راگەیاندنی سكرتارییەتی كۆمەڵە سەبارەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی موعەلیمانی ئێران و كوردستان


كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە بڵاوكردنەوەی راگەیاندراوێك پشتیوانی خۆی لە داواكارییە رەواكانی موعەلیمانی ئێران‌و كوردستان دەربڕیوە

دەقی راگەیاندنی كۆمەڵە لێرەدا بخوێننەوە:

هەروەك دیتمان دوێنێ یەكشەممە 10ی رەشەممەی 1393 هەتاوی موعەلیمان لە بەشێكی بەرچاو لە شارەكانی ئێران و كوردستان هاوكات و یەكگرتووانە بە خۆپیشاندان دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان هەڵبڕی و خوازیاری وەڵامدانەوەی داخوازییە سینفی، ئابووری و فەرهەنگییەكانیان بوون.

بێگومان ئەم توێژەی كۆمەڵگای ئێران كە خزمەتێكی گەورە بە نەوەی ئێستا و داهاتوو دەكەن و كۆمەڵگای ئێران بە زانستی خۆیان رووناك دەكەنەوە، لە لایەن دەسەڵاتداران و سیستەمی سەقەتی بە ناو پەروەردەی كۆماری ئیسلامی هەمیشە لە ژێر گوشارو هەڵاواردندا بوون و هەن.
گوشاری سیاسی، نەبوونی ئازادی، هەڵاواردنی بەرچاو، سیستەمی دواكەوتووانەی خوێندن، داڕوخانی ئابووری وڵات، قورساییەكی زیاتری لە سەر بژێو و ژیانی چین وتوێژی كەم داهاتی كۆمەڵگا دروستكردوەو لە بەرابەریشدا تا دێت ناڕەزایەتییەكان پەرە دەستێنن و قوڵتر دەبنەوە.

ئێمە پشتیوانی خۆمان لە خەبات و ناڕەزایەتی بەرحەقی موعەلیمانی ئێران وكوردستان دەردەبڕین و دڵنیاین ئەوان بە خەباتی یەكگرتووانەی خۆیان و پشتیوانی بزوتنەوە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە دەتوانن داخوازییە رەواكانیان بسەپێنن.

سكرتارییەتی
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
11/ رەشەممەی 1393 هەتاوی
2/3/ 2015 زایینی



AM:11:15:02/03/2015




ئه‌م بابه‌ته 1256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌