گەمژە یان هەلپەرەست

لە پەراوێزی نامەی كۆمەڵێك كەس بۆ خامنەیی
مستەفا زاهیدی

چەند رۆژ لەوە پێش نامەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە كە ژمارەیەك لە بەناو چالاكانی سیاسی كورد، نامەیەكیان ڕوو بە خامنەیی ڕێبەری ویلایەتی فەقیه و كۆماری ئیسلامی نووسیووەو خوازیاری چارەسەری كێشەی نەتەوەیی كورد بوون لە ڕێگای خامنەیەوە.
نووسەر یان نووسەرانی ئەم نامەیە كە ناوی لە سەر نییە، لە پەڕەگرافی یەكەمدا باس لەوە دەكەن كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە بشێوی و ئاژاوەی تێكەوتووەو لێرەدا جەمسەر بەندییەك رادەگەیەنن. جەمسەر بەندییەك كە بەرژەوەندییەكانی "ئێران، كوردی باشوور و كورد لە رۆژئاوا" بە یەكەوە گرێ دەداتەوە. هەروەها باسیان لەوە كردووە كە ئەوان ئەوە دەبینن كە جۆری روانینی دەسەڵاتدارانی ئێران بەرامبەر بە مەسەلەی كورد بە شێوەیەكی پۆزەتیڤ گۆڕانی بە سەردا هاتووە. 
لێرەدا پرسیار ئەوەیە كامە گۆڕانی پۆزەتیڤ؟ ئەو گۆڕانە چۆن دەبیندرێت؟ توندتر بوونەوەی گوشارە سیاسییەكان بۆ سەر كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات، كوشتن و بریندار كردنی رۆژانەی كۆڵبەران و زەحمەتكێشانی سەر سنوور، بەرگرتن بە چالاكییە هونەری و مەدەنییەكان، دەستگیر كردنی چالاكانی ژینگەپارێز بە ناوی سیاسی و ئەمنیەتی و هەوڵدان بۆ تیرۆر و تەقاندنەوەی بارەگای حیزبەكان لە باشورو زۆر نموونەیتر ئەو گۆڕانە پۆزەتیڤانەیە كە لای بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی كە ئەم بەناو چالاكە سیاسیانە بینیویانە و دەیبینن یان هاوتەریب بوونی بەرژەوەندی لە گەڵ پارت یان بەشێك لە كوردانی پارچەیەكیتری كوردستان؟ 
لە پەڕەگرافی دووهەمدا، ئەوان خۆیان بەرامبەر بە كەسانێك دادەنین كە دژە ئێرانی بوون و نامەیان بۆ ترامپ نووسیوە، بەڵام ئەمان لە بەر ئەوەی خۆیان بە دڵسۆزی ئێران دەزانن و بەرژەوەندییەكانی ئێرانیان لە بەرچاوە نامەكەی خۆیان ڕوو بە كەسی یەكەمی دەسەڵات لە ئێران نووسیوە كە شەخسی خامنەییە. 
لەم بەشە لە نامەكەدا جەمسەربەندییەك دەبینین. ئێرانی بوون و دژە ئێرانی بوون. ئەوان خۆیان بە لایەنگری ئێران و بەرژەوەندییەكانی ئێران دەزانن و سەركۆنەی ئەو كەسانە دەكەن كە نامەیان بۆ ترامپ نووسیوە. نامهەوێ لێرەدا باس لەو كەسانە بكەم كە نامەیان بۆ ترامپ نووسیوەو ئەوەی كاری ئەوان چ مانایەكی هەیە مەبەستی ئەم نووسینە نییە. بەڵام ئەوەی مەبەستی منە و دەمهەوێت باسی بكەم ئەو كەسانەیە كە خەم لە بەرژەوەندییەكانی ئێران دەخۆن و نامە بۆ ڕێبەرەكەی دەنووسن. بەرژوەندی ئەو ئێرانەی كە بە ناوی جیایی خواز و دژە شۆڕش و كافر و ... جەهادی دژ بە كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات راگەیاند. زیندانی كردن و ئێعدامی لاوان و چالاكانی سیاسی، وێران كردنی گوندەكان، شەڕی ٢٤ رۆژەی سنە، قەتلی عامی قاڕنا و قەڵاتان و ئیندرقاش و سەرچنار، ئیعدامەكانی فڕۆكەخانەی سنە، پادگانی مەریوان، سەقز و پاوە و ٥٩ كەسی مەهاباد، تیرۆری چالاكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و بەردەوام بوونی ئیعدامە سیاسییەكان لە كوردستان لە ئێستاشدا، سووتاندنی ژینگەی كوردستان و وەك پێشتریش ئاماژەی پێدرا كوشتنی رۆژانەی كۆڵبەران لە سەر سنوور و هەوڵدان بۆ ئاسیمیلە كردنی بەشێكی زۆر لە شارە كورد نشینەكان بەشێكن لە كردەوەكانی كۆماری ئیسلامی و ئێران دژ بە كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات، كە نووسەرانی ئەم نامەیە خەمی ئەوەیانە بەرژەوەندییەكانی بفەوتێ، یان خۆیان بە هاوسۆز ئەزانن لە گەڵی. 
پەڕەگرافی سێهەمی ئەم نامەیە هەمدیسان بە خەمەوە بوونە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئێران و ئەوەی كە رووسیا بە پێی پێشینەكەی پشت لە ئێران دەكات، یان دونیای رۆژئاوا رووسیای بە لاوە پەسەندترەو سەرەنجام ئەوەی ئێران بە شوێن فاكتەرێكیتردا بگەڕێت بۆ ئەوەی لەم گۆڕانانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا جێی خۆی بكاتەوە. لایەنێك جیاواز بێت لە لوبنان و سوریا كە تێچوویەكی زۆری بۆ ئێران هەیە؟
لە دیدی نووسەرانی ئەم نامەوە، دەكرێت ئێران بیر لە هاوبەرەیەكیتر یان فاكتەرێكیتر بكاتەوە كە دەسەڵاتی خۆی پتەو بكاتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا، ئەویش كوردە. دیارە مەبەستی نووسەرانی ئەم نامەیە بە هیچ شێوەیەك ئەوە نییە كە ئێرانی ئیسلامی ئاوڕ لە پرسی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات بداتەوە، بەڵكوو جۆری نووسینی ئەو بەڕێزانە وا دەر دەكەوێت كە تەنها بە بەرژەوەندییەكانی ئێران و هەروەها كوردەوەن لە پارچەكانیتری كوردستان، بە تایبەت ئەو پارچەیەی كە هێژەمۆنی پارتێكی دیاریكراوی لە سەرە.
لە پەڕەگرافی چوارەمدا، نووسەرانی نامەكە دەیانهەوێت باس لەوە بكەن كە كوردستان و ناوچەكە پێگەیەكی ئابووری بەهێزی هەیە و خوازیاری ئەوەن كە ئێران بتوانێت لەو پێگە ئابوورییە بەهێزەدا بەشی خۆی هەڵكڕێنێت. ئەوان كە باس لە پێگەی ئابووری و كانی سروشتییەكان دەكەن باس لەوە دەكەن ئەمریكا دەیهەوێت دەست بە سەریدا بگرێت. بە هێنانە باسی توركیا و ئەمریكا و ئەوەی كە ئەمریكا ماوەتەوە لە نێوان توركیا و كورددا كامیان هەڵبژێرێت خامنەیی و دەسەڵاتدارانی ئێران لەوە ئاگادار دەكەنەوە كە كەمتەرخەم نەبن بەرامبەر بەم سەرچاوە سروشتییە. ئەوان خوازیاری ئەوەن ئێران لە بری ئەمریكا ببێت بە شەریكی ئابووری كوردستان. دیارە لێرەدا نووسەر یان نووسەرانی ئەم نامەیە دیسان كوردستان لە دیدی بەرژەوەندی پارتێكی دیاریكراوەوە دەبینن كە ئامادەیە پارچەكانیتری كوردستان بكات بە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆی. هەروەها نووسەری ئەم نامەیە فۆبیای تۆركیای هەیە. وەك ئەوەی توركیا تاكە هێز بێت لەم ناوچەیە كە دژی كورد بێت. ئەوان لە نامەكەیاندا داوا دەكەن كە كۆماری ئیسلامی لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیدا، دان بە سەربەخۆیی كوردستانی عیراق و سوریادا بنێت. لێرەدا ئەوان تەنانەت ئەدەبیاتی باسكردنیان لە كوردستان هاوشێوەی هەمان ئەدەبیاتە كە كۆماری ئیسلامی و ئێرانییەكان بەكاری دەبەن. نووسەرانی ئەم نامەیە وەهای دەبینن كە سەربەخۆیی ئەم پارچانە لە كوردستان بە هەمانشێوەی ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە بەرژەوەندی كۆماری ئیسلامیدایەو هەمدیسان بە خەمی بەرژەوەندییەكانی ئەم دەسەڵاتەوەن. وەها لایەنگری خۆیان بۆ خامنەیی و دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی نیشان ئەدەن كە قسەیەكی رەجەب تەیب ئەردۆگان دێننەوە یادی خامنەیی، ئەوان ئەڵێن :" ئاغای خامنەیی بە دڵنیاییەوە لە بیرتە ماوەیەك لەوە پێش ئەردۆگان وتی مەلایەك لە تاران دانیشتوەو ئاگری لە ناوچەكە بەرداوە"، دیارە مەبەستی ئەو مەلا جەنابتە. هەروەها باس لەوە دەكەن توركیا دەیهەێت سێگۆشەی سوننە دژی ئێران دروست بكات و چاڵدرانێكیتر بە سەر ئێراندا داسەپێنێت. 
لێرەدا ٤ خاڵ جێگەی سەرنجن كە باسی ئەكرێت:
0-بە خەمەوە بوون بەوەی كە ئەردۆگان راستەوخۆ خامنەیی كردوە بە نیشانە. 
1-باسكردن لە شەڕێكی مەزهەبیی سوننە- شیعە و جەمسەربەندییەكان. دیارە نووسەر یان نووسەرانی ئەم نامەیە خۆیان بە هاوجەمسەری شیعەدەزانن
2-‌ناو هێنانی شەڕی چاڵدران. كە ئەمەش ڕووبەڕوو بوونەوەی ئێرانی شیعە و عوسمانی سوننە بوو. 
3-هەروەها نیگەرانییە لەوەی كە توركیا بەشێك لە خاكی سووریای داگیر كردوە. بەڵام نووسەرانی ئەم نامەیە دەستێوەردانی ئێران لە سووریا نابینن، یان رەنگە لە بەرژەوندییاندا بێت ئێران تەڕاتێن بكات بە سووریا و كوردستانی باشوردا وەك چۆن دەڵێن دەبێت بە هۆی بەهێزتر بوونی پێگەی ژیۆپۆلتیكی ئێران. بەهێزتر بوونی پێگەی ژیئۆپۆلێتیكی واتە بەرفراوانتر بوونی ناوچەی فەرمانڕەوایی .
ترس لە داگیركەرێكی كوردستان یان دژایەتیكردن لە گەڵ یەكێك لە داگیركەرەكان نابێت ببێت بە هۆی ئەوەی كە پەنا بۆ داگیركەرێكیتر ببرێت و بەم ئەدەبیاتە موخلسانەوە بە خەمی بەرژەوەندییەكانیانەوە بیت. وەها دەبیندرێت نووسەرانی ئەم نامەیە لە دێڕ بە دێڕی ئەم نامەیەدا گریاون بەوەی كە لە داهاتوودا پێگەی ئێران لە ناوچەكە لاواز دەبێت. ئەوان ئەوەندەی بە خەمی ئەوەوەن كە پێگەی ئێرانی ئیسلامی پتەو بێت ئەوەندە بە خەمی كوردەوە نەبوون. كورد لە دوو پارچەی كوردستان بەلای ئەوانەوە دەستەچیلەو بۆ ئەوەی ئێران پێگەی خۆی پتەوتر بكات.
لە كۆتاییدا باس لەوە دەكەن كە پشتیوانی لە سەربەخۆیی كورد لە كوردستانی عیراق و سووریا لە بەرژەوەندی هاوپەیمانەكانی ئیران، واتە سووریە و لوبنانیشدایە. نووسەرانی ئەم نامەیە خەمی هەموو شتی كۆماری ئیسلامیان بووە، هەر لە پێگە سیاسی و ئابووری و ژیئۆپۆلیتیكییەكانی ئەم حكوومەتەوە بگرە تا بەخەمەوە بوون بۆ دۆستەكانی ئێران كە سووریا و لوبنانن.

نووسەرانی ئەم نامەیە بەم ئەدەبیاتەوەی كە بەكاریان هێناوە، جگە لەوەی گەمژەیی و نەخوێندەواری خۆیان خستۆتە ڕوو، ئەوەشیان خستۆتە ڕوو كە كۆمەڵێك هەلپەرەستن و ئامادەن چاو لە مێژووی سەركوتكاری كۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە كورد بنووقێنن، تەنها بەو مەرجەی ئەم وڵاتە دان بە سەربەخۆیی كوردستانی عیراق و سووریادا بنێت. ئەم نامەیەش تەنها بە بۆچوونی شەخسی كەس یان كەسانێك نابینم بەڵكوو بە روانگەی رەوتێكی سیاسی دەبینم كە ئامادەیە بە هەموو بەهایەك پرسی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات بكات بە قوربانی تەنها لە بەر ئەوەی دژایەتی داگیركەرێكیتری كوردستان بكرێت كە توركیایە.
رەوتێكی سیاسی بەرپرس و ئینسانی سیاسی بەرپرس، كۆمەڵێك بنەماو پرەنسیپ بۆ خۆی قایلە كە نووسەرانی ئەم نامەیە بەدوورن لەو بنەماو پرەنسیپانە. وەها لاڵانەوە لە بەردەم خامنەیی و بەم شێوەیە موخلسانە قسە كردن ئەو پەڕی بێ پرەنسیپی تاك یان كۆمەڵێك ئینسانی سیاسییە. 

تێبینی: لە بەشی زۆری ئەم نووسینەدا لە بری بەكار هێنانی كوردستانی باشور یان رۆژئاوا، كوردستانی عیراق یان سووریام بەكار هێناوە كە ئەویش گواستنەوەی دەقاو دەقی ئەو ناوانەیە كە نووسەرانی ئەم نامەیە بە كاریان هێناوە.
بۆ خوێندنەوەی نامەی ئەو نووسەرانە بۆ خامنەیی سەردانی ئەم لینكە بكەن
http://iranglobal.info/node/58497


PM:10:23:18/01/2017




ئه‌م بابه‌ته 1016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌