کۆماری ئیسلامی ئێران دوژمنی ژین و ژینگە



هەروەکوو هەمووان بینیومانە، بیستوومانە یان لەچاپەمەنی و بڵاوکراوەکاندا خوێندوومانەتەوە، کۆماری ئیسلامی ستارتی خۆی بە فەوتاندن، لەناوبردن، کوشتن، ئاورتێبەردان، قەڵاچوکردن و دروشم و ویستی مردن و لەناوچوون بۆ هەمووان دامەرزاوە و هەڵس و کەوتی کردووە. کۆی پلان و گەڵاڵەکانیشی هەر لە هەمان ئاراستەدا داڕێژراوە و بەرەوپێش براوە. لە راستیدا بە پشت‌بەستن بە هەموو بەڵگە حاشاهەلنەگرەکانی خودی ئەو دەسەڵاتە، ئەتوانیین بڵێین کە کۆماری ئیسلامی لەتەواویەتی خۆیدا،کێشەی نەبڕاوەی بێ‌وچانی لە گەڵ ژین و ژیان بووە و هەیە. ئەگەر چاوخشاندنێکی کورت بەسەر ماوەی دەسەڵاتی ئەو رژیمەدا بگێڕین، ئەو راستیە بەزەقی دیار و لە چاوە.

پاش کۆتایی شەڕی ماڵوێرانکەری‌ هەشت سالەی ئێران و عێراق و سپاردنی بەشە جۆربەجۆرەکانی ئابووریی ئێران بە بەرپرسانی سپای پاسداران، هەروەها رادەستکردنی گەورە پرۆژەکانی بەربەند و رێگە‌وبان و چەندین بواریتر لە ژێر ناوی قەبەی "ئاوەدانکردنەوە" کە لە سەروبەندی دەسەڵاتدارەتیی رەفسەنجانی ناوی بێ ناوەڕۆکی (دولت سازندگی)یان لەماوەی دەسەڵاتی هەشت ساڵەی ئەودا لەسەر نابوو، پرۆسەی کاولکاریی وڵاتی ئێران و ژینگەی ئێران، رەوتێکی خێراتری بەخۆەیەوە بینی.

ئەگەر ئەمڕۆ کێشەی وشکە ساڵی، کەم ئاوی و بێ ئاوی بەرۆکی لە خەڵک تەنیوەتەوە، ئەگەر لە خووزستان و ئێسفەهان و بەلووچستان خەڵک و سرۆشت و ژینگەی لە تاو تینوویەتی خەریکی قڕ بوونن، راستە کە بە گشتی شێوەی هەڵس‌وکەوتی مرۆڤ لە گەڵ سروشت و ژینگە قەیرانی خولقاندووە، بەڵام دۆخی وڵاتێکی لە گشت بوارێک دەوڵەمەندی وەکوو ئێران گەڵێک زووە بوو بۆ کەوتنە ناو گێژاوی ئاوا قەیرانێکی سامناک. لە راستیدا ئەو دەسەڵاتەو شێوازی بەڕێوەبەرایەتیی ئەو وڵاتەیە کە بە هەموو هێز و تواناوە پاڵی پێوە نراوە و ئەنرێت و بۆ نوقم بوون لە وەها قەیرانێکدا.

پرۆژە بەربەندسازیەکانی دەیەی حەفتاکانی ساڵی هەتاوی کە بە لێشاو و بە بێ‌پلان و ناکارناسانە ئەنجام دران ئەو دۆخەی ئەمرۆیان خولقاند. لە ژێر ناوی بایەخدان و هەوڵدان بۆ ئاوەدانی لە بشێک لە ئێران، لە راستیدا خەریکی بەرەوپێش‌بردنی گەڵاڵە و پلان و پیلانەکانی خۆیانن. دەسەلاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەو راستیە تێگەیشتوون و کە لە ئێران هیچ جێگایەکیان نیە و جێگایان نابێتەوە و لە بنەڕەتیشدا بەنیازی ئاوەدان کردنەوە نەبوون. ئەوان تەنیا وەک هەل و دەرفەتێک چاو لە ئەو وڵاتە ئەکەن و پییان وایە دەسکەوتە و تا زۆرتری لێ هەڵپچڕن باشتر و بە قازانجە.

ئەو ولاتانەی ئەمڕۆ وەکوو ولاتانی گەشە سەندوو لە رەهەندە جۆربەجۆرەکاندا ئەناسرێن و ناو و ناوبانگیان دەرکردووە تەنیا سێ سەرچاوەی داهاتیان هەیە کە بریتین لە ١- وەرگرتنی باجی گشتی لە هاووڵاتیان٢- تووریسم و گەشتیاری و گەشت و گوزار٣- فرۆشی کاڵا و شتوومەکە بەرهەم هێنراوەکان و ئەوەتا ژیانی دانیشتووانیشیان ئەبینین. بەڵام لە وڵات و هەڵكەوتەیەکی جوغرافیایی بە ناو ئێران شاخ و دار و بەرد و لم و ئاو و خاک و کان و کانزای تاڵان ئەکرێت وئەفرۆشرێت، ئەی ناکرێ بپرسین سەرەڕای گشت ئەوانە، هۆی دابەزینی ئاستی ژیانی خەڵک چیە؟ سەبەبکاری داروخانی ئابووری، سروشتی، ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و ... کێن و چین؟

کۆمەڵگایەکی خەمۆک کە دەسەڵات ناچاری ئەکات بیری پارۆە نانێک و چۆنیەتی بەچنگ هێنانی وتو ویرەی هەموو کات و سات و ئانی بێت، ئیتر چۆن ئەیپەرژێتە سەر ژینگە لە حاڵێکدا کە هەموو ژین و ژیان و هیوای ئەویان لە چواچێوەیەکی بەرتەسکی داخراودا زیندانی کردبێت؟

کۆماری ئیسلامی بە گشت پێکهاتە و دام و دەزگاکانیەوە چەند دەیەیە کە خەریکی رووتاندنەوەی ئێرانن. کامە بوار ماوە کە دەستیان تێوەرنەدابێت و تووشی تێکشکاندنیان نەکردبێت؟ بواری کار و بەرهەمهێنان، کارگە و کارخانەکان، کان و سەرچاوە سروشتیەکانیتر، ئاو و شاخ و دار و بەرد، بەرهەمە کشت و کاڵیەکان و ... کامە بوار ماوە خاپوور نەکرابێت؟

سپاردنی بازرگانی و دابینکردنی پێداویستی رۆژانە بە ناوەندە حکومەتیەکان و بەرپرسانی رژیم و دەست و پێوەندەکانیان هەروەها ناوەندە چەقبەستووە ئایینیەکان و بەرپرسانی ئەو ناوەندانە و وەرگرتنی رانت و پوورسانت و داخستنی بە ئەنقەستی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و بەروبۆمە خۆماڵیەکان، شێوازێکیترە لە پاڵ پێوەنان بەرەو هەڵدێر و روخاندنی ئابووری و کۆمەڵگا و ژینگەی ئێران.

یەکێک لەو بەستێنانەی کە لەم دوایانەدا و پاش ڕووتاندنەوەی هەموو بەستێنەکان، ڕووهێنانە بە تاڵان کردنی دارستانەکان. هەرچەندە تێکدانی ژینگە و دوژمنایەتی لە گەڵ ژین و ژیان و ژینگە هاوتەمەنی ئەودەسەڵاتەیە، بەڵام هەندێک جار لە بەر کەمتەرخەمیی خەڵک، هەندێک جار بە نهێنی یان لەژێر دەمامک و پاساوی هەمەڕەنگ یان پێشتر نەبوونی میدیای گشتگیر، ئازاد و سەربەخۆ و ساڵانی دواتر کەمڕەنگ دەرکەوتنی هەر هەمان میدیاکان، جۆرهایەک لە خەمساردی، رەنگ‌نەدانەوە بێدەنگی و دەرنەکەوتن دیار بوو. لەم ساڵانەی دواییدا ئەو بابەتە گۆڕدراوەو جەماوەر بە هەست بە بەرپرسیارەتی کردن و دامەرزاندن و رێکخستنی هەمە چەشنە رێکخراوێکی مەدەنی و ژینگەپارێز هاتنە مەیدان و حاشاردان و داشاردن لەسەر ئەو پرسە وەلانرا و پەردەی لەسەر لادرا.

هەرچەندە ئەو بابەتە لە ئێران گشتگیرتر بوو، بەڵام لە کوردستان بەهۆی کۆمەڵێک فاکتۆرەوە تایبەت و هەڵگری چەند واتا بوو کە لەو واتایانەدا چوار خاڵی سەرەکی و گرنگ زەقتر و بەرچاوترن و ئەو خاڵانە بریتن لە :

1-شێواندن و تێکدانی ژینگە و سروشتی کوردستان و بەرەوپێشبردنی گەڵالەی" ئەرزی سووتاو" (سرزمین سوختە) و ناچار کردنی دانیشتووان بە چۆلکردنی وڵاتەکەیان و کۆچی زۆرەملێی ناڕاستەوخۆ.

2-بەدەست هێنانی سەرچاوەیەکی داهات لە رێگای بڕین و هەناردەکردنی دار و دارستانەکان بۆ بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئەوبەرهەمانە وەکوو بازاڕی خەڵووز و هەناردەکردنی بڕیکی زۆر لەو دارانە بۆ کارگەکانی بەرهەمهێنانی کاغەز و بەرهەمە دارینەکان و بەدەستهێنانی قازانجێکی زۆر بە بێ خەرجکردنی هیچ چەشنە سەرمایەیەک.

3-رووتاندنەوەی شاخ و کێو و دارستانەکان بە بیانووی ئەوەی کە حەشارگەی دژبەران و هێزی پێشمەرگەی سەربە حیزب و رێکخراوە کوردستانیەکانن.

4-بەدەستەوە گرتنی بیانووی زۆرتر بۆ سەرکوتی رێکخراوە مەدەنی و ژینگەپارێزان و کەسانی سەربەخۆی لایەنگر و داکۆکیکاری پاراستنی ژینگە هەروەک لە چەندمانگی رابردوودا چ لە ئاستی ئێران و چ لە کوردستاندا هەمووان شاهێدی زیندووی ئەو بابەتەن. دەستبەسەرکردنی ژینگە پارێزان و تەنانەت کوشتن و سووتاندنیان لە زیندان و گرتووخانەکان یان لە کاتی کۆژاندنەوە ئاگری بە ئەنقەست بەرداو لە دارستانەکانی مەریوان و و برژاندنی شەریف باجوەر و هاوڕێکانی.

هەر وەکوو خۆی لە خۆیدا دیارە، ژینگە شوێنی ژیانی ئێمەیە و مڵکی گشتی و خاوەنی ئەو مڵکەش هەموو بوونەوەران و گیان‌لەبەرانن. دارستانەکان" سی" و ئامرازی هەناسەکێشان و درێژە ژیانن. وەستان لە بەرانبەر دەست و پێوەندەکان و سیاسەت و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەرکێکی هەمەلایەنەیە لە پێناو پاراستنی ژیان. با بە هەموومانەوە لە ئاست ئەو تاوانانە بێدەنگ نەین و بەهەرشێوازێکی گونجاو و کاریگەر دەنگ هەڵبڕین. پێویستە لە یەک بابەتیش دڵنیا بین کە درێژەو مانەوەی رژیمی کۆماری ئیسلامی، سووڕانەوەی درگایە لەسەر هەمان گێژەنە و تەنیا لە روخانی کۆماری ئیسلامی و دامەرزاندنی دەسەڵاتی راستەوخۆی جەماوەرە کە مەجالی ژیان و ئاوەدانیی ژینگە و گەشەی دارستان و بوژانەوەی سروشت و هەناسە هەڵمژینی ئاسوودەی گیانلەبەران دەستەبەر ئەکات.


PM:10:17:09/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 94 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌