شۆڕشی كوردی و مەترسی شوێنكەوتەبوونی نێودەوڵەتی

ئاوات قوڕەیشی

 بۆ كردنەوەی ئەم باسە كە پێدەچێت ئەم رۆژانە و لە گەرمەی سیاسەتی رۆژانە نەپەرژینە سەری و بیری لێنەكەینەوە، سەرەتا پێویستە بیرهێنانەوەیەكی مێژوویی بكەین دەربارەی ئێڵمانەكان و كۆڵەكە بنەڕەتی و جەوهەرەییەكانی هەر بزووتنەوەیەكی رەسەن لە كوردستاندا كە بەتایبەت لە پاش شەڕی جیهانی دوهەم سەریان هەڵداوه. پێناسەكانی بزووتنەوەی سەدەونیوی رابردووی كورد هەرچەندە لە بڕگە جۆراوجۆرەكانی مێژووی خۆیدا ئاوێتەی ئایدیۆلۆژیەكانی ئیسلامی كولتووری و تەریقەت یان دواترەكان بیرۆكەی ماركسیستیش بوبێت، بەڵام لەهەمان كاتدا دەكرێ بڵێین كە ئەم ئایدیۆلۆژیانە نەببونە هۆی ئەوەی كە بزووتنەوەكانی كوردی لە هێڵی رەسەن و خەڵكی و خۆییبوونی خۆیان لابدەن و پێناسەی سیاسەت بە مانای تاكڕەهەندانەی هەوڵدان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات بە رووتی هەڵبگرن. لەهەموو ئەمانە گرنگتر ئەوەیە كە لە تاریخی رۆشنی هەتا دوو دەیەی رابردووی ئەم بزووتنەوانەدا دابەشبوون لە ئاستی كوردستانیدا بەهۆی جەمسەربەندیی دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەكان نەهاتبووە ئاراوە بەو جۆرەی كە ئێستا بەگشتی هاتووەتە ئاراوه. لەم پێناوەدا و بۆ دووان لەم بوارەدا ئەم یادداشتە كورتە هەوڵدەدات دەروازەی ئەو باسە بكاتەوە كە چۆن هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان كارییان كردووەتەسەر جەوهەری رەسەنایەتی بزووتنەوەی كوردستان بەگشتی و ئەمەی كە زەرەرەكانی چۆن هەڵدەسەنگێ؟ هەروەها دەروازەی ئەو باسەش بكەینەوە كە خەتا و هۆكاری ئەم كەماسییە كامەیە و چۆن دەتوانێ رەوتی خۆزگەكانی "تاكی كوردی نێودەوڵەتی" بەلارێدا بەرێ.  لەكاتێكدا كە ناوچەی ئێمە و دەوروبەری كوردستان مەیدانی كێشمەكێش و ئاڵۆزییەكانی دنیایە، كاریگەریی پێوەندیی نێوان هێزە گەورەكان لەسەر ئێمەی كورد و سیاسەت و رێباز و نەخشە و پلان و تەنانەت شكست و سەركەوتنمان دیارە و واقعییە و مەبەست ئەوە نییە كە ئەم واقعییەتە نادیدە بگیرێت. بەڵام بە سەرنجێكی وردبینانەتر ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە كە ئایا خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی پێوەندیی نێوان زلهێزەكان تاكە بەرپرسیارەتی بزووتنەوەی كوردییە یان نا، پاراستنی جەوهەر و ئەركی پێسپێردراوی ئەو بزووتنەوانە بۆ گەیشتن بە ئایدیالەكانیان لە تاك و دەسەڵات و كۆمەڵگای سەركەوتوانەی كورد و بایەخەكانی، لەجێگای خۆیدا ماوە؟ ئەم خاڵەیە كە كاتی لێكدانەوە بۆ كردنی و هەڵسەنگاندنی رەفتاری سیاسی ئێستای لایەنە كوردییەكان دەرحەق بە دۆخی پێوەندی زلهێزەكانی ناوچەكە، وامان لێدەكات بگەینە ئەو ئاكامە كە پرۆسەیەكی دووركەوتنەوە لە بایەخەكانی رەسەنیی بزووتنەوەی كوردی دەستیپێكردووە و رێگایەكی بڕیوە و بە پاساوی رێال پۆلیتیك خەریكە هێدی هێدی ئاسۆی گەیشتن بە ئازادییە ئایدیالەكانی خۆمان و ئەو ستانداردانەمان لێدەشارێتەوە كە پێوانەی هەڵسەنگاندنی هەر نەتەوە و كۆمەڵگایەكی ئازادە.  بە سەرنج بۆ رووداوەكانی هەنووكە لە ناوچەكەدا و خوێندنەوەی رەفتاری سیاسی كورد لە كێشمەكێشەكاندا دەتوانین هەموو كات ئەو ئاكامگرتنە بدۆزینەوە كە كورد هەوڵیداوە لەم ساڵانەی رابردوودا هەڵسووكەوتی خۆی هاوتەریب بكات لەگەڵ خواستی هێزەكانی ناوچەكە و هێزە دوورمەودا میوانەكان لە ناوچەكەدا. ئەم خاڵە هەتا رادەیەك چووەتە پێشەوە كە لەزۆر حاڵەتدا كورد پێشێلی ئارەزووە سیاسییەكانی خۆی كردووە و بۆ نەڕەنجاندنی هێزەكان و پیشاندانی ئەو نییەتە كە تا چ رادە حەساسییەتەكانی ئەوان دەرك دەكات! پاساویان بۆ مەحتەلكردنی ئاواتە دێرینەكانی خۆیان سەربەخۆیی هێناوەتەوە یان زەمینە تیۆرییەكانی لادان لە هێڵەكانی ئاواتە نەتەوەییەكانی خۆیان ئامادەكردووە و هەوڵیانداوە بە پاساو رای شەقامی كوردی لەسەر لادانی مێژوویی بۆخۆیان دەستەبەركەن. بۆوێنە بزووتنەوەیەك لە بەشێكی كوردستان توانیویەتی كە دەسكاری لە دروشمە سەرەكییەكانی داخوازی كیانی كوردی بكات، واتە ئەو دروشمانەی كە هیوایەكی مێژوویەوە‌ هاتوون و پاساوی تێۆریك بۆ ئەم دەسكاریانە بێنێتەوە تەنیا بەو هۆكارەی كە پێیوایە ئەم هیوا نەتەوەییانە دەتوانێ مایەی رەنجانی هێزە گەورەترەكان و دەوڵەتە هاوكارەكانی دەوروبەری بەدوادا بێت یان لەسەر داوای سیاسی ئەوان دەستیبردووە بۆ ئەم گۆڕانە تێۆریكانە لە مانیفیستی خۆیدا كە ئەمە بە بڕوای ئێمە تەرجەمەكەی دەبێ بە دەستەمۆكردنی بزووتنەوەی رۆحی سەركەشی بزووتنەوەی كوردی و بە موعاملەدانانی لە پشت پەردەوە. لەمانە تاڵتر ئەوەیە كە ئەم شوێنكەوتەبوونەی هێزەكان، بزووتنەوەی كوردی لە ئاستی گشتیی پارچەكاندا كردووەتە دوو كەرتی گەورە! كە ئەمە زەربەی كاریگەرە بەو هۆكارەی ئاسۆی كوردی چرژاو و دوولەتكردووە. راستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە نەوەد لە سەدی ئیختلافەكانی كورد و دووبەشبوونی نەزەر لە كوردستاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەر كام لە جەمسەرەكانی كوردستان نوێنەرایەتی یەكێك لە دووجەمسەرەكانی سەرەكیی هێز دەكات لە دونیادا و چەشنێك بێئیختیاربوون لێرەدا بە كوردەوە دیارە. بەم راستییەوە تەنانەت ئەگەر لە خۆشبینانەترین حاڵەتدا بتوانین ئەگەری سەركەوتن بۆ نەخشە و پلانی كورد بەگشتی دابنەین، ئەوە هەمیسان وڵاتێك چاوەڕوان دەكرێ لە داهاتودا كە خاوەنی سەروەریی نێودەوڵەتی نابێت و سەروەرییەكانی خۆی لە سەردەمی گواستنەوە لە بێدەوڵەتبوونەوە بۆ دەوڵەتداربوون لە دەستداوە و بۆ هەموو بوارەكانی ئابووری و بازاڕ و پێناسەی نێونەتەوەییەكەی كارگێڕیی ئەو هێزانەدەبێت كە بەبێ پلان شوێنیان كەوتووە. ئەم عەیبی شوێنكەوتەبوونی نێودەوڵەتان لە اتێكدا پێی زیادبووە كە خۆمان خاوەنی عەیبێكی مێژوویی دیكەین بەناوی نەبوونی پلانی هاوبەشی نەتەوەیی و مانیفیستێكی وەها كە بەرهەمی لێكتێگەیشتن و پەیمانی كورد بێت. هەرچەندە یەكگرتونەبوون خاوەن مێژووە لە كوردستاندا بەڵام پێناسەی ئەم یەكگرتوونەبوونەی ئێستا بۆیە جیاوازە چونكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەركام لە جەمسەرەكانی بۆچوون لە كوردستاندا گرێدراوی یەكێك لە جەمسەرەكانی هێزی ئیقلیمی و جیهانییە. كورد و بزووتنەوەكەی بۆ گارانتیكردنی خۆی پێویستی بە هەبوونی پەیمانی نیشتمانی و گارانتییەكانی جیبەجێكردنی ئاوا پەیمانێكە كە هیچ پاساوێكی تەعامول لەگەڵ هێزەكانی ناوچەكە‌ نەتوانێ دیسیپلینەكانی بگۆڕێ و بەرهەمی تێگەیشتن و لێكتێگەیشتنی سەرتاسەری بێت لە كوردستاندا. مەبەست لە وەها تێگەیشتنێكە كە بتوانی ریال پۆلیتیك و جیاوازییە تاكتیكییەكانی بەینی هەموو پارچە و لایەنەكانی كوردستان رەچاوبكات و هاوكات كورد لە ریال پولێتیكدا نەتاوێنێتەوە بەڵكوو‌ سەروتر لەو باسانە بڕوانێت و دینامیزمی ئەوەی تێدا بێ كە هاوكێشەكان بەكاربێنێ نەوەك‌ هاوكێشەكان ئەم بەكاربێنن و تەنانەت دووكەرتی بكەن.


PM:07:33:03/04/2017




ئه‌م بابه‌ته 819 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌