بەم توخمە، بەڵکوو دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەگەرچی بزوونتەوەیەک سەرەڕای هەموو بەحەقی و ڕەوابوونەکەشی، بە بێ کامڵ بوونی هەموو فاکتەرە کارتێکەرەکانی ناتوانێ بگا بە ئەنجام و پێویستی بە سەرکەوتنی هەر بزووتنەوەیەک هاوتەریبی هەموو فاکتە کارتێکەرەکانی ناوخۆیی و دەرەکییە.

لە شەڕی دووهەمی جیهانی کاتێکی کە ئاڵمانی نازی هاوینی ساڵی  هێرشی بردە سەر سۆڤییەتی ئەو سەردەم، بریتانیا و ئەمریکا بۆ یارمەتی دانی سۆڤییەت بیریان لە ئێران کردەوە. ئێرانێک کە لە سەردەمی ڕەزاشادا، هیتلەر ڕێبەری ئاڵمانی نازی کۆمەڵێک موستەشاری بۆ ئێران ڕەوانە کردبوو و بیری نەژادی سەرترییان بڵاو دەکردەوە و نازییەکان خۆیان بە نەژادی ئاری دەزانی و ڕەزاشاش خۆی و خەڵکی ئێرانی ئارییایی دەزانی و لە لایەکی دیکەوە بۆ دەستخستنی زانست و تێکنۆلۆژی شەڕ ببوو بە دۆستی ئاڵمانی نازی. وای کرد کە بریتانیا و ئەمریکا لە باشوورەوە ئێران داگیر بکەن و لە باکووریشەوە ڕووسییە بێتە خاکی ئێرانەوە. 

سەرەنجام "ڕەزاشا" ناچار بە دەست لە کارکێشانەوە کرا (١٦/٥/١٩٤١) و ڕۆژێک دواتر "حەمەڕەزا”ی کوڕی لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا بوو بە شای ئێران. ئەفسەران و دەرەجەدارەکانی ئێران لە ترسی گیانیان ڕایان دەکرد و خۆیان دەشاردەوە و سەربازەکانی ئێرانیش ئاسان تەسلیم دەبوون و خۆیان دەدا بە دەستەوە. خۆبەدەستەوە دانی سەربازانی ئێران بووە هۆی دەست پێڕاگەیشتنی خەڵک و جەماوەر بە چەق و تەقەمەنییەکی زۆر و لاوازی دەسەڵات و حکومەتی ناوەندی وەک هەر سیستم و نیزامێکی دیکتاتۆری کرانەوەیەکی بە خەڵک بۆ هەناسەدان هێنا ئاراوە. ئەنجامەکەی بووە هۆی دامەزراندنی چەند حیزبێک لە سەرتاسەری ئێران و لەوانە "کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد” لە مهاباد.

نابێ بیرمان بچێت هاتنی ٤٠٠٠ موسەتەشارە ئاڵمانییەکان بۆ ئێران کە نزیک بە ٣٠٠٠ کەسیان لە ناوچەکانی ئازەربایجان و کوردستان جێگیر بوون ڕۆڵێکی گەورەیان لە بڵاوکردنەوەی وشیاری نەتەوەیی لە بەرامبەر چینایەتی و ئایین لە نێو گەلانی ژێر دەستەی ئێران و بە تایبەتی تورک و کورد بوو. 

دەست پێڕاگەیشتنی خەڵک بە چەق و تەقەمەنی و کورت بوونەوەی نفووز و هێزی دەوڵەتی ناوەندی لە ناوچەکانی کوردستان، هەر لە بانە و مهاباد و سەردەشت و مەریوان، ئەزموونێکی حوکمڕانی بە کوردەکانی ئێران بەخشی. 

ساڵی ١٩٤٣ لە کۆنگرەی "تاران" بە بەشدای سەرۆکی سێ وڵات؛ "نستۆن چێرچیل” سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، "جۆزێف ستالین" سەرۆکی کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤییەت و "فرانکلین روزوێڵت" سەرۆک کۆماری ئەمریکا بڕیاریان دا شەش مانگ پاش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم ئێران جێ بێڵن. 

جەنگی جیهانی دووەم بە شکانی بەرلین و کوژرانی هیتلەر (٨ی مارسی ١٩٤٥) لایەک و تەسلیم بوونی ژاپۆن لە بەرەی ئاسیای ئەو شەڕە، پاش ڕووداوەکانی "هیرۆشیما" و "ناکازاکی” جەنگ کۆتایی هات.

بە پێی کۆنگرەی "تاران" یەکەم جار ئەمریکا و دواتر بریتانیا لە ئێران کشانەوە، بەڵام ڕووسییە بەڵێنەکەی خۆی نەبردە سەر و هێزەکانی خۆی لە ئێران نەکشاندەوە.

وئەمریکا و هەر دوو لا لە دوو ڕاگەیاندراوی جیاجیادا ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بەو بڕیارەی شۆڕەوی دەربڕی. لە لایەکی دیکەوە زەختیان لە شای ئێران کرد و ئەویان ناچار کرد کە دژ بە مانەوەی هێزەکانی یەکێتی سۆڤییەت لە باکووری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا تۆمار بکات.

مانەوەی هێزی سوور لە باکووری ئێران و نەبوونی دەسەڵاتی ناوەندی لە کوردستان و ئازەربایجان بۆشاییەکی سیاسی دروست کرد. ناوچەکانی کوردستان دەسەڵاتی خۆجێی خۆیان لە شار و دەڤەرە جیاجیاکان پێک هێنابوو. پاش هێرشی عرووس بۆ بانە و جێ هێشتنی چەک و تەقەمەنییەکی زۆر هەندێک لە کەسایەتییەکانی کورد و لە سەروو هەموویانەوە "حەمە ڕەشیدخانی بانە" توانی ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکات و دەسەڵاتەکەی تا ساڵی ١٩٤٤ درێژەی بێت، بەڵام دواتر لە لایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە سەرکوت کرا، لە بەرامبەردا بە هۆی دووری شاری "مەهاباد" لە بەر دەستی هێزی دەسەڵاتی ناوەندی، دەسەڵاتی ناوچەیی لەوێ درێژەی کێشا.

 تورکەکان لە سۆڤییەت نزیک بوون و دواجار بە پشتیوانی شۆڕەوی کۆماری ئازەربایجانیان ڕاگەیاند. جەنابی «قازی محەمەد" کە ئەندامی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بوو و بەرەبەرە دەبوو بە کەسایەتییەکی بەرجەستەی ئەو سەردەمی کوردستان لە هەوڵی بە یاسایی کردنی دەسەڵاتی خۆجێی ئەو کاتی ناوچەی مەهاباد و باقی ناوچەکانی دەورووبەری دا بوو. لە ڕێگەی تورکەکانەوە خۆی لە ڕووسەکان نزیک کردەوە و داوای پشتگیری ڕووسەکانی کرد بۆ کۆمارێکی هاوشێوەی کۆماری ئازەربایجان بۆ کوردستان. هەڵبەت جێی ئاماژەیە کە ساڵی ١٩٤٤ دا سەرکردایەتی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد کۆبوونەوەیەک دەکات و ڕاگەیاندنێک بڵاو دەکاتەوە و لە خاڵی یەکەمدا دەڵێت: "دوای کۆتایی شەڕ دەوڵەتی کوردستان ئیعلان دەکەین”. 

بەڵام بە پێشنیاری کاربەدەستانی یەکێتی سۆڤییەت کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد یان هەڵدەوەشێتەوە و حیزبێکی نوێ بە ناوی "حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران" دادەمەزرێت. ڕووسەکانی ئەو پێشنیارەی پێشەوا قازی محەمەد بۆ پشتیوانی لێیان بۆ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان قبوڵ دەکەن؛ لە بەر ئەوەی کە یەکەم؛ دەیانهەوێت لە ئاستی نێونەتەوەیی پیشانی بدەن کە سۆڤییەت پشتیوانی کەمایەتییە نەتەوەییەکان و سۆزی باقی نەتەوەکانی ژێر دەستەی دیکەی جیهانیش بەرەو لای خۆی ڕاکێشێت، دووەم؛ بۆ پاراستنی کۆماری ئازەربایجان کە لە باشوورەوە پارێزراو بێت و سێیەم؛ بۆ دژایەتی کردنی حکوومەتی تاران بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی خواست و داواکارییەکانی خۆی بکات و سەرەنجام چوارەم؛ بۆ دژایەتی کردنی ئۆردووگای بورژوازی ڕۆژئاوا.

جێی ئاماژەیە کە ستراتێژیستێکی بریتانی بە ناوی «هاڵفۆرد جان مەکیندێر(١٨٦١-١٩٤٧)” لە کتێبی "ژینگەی جوگرافیای تاریخ" بە لێکدانەوەی دۆخی ژیئۆپۆلۆتیکی جیهان تیۆرییەک دەخاتە ڕو. مەکیندر لە ساڵی ١٩٠٤ تیۆری "دڵی زەوی” یان "قلب العالم" دێنێتە گۆڕێ. تیۆری مەکیندر باس لەوە دەکات کە فیکر و ئیدئۆلۆژیکێک لە دڵی زەوی (مەبەست ڕووسییەیە کە گەورەترین پانتایی زەویی هەیە) سەر هەڵدەدات کە دەخوازێت هەموو جیهان داگیر بکات، مەکیندر لە بەرامبە ئەوە دا پێشنیاری کێشانی دیوار و بەربەست دەکات بۆ ئەوەی پێشی تەشەنەسەندنی ئەو بیرۆکە و ئیدئۆلۆژیکە بگرن بەرەو ئۆرووپا و ڕۆژئاوا. دیواری مەلمووس و هەست پێکراو دیواری بێرلینە کە دوو ئاڵمانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات لێک جوێ دەکاتەوە، دیوارەکەی تر کە نەبینراوە دیواری ناتۆیە! "پەیمانی ئەتلەنتیکی باکوور" کە بۆ دژایەتی یەکێتی سۆڤییەت لە نێوان وڵاتانی سەر بە جەمسەری ڕۆژئاوا دامەزرا و پۆشتە و پەرداخ کرا.

دیارە سۆڤییەتیش لە هەوڵی بەرپەرچ دانەوەی ئەو هەوڵانە بوو هەر لە دروست کردنی پەیمانی "وەرشۆ" و پشتیوانی کردنی گەلانی ناوچەکە و کردنییان بە هاوپەیمانی خۆی بۆ بەکار هێنانی وەک سەنگەری خۆی.

سەرکردایەتی سیاسی ئەو کاتی کورد بە دروستی لەو ململانێ نێونەتەوەییانە تێگەیشبوو و دەیخواست کە کورد ببێت بە کارتێک لەو یارییە جیهانییەدا. ڕەنگە لەو بارەوە هەڵەشی هەبوو بێت، بەڵات تێگەیشتن لەو ململانییە گەورە جیهانییە و هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی ئەو هەلە ژیری سەرکردایەتی ئەو سەردەمی کوردە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. 

خاڵێکی دیکەی تایبەت بە بزووتنەوەی کورد کە نابێ فەرامۆش بکرێت ئەوەیە کە بزووتنەوەی کورد لە هەرکام لە پارچەکانی کوردستان کە خۆی ئەو پارچەپارچە کردنە "دوژمنکردە" و ئەمەش خۆی کۆمەڵێک کاریگەری "مێژووکردی” لە سەر بزووتنەوەی هەر کام لەو پارچانە و دواکارییەکانی داناوە. بافت و تایبەتمەندی بزووتنەوەی کورد لە هەر کام لە پارچەکان، بزووتنەوەیەکی داواکارانەیە، چونکا کورد لەو وڵاتانەی کە پێوەی لکێنراوە کەمینەیە و هەڵکشان و داکشانی داواکاری و ئاستی بەرەوپێشچووی بزووتنەوەکەی لە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ بەهێزی و کەم هێزی دەسەڵاتی ناوەندی ئەو وڵاتەی کە پێوەی لکێنراوە، واتە هەر کات دەسەڵات لە ناوەند بەهێز بووبێت و توانی سەرکوتی زۆرتر بوو بێت، بزووتنەوەی کورد لەو پارچەیە لە پاشەکشە دابووە، بەڵام بە پێچەوانە هەر کات ئاراستەی ڕووداوەکان بەرەو لاوازی حکومەتی ناوەندی و کەم بوونەوەی هێزی سەرکوت بوو بێت، ئەوا کورد و بزووتنەوەکەی لەو پارچەیە ڕوو لە هەڵکشان و گەشانەوەدا بووە. نموونەش لەو بارانەوە زۆرن، لاواز بوونی دەسەڵاتی ناوەندی لە ساڵی ١٩٩١ کە ئەو کاتەی سەدام حسێن هێرشی کردە سەر کوویەت، بەڵام لە بەرامبەردا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشیان کردە سەر عێراق، دەسەڵاتی ناوەند لە عێراق لاواز بوو و گەلی کورد لە کوردستانی باشوور دەرفەت و توانای ئەوەی بۆ هەڵکەوت ڕاپەڕێ و ڕاپەڕێنەکەی ساڵی ١٩٩١ گەلی کورد لە کوردستانی عێراق لە ئەنجامی لاوازی دەسەڵاتی ناوەند بوو، تەنانەت پێشڕەوی و پاشڕەوییەکانی ئەم دوواییانەی کورد لە باشور هەر بەو هۆیە بوو. کاتێک دەسەڵاتی ناوەندی عێراقیش لە ماوەی ئەم ١٥، ٢٠ ساڵەی ڕابردوو لاواز و بێ هێز بووە کورد بەرەوپێش چووە و ئەگەریش نا وەک ١٦ ئۆکتۆبری ٢٠١٧ و پاش ریفراندۆم هێرشیان کردە سەر کورد و دەسکەوتەکانی! هەر ئێستای دۆخی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژئاواش لە ئەنجامی ئەم ڕاستییەدا و ئەگەر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لاواز نەبووبایە کورد نەیدەتوانی تا ئەم ڕادەیە پەرە بە خواست و داواکاری و بزووتنەوەکەی بدات. بە دڵنیاییەوە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و باکووریش هەر وایە و هەر واش دەبێت.

ئەو سەردەمیش سەرکردایەتی سیاسی کورد لەو بۆشاییەی دەسەڵاتی ناوەندی لە ناوچەی موکریان هاتبوویە ئاراوە، کە ئەویش ئەنجامی لاواز بوونی دەسەڵات و هێزی دەوڵەت و حکوومەتی ناوەندی تاران بوو، هەنگاوێک یا خود ئاستێک بەرزتر داواکارییەکانی خۆی هێنایە گۆڕێ، بێگومان ئەگەر ئەم فاکتەرە نەبووایە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەو ئاستەدا نەبوو کە بچێتە پای پرۆژەیەکی گەورە و مێژووی وەک کۆماری کوردستانەوە و کۆماری کوردستان ڕابگەێنێت.

بێ گومان تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەی گەلی کورد لە هەر کام لە پارچەکانی کوردستان هەر وەک ئاماژەی پێدرا داواکارانەیە و لە لایەکی دیکەوە بەندە بە ڕێژەی سەرکوتگەری و بەهێزی دەسەڵاتی ناوەندی لەو پارچانەی کە بە جیا بە هەر کام لەو وڵاتانەیەوە نووساوە و بێ گومان تێگەیشتن لە ئاراستەی ئەو ڕووداو و پێشهاتانەی کە دەبنە بنەمای دۆستایەتی و هاوپەیمانی وڵاتانی جیهانی و بە تایبەتی زلهێزەکان بەرامبەر بە دەوڵەتی ناوەندی وڵاتانی تورکیا، عێراق و ئێران و سوریا.

واتە هێزی دەرەکی بۆ هاوتەریبی خواست و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان لە هەر کام لە پارچەکان و نزیکایەتی سەرکردایەتی ئەو بزووتنەوەیە لەگەڵ وڵاتانی نەیاری دەوڵەتی ناوەندی.

لە سەردەمی کۆماری کوردستان و بە ئاماژە بەو دۆخەی ئەو سەردەم ڕووسیەی کۆمۆنیست کاتێک کە دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران لاواز بوو، بەئامانج و ئەجێندای خۆیەوە پشتیوانی لە بزووتنەوەی گەلی کورد کرد و وای کرد کە قازی محەمەد ٢ی ڕێبەندان دامەزراندنی کۆماری کوردستان ڕابگەیێنێ.

بەو مانایە کە ئەگەر پشتیوانی دەرەکی بۆ پرسی داواکاری و بزووتنەوەی کورد نەبووایە ڕەنگە هەرگیز کورد نەیتوانیبایە ئەو دەسکەوتانەی کە تا هەنووکە هەیەتی، وەدەستی بێنێت. 

دەرسەکانی کۆماری کوردستان لەو دوو ڕەهەندەوە (لاواز بوونی دەسەڵاتی ناوەندی و پشتیوانی دەرەکی) دوو وانەی گەورە و گرنگن کە نەک بۆ ئێمە چالاکان و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەڵکوو بۆ هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستانیش جێی ئەزموون و شت لێ فێربوونە.

نەیاری دوژمنم دۆستمە! دەتوانێ ڕاستییەکی بۆ گەلی ئێمە تێدا بێت. کورد دەبێ و دەتوانێ لەو حەقیقەتە دەرس وەربگرێت و بتوانێت لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی بزووتنەوەکەی کەڵکی لێ وەربگرێت. ئەوە ڕاستە کە ڕووسیای ئەو سەردەم بە ئەجێندا و پلان و بەرنامەی خۆیەوە پشتیوانی لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان کرد، بەڵام بۆ کورد دەرفەتێک ڕەخسا کە تەعبیر لە خواست و ئیرادەی خۆی بکات و ئەمە دەسکەوتێکی گەورە بۆ کورد بە گشتی لە هەرچوار پارچە و بوو بە مایەی ئیلهامی خەباتکارانە بۆ هەمووان بە تایبەتی بۆ بزووتنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.

لە ئێستاشدا کە گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات چەند هەنگاو لە یەکێتی و تەبایی و یەکڕیزی خۆی نزیک بۆتەوە و ئێمە ئەمڕۆکە خاوەنی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانین، جێی خۆیەتی ئەم فاکتەرە گرنگە لە هاوکێشە سیاسییەکانی بزووتنەوەکەمان ڕەچاو بکرێت و زۆرتر هەوڵ بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی ڕای گشتی جیهانی بدرێت، پێویستییەکانی چین دابینی بکەین و بە گرنگییەوە ئەم ڕاستییەمان لە بەرچاو بێت.

دەرسێکی دیکە و ڕەنگە گرنگتر لە هەموو دەرسەکانی دیکەی کە دەکرێت لە ئەزموونی کۆماری کوردستان فێری بین ئەوەیە کە پشتیوانی و یارمەتی دەرەکی ئەبەدی و هەمیشەیی نییە!

ئەزموونی پشتیوانی و پشتگیری دەرەکی بۆ کۆمار کە دواجار وا بوو کە پاش ڕێکەوتنەکەی ئێران کە قوام ولسەڵتنە بە نوێنەرایەتی ئێران لەگەڵ دەوڵەتی ئەو کاتی ڕووسیە لە سەر سپاردنی ئیمتیاز هەڵێنجانی نەوت و داهاتی ٥١٪ نەوت بۆ ڕووسیە ماوەی پەنجا ساڵ هێزەکانی لە باکووری ئێران دەکشێنێتەوە و بە کشانەوەی هێزی سوور لەو ناوچانە بوار بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی دەسەڵاتی ناوەند خۆش دەبێت و بەداخەوە هەر دوو کۆماری ئازەربایجان و کۆماری کوردستان تێک دەشکێندرێن.

دیارە وەک ئەوەی بڵێی مێژوو دووپات دەبێتەوە، هەموو دەسکەوتەکانی کورد ئەگەر بە وریاییەوە بوار بۆ پاراستنییان خۆش نەکرێت، هەر دەم لە بەردەم هەڕەشەی لە ناوچوون دان. دەرسێک کە ڕەنگە ئەمڕۆژانە لە پاش بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا ڕەنگە چاوەڕوانی هێزەکانی کورد بکات لە سوریا یان خود ئەو ئەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا دووپات بوویەوە.

کە واتە ئێمەی کورد و سەکردایەتی سیاسی کورد دەبێت وێڕای ناسین و بەخزمەتگرتنی فاکتەری دەرەکی بۆ پرسەکەی خۆی، دەبێ لە سەرەتاوە ئەو ڕۆژەمان لێ ڕوون بێت کە پشتیوانی دەرەکی و فاکتی دەرەکی لە پێوەندی پرسی کورد، کۆتایی دێت و دەبێ کورد هەر لە سەرەتاوە خۆی بۆ ئەو ڕۆژ و ڕۆژانە ئامادە بکات. 




* ئەم وتارە لە سمینارێکی تایبەت بۆ ڕیز لێنان لە ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد پێشکەش کرا.



AM:11:47:03/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 57 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌