كۆچی مێژوویی مەریوان، وانەیەك بۆ "خۆڕاگری"

ئەنوەر ئەسەدزادە

زۆربەی كۆچەكان لە مێژوودا دۆخێكی پڕ لە كارەسات‌و پڕ لەنیگەرانی‌و ئازار دەگێڕنەوە، مێژووی هەڵاتنی بەلاشاویی خەڵكی وڵاتێك، شارێك یان خود چەند ناوچەی تایبەت لەخۆ دەگرێ، كە باسی كۆچ دەكرێ راستەوخۆ بیری مرۆڤ بە ئاقارێكدا دەڕوات كە دەبێت ئەم كۆچە چ ئازارێكی لە پشت بووبێت‌و تۆ بڵێت خەڵكانی كۆچ كردوو لە ژێر چ گوشارو ئەستەمییەك ئەو رێگەیان هەڵبژاردبێت. دور كەوتنەوە لە زێدو نیشتمان بێ گومان پڕە لەئازاری ناخۆش‌و كاریگەرییە نەرێنییەكەی بۆ هەمیشە لەبیری مرۆڤدا قورسایی دەكات. پاش چەندین ساڵ كە مرۆڤ چاوێك بە رووداوەكانی كۆچەكەدا دەخشێنێتەوە ئازارەكانی دوبارە هەڵدەداتەوەو بە جۆرێك نەك شانازی پێوە ناكەن، بگرە حەزێكیش لە ئارادایە بۆ هەمیشە لەبیركردنی. بەڵام كۆچی مەریوان، كۆچێكی جیاوازە، كۆچێكە دەبێت داماڵڕێت لە مانای هەڵاتن، لە مانای بێ توانایی‌و خۆڕاگری، دەستەوەستان لە بەردەم چارەنووسدا، بێ دەنگی لە بەردەم هەڕەشەدا، بەپێچەوانەوە مانای ئەم كۆچە رێك لەدڵی خۆڕاگری‌و راوەستان‌و دوربینییەكی سیاسیەوە خۆی وێنا دەكات. فاكتەرە نووستووەكانی پشت ئەم كۆچە هەڵگری تایبەتمەندییەكانی لەچەشنی كۆڵا نەدان‌و راگرتنی هاوسەنگی‌و خستنەڕووی قورسایی جەماورەو كەڵك وەرگرتنی دروستە لە هێزی بەرینی كۆمەڵانی خەڵك. لێرەدایە جەماوەر سەنگ‌و قورسایی راستەقینەی خۆی تەنیا بە بەكردە دەرهێنانی جووڵەیەكی مەدەنی(كۆچ) دەخاتەڕوو. بەكار هێنانی هێزی جەماوەر لە كات‌و ساتی خۆیداو قۆستنەوەی ئەو ساتە ناسكەی بڕیاردان بۆ كردەیەكی لەو چەشنە بێ گومان تەشخیسێكی ژیرانەو وردبینانەی پێویستەو هەر جۆرە بڕیارێك لەدۆخێكی ئەستەمی ئاوادا، بڕیارێكی مێژوویی لێ دێتە بەرهەم‌و دەبێتە مێژوو. هەروەها كە كۆچی مەریوان وەك كۆچێكی مێژوویی ناسراوە. كۆچی مێژووی مەریوان یەك لەو رووداوە گرنگانەی خەباتی مەدەنی لە كوردستانی رۆژهەڵاتە كە بۆتە وانەیەكی گرنگی مێژووی بۆ لێفێربوون، ئەم كۆچە مەدەنییەو رێكخستن‌و جێگیركردنی كۆمەڵانی خەڵك لە ئۆردوگایەك جیاواز لەو مانا ئاساییەی ئۆردوگا دەرخەری ئەو راستیەیە كە لە دژوارترین كاتەكانداو بەتایبەتی لە بەرابەر دوژمنێكی تەیار بە هەمە جۆرە كەرەستەیەكی كوشتن‌و لەناوبردن دەكرێ بە هێزی جەماوەر هاوسەنگییەكان بگۆڕیت‌و جەماوەر‌و شەقام مانای راستەقینەی خۆیان وەربگرنە‌وەو هێز و كاریگەرییان لە ئاراستەی دەستەبەركردنی دەسكەوتی راستەقینەی خۆیاندا رێكبخرێن. كۆچی مێژووی مەریوان لەگەڵ ئەوەی 38 ساڵ لەوە پێش روویداوە، ئێستاكەش نوێیەو بۆ هەمیشەش وەك داهێنانێكی نوێ لە رابردوو و ئێستاكەدا دەبێت خوێندنەوەی بۆ بكرێت. لەگەڵ ئەوەی هێشتاكە خەباتی مەدەنی نەیتوانیوە لە زۆربەی شوێنەكانی جیهانی خۆی جێگیر بكات، كۆچی مێژوویی مەریوان‌و تەشخیس‌و لێكدانەوەی ژیرانەی بەتایبەتی شەخسی كاك فوئاد دركێكی قوڵە لە جێگیركردنی مێتۆدێك‌و شێوازێك لە خەباتی بەرەنگاربوونەوە بە كردەی مەدەنی‌و ئاشتیخوازانە. ئەنجامی كۆچەكەش قورسایی ئەو شێوازەی بە روونی بۆ هەمووان دەرخستووە. پاڵپشتی كردن‌و بەتەنگەوە هاتنی خەڵكی چەندین شاری دیكەی وەك سنەو سەقز و بانەو چەندین شوێن‌و ناوچەی دیكەی كوردستان خۆی بە مانای چاندنی رەگەزە سەرەكییەكانی خەباتی مەدەنییە لە كوردستان كە ئەنجامەكەی دەبێتە پاڵپشتی‌و هاوكاری‌و یەكگرتوویەك كە دەبێت وەك ئەسڵ‌و بنەما بخوێندرێتەوە. كوردستان لەگەڵ هەموو شانازییەكانی خەباتی لە بوارە جیاوازەكاندا، كۆچی مێژووی مەریوان‌و جوڵاندنی كۆمەڵانی خەڵك لە چوارچێوەی بەرەنگارییەكی مەدەنی خاوەن قورساییەكی تایبەتە. ئەم كردە مەدەنییە‌و ئەم جوڵانە بیرلێكراوەی كۆمەڵانی خەڵك ئێستاكە رەنگدانەوەی لە هەندێك چالاكی مەدەنی لەكوردستاندا دەبینرێتەوە. نەمامی بیری كاك فوئاد ئێستاكە لە كوردستان باڵای كردووەو چالاكییە مەدەنییەكانی كوردستان لەشێوازی جۆراوجۆردا بەردەوامی كۆچی مێژووی مەریوانن لە شێواز و جۆری دیكەدا.

AM:11:26:23/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 331 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌