میدیای سه‌رده‌م، ئامراز و ئه‌وله‌وییه‌ته‌كان

بیژه‌ن قوبادی

هەموو بوونەوەرەکان بە پێ پێوەندی لە گەڵ یەکتر مانەوە و پاراستن و بەردەوامی و بوونیان نیە لە بەر ئەوەی کە لەڕاستیدا هەموویان لە کۆمەڵێکی دیاری
کراوی ناسراو پێکهاتوون و تەنیا ڕێژە و شێوازی چنینی خانەکانی ئەو مادانەیە کە کۆمەڵێک جیاوازی لە ڕواڵەتدا لە خۆئەگرن و دەرمان دەخەن. ئەوە بنەمایەکە و نکوڵی لەو بنەمایە بە بێ سێ و دوو لە لایەن هەرکەسێکەوە بێت، هەبوونی خۆی ئەباتە ژێر پرسیارێکی بێ وڵامەوە. ئینجا ئەو پێوەندیانە بەستێنی زۆر بەرین و بەربڵاویان هەیە و ئێمە بە نیازی ئەوەنین بچینە نێو قووڵایی و وردەکاریەکانیانەوە و ژیان و پێوەندی و چۆنیەتیی ئەو پێوەندیانە بخەینە بەر باس. لە بەر ئەوەی نە ئەرکی ئێمەیە و نە زانیاریمان لە سەر ئەو بابەتە فرەچەمک و ڕەهەندە هەیە. بۆیە تەنیا بەستێنێکی بچووکی لێ هەڵئەبەژێرین و نینۆکەکڕەیەکی زۆر کورت و سەرەتایی لەسەر ئەکەین و ئەیسپێرینە دەستی پسپۆڕان و شرۆڤەکارانی پێوەندیدار بە خۆی.

هەر بە پێی ئەو بنەمایە کە ئاماژەمان پێیدا، مرۆڤ یەکێک لەو بوونەوەرانەیە و ئەم بوونەوەرەش بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکان هەر لەسەر ئەو پێوەندیانە بەردەوام بووە و هەزاران ساڵە هێناویانە. لەبەر ئەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکی خولقێنەرە، تایبەتمەندیی خولقاندنی لە هەموو بەستێنێکا گرتووەتە خزمەتی خۆی و تا هاتووە پەرەی پێداوە، لق و پۆپی پێ زیاد کردووە، ئامرازی خولقاندووە و هاتووەتە پێشەوە.

ئەو بابەتەی کە ئەمڕۆ لە فەرهەنگی کامپیوتێردا بە ناوی نەرمەواڵە و سەختەواڵەوە ناویان لێوە ئەبرێت، هاوزادی مێشک و پەنجەی ئامرازسازی مرۆڤن. لە هەردوو بەستێنەکەدا مرۆڤ بێوچان و نەسرەوتوو خەریکی داهێنان و خولقاندن بووە، تا ڕادەیەک کە بێگومان و ڕاڕایی پێویستە ئەوە بڵێین کە ئەگەر مرۆڤ لە سەر گۆی زەوی بسڕینەوە، «بایەخ»،»نرخ»،»بەها» و کۆی ئەو شتانەی بەناوی بایەخە مادی و معنەویەکانەوەیە هەیە و دەناسرێن و دەبینرێن، بوونیان نەبوو.

هەروەکوو ئاماژەمان پێیدا، یەکێک لەو بەستێنانەی مرۆڤ کاری تێداکرد و خولقێنەری ئامرازەکان و پەرەپێدانی بوو، پێوەندی بووە. لە درێژەی ئەو ڕەوتەدا بە بڕاوی من مرۆڤ گەورەترین داهێنانی خۆ ئەنجامدا کە ئەویش توانایی سازکردنی ئامرازە. دوو ئامرازی سەرەکی و بنەماییترین ئامرازەکانی پێوەندییکردن، بەشێکی هەرە گرنگ لە ئامرازەکانی دەستی مرۆڤن و بریتن لە: «زمان»و»نووسین»! بەڵێ زمان و نووسین واتە ئەگەر ئینسان زمان و نوسینی خەلق نەکردبا، ئەمڕۆ ئێمە ژیانمان بەشێوازێکیتر دەبوو.

زمان یەکێک لە داهێنانە هەرەگرینگ و بە کەڵکەکانی مێژووی ژیانی مرۆڤە کە بەداخەوە کەمتر بایەخی پێدراوە و خراوەتە پەراوێزەوە. لە پاڵ ئەوەشدا نووسین بووە کە خۆی سەرەتا و دەسپێکێکن بۆ دامەرزاندنی سەرەتایەکی درێژمەودای پان، بەرین و فرەڕەهەند بە ناوی «پێوەندی» و» ڕاگەیاندن». بەرەبەر و بە پێی نیازەکانی ئینسان ئەم بەستێنە پەرەی پێدرا و دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتر کرایەوە. ئەمڕۆ و پاش مێژوویەکی دوور و درێژ ئاسەواری وێنەکێشان و شێوەکاریەکان بە ئەشکەوت و شاخە بەردینەکانەوە بە ڕاشکاوی شایەتیمان بۆ ئەدەن و ئەم ڕەوتە دڕیژەیە هەیە هەتا دواتر و لە وڵاتی میسردا کە بە ناوی شێوازی نووسینی «هیروگلیف»ەوە ئەیناسین، پەرەی پێدراوە.

ئینسان توانیویەتی بۆ گەیاندنی پەیامی خۆی و پێوەندیگرتن، لە زۆر بواردا ئامرازی نوێتر بگرێتە خزمەت، لەوانە ئاور، دووکەڵ، پەلەوەر، ئاژەڵ و چاپار و ... کاتێک پێئەنێتە قوناخەکانی سەرەتایی پیشەسازیەوە، لەم بوارەشدا ئێمە ئەبینینیووهانس گۆتێنبێرگی ئاڵمانی لە ساڵەکانی دەیەی چلی سەدەی پازدەیەم بە داهێنانی ماشینی چاپ، چاپ و بەرهەمە چاپەمەنیەکان چوونە ئاستێکیجیاوازەوە.

بەداهێنانەکانی دواتری مرۆڤ و ناسینی وزەیەک بەناو «ئێلێکتریسیتە، بەرق» یان «کارەبا» کە لە لایەن «مایکێل فارادەی»ەوە داهێنرا و دەروازەیەک بەرەو دنیایەکی بەرین و بێ بنی سێحراوی بەڕووی جیهاندا کردەوە. ئامرازی گەشت و سەیران لەو دنیایەشدا هیچ نەبوو جگە لە ئێلێکتروونیک و شەپۆلەکانی ئێلێکرترۆمێغناتیس و مایکروڤەی(وردەشەپۆلەکان) و دواتر تیشکی هەمە چەشنە.

لەم قۆناخەدا مرۆڤ پێی نایە سەردەمی شۆڕشی تێکنۆلۆژی و»چاخی پێوەندیەکان». «ئێلێکساندێر گراهام بێل» تەلەفۆنی داهێنا. ئێلێکساندێر پاوڵڤ بە داهێنانی ئامرازی تۆمار و بڵاوکردنەوەی دەنگ. «گوولیێلمۆ مارکۆنی» بە داهێنانی ڕادیۆ، «جان لاگ بێرد» بە داهێنانی سندووقی سێحراوی(تەلەڤزیوون) و پاش ئەوانە کامپیووتێر، مانگی دەسکرد، مۆبایل، ئینتێرنێت، ماڵپڕە ئینتێرنێتیەکان و ... کۆی ئەو شۆڕشەن کە لە بواری پێوەندیەکاندا ڕۆڵێکی سێحراوییان هەیە. هەرکامە لەو ئامرازانە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندین کە هەم هەڵگری خاڵی بەهێز و هاوکات خاڵی لاوازی خۆیانن. هەرکامە لەوانە لە ڕوانگەی جیاوازەوە دەکرێ بێنە بەر باس و لێدوان و هەڵسەنگاندن.

لێرەدا ئەتوانین بە هەڵسەنگاندنێکی ڕواڵەتی کاریگەریی و ڕێژە و ئاستی بەردەنگەکانی هەرکامە لەوانە بخەینە بەر باس.

وەکوو ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگر ئێمە لە نێو بەحری شەپۆلدا دایمە خەریکی باڵوەشاندن و مەلە کردنین. شەپۆلەکان گشتین و بۆ بەکار هێنانی هەر شەپۆلێک کەرەسەیەکی تایبەت بەرهەمهێنراوە و بە پێی میکانیزمی تایبەت بەخۆی ئێمە ئەتوانین کەڵکیان لێ وەرگرین. ئەوە ڕاستەیەکە و نکۆڵی لێناکرێت بەڵام پرسیارێک کە لێرەدا ئەمێنێتەوە ئەوەیە کە ئاخۆ کامە لەو ئامرازانە ئەتوانن سرنجی بەردەنگێکی زۆرتر کە بریتی بێت لە گشت چین و توێژەکان بە ئاسانترین شێوە و کەمترین ماوە و بەربڵاوترین پانتایی و بە هەرزانترین، ساکارترین و ئاسانترین شێواز بۆ لای خۆیان ڕابکێشین؟

تەلەفۆن سەرەڕای ئەوەی کە گشتگیرە و پانتایەکی بەربڵاو ئەگرێتەوە بەڵام هەڵگری چەند خاڵی لاوازە کە ئەمانەنەن:

١- تەلەفۆنی ئانالۆگ پێویستی بە ڕاکێشانی سیم و ژومارەی تایبەت بەخۆیە و هاوکات تەنیا لەگەڵ یەک لایەن توانایی پێوەندیگرتنی هەیە بۆیە ناتوانرێ وەکوو ئامرازێکی پێوندیی گشتی حەسابی لە سەر بکرێت و بابەتیکی تایبەتیە.

٢- مۆبایل یان تەلەفۆنی دیجیتاڵە کە ئەچێتە خانەی سیستەمەی تەلەفۆنەوە. مۆبایل بڕێک خاڵی هاوبەشی لە گەڵ تەلەفۆنی ئاسایی هەیە ئەویش ئەوەیە کە پێوستی بە خەتێکی سیمکارت و ژومارەهەیە و هاوکات لە گەڵ یەک کەس توانایی پێوەندیگرتنی هەیە کە لە ئەگەری پەیوەست بوون بە نێتەوە ئەو خاڵەلاوازەی لە ڕێگای ئاپەکانی نێتەوە قەرەبوو ئەکرێتەوە. لەو شوێنانەی کە بورجی رێڵەی شەپۆلی نەبێت، توانایی پێوندیگرتنی نامێنیت.

٣-بە هاتنە مەیدانی کۆمەڵێک بەرهەمی فرەڕەهەند دەسگای تۆمار و بڵاوکردنەوەی دەنگ کەوتە پەراوێزەوە لە بەر ئەوەی تەنیا ئەو شتەی کە پێی ئەدرا، هەر ئەوەی پێشکەش ئەکردەوە و ئاڵقەی بەردەنگەکەی زۆرتر بنەماڵەی، تیمی و تایبەت بوو.

٤- چاپەمەنی و بڵاوکراوەکانیتر رێژەی خوێنەریان تا دێ دا ئەبەزێ و لە لایەکیترە دابین کردنی کاغەز کەبە قیمەتی وێرانکردنی سروشت و لەناوبردنی دارستانەکانە، ڕۆژێک مرۆڤ ناچارە بیانخاتە مووزەوە و وەکوو بابەتێکی مێژوویی چاویان لێبکات.

٥- تەلەڤزیوون بە عام چ لایەنە لۆکاڵیەکان و چ ئەوانەی لە ڕیگای ڕێسیوری تایبەتەوە لە مانگی دەسکرد(سەتەلایت)ەوە وەرئەگیردرێن، سەرەڕای ئەوەی بەردەنگێکی زۆری هەیە بەڵام ئەویش لە کۆمەڵێک خاڵی لاواز بێبەش نیە. پێویستیی وزەی تایبەت بۆکارپێکردنی یەکێک لە خاڵە لاوازەکانیەتی. لەبەر ئەوەی پەیامەکەی هاوکات بە شێوازی دەنگ و ڕەنگە، بەردەنگ ناچارە دەس لە کارەکانیتری بکێشیت بۆ ئەوەی زۆرتر لێی تێبگات و سەرەڕای ئەمانە لە هەر شوێنێک دەسناکەوێت و بەدەستهێنانی سادە و ساکار نیە. جیا لەمانە ئەمڕۆ زۆرتر وەکوو ئامرازێک بۆ بازرگانی و ڕێکلام کەڵکی لێ وەرئەگیردرێت تاکوو ئامرازێکی وشیاری بەخشین.

٦- نێت و بابەتی پێوەدیدار، سەرەڕای ئەوەی پانتایەکی بەربڵاو لە بەردەنگ لەخۆ ئەگرێت، بەڵام هێشتا بەردەنگەکانی تایبەتن و ڕێژەیەکی دیاریکراو بەردەنگی ئەم ئامرازەن. پێویستی بە کەرەسەی تایبەت وەکوو مۆبایلی زیرەک، کامپیووتێر، و تابلێت و ... هەیە. لە هەموو شوێنێک لە بەردەست نیە، هەمووان توانایی کارپێکردن و کەڵکوەرگرتنیان لێی نیە.

هەرکامە لە داهێنانەکانی مرۆڤ لە بواری پێوندیدا هەڵگری کۆمەڵێک خاڵی بەهێز و پۆزەتیڤن و هاوکات هەڵگری خاڵی لاوازی تایبەت بە خۆیان و هەرکامە بەدیل و جێگرەوەیەکیان هەیە و ڕێژەی بەردەنگەکانیان توێژهایەکی تایبەتن و بە ڕێژەیەکی تایبەت.

بۆیە بەڕای من تەنیا ئامرازێک کە توانیویەتی زۆرێک لەو بەربەستانە بشکێنێت و ڕێژەی بەردەنگەکانی کۆی توێژە جۆربەجۆر و ئاستی تەمەنی کۆمەڵگاکان لەخۆ بگرێت و هەموو سنوورەکان ببەزێنێت و لەمپەر و بەربەست بخاتە پەراوێزەوە، «ڕادیۆ»ە.

بەڵێ «ڕادیۆ» ئەو ئامرازەیە کە تەنانەت بە وزەیەکی سێ ڤۆڵتی کاری پێئەکرێت و جیا لەوە بە پێی تێکنۆلۆژیەکی تایبەت و ساکار بە بێ بەکار هێنانی وزەش کەڵک لە شەپۆلی ئێف ئێم وەردەگیردرێت. ڕادیۆ لە هەر جێگا و شوێنێک لە بەردەستایە

و هەموو چین و توێژێک لە هەر دۆخ، ئاست، تەمەن و پیشەیەکدا توانای کەڵک وەرگرتنیان لێی هەیە. هەر لە کابانێکی ناو ماڵ تا کرێکارێک، لە ناو ماشێن، لە مەزرا و باخ و کێڵگە، لە ناو ماڵ و لە کاتی گەشت و سەیران، لە ناو دووکان و بازاڕ، لە هەر ڕوداوێکی سروشتی و نەخوازراو، بۆ بڵاو کردنەوەی هەر بابەتێک یان ئاگادارکردنەوەیەکی خێرای گشتگیر لە سەر ئاگادار کردنەوەی جەماوەر لە هەر بابەت و پرسێک و بە پێی خشتەی پلان بۆ داڕێژراو بۆ سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگا بەکار دێت و گونجاو و بەجێیە. تەنیا ئامرازێکە کە تەنیا لە رێگای بیستنەوە بەکار دێت و دەست و چاو بەخۆیەوە خەریک و سەرقاڵ ناکات و بەربەست و ئاستەنگ نابێت لە ئاست ئەنجامدانی ئەرکی ڕۆژانە و پێوەندیدار بە پیشەی بەردەنگەکانی خۆی.

جیا لە هەمووی ئەوانە، ئامرازێکە کە تا ئێستا بەدیل و جێگرەوەی نەهاتووە. هەر لەبەر ئەو کۆمەڵە تایبەتمەندیە، ڕادیۆ ئەو ئامرازەیە کە پێویستە بایەخی شیاو و گونجاوی پێبدرێت و کاری بۆ بکرێت. هەر لەو ڕووەوە من لە سەر ئەو بڕوایەم کە تا ئەمڕۆ لە بەر کۆی ئەو لایەنە ئەرێنی و پۆزەتیڤانەوە، ڕادیۆ کارامە ترین ئامرازی پێوندیی گشتیە بە بەردەنگی فراوانەوە.


PM:03:50:07/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 73 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌