زمان و زمانی نەتەوەیی


بەشی دووەم


مستەفا زاهێدی



تێبینی: ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە بەشی دووهەمی بابەتێکە لە ژێر ناوی : زمان و زمانی نەتەوەیی» بەشی یەکەمی ئەم بابەتە لە ژمارەی پێشتری ئاسۆی رۆژهەڵات چاپ و بڵاو کرایەوە. لە بەشی یەکەمدا باسمان لە مانای زمان کرد. پێناسە جیاوازەکان بۆ زمان. پێناسەی نەتەوە. دوو جۆر پێناسەی جیاواز بۆ نەتەوە، کە یەکیان پێناسەی فەرەنسی و ئەویتریان پێناسەی ئەڵمانی بوو. پێناسەی زمانی نەتەوەیی، زمانی فەرمیمان خستە ڕوو. تا ئەو کاتە هاتین کە زمانی نەتەوەیی لە کوێ دروستە.

زمانی نەتەوەیی لە چ کاتێکدا دروستە؟

وەک وترا زمانی نەتەوەیی بەرهەمێکی سروشتییە نەک سیاسی، بە پێچەوانەی ئەو پێناسانەی لای ئێمە کراوە، بۆیە زمانی نەتەوەیی لە وڵاتێکدا دەکرێت بە کار ببرێت کە زۆربەی هەرە زۆری ئاخێوەرانی ئەو وڵاتە یان جوگرافیایە سەر بە یەک کەلتوور و زمان بن. بۆ وێنە لە ئەڵمانیا زیاتر ٩٥ لە سەدی خەڵکی ئەڵمان بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکەن، لەم حاڵەتەدا زمانی نەتەوەیی ئەو وڵاتە زمانی ئەڵمانییە. لێرەدا دەسەڵات زمانێک ناسەپێنێت بە سەر خەڵکدا وەک زمانی نەتەوەیی. بەڵکوو ئەو زمانەی وەک زمانی نەتەوەیی دیاری دەکرێت، بەرهەمێکی سروشتییە و هیچ بڕیارێکی سیاسی لە پشت نییە. ئەمە پێچەوانەی جۆری روانینی فەرەنسییەکانە بۆ زمانی نەتەوەیی. فەرەنسییەکان زمانی نەتەوەیی بە کردەیەکی سیاسی دەزانن و لە هێزەوە سەرچاوە دەگرێت نەک دیاردەیەکی سروشتی بێت. ئەمە هەمان ئەوجۆرە روانینەیە بۆ زمانی نەتەوەیی کە لە ئێران جێگیر بوو. هەر لە ساڵی ١٩٠٦ەوەو لەگەڵ دارشتنی یاسای بنەڕەتی لە ئێران، زمانی فارسی کە زمانی نزیک بە ٥٠ لەسەدی خەڵکی ئێرانە وەک زمانی فەرمی ناسرا و زمانەکانیتر پەراوێزخران کە دواتر لەم بابەتەدا بە کامڵی باسی دەکەین. 

داسەپاندنی زمانی نەتەوەیی بە شێوەیەکی ناسروشتی و لە لایەن دەسەڵاتەوە،  ئەتوانێت بڕیارێکی نادیمۆکراتیک بێت بە مەبەستی توانەوەی زمانێک یان چەند زمان لە بەرژەوەندی زمانێکیتردا. 

پێشتر باس لە دوو چەمکی « زمانی نەتەوەیی» و «زمانی فەرمی « کرا و تا ڕادەیەک جیاوازییەکانی ئەم دوو چەمکە درایە بەر باس. زۆرجار لە لایەن دەسەڵاتەکانەوە بەکردەوە زمانی فەرمی وەک زمانی نەتەوەیی پێناسە دەکرێت. ئەمەش لە وڵاتە فرە زمانەکاندا (Multi Languages Countries)   مەترسییە بۆ سەر زمانە کەمینەکان. لەبەر ئەوەی هەرکات ئەگەری ئەوە هەیە لە پێناو زمانی فەرمی یان زمانی نەتەوەییدا، زمانی کەمینەکان بە تەواوی پشتگوێ بخرێن و هەوڵی سڕینەوەیان بدرێت. ئیزن نەدرێت بەوەی خوێندن و نووسین بەو زمانانە بوونی هەبێت و تەنانەت قاچاخ بکرێت. هەر لەم پەیوەندەدا چەمکێکیتر دێتە پێش کە زۆرجار گەڕانەوە بۆی گرینگە، ئەویش چەمکی «شوناس» و «شوناسی نەتەویی»ەو پەیوەندی شوناسی نەتەوەیی و زمانی دایکە.

شوناس و شوناسی نەتەوەیی

چەمکی شوناس (Identity) رەگی لە زمانی لاتیندایە و لە (Identitas) کە لە (Idem) واتە «وەک یەک و هاوشێوە» سەرچاوە دەگرێت. ئەم چەمکە ئاماژەیە بۆ تایبەتمەندییە تاکەکەسی و فەردییەکان، واتە ئەو جیاوازییە بنەڕەتییانەی کە کەسێک لە کەسەکانیتر بە هۆی شوناسی خۆیەوە جیا دەکاتەوە. بە مانایەکیتر ئاماژەیە بۆ ئەو تایبەتمەندییە هاوشێوانەی کە کەسانێک بەیەکەوە گرێ دەداتەوە وەک تایبەتمەندی نەتەوەیی (بایرۆن ١٩٩٧)

شوناس رەوتی وەڵامدانەوەی وشیارانەی تاکە بە کۆمەڵێک پرسیار دەربارەی خۆی. بۆ وێنە دەربارەی ئەوەی کە ئەو کێیە؟ لە کوێوە هاتووە؟ سەر بە چ نەتەوە، خێڵ و رەگەزێکە؟ سەرچاوەی سەرەکییەکەی لە کوێوەیە و چ دەورێکی هەیە لە شارستانییەدا. مەبەست لە رابردوو ئەو ڕابردووە نییە کە نێژراوە، بەڵکوو ئەو ڕابردووەیە کە هەر ئێستا بوونی هەیە. رابردوویەک کە جۆرێکی کلاسیکی زیندووە و هەر ئێستاش بوونی هەیە و ئێمە لەگەڵیدا دەژین. رابردوویەک کە کەسایەتی کلتووری ئێمە دروست دەکات و پشتی پێ دەبەستین.  

پرسی شۆناس و بەتایبەت شوناسی نەتەوەیی لەو وڵاتانەی کە فرەنەتەون و کەلتووری جیاوازیان هەیە لە دوای دەیەی ١٩٦٠ەوە بووە بە یەکێک لە پرسە گرینگەکان و لە لایەن کۆمەڵناسانەوە گرینگی تایبەتی پێ دەدرێت. برۆتۆن لە سەر ئەو باوەڕەیە، شوناسی نەتەوەیی و شوناسی قەومی لەو جۆرە شوناسانەن کە بەرهەمی کۆمەڵگای مۆدێڕنن، کە بەهۆی دۆخی گلۆبالیزاسیۆنەوە لایەنی نوێیان گرتۆتە خۆیان و لە قاوخی لۆکاڵی بوون و ناوچەیی بوونی خۆیان هاتوونەتە دەرەوە. ئەم دوو چەمکە ئەمڕۆکە پێگەیەکی گەورەیان لە زانستی کۆمەڵناسیدا هەیە.  

ئانتۆنی گیدێنز لە سەر ئەو باوەڕەیە شکڵ گرتنی شوناسی نوێ وەک نەتەوەو قەوم بەرهەمی رەنگدانەوەیەتی لە سەردەمی مۆدێرنیتەدا. جەنگی دووهەمی جیهانی بوو بە هۆی ئەوەی کە گرینگیدان بە شوناسی نەتەوەیی لە لایەن خەڵکانی جیاوازی سەر بە نەتەوە جیاوازەکانەوە زیاتر دەرکەوێت و خەڵک زیاتر گرینگی بە شوناسی نەتەوەیی بدەن وەک بەشێک لە شوناسی گشتی و تەنانەت شوناسی فەردیش.

زمان یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی نەتەوە. یەکێک لە کۆڵەکەکانی ناساندنەوەی نەتەوەییە. کاتێک ئەڵێین نەتەوەی عەرەب، واتە ئەو نەتەوەی بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن و لە ٢٢ وڵاتی جیاوازدا بڵاو بوونەتەوە. یان کاتێک باسی نەتەوەی بەلووچ دەکەین، واتە ئەو نەتەوەی کە بە زمانێک قسە دەکەن کە زمانی بەلووچییە. کاتێک کەسێک دەڵێت من کەسێکی «بەلووچ»م خۆی لە کۆیەکی گشتیدا دەبینێتەوە کە ئەو کۆ گشتییە شوناس دەبەخشێت بە ئەو. واتە تاک شوناسی خۆی وەک تاک لە کۆیەکی گشتی وەردەگرێت. ئەو شوناسە لە یەک کاتدا هەم شوناسێکی تاکەکەسییە و هەم شوناسێکی گشتییە. تاک وەک پاژێک لە کۆیەکی گشتیتر کە نەتەوەیە خۆی پێناسە دەکات، نەتەوەیەک کە هەڵگری زمانێکی تایبەتە، رەنگە جوگرافیای تایبەتی هەبێت، کلتووری هاوبەشیان ببێت و خاوەنی کۆمەڵێک هێڵی هاوبەش بن کە گرێیان دەداتەوە بە یەکەوە.

زمان وەک شوناس 

زمان یەکێکە لە ئاڵۆزترین دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و وەک (دەیل سپیندێر) 

ئاماژەی پێ دەدات، دیاردەیەکی بێ لایەن نییە. زمان تەنها ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی ئایدیاکان. بەڵکوو خۆی شکڵ ئەدات بە ئایدیاکان. گرینگتر لە هەموو شت و  بەر لە هەر شت، زمان بەرنامەیەکە بۆ چالاکی مێشک. بەم مانایە، هیچ شتێک لەوە گاڵتەجاڕتر نییە کە بڵێین مرۆڤەکان، توانای بینینی مرۆڤیان هەیە هەر بەو شێوەیەی هەیە یان ئەوەی کە تەنها وەک کەسانێک بێلایەن رووداوەکان دەبینن و تۆماری دەکەن. لەبەر ئەوەی خۆیان دونیایان دروستکردوەو ئەو وێنایەی کە خۆیان دروستی دەکەن رژاندوویانەتە جیهانی زمانەوە. مرۆڤەکان ناتوانن جیهانی دەورووبەری خۆیان بێ لایەنانە ببینن و بیگۆزینەوە بۆ دەورووبەرمان. ئێمە جیهانی دەورووبەری خۆمان نەک بەو شێوەیەی کە دەیبینین، بەڵکوو بەو شێوەیەی کە لە زماندا دەبێت بە زنجیرەیەک لە بنەماکان، دەبینین. لەبەر ئەوەی مێشکی مرۆڤ کە سوکانی کارەکانی ئێمەی بەدەستە، پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەگەڵ دونیای دەرەوە نییە، یان ئەوەی پەیوەندییەکی راستەوخۆ ناگرێت بە رووناکی یان دەنگەوە. 

پییەر بۆدریۆ لە سەر ئەو باوەڕەیە زمان سەرجەم هەڵسووکەوت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وەک سیستەمێک لە کۆدی کۆمەڵایەتی دەردەهێنێت و دەیگوازێتەوە بۆ مێشکی کەسێک یان گرووپێک لە مرۆڤەکان.  بەم دەربڕینە زمان هەڵگری هەڵسووکەوت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە. وەک چۆن پێشتریش ئاماژەی پێدرا لەو ڕووەوە کە زمان دیارییەکی بێ لایەن نییە، قەزاوەت و دادوەری کردنی مێشکی مرۆڤیش لە سەر دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، بە هۆی دۆزینەوەی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەوەیە کە لە زماندا کۆد وەردەگرن و هەموو کات ئەو کۆدانەش لە گۆڕاندان ، لە بەر ئەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە گۆڕاندان. 

هەربۆیە زمان ئەوە نییە کۆدێکی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بێ لایەن نییە، بەڵکوو دەورێکی چەندلایەنەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایدیۆلۆژیکی، جێندەری، چینایەتی و شوناسی نەتەوەیی، یاسایی، مێژوویی و کەلتووری دەگێڕێت و هەڵگری وەها تایبەتمەندییەکە. گرینگتر لەوەش بەردوام پەیوەندییەکی دەسەڵات و هێز لە ئاستە جیاوازەکاندا بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەم پەیوەندی دەسەڵات و هێزە دەتوانێت بە پێی دۆخی مێژوویی ، پەیوەندی هەڵاواردنی جێندەری، پەیوەندی باڵا دەست بوون و بندەست بوونی چینایەتی، یان هەڵاواردنی نەتەوەیی و رەگەزپەرەستانە بەرهەم بهێنێتەوە. هەر بۆیە زمان تەنها دیاردەیەکی پەیوەندی گرتنی سادە یان تەنها دیاردەیەکی کلتووری نییە.  

لەمڕوەوە دەتوانین بڵێین هەر زمانێک  هاوکات   هەڵگری شوناس و ناسنامەی مێژوویی تاکێک یان گرووپێکی مێژوویی یان نەتەوەیەکە و دەری دەبڕێت.  بۆ وێنە زمانی  کوردی، هەڵگری شوناس و ناسنامەی ئەو خەڵکانەیە کە ئاخێوەری ئەم زمانەن، ئەو خەڵکانەی کە توانای بیرکردنەوەیان هەیە بەم زمانە. زمان چوارچێوە زمانییەکان دەکات بە شتێک کە دەتوانین پێی بڵێین بەردەوامی مێژوویی و بەر بەوە دەگرێت کە پچڕانێک دروست ببێت لە باری مێژووییەوە لە ناو ئەو گرووپ و ئەنتیک و نەتەوەدا. باو و باپیرانی ئێمە سەدان ساڵە مردوون و نێژراون. بەڵام ئەمڕۆکە لە رێگای زمانەوە کە لە هەستەکانی ئەوان دەگەین، ئەتوانن بزانین خەم و خەفەت، شادی و خۆشییەکانیان چۆن بووەو هەستی پێ بکەین. زمان هۆکاری گرێدەرەوەی هەموو ئەوانەیە لە سەردەمی خۆماندا و هەروەها هۆکاری گواستنەوەیان بۆ نەسڵی پێش خۆمان و ئەمڕۆکە لە رێگای زمانەوەیە کە دەیانناسین. شوناسی ئەمڕۆکەی ئێمە لەگەڵ ئەوان لە رێگای زمانێکەوەیە کە پەیوەندی دەرەوەی ئێمەیە لەگەڵ ئەوان. 

بە بێ بوونی زمانەکان لە دونیا ، هێڵی جیاکەرەوەی زمانەکان لە دونیا بوونی نییە و نابێت. لە راستییدا زمان یەکێک لە نیشانەکانی جیاکردنەوەی نەتەوەکانە لە یەکتر. هەر زمانێک قورسای گەشە و هەبوون و شوناسی نەتەوەیەکی لەسەر شانە. وەک چۆن ئێمە لە ئێسکەکانی خۆماندا باری گەشەی بایۆلۆژیکی خۆمان هەڵدەگرین، زمانیش شوناسی تاکەکەسی و بەکۆمەڵی نەتەوەیەک هەڵدەگرێت. 

ئەرەستوو دەیگوت، ئەگەر  رەنگ ، بۆ، بارستایی و قورساییەکەی لە تەنێک (شتێک) بستێنیتەوە، ئەو تەنە هیچ شتێکی لێ نامێنێتەوە. بەڵام ئەگەر هاتوو ئەم تایبەتمەندیانەمان لە تەنێک سەندەوە کە دالە بۆ تەنێکیتر، سەرەنجام لەو تەنە شتێک دەمێنیتەوە. هێگل ئەم «شتە» بە رۆح یان دەروونناسی میلەتێک ناو دەبات. گۆتفرێد هێردێر، باوکی ناسیۆنالیسمی ئاڵمانی، زمان بە شوناس و پێناسەکەری هەمان ئەو «شتە» یان نەتەوە ناو دەبات. هەرچەند زمان تەنها هۆکار نییە بۆ دروستبوون و شکڵ گرتنی نەتەوەیەک، بەڵام یەکێکە لە بناغەکانی دروستبوونی نەتەوە. لە رێگای زمانەوەیە کە سەرجەم نەریت، مێژوو و دەروونناسی نەتەوەیەک لە نەسڵێکەوە بۆ نەسڵی دواتر دەگوازرێتەوە و هەر بەم شێوەیە کۆی ئەمانە کە کارگەی مێژوودا شتێک دروست دەکەن کە پێی دەڵێن نەتەوە.

ئەمە فاکتەرێکە لە سەرجەم نەتەوەکاندا هەیە و شتێک نییە بگۆڕ بێت و دەکرێت وەک ئێلێمێنتی نەگۆڕ لە پێناسەی نەتەوەو شوناسی نەتەوەییدا باسی بکەین. «ئاندرۆ وینسێنت» لە سەر ئەو باوەڕەیە ئەو مشت ومڕ و باسە گرینگانەی دەربارەی ناسیۆنالیسم لە تیۆری سیاسیدا هاتە ئاراوە، لەو مشت و مڕ و دیالۆگانەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی ١٨ دەربارەی «زمان و کەلتوور» هاتە ئاراوە. کەسێک کە بەزۆری لەم مشت و مڕ و گفتوگۆیانەدا یۆهان گۆتفرێد هێردێر جێگەیەکی تایبەتی هەیە. «هێردێر» بە هیچ شێوەیەک گرینگی بەو شتە نەدەدا کە ئەمڕۆکە پێی دەوترێت «ناسیۆنالیسمی زمانی»، ئەو زیاتر گرینگی بە ناسیۆنالیسمی کەلتووری دەدا. بە ئاشکرا تیۆرییەکی دەربارەی زمان خستە ڕوو، کە دەرخەری پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیسم و زمانە. لە روانگەی هێردێرەوە «وشەکان لەگەڵ بەرەبەیانی ژیاندا دەخولقێن.» زمان بەشێکی تەواوکەری چالاکی وشیارانە و گەشە و پێگەیشتنی مرۆڤەکانە. لەمڕووەوە جۆرێک کردە یان ئەکشنە. کاری زمان تەنها ئەوە نییە ناو بنێت لە شتە دەرەکییەکان، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەورێکی بونیادنەرانە و چالاکانەی هەیە. مرۆڤەکان هەم ئەوەیە زمان دروست دەکەن و هەم لە زماندا دروست دەکرێن. توانای مرۆڤیش بۆ خودوشیاری لە زماندا شکڵ دەگرێت. لەگەڵ گەشەی زمانەکان، کۆمەڵگا و کولتوورەکانیش گەشە دەستێنن.  



PM:01:34:06/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 259 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌