پەیامی تەشكیلاتی زاگرۆسی كۆمەڵە بۆ هاوڕێیانی بەشی نەهێنی لەسەرتاسەری كوردستان


پاش چالاكی بەربڵاوی تێكۆشەرانی نهێنی لەشارەكانی كوردستان بە بۆنەی 26ی رێبەندان رۆژی كۆمەڵە، تەشكیلاتی زاگرۆسی كۆمەڵە پەیامێك روو لە چالاكانی نهێنی ناوخۆی كوردستان بڵاو دەكاتەوە

دەقی پەیامی تەشكیلاتی زاگرۆسی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لێرەدا بخوێننەوە:


هەروەك ئاگاداران بەبۆنەی بیست و شەشی رێبەندان ساڵڕۆژی گیانبەختكردنی هاوڕێی رێبەر كاك حەمە حسێن كەریمی‌و ئاشكرابوونی خەباتی كۆمەڵە جارێكی دیكە شاروناوچەو گوندەكانی كوردستان بووە بە مەیدانی خەبات‌و تێكۆشانی هەڵسووڕاوان و چالاكانی نهێنی كۆمەڵە. ئەو فیلم‌و وێنەو هەواڵ‌و راپۆرتانەی كە لە رێگەی راگەیاندنەكانی كۆمەڵەو بەتایبەتی رۆژهەڵات تی وییەوە بڵاوبوونەوە دەرخەری بەرینبوونەوەی زیاتری چالاكی هەڵسوڕاوانی بەشی نهێنی كۆمەڵەیە لەسەرتاسەری كوردستان.

بەرێوەبردنی شانۆیەكی دیكە لەخەبات‌و تێكۆشانی هاوڕێیانی سەنگەری شار لەكاتێكدایە كە كۆماری ئیسلامی‌و هێزە ئەمنیەكان بەتەواوی توانای خۆیانەوە دەستیان داوەتە مانۆڕدان لەناو مەیدان‌و شەقامە سەرەكییەكانی شارەكانی كوردستان‌و بەربەست دانان‌و رێگری كردن‌و هەروەها بە بانگهێشتكردنی چالاكانی سیاسی‌و مەدەنی لە رۆژەكانی پێش بە 26ی رێبەندان بەنیازبوون بەم جۆرە فەزایەكی ترساویی بخولقێنن. بەڵام وەك لەهەواڵ‌و راپۆرتەكانی رۆژهەڵات تی وی بڵاوكرایەوە تێكۆشەرانی نهێنی كۆمەڵە بە ورەیەكی شۆڕشگێڕانەوە تەواوی پیلانەكانیان پووچەڵكردنەوەو بۆ رێز لێنان لە رێبازی كاك حەمەحسێنی كەریمی‌و رۆژی ئاشكرابوونی خەباتی كۆمەڵە هاتنە مەیدان‌و وڵامێكی پڕ بەپێست‌و شیاویان بە نەیارانی كۆمەڵە داوەتەوە.

تێكۆشەران‌و رێبوارانی رێبازی كۆمەڵە نیشانیاندا هیچ رێگری‌و بەربەستێك ناتوانێت ورەی پڕ لەئازادیخوازی‌و فیداكاری ئەوان خەوشدار بكات، تێكۆشەرانی سەنگەری شار، قاڵبووی دەیان سەختی‌و نەبەردی كۆڵان بەكۆڵانن لەگەڵ دوژمنانی كۆمەڵە. مێژووش سەلماندویەتی سەرباری گشت سەختی‌و ئەستەمییەكان ئەوە تێكۆشەرانی بوێرو پێشكەوتنخواز و چاوكراوەی كۆمەڵەن لەسەرتاسەری كوردستاندا سەربەرزانە لەو مەیدانە هاتوونەتە دەر. ئەوە نەسلی تازەی خەباتكاری سەنگەری شاری كۆمەڵەن كە بارگاوین بەبیری كۆڵنەدان‌و بەمێژوییەك لە تێكۆشانی حیزبێك كە مل بۆ هیچ سەركوتكارییەك دانانەوێت‌و بوێرانە كەڕەنای خەبات لەدژی دوژمنانی كورد لێ ئەدات‌و شەوەزەنگی ئیستبداد دەكاتە رۆژی رووناكی بو خەڵكی ئازادیخوازیی نیشتمانەكەی. نەسلی تازەی خەباتكاری كۆمەڵە بە داهێنان‌و ئیبتكاری نوێی‌و رەچاوكردنی شێوازی تازەتر و بەگرتنی فیلم‌و وێنە لە چۆنییەتی تێكۆشانیان لەسەرتاسەری كوردستاندا نیشانیاندا تێكۆشەرانی ئەم حیزبە هەردەم ئامادەی كاری سەردەمیانەو نوێیە لەپێناو سەلماندنی سیاسەتەكانی كۆمەڵە لەكوردستان.

هەڵسووڕاوان‌و تێكۆشەرانی نهێنی كۆمەڵە لەسەرتاسەری كوردستان، ئێوە بەتێكۆشان‌و هەڵسوڕانی بەربڵاوی خۆتان سەلماندتان رێبوارانی ماندوونەناسی كۆمەڵەن‌و نیشانتاندا رێگەی سەركەوتنی یەكجاری لەگرەوی رێكخستنی ژیرانەو بەكردەوە دەرهێنانی سیاسەتە شۆڕشگێڕانەكانی كۆمەڵەدایە. ئێوە ئەم پەیامەتان بەداگیركەرانی كوردستان گەیاند كە سەنگەری شار سەنگەرێكی پتەو قایم‌و لە گیران نەهاتووەو بست بەبستی كوردستان شوێن پێی‌و جێگەی تێكۆشەرانی كۆمەڵەیەو هیچ رێگری‌و لەمپەرێك ناتوانێ ورەی قایم‌و بڕوا بەسەركەوتنی خەباتكارانی نهێنی لاواز بكات.

ئێستاكە وێڕای پەیمان تازەكردنەوە لەسەر رێبازی هاوڕێی رێبەر كاك حەمەحسێن كەریمی‌و سەرجەم گیانبەختكردوانی كۆمەڵە، پڕ بەدڵ دەستخۆشی‌و ماندوو نەبوونیتان لێدەكەین، دڵنیاین نە حكوومەتی نیزامی‌و نەفەزای ئەمنیەتی ناتوانێ ورەی قایم‌و پتەوی ئێوە بەخەبات‌و تێكۆشانی شۆڕشگێڕانەلاواز بكات، هەربۆیە هەمووكات سەلماندوتانە كوردستان هەردەم ئامادەی تێكۆشان‌و خەباتە لەدژی دوژمنانی گەلی كوردو كۆمەڵەش وەك هێزێكی سەرەكی لەم خەبات‌و ململانێیدا دەوری سەرەكی بووە لەهاندان‌و رێكخستنی جەماور لەپێناو وەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلی كورد. لەكۆتاییدا بەبۆنەی 26ی رێبەندان رۆژی ئاشكرابوونی خەباتی كۆمەڵە پیرۆزبایی دەكەین لەهاوڕێیانی نهێنی ‌و زیندانیانی سیاسی‌و بنەماڵەی گیانبەختكردووانی كۆمەڵەو تێكۆشەرانی دێرینی كۆمەڵە لەسەرتاسەری كوردستان.

پیرۆز بێت 26ی رێبەندان رۆژی كۆمەڵە
هەر شەكاوە بێت ئاڵای سووری كۆمەڵە
26ی رێبەندانی ساڵی1393ی هەتاویی

تەشكیلاتی زاگرۆسی كۆمەڵە



AM:08:22:17/02/2015




ئه‌م بابه‌ته 1095 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌