پەیامی كۆمەڵەی خوێندكارانی رۆژهەڵات بە بۆنەی 25ی بەفرانبار ساڵڕۆژی گیانبەخت كردنی "ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی"


كۆمەڵەی خوێندكارانی رۆژهەڵات بە بۆنەی 25ی بەفرانبار ساڵڕۆژی گیانبەخت كردنی "ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی" پەیامێكیان بڵاو كردۆتەوە‌و باسی لە دژایەتی رژیم لە گەڵ گشت بەها بەنرخەكانی مرۆڤایەتی كردووەو دام‌ودەزگا داپڵۆسێنەركانی رژیم سڵ لە هیچ جۆرە كوشتارێك ناكەنەوە.

لێرەدا دەقی پەیامی كۆمەڵەی خوێندكارانی رۆژهەڵات بخوێننەوە:


25ی بەفرانبار ساڵڕۆژی گیانبەختكردنی خوێندكاری كورد ئیبراهیم لوتفوڵڵاهیە كە هەموو ساڵێك لە و رۆژەدا ئەوەمان دێتەوە بیر كە ئەو خوێندكارە بێتاوانە چۆن لە لایەن حكومەتی دژە مرۆیی كۆماری ئیسلامیەوە بێ هیچ تاوانێك مافی ژیانی لێسەندرا و مۆمی تەمەنی كەوتە بەر ڕەشەبای شوومی ئیستبدادی مەزهەبی و كوژایەوە. ئەوەشمان دێتەوە بیر كە حكومەتی ئیسلامی ئێران تا چ رادەیەك دژە مرۆڤ و دڕەندەیە كە لە بەرچاوی ئەو ژیان و كەرامەتی ئینسانی بایەخێكی نییە و لە دژایەتی نەتەوەی كورددا لە هیچ كردەوەیەك شەرم ناكات و هەروەها بەرپرسانی دڵ پڕ لە قینی ئەو دژی هەموو بەها مرۆییەكانن‌و و دژایەتی زانست و خوێندن دەكات. ئەوەش دێتە بەر چاو كە ترسی ئەو حكومەتە لە مرۆڤی خەباتكار تاچ رادەیەكە كە تەنانەت بە بنەماڵەی ئیبراهیم ئیزنی بەڕێوە بردنی رێوڕەسمی بە خاكسپاردن و پرسەیان نەدا و نەیانهێشت دوا ماڵئاوایی لە تەرمی رۆڵەكەشیان بكەن.

بە درێژایی تەمەنی حكومەتی ئیسلامی زۆرێك لە خوێندكارانی كورد بە شێوەگەلی جۆراوجۆر كەوتوونەتە بەر هێرش و پەلاماری دژە ئینسانی ئەو حكومەتە و بە دەیان كەس گیانیان بەخت كردووە. هەر بۆیەش پێویستە بزووتنەوەی خوێندكاری كوردستان رۆژێك بۆ رێز لێنان لەو تێكۆشەرانە وەكوو "رۆژی خوێندكاری كورد" دیاری بكا، تا ئەو رۆڵانەی گەلەكەمان قەت لە بیر نەچنەوە و ئەمە ئەمەگناسی كۆمەڵگا بێ بۆ خەبات و تێكۆشان و خۆڕاگری ئەو ئازیزانە.

هەروەها هەر وەك بە شێكی بەرچاو لە خوێندكارانی ناوخۆی كوردستانی رۆژهەڵات چەن ساڵێك لەمەو پێش داوایان كردبوو بە هۆی بەرزترین ئاستی مەزڵومییەت و بێ تاوانی ئێبراهیم لوتفوڵڵاهی و هەروەها كەسایەتی بی لایەن و نیشتمانپەروەری ناوبراو كە دەیكاتە موڵكی تەواوی كوردستان بە گشتی، ئێمەش وەكوو "كۆمەڵەی خوێندكارانی رۆژهەڵات" پێشنیاری ناونانی 25ی بەفرانبار وەكوو رۆژی خوێندكاری كورد بە گونجاو دەزانین و پەیمان نوێ دەكەینەوە هەتا گەیشتن بەو رۆژەی كەچیتر ئێبراهیمەكان نەكەونە بەر تینی جەلادان درێژە بە تێكۆشانمان دەدەین.

"كۆمەڵەی خوێندكارانی رۆژهەڵات"
" 22ی بەفرانباری 1393 هەتاوی"




PM:04:03:13/01/2015




ئه‌م بابه‌ته 1183 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌