چارەنووس سازترین ساڵەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان(کۆتایی)









فوئاد محەممەدی


(هۆکارەکانی دروست نەبوونی دەوڵەتی کوردی)

لە هاوینی 1921 سەرکەوتنەکانی سمکۆ ئاسۆگەی کوردستانێکی سەربەخۆ کە لە عوسمانی و ئێران جیابووبێتەوەی بە بریتانیا نواندبوو، بەڵام پشتیوانی لێنەکرا. وتووێژەکانی ئاشتی لۆزان کە بە بەشداری دەوڵەتگەلی بریتانیا، فەرانسە، روسیە و ئیتالیا و بە چاودێری ئەمریکا بۆ دیاری کردنی نەقشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەستی پێکرد، بوو بە ململانێیەکی داپڵۆسێنەر. پەیمانی لۆزان کە لە 24ی ژوئیەی 1923 واژۆکرا، تەواوی داخوازییەکانی تورکیە بێجگە لە ویلایەتی موسڵی دابین کرد. لە لۆزان دا، "کرزن" وەزیری دەرەوەی ئێنگلستان بە "عێسمەت ئینونۆ"ی نوێنەری تورکیە بە ئاشکرا و بی ڕاڕایی وتبووی" تەواوی زانیارییەکانی ئێمە ئەوە نیشان ئەدا کە کوردەکان بە مێژوو و داب و نەریت و زمانی جیاوازی خۆیان، دەبێ نەتەوەێکی سەربەخۆ بن". بەڵام تازە ئەم قسانە کەڵکی نەبوو. لە پەیمانی لۆزان، کە پەیمانی سێڤەری بەتاڵ کردبووەوە لە هیچ جۆر بەند و تەبسەرەیەک لە بابەت هەلومەرجی کوردەکان و مافەکانیان باس نەکرابوو. لەو کاتە بەدواوە دەوڵەتانی تورک و فارس و عەرەب هەرکام بە شێوەیەک تێکۆشاون کە کوردەکان لە ناو بەرن یان لە نێو سیستمی داتاشراوی خۆیان دا بیانتوێننەوە.
ئاکام: بە ئاوەڕدانەوەیەک لە مێژووی هاوچەرخی کوردستان و ناوچەکە و رووداوگەلی ساڵە چارەنووس سازەکانی 1919 تا 1925ی زایینی، دەکرێ لەوە تێبگەین کە جوگرافیای سیاسی(ژئۆپۆلۆتیکی) کوردستان و کوێستانە سەخت و سەخڵەتەکانی، زلهێزەکانی ئەو سەردەمە واتە ئێنگلیس و فەڕانسەی خستە بیری ئەوەیکە بۆ داڕشتنی نەقشەی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیاری کردنی سنووری نێوان وڵاتە تازە دامەزراوەکانی ئیمپراتووری عوسمانی، واتە تورکیە و عێراق و سووریە و هەروەها ئێران باشترین هەڵبژاردە شاخە بەرزەکانی کوردستانە. بە جۆرێک کە تێچوو و هەزینەی بەرگری لە سنوورەکانی کەم دەکردەوە. هەروەها هەر کات لەندەن و پاریس و بە واتایەکیتر زلهێزەکانیتری جیهانیش بە پێویستی بزانن، دەتوانن لە حەربەی کێشەی کورد وەکوو ئەهرۆم و کەرەسەی گۆشار بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە( ئێران، عێراق، سووریە و تورکیە)زۆرترین کەڵکی لێوەربگرن. بەمانەشەوە کوردەکان نابێ تەنیا بە شوێن هۆکاری دەرەکی و خەیاڵی پیلانی نێونەتەوەیەوە بن. بەڵکوو دەکرێ بوترێت یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکان دەمارگرژیی هەندێک لە خەڵکی کوردستان لە هەمبەر ئیسلام و دۆژمنایەتی لەگەڵ بێ ئایینەکان(بە ڕای خۆیان) لەو کاتەدا بووە. بوونی ئیتالیایی و یونانیەکان لە رۆژئاوای تورکیە و پەرچەکرداری تووندی کوردەکان و پشتیوانی ئەوان لە تورکەکان بە ناوی برایەتی ئیسلامی، نموونەیەکی بەرچاوی ئەم راستیەیە. ئەمە لە کاتێک دایە کە تورکەکان وەکوو دەسەڵاتدارانیتری ئیسلامی، ئایینیان کردبوو بە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. بێجگە لەوە زۆر کەم بوون رێژەی ئەو کوردانەی کە بە دوورتر لە ئاغاکان و شێخەکان، لە نێوان ئەوانیش دا هاوهەستییەکی زۆر نەدەبینرا.

لە خاڵگەلێکی تر کە دەبێ ئاماژەی پێبکرێت، زەربە لێدانی کوشەندەی فەڕانسە و لاوازی ئەو وڵاتە لە بەرانبەر کەمالیستەکان و لەبەرچاو نەگرتنی داخوازییە رەواکانی نەتەوەی کورد لەو کاتە لە لایەن ئەو وڵاتەوە بوو. هەروەها پشتیوانی لێنین و بلشویکەکان لە کەمالیستەکان و بە هێز بوونی ئەوان بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەیکە کەمالیستەکان لەگەڵ سێ زلهێزی بریتانیا، فەڕانسە و ئیتالیا هاوکات لەگەڵ دوو وڵاتی یونان و ئەرمەنستان لە شەڕدا بوون. لە هۆکارەکانی تری سەرنەکەوتنی خەباتکارانی کورد لە ساڵەکانی 1919 تا 1925، بوونی رێبەرانێکی بە هێز وەکوو رەزا خان لە ئێران و مستەفا کەمال لە تورکیە بوو. یەکێکتر لە هۆکارە سەرەکیەکانی بە ئاکام نەگەیشتنی بزووتنەوەی کوردستان لەو سەردەمەدا نەبوونی یەکگرتوویی و نەبوونی رێبەرێکی هاوبەش لە نێو کوردەکان بوو. تەنانەت نەبوونی تێکۆشانێکی بەرچاو بۆ رەخساندنی یەکگرتووی یان هاوپەیمانی لە نێوان مودەعیەکانی رێبەری کە ئەمە خۆی رەنگە هەڵدەگەرێتەوە بۆ نەتوانینی ئەوان بۆ تێگەیشتن لە گرینگی چارەنووس سازی هەلومەرجێک کە هاتبووە پێش.
هەروەها رەنگە کۆنەست(ناخودئاگای جەمعی) لە مێژووی کوردەکان کە بێجگە لە خەباتکار بوون، رەگێک لە هەستی رێبەری و بەدوایدا نافەرمانی وەکوو بەشێک لە ناخودئاگای کەسایەتی مرۆڤی کوردیش لە کێشەی نەبوونی یەکگرتووی کوردەکان لەو سەردەمەدا کاریگەر بووبێت. لە کۆتاییش دا رازی نەبوونی ئینگلیس بۆ پشتیوانی ماڵی و چەک و چۆڵ و نەبوونی سیاسەتێکی روون لە لایەن ئەو وڵاتەوە وەکوو بڕیاردەری سەرەکی لەو سەردەمەدا بە بیانوی ترس لە زۆرتر بوونی شڵەژاوی هەلومەرجەکە، بوو بە هۆی تێکشکانی تێکۆشانی کوردەکان لەو سەردەمە هەستیارەدا. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بریتانیا لە بارەی کوڕەکانی شەریف حسەینی مەکە هەرگیز ئاوا وردبینانەو بە پارێزەوە کاری نەکرد. چونکوو خۆی خوازیار بوو، دەسەڵاتی وڵاتانی تازە دامەزراوی عێراق و ئوردۆن و عەرەبستان و چەن وڵاتی دیکەی عەرەبیان بەوان سپارد.

هۆکارەکانی دروست نەبوونی دەوڵەتی کوردی
ئەبێ بڵێین بێجگە لە هۆکارگەلی ناوخۆیی و دەرەکی، نابێ ئەوە لە بیر بکرێت کە پاش ئەوەیکە وڵاتی کوردستان لە نێو چوار وڵاتی دیکەدا دابەش کرا، کورد لەو چوار وڵاتە و تەنانەت لە خودی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دا بوو بە کەمینە. ئەمە و ژێرخانی ئابووری لاواز(کە ئەمەش خۆی بە شێوەی سیستماتیک لە لایەن نەتەوە باڵادەستەکانەوە رەچاو کراوە) و لە ئاکامی ئەوەش دا لابی لاوازی کورد لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی، بووەتە هۆی کەم کاریگەری هێزی مشتومڕی کورد لە بەرانبەر دەسەڵات دارانی حاکم دا. بۆ نمونە پاش شەڕی جیهانی یەکەم رێژەی حەشیمەتی نەتەوەی کورد لە 1600000 دابەزی بۆ 800000، ئەمە کەم تا زۆر کاریگەری بووە لە سەر لاواز بوونی هێزی کوردەکان. هەروەها مێژووی ئەو وڵاتانەی کە کوردەکان تێیدا ژیاون، پیشانی داوە ئەگەر سیاسەتمەدارێک پەیدا بووبێت کە ویستبێتی هەندێک لە مافەکانی نەتەوەی کورد دابین بکات، نەیارانی کورد لەو وڵاتانە لە نێویان بردوون. بۆ نموونە عەبدولکەریم قاسم و کەم تا زۆر عەبدولکەریم عارف لە عێراق، ژنڕاڵ رەزم ئارا لە ئێران و تۆرگۆت ئۆزاڵ لە تورکیە. رەنگە ئەمە هۆکارێک بووبێت بۆ ئەوەیکە سیاسەتمەدارانی تری ئەو وڵاتانە لە هێڵی سووری کێشەی کورد تێنەپەڕن.

لە کۆتایی دا دەتوانین گرنگترین هۆکارەکانی دروستنەبوونی دەوڵەتێکی یەکگرتوویی کوردی بۆ ئەم خاڵانە بگێڕینەوە:
1_ ژئوپولێتیک یان جوگرافیای سیاسی کوردستان و هەروەها سنووری جوگرافیای کوردستان لەگەڵ وڵاتانی عێراق، ئێران، تورکیە و سووریە یان بە واتایکی تر نەبوونی سنوورێکی ئاوی کە بیبەستێتەوە بە جیهانی دەرەوە. بە جۆرێک کە کوێستانەکانی کوردستان هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە سەرپەنای کوردەکان بووە یەکێک لە سەرەکیترین کۆسپەکانی سەر رێگای یەکگرتنی کورد و کوردستان بە ئەژمار دێت.
2_ نەبوونی ئیرادەیەکی یەکگرتووی تۆکمە لە ناو رێبەرانی کورددا بە تایبەتی لە سەروبەندی رێکەوتننامەکان دا.
3_ هۆکاری ئایینی کە کوردەکان زۆرینەیان موسڵمانن و سەر بە ئایینی ئیسلامن کە هاوسۆز بوون لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی دا، ئەمەش زۆر جار وەک چەکێک بۆ فریودانی کورد بە کار هاتووە.
4_ نەبوونی ئابوورییەکی تۆکمە بۆ پەرەپێدانی و بەڕێوەبردنی خۆی.
5_ نەبوونی شارەزایی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتداری و سیستمی دەسەڵاتداری دا.
6_ بوونی کانزا و زۆری نەوت لە خاکەکەیدا کە هەمیشە جێگەی بایەخی دەوڵەتانی دراوسێ و وڵاتانی زلهێز بووە.
7_ هاوتانەبوونی چەک و جبەخانە و کەرەستە شەڕییەکان لە کاتی رووبەرووبوونەوەکان دا.
8_ بوونی سیستمی کۆمەڵایەتی دەرەبەگایەتی، کە وای لە کۆمەڵگای کوردی کردووە هەر ناوچەیەک سەر بە هۆزێک یان میرنشینێک بێت و نەتوانرێت لە ژێر چەتری یەک سەرکردایەتیدا کۆ بکرێنەوە، وەک دەرئەنجامێکی ئەم سیستەمەش خیانەتکردن وەک دیاردەیکی باوی ناو شۆڕشەکانی کوردی لێهاتووە.
9_ دەوڵەتانی دراوسێ بە پێچەوانەی کوردەوە هەمیشە پەلوپۆیان کردووە بۆ داگیر کردنی کوردستان و لە رێکەوتننامەکان دا خیانەتیان لێکردووە.





PM:05:29:01/09/2012




ئه‌م بابه‌ته 1582 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌