"دانیشتنەكانی ئاستانەو چەند تێبینیەك"

سۆران سەلیمی

دانیشتنەكەی "ئاستانە" پێتەختی "قەزاقستان" لە كاتێكدا كۆتایی پێ هات كە ئەگەرچی راگەیاندراوی كۆتایی ئەو دانیشتنە چەندین خاڵی پۆزیتیڤ لە خۆوە دەگرێت بەڵام هیچ یەك لە لایەنەكانی راستەوخۆی قەیرانەكە واتە دەوڵەتی بەشار ئەسەد و نارازیان ئەو راگەیاندراوەیان واژۆ نەكردووە. روونە بە سەرنج دان بەوەیكە ئێران و رووسیە وەكوو پاڵپشتی سەرەكی بەشار ئەسەد و توركیە وەكوو پاڵنەری نارازیان دەرەنجامی دانیشتنەكەیان واژۆ كردووە، زۆرێك لە كارناسان لەو باوەرەدان دوو لایەنی دیكە ناچارن دان بە راگەیاندنەكە بنێن و لانیكەم بەش بە حاڵی خۆیان هەوڵ بدەن بۆ جێبەجێ كردنی. بەڵام لە هەلوومەرجی ئێستاو بە لەبەرچاو گرتنی رۆڵی هەر یەكە لەو سێ وڵاتە لە قەیرانی سووریە -واتە ئێران، رووسیەو توركیە- ئایا بەراستی ئەو دانیشتنە سەركەوتوو دەبێت؟ نیاز و چاوەڕوانی هەریەكە لەو سێ دەوڵەتە لەو پلانەو لەو وتووێژانە چیەو چی بوو؟ بۆچی ئامریكا بە شێوەیكی كاریگەر بەشداری نەكرد؟ بۆچی نەك نارازیان و نەك دەوڵەتی بەشار ئەسەد دەرەنجامی دانیشتنەكەیان واژۆ نەكردووە؟ 
راستی ئەوەیە ئەگەرچی توركیە وەكوو پاڵپشتی زۆربەی گرووپە نارازیەكان لەو دانیشتنە بەشداری كردووە بەڵام ئەوە رووسیەو ئێرانن كە پلانرێژی سەرەكی ئەو وتووێژانە بوون، دوو دەوڵەتێك كە راستەوخۆ بەشداری شەری ناوخۆیی سووریەن و بە هەموو هێزێكەوە پاڵپشتی لە بەشار ئەسەد و مانەوەی لە دەسەڵات دەكەن، تا ئەو جێگایە كە لە زۆربەی دانیشتنە نێودەوڵەتیەكانی پێشووتر سەبارەت بە سووریە بە دەگمەن ئێران بانگهێشت دەكراو كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی لەو باوەرەدا بوون كە ئێران ناتوانێت ناوبژێوانێكی راستگۆ بێت لەو قەیرانەدا كە هەڵبەت بە سەرنجدان بە رۆڵی نەرێنی كۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندیەكانی لە هاوكێشەكانی سووریە ئەوە بانگەشەیكی درووستەو روونە تاران نایەوێت قەیرانەكە بە شێوەیك تەواو ببێت كە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد برووخێت.
كات و ساتی دانیشتنەكەش جێگای پرسیارە، رێك لە كاتێكدا كە لە ئامریكا دامو دەزگا حكوومیەكان سەرقاڵی گواستنەوەی دەسەڵاتن لە ئۆباماوە بۆ ترامپ و سەرۆك كۆماری نوێی ئەو وڵاتە هێستا بە تەواوەتی هەڵویستی خۆی لە مەڕ قەیرانی سووریە دەرنەبڕیوەو هێشتا بەرپرسانی نوێی وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا بە شێوەی فەرمی دەستی بە كار نەكردووەو تەنانەت وەزیری دەرەوەی پێشنیاز كراوی ترامپ بە تەواوەتی لە لایەن كۆنگرەو سێناوە بۆ پۆستەكەی پشتراس نەكراوە، رووسیە پێشنیاری بەرێوە چوونی ئەو دانیشتنە دەدات و ئێران ئەبێتە دەمراستی كۆبوونەوەكە. توركیەش كە روونە لەم دوواییانەدا لە گەڵ چەندین قەیرانی ناوخۆییی و ناوچەیی دەستەویەخەیەو هێدی هێدی سیاسەتی بەرەو نێزیكایەتی لەگەڵ مۆسكۆ دەگۆڕێت، ئەوەش نیشاندەری ئەو راستیەكە ئانكارا بە تایبەت لە سیاسەتی واشینگتۆن و ئۆرووپا بۆ پاڵپشتی كردنی كوردەكان نارازیەو ئەوە دژی بەرژەوەندیەكانی خۆی دەزانێت، بۆیە لە چەند مانگی پێشوودا رووی لە رووسیە كردووەو ئێستا تەنانەت بە بێ بەشداری ئامریكاو یەكیەتی ئۆرووپا لە وەها دانیشتنێك بەشداری دەكات كە روونە بەڕێوەبەرانی تەنیا بە چارەسەری قەیران بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خۆیان رازی دەبن.
خاڵی جێگای سەرنجی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە شوێنی كۆبوونەوەكەیە، واتە قەزاقستان. وڵاتێك كە هیچ كاریگەریەكی نیە لە هاوكێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و نفووزی بە سەر هیچ لایەنێكی ئەو شەرەدا نیە بەڵام دوو تایبەتمەندی هەیه، یەكەم هاوپەیمانی رووسیەیە بە شێوەیەك و تا رادەیكی زۆر لە ژێر كاریگەری مۆسكۆیە، دووهەم لە ئاسیای ناوەراستەو پێدەچێت هەم مۆسكۆ و هەم ئێران پێیان خۆشە شوێنی چارەسەری قەیرانەكە لە توركیە یان ئۆرووپا‌ بگوازنەوە بۆ ئاسیای ناوەراست، واتە شوێنێك كە هەردوولا بە شێوەیك نفووزیان تێدایە، تەنانەت توركیەش لەو هەرێمە خاوەن بەرژەوەندیەو تا رادەیەك نفووزی بەسەر وڵێ‌تانی تورك زمانی ئەو هەرێمە هەیە. جگە لەوەش تاران و مۆسكۆ دەتوانن بانگەشەی ئەوە بكەن كە قەزاقستان خاوەن هیچ بەرژەوەندیەك نیە لە سووریەو بۆیە باشترین شوێنە بۆ دانووستان لەسەر قەیرانی ئەو وڵاتە، ئەگەرچی ئەوە بە تەواوەتی دوورە لە راستی.
بەهەر شێوە ئەگەرچی وا دیارە كە هەر سێ وڵاتی ئێران و توركیەو رووسیە هەر یەكەیان بە پێی بەرژەوەندیەكانی خۆیان دەیانەوێ قەیرانەكە چارەسەر ببێت، بەڵام روونە كە بەرژەوەندی هەریەكە لەو سێ وڵاتە لە گەڵ یەك و لە گەڵ خواستی سیاسی لایەنە نارازیەكان زۆر جیاوازە، ئەوەش گومانێكی زۆر مەنتقی لە نیاز پاكی تاران و مۆسكۆ بۆ چارەسەری كێشەكان درووس دەكات، ئەگەرچی بەشێك لە ئۆپۆزیسیۆن لە ژێر گوشارەكانی ئانكارا ئامادەی دانووستانەكان بووە بەڵام پێ ناچێت لە لایەن رووسیەو ئێرانەوە هیچ گەڵاڵەیەكی ئەوتۆ بخرێتە بەردەست كه ‌بەرژەوەندی و خواستی هەموو لایەنەكان رەچاو بكات، ئەویش دووای ٦ ساڵ شەر و كوژرانی سەدان هەزار خەڵكی سیڤیل.


PM:06:32:29/01/2017




ئه‌م بابه‌ته 595 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌