ئامادەیی جەماوەری و نائامادەیی حیزبەکان!


بزووتنەوەی ڕەواو مافخوازانەی کوردستان لانیکەم لە خولی نوێیدا و بە بەرینبوونەوەی پانتایی جوغرافیای سیاسیی بزووتنەوەکە، بە تەشەنەکردنە ناو توێژە جۆربەجۆرەکانی جەماوەری خەڵکی کورستان، پێی نایە قۆناخێکی جیاوازەوە. ئەگەر ڕاپەڕینەکانی کوردستان لە قۆناخەجیاوازەکانی لانیکەم ئەم دووسەدی دواییدا لە ناوچەیەکی دابڕاودا قەتیس مایەوە، ئەگەر زۆرجار فۆرمەتێکی خێڵەکی عەشیرەتی بوو، ئەگەر پرەم پرەم و دابڕا لەیکتر بوون، لانیکەم لە خولی نوێدا گشت ئەو بەربەستانەی وەلاناو بەشێوازێکی لەچاو جاران ئەوڕۆییتر و مۆدێڕنتر خۆی دەرخست و لە ئاڵقەی خێلەکی و عەشایری و تایفەیی دەرباز بوو.

ئەو دیاردەیە پاش سات و سەوداکانی شەڕی یەکەم و کۆتاییهاتن و دەرەنجامەکانی، زۆر زەقو بەرچاوترەو نکۆڵیی لێناکرێت. ڕاپەڕینی ٥٧ لە ئێران خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی خەباتی نەتەوایەتی و مافخوازانە لەو پارچەیە لە کوردستان و بەبێ شک گاریگەریی تایبەتی بوو لە سەر پارچەکانیتری کوردستان و جا هەربەشە و بەپێی تایبنەتمەندیەکانی و لەئاستێکی جیاوازدا.

هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئەگەر بەپێی ڕەوتە مێژوویەکی هەڵیسەنگێنین، لەم خولەدا بەربەست و ئاستەنگە داخراواکان تێکشکان و بزووتنەوەی کوردستان گەیشتە کرماشان و ئەوەتا ئەمڕۆ ئەبینین لوڕستان و ئیلام و بەشیك لە هەمەدان و خۆراسانیشی تەنیوەتەوە. ئەو ڕەوتە تا هاتووە بەرین و بەرینتر بووەتەوە و لەمپەردەستکرد و پیلانگێڕیەکانی دوژمنانی کوردستانی تێکشکاندووە.

بەپێی مێژووی نزیک لە یەکسەدەی رابردووە هێزو لایەنە سیاسی و رێکخراوەییەکانی کوردستان هەڵقوڵاوی دڵی جەماوەرن و هێز و وزەی خۆیان لە گەلەکەیان وەرگرتووەو هیچکات لە کۆمەڵگاکەیان دانەبڕوان. دایمە و لە کاتی پێویستدا ڕاستەوخۆ بەدەم داواکاریی حیزبەکانەوە هاتوون و گیان و ماڵ و حاڵیان، حەشارگە و پاڵپشت و شوێنی حەسانەوەی ڕۆڵەکانی خۆیان بووە. بەهاناوەهاتن، سۆز و عاتیفە، پاڵپشتیی گیانی و ماڵی و ئێمکاناتیتر نیشاندەری ئەو ڕاستیەن و تا ڕادەیەک کە هێزە سەربازی، ئیداری، ئەمنییەتی و .... کۆماری ئیسلامی، هەموو دانیشتووانی کوردستان بە چالاک و هەڵسووڕاوی هێزە سیاسیەکانی کوردستان ئەزانن.

بەدرێژایی ئەمچەنددەساڵە لە دەیان بۆنە و بابەتدا جەماوەری خەڵکی کوردستان وڵامی ئەرێنیان بە داخوازی حیزبەکان داوەتەوە چۆن بە بەشێک لەخۆیانیان زانیوە. دوایین نموونەکانی ئەو بابەتە لە حەوت مانگی ڕابردوودا بووە. یەکەم، پاش لە سیدارەدانی سێ هەڵسووڕاوی سیاسی بە ناوەکانی زانیار و لوقمان مرادی و ڕامین حسێن پەناهی و هەروەها مووشەکبارانکردنی ناوەندی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و فێرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتی مرۆڤکوژ و تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیەوە ڕوویدا. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بانگەوازێکدا داوای لە جەماوەری خەڵکی کوردستان کرد کە لە ئاست ئەو تاوانانەی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن کە بە مانگرتنێکی گشتیی و بەربەڵاو رۆژی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ لە گشت شارە و ناوچەکانی کوردستانەوە وڵام درایەوە. بابەتی دووهەم هەرلەو پێوەندیەدا بانگەواز بۆ پێشوازی لە نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێ بە نماد و سمبوڵی تایبەتەەوە بوو.

وەکوو نەریتی هەرساڵە، نەورۆز لە کوردستان خاوەنی تایبەتمەندیەکی مێژووییەو جەماوەری خەلکی کوردستان هەرساڵە بەشکۆی تایبەتەوە ئەو ڕێوڕەسمانە بەڕێوە ئەبەن. بەدرێژایی مێژوو و سەرەڕای ئاستەنگ و لەمپەر و تەنگوچەڵەمەی زۆر و زەبرو زەنگی دەسەڵاتدارن، خەڵکی کوردستان کۆڵیان نەداوە و بەپیریی ئەو بۆنەیەوە ڕوشتوون و وەکوو بابەتێکی پیرۆز چاویان لێکردووەو ڕایانگرتووە. گەلی کورد هەمیشە نەورۆز و بۆنەکانی تایبەت بە نەورۆزی وەکوو دەرفەتێک زانیوەوە چاوی لێكردووە. هاوکات بۆ بەرنگاربوونەی زۆرداری و ملهوڕی و دەربڕینی شادی و خۆشی و پێشوازی لە بەهار و ژیانەوە و ژیانی سەرلە نوێ تێی ڕووانیوە. بەڵام لەم ساڵانەی کۆتاییدا ڕەنگدانەوەیەکی سیاسیی بەخۆیەوە گرتووە و هاوکات لەگەڵ ئەو بابەتانەی باسیان لێوەکرا، توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان کردوویانەتە مەیدانێک بۆ دەربڕینی ڕق و بێزاری لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.

لە هەموویان تایبەتمەندتر نەورۆزی ئەمساڵ بوو کە لە لایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە لە خەڵک داوا کرا کە بۆ ئەم بۆنەیە بە نماد و سمبۆڵی تایبەتەوە بەرەو پیریی نەورۆز و نوێ بوونەوەی ساڵەوە بچن. بەخۆشحاڵیەوە وەکوو هەمیشە وڵامی جەماوەر بۆ حیزبەکانی خۆیان، ولامێکی ئەرێنی بوو. هەروەک بینیمان لە شار و دێ و شەقام و شاخ، خەڵک بە بەشداریی بەرینی خۆیان و نمادە داخوازیکراوەکانەوە هێزی خۆیان نیشاندا و دەسەلاتدارانی تارانیان دیسانەوە تووشی شۆکێکی گورچکبڕ کرد.

جەماوەری خەڵکی کوردستان بە کردەوەو بە شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان، چۆپیکێشانی جامانە و هەوری، سەمای گوڵیسوور و بەرزکردنەوەو چریکاندنی سروود و گۆرانی و هەڵپەڕکی لە دەوری تین و ڕووناکایی ئاگری نەورۆز نیشانی هەموو لایەنێکیاندا کە ئەوان لە سەرمافەڕەوا و سروشتی و ئاسایی و یاساییەکانی خۆیان سوورن و هەردەم و هەرکات بانگەشەی بۆ دەکەن.

ئەوان نیشانیاندا کە لە داخوازە ڕەواکانی خۆیان پاشگەز نابنەوە و هاوکات بڕوایان بە پێکەوە ژیان لەسەر بنەمای مافی بەرانبەر هەیە و لە لۆمە و تانەی بڕێک ڕێگا لێونبووی نوقمی زەلکاوی خەون و خەیاڵ ناسڵەمێنەوە و پڕ بە گەرویان دەنگی بۆ هەڵدێنن و هاواری بۆ ئەکەن.

خاڵێک کە جێگای تێڕامان و سرنجە ئامادەیی بەربڵاوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە کە لە هەر بۆنە و بابەت و پێشهاتێکدا بە تێپەڕاندنی گشت سنوور و لەمپەرە ئەمنییەتی و سەرکوتکارانەکانی دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی دەسەڵاتیدارنی تاران و بە بێ لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و گوڕەشەکانیان، بە دەم بانگەوازی حیزبەکانەوە دێن و وڵامی ئەرێنییان پێ ئەدەنەوە تا ئەو جێگایەی کە ناوەندە ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامی هاواریان بەرز ئەبێتەوە و ماڵپەڕی ئاکام نیووزی سەربە وەزارتی ئێتڵاعاتی ئێران بە سەردێڕی زەق و بەرچاوەوە ناشارێتەوە و هاوار ئەکات کە ئەی هاوار دنیا ئاوبردی! ئەو ماڵپەڕە لە یەکەم رۆژی نەورۆز واتە پێنجشەممە 21ی مارسی 2019 بەم سەردێڕەوە هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە خرۆشانی جەماوەری لە کوردستان و وڵامی ئەرێنی بە داخوازی حیزبەکان و پێشوازی لە نەورۆز و بەهار دەر ئەبڕێت و ئەڵێت: ( هواداران کومله و دمکرات در روز روشن اعلام موجودیت کردند!)واتە:»لایەنگرانی کۆمەڵە و دیموکرات لە رۆشنایی ڕۆژدا هەبوونی خۆیان ڕاگەیاند».

هەر لەدرێژەی ئەوبابەتەدا ئەو دەزگا ئەمنییەتیە، بە هێرشکردنە سەر خەڵکی کوردستان، کۆمەڵە، دیموکرات و چالاکانی ژینەگەپارێزی داوای بەدواداچوون و سزادانیان دەکات. ئەوە بابەتی ئەولای پرسەکەیە، بەڵام لایەنی دیکەی هەڵئەگەڕێتەوە بۆ حیزبەکوردیەکان و بەتایبەت ئەندامانی «ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران». ئەو داخوازە و دیاریکردنی نمادەکان بە بەشداری و لەسەر رێککەوتنی هەموو لایەنێک بوو بەڵام بەداخەوە بڕێک لەو لایەنانەی بەگوێرەی پێویست کاریان بۆ نەکرد و لە میدیاکانیشیاندا ڕەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو. جالێرەدا بەلەبەرچاوگرتنی ڕێکەوتنی ئەندامانی ناوەندی هاوکاری، چ پاساوێک هەیە بۆ ئەو کەمتەرخەمیە؟ خەڵک بە بەرینی بەدەم داخوازەکەوە هاتوون و سەرەڕای گشت لەمپەر و کۆسپەکانی ناوخۆی کوردستان کە لەکەس شاراوە نیە، پێشوازیی بەربڵاویان لێکردووە، جاباشە بۆ ئەبێ ئەولایەنانە ئاوها کەمتەرخەمبن؟

بۆیە بەو دەرەنجامە ئەگەین کە سەرەڕای ئامادەیی جەماوەری، هێشتا بڕێک لە لایەنە سیاسیەکانی ئێمە گرینگایەتیی ئەو بابەتەیان هەست پێنەکردووە کە جەماوەری خەڵکی کوردستان بەخاتر چاو و برۆی کەس نەهاتوون بەڵکوو هەستیان بەوە کردووە کە حیزبەکانیان دەستیان بۆ بابەتێکی گشتی بردووە کە بنەما و سەرەتایەکە بۆ کاری گەورەتر. بۆیە هیوادارتر بوونەوەو بەوشێوازە وڵامیان دایەوە و وەکوو هەمیشە هاتنە مەیدان. پێویستە لایەنە سیاسیەکانیش لەو ڕاستیە تێبگەن و بە مانۆڤڕدان لە سەر خاڵەهاوبەشەکان و خۆتەیار کردنیان بۆ هاوکاریی زۆرتر و چڕوپڕتر و وڵامدانەوە بە داخوازەکانی جەماوەری خەڵکی کوردستان خۆئامادە بکەن و ئامادەتر بن و پوتانسیلی ئامادەی جەماوەری لە کوردستان لە کیس نەدەن و نەیکەنی قوربانیی ململانێ و بەرژەوەندیی تایبەت. لەوەش دڵنیابن کە نەمێژوو و نە جەماوەری وەزاڵەهاتوو بە دیاری کەسەوە ڕاناوەستن و لەچرکەساتە هەستیارەکاندا بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆیان ئەدەن.



PM:11:33:03/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 118 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌