بەناو ئۆپۆزیسیونی پاوانخواز بۆ لە ڕووخانی ڕژیم هەراسانە؟

بیژەن قوبادی

كۆماری ئیسلامیش سەرەڕای ئەو ژێستە پاڵەوان پەموویەی لە پێش كامێراكان بە خۆیانەوە دەگرن یان لە لایەن میرزاكانیانەوە بە پیتی سەر كیبۆردەكان ڕیز دەكرێن، ڕوو بە دەرەوە، لە واقیعدا ئەو كرۆكۆدیلە لە ڕواڵەتدا زەبەلاحە، تەنیا سێبەرێكە لەسەر پەردەی ڕەشی پانتایی ئێران و جیا لە مارمێلكەیەكی كلك و گوێ‌كراوی چاودابەستراو هیچیتر نییە. ئەو ڕاستیەمان بەپێی چەند نموونەی حاشاهەڵنەگری نكۆڵی‌لێنەكراو لە بەرد دەستدایە وەكوو: ئەگەر ئامریكا لە ڕێكەوتنی بەرجام بكشێتەوە، ئێمە پیتاندنی ئۆرانیووم دەست‌پێدەكەینەوە و خەریكی چالاكیە ئەتۆمیەكانمان دەبین!! ئێستا خەریكی چین؟ كامە وڵات ماوە وەكوو سواڵكەر ڕووی تێنكەن و لێیان نەپاڕێنەوە؟ سركردە و بنكردە سیاسی و ئایینی و سەربازیەكانیان هەڕەشەیان لە ئیسرائیل دەكرد و دەیانوت: لە ئەگەری هەر جموجووڵێكی سەهیوونیستەكان، لەسەر گۆی زەوی دەیانسڕینەوە! لەم دوایانەدا بەشێوەی نێونجی هەر سێ ڕۆژ جارێك بنكە و بارگا و ناوەندە سەربازی و جاسووسیەكانی ئێران لە سووریە و لە غەزە كراونەتە ئامانجی هێزەكانی ئیسرائیل و خاپوور كراون و بە سەدان كارناس و ڕاوێژكار و فەرماندەی هێزە فرەناوە ڕەنگامەكانی ئێران كوژراون و تەنانەت زۆرێكیان هەر نەناسراونەتەوە یان تەرمەكانیان نەدۆزراونەتەوە. كەچی لە لایەن ئێرانەوە بێدەنگیەكی مەرگاوی باڵی بەسەریاندا كێشاوە و زۆرجاریش بە ڕاشكاوی و ئاشكرا نكۆڵی لەو ڕاستیانە كراوە.
ئەو بابەتەی سەرەوە بەجێگای خۆی بەڵام ئەو باسەی كە گرنگەوە دەبێت بدرێتە بەر باس، شیوازی هەڵسوكەوتی بڕێك لەو لایەنانەیە كە لە ڕواڵەتدا بەناوی ئۆپۆزیسیونەوە خەریكی خۆڵ پرژاندنن لە چاوی خەڵك. هەرچەندە بەدرێژایی تەمەنی خۆی بەناو ئۆپۆزیسیونی نوقم بوو لە نۆستالۆژیی داتاشراوی خودساختەی مێژوویی مەزنخوازیی باڵادەستی ئێرانی كێشەی ڕاستەقینە لەگەڵ مانەوەی كۆماری ئیسلامی نەبووە. ئەو ڕاستیە لە ماوەی چل ساڵەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بە عینی بینراوە و ئەو خێڵە نە بەپێی پێگەیشتن و لێتێگەیشتنێكی واقێع‌بینانە، بەڵكوو لە پشت چاویلكەی ڕەش و سپی بۆ بابەتەكەنیان ڕوانێوە و تەنیا ئەو دیمەنانەیان بینیوە كە پێیان خۆش بووە. چیتر قادر بە بینینی هیچ ڕەنگ یان دەنگێكیتر نەبوون و نین.
 لەم ڕۆژانە و پاش ناڕەزایەتیە جەماوەریە ناوخۆییەكان و چڕبوونەوەی زەختە ناوچەیی و نێونەتەوەییەكان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی، شڵەژاو و شپرزە بوون و چیتر نایشارنەوە و بە بانگ بەرز هاواری دەكەن. جا ئیتر لێرەدایە كە ڕووبەند و دەمامكەكان تووڕ دەدرێن و ڕواڵەتە ڕاستەقینەكان دەردەكەون و دەبینین لەگەڵ شەریكە دەسەڵاتەكانی دوێنێ و دەركراوان و پەراوێزخراوانی ئەمڕۆ كە ئەوپەڕی ئاوات و ئارەزوویان گەڕانەوە بۆ "قۆناخی زێڕینی ئیمام" (دوران گلایی امام)دا دەسووڕێتەوە، هاوپەیمان و هاودەنگن. ئەوانەی كە بە درێژایی تەمەنی خۆیان جیا لە ئامرازێك بۆ خاڵی‌كردنەوەی ڕق و بێزاریی جەماوەر بەرانبەر بە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی و بۆش‌كردنەوەی كۆمەڵگا لەو بێزاریە بە پێدانی كۆمەڵێك بەڵێنی بێ‌بنەمای هەرگیز بەكردار دەرنەهێنراو، هیچ هونەرێكیتریان نەبووە.
لەم ماوەیەدا گوێمان لە درووشمە قەبە و گەرودڕە گوێ ئاخنەكانیانە كە باس لە ڕوودانی "شەڕی ناوخۆیی" دەكەن لە ئەگەری ڕووخانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی. لێرەدا پێویستە پرسیارێكیان لێ بكەین كە باشە بۆمان ڕوون بكەنەوە بزانین پێناسەكانی شەڕی ناوخۆیی چین؟ نەبوونی سەقامگیریی ئابووری، سەقامگیریی كۆمەڵایەتی، گرانی، مردن و كوشت و كوشتار و خوێن‌ڕشتن، گرانی، بێكاری، هەژاری، نەداری، ڕاوڕووت و ڕەشەكوژی و تاڵان، هەڵاواردنی نەتەویی و ئایینی و ڕەگەزی، ناشتنی بە كۆمەڵی كوژراوان و هەبوونی گۆڕە بەكۆمەڵەكان، دەست‌بەسەركردن، ئەشكەنجەدان و زیندانی‌كردن و لە زینداندا كوشتن و بێسەر و شوێن كردن، كاولكاری و ماڵ وێرانی، هەڵهاتن و بەجێ هێشتنی شوێنی ژیان، كاریگەریە درێژ ماوە دەروونیەكانی دۆخی داسەپاوی ئەمڕۆ بەسەر ئێراندا و دەیان بابەتی نەوتراویتر، شەڕی ناوخۆیی نین چین؟  كامە لەو حاڵەت و دیاردانە لە ئێرانی ئەمڕۆدا نامۆ و بێگانەن؟ چل ساڵی ڕەبەقە دانیشتووانی ئێران تووشی ئەوانە نین؟  
مانەوەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بە مانای مانەوە و درێژەپێدان و بەربڵاوتربوونەوەی هەمووی ئەوانەیە. ئێوەمانان و هاوپەیمانە ئێسڵاحخوازەكانتان و باقیی هاوپشكە بازرگانەكانتان لەبەر مانەوەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی و دابین‌كردنی بەرژەوەندیەكانی خۆتان خەریكی ترساندنی و تۆقاندنی خەڵكن لە ڕوودانی شەڕی ناوخۆیی لە ئەگەری ڕووخانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی،  بەڵام پێمان ناڵێن ئەی بۆ دەرچوون لەو دۆخە دەبێ خەڵك چی بكەن؟ شەڕ لە هەر حاڵدا كاولكاری و وێرانیی بە دواوەیە و جیا لە تاقمێك كە خۆیان لە شەڕ و دەرهاویشتەكانی دوورن و پارێزراون و گەڵاڵە دادەڕێژن  بۆ هەڵووشینی ئەو خێر و بەرەكەتانەی كە لە ئەگەری شەڕ و پاش كۆتایی هاتنی شەڕ بۆ خۆیان چاوەڕوانی دەكەن و بە ڕیشی خەڵك پێدەكەنێن. تەنانەت جەنابی زیباكەلام زۆر ڕاشكاوانەتر دەڵێت: ئەگەر من ببینم هەر ئەم نیزامە، هەر ئەم كۆماری ئیسلامیە، هەر ئەم یاسای بنەڕەتیە، هەر ئەم ولایەتی فەقییە تەنانەت بەهۆی ناڕەزایەتیە جەماوەریەكانەوە خەریكە دەروخێت، من سەرەڕای ئەوەی لە فیشەك و لە چەك بێزارم، چەك بەدەستەوە دەگرم و بۆ پاراستنی نیزام شەڕ دەكەم!!
ئەویە مەنتقی ئێسڵاحخوازیی حكوومەتی و بەڕاشكای باسی دەكات كە كێشەی ئەوە كێشەی خەڵك نییە و بەڵكوو پاراستنی نیزامە و ئەگەر ئەو خەڵكە ناڕازیە بڕژێنە سەر شەقامەكان، دەكەونە بەر دەسڕێژی مامۆستای زانكۆ سادقی زیباكەلام، و باكی نییە لە كوشتنی خەڵك تەنیا لە پێناو پاراستنی كۆماری ئیسلامی.
تازە بەوەشەوە ناوەستێ و خۆی بۆ ڕاناگیریت و مەبەستی ڕاستەقینەی خۆی لە" بەدەستەوە گرتنی چەك و پاراستنی نیزام" كە مێشكی ئەو و باقیی پاوانخوازانی بەشدار و پەراوێز و ئۆپۆزیسیونی دەسەڵاتیشی بەخۆیەوە خەریك كردووە، بەم شێوەیە بەرمەڵا دەكات: دڵنیام كە ئێرانی نوێ بەبێ كوردستان و خووزستان و بەلووچستان و توركەمن سەحرا و ئازەربایجانە! 
خۆیان باش دەزانن كە لەم ماوەی چل ساڵەدا چ ڕێحانێكیان كێڵاوە و كۆمەڵگای ئێرانیان بە چ ئاقارێكدا بردووە كە جمەی دێت لە پەرتەوازوە بوون و تەقالای  دەربازبوون لە قەفەس. بۆیە پێویستە سەرنجی هەموو لایەكیان بۆ لای ئەم ڕاستیە ڕابكێشێن كە بەردەوام‌بوونی كۆماری ئیسلامی بە واتای درێژەپێدانی دۆخی تا ئەمڕۆیی و بێچارەسەرهێشتنەوەی كێشەكان و تامەزرۆكردنی هەرچی زۆرتری ئەو خەڵكانە بۆ تێكشكاندنی ئەوە قەفەسە و بڕینی كلك و گوێ و لووت و دەست و قاچی ئەو پشیلە خرپنە. تەنیا ڕێگای پاراستنیشی ڕووخانی كۆماری ئیسلامی و كۆتایی‌هێنان بە گشت ئەو پێشێلكاریانە و ڕادەست‌كردنەوەی مافە ئاسایی و یاسایی و سرووشتیەكانیانە نە زەبر و زەنگ و گرتن و لێدان و زیندان و كوشتن حاشا لێ كردنیان و ئەو سیاسەتانەی تا ئەمڕۆ پەێڕەو كراون.

PM:03:06:18/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 335 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌