پەیامی "کۆمەڵەی خوێندکارانی رۆژھەڵات" بە بۆنەی ساڵرۆژی گیانبەخت کردنی ھاوڕێیانی رابەر "کاک فۆئاد و کاک سدیق"

ئاسۆی رۆژهەڵات: رێکخراوی "کۆمەڵەی خوێندکارانی رۆژھەڵات" بە بۆنەی ساڵرۆژی گیانبەخت کردنی ھاوڕێیانی رابەر "کاک فۆئاد و کاک سدیق" پەیامێکی دەرکردووە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

پەیامی "کۆمەڵەی خوێندکارانی رۆژھەڵات" بە بۆنەی ساڵرۆژی گیانبەخت کردنی ھاوڕێیانی رابەر "کاک فۆئاد و کاک سدیق"

رێبەر یان سەرکردە لە خولقاندنی مێژوو و ئاڵوگۆڕە مێژووییەکان رۆڵێکی سەرەکی ھەیە. تا کاتێک کە لە نێو گروپێکدا رێبەر بوونی نەبێت نە ئەو گروپە دەتوانن بە شێوەی رێکوپێک لەگەڵ یەکدا ھاوکاری بکەن و نە دەتوانن بە ئامانجی ھاوبەشیان بگەن. بەم پێیە رێبەر کەسایەتییەکی مێژوو خولقێنی ھەیە. چونکوو رێبەرە کە کەسانی نێو گروپەکەی ریکۆپێک، کارەکانیان چاودێری و ئەوان بەرەو ئامانج رێنوێنی دەکات. لە کەسایەتیگەلێک کە لە مێژوویی ھاوچەرخی کوردستانی ئێراندا و بە تایبەت لە سەردەمی ھەستیار و چارەنووس سازی شۆڕشی ساڵی ٥٧ی ھەتاوی وەکوو دوو رێبەری مێژوو خولقێن سەریانھەڵدا، گیانبەخت کردووان کاک فۆئاد مستەفا سوڵتانی و کاک سدیق کەمانگەر بوون.

 ئەمرۆکە پاش چەندین ساڵ لە شەھیدکرانی دوو سەرکردە و کەسایەتی کاریزمای رۆژھەڵاتی کوردستان، ئەگەرچی شەھید بوونی ناوبراوان خەسارێکی قەرەبوو نەکراو بوو لە رەوتی بزووتنەوەی رزگاری خوازانەی نەتەوەی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان، بەڵام سەر باقی ئەمەش شوێن پەنجە و کاریگەرییەکانی ئەو دوو سەرکردە مەزن و خۆنەویستە ھێشتا بە سەر جەستەی خەباتی رزگاری خوازیی کوردستانەوە بوونیان ھەیە و ئەندێشە و توانامەندی و ھەنگاوە پراکتیکییەکانی ناوبراوان تاکوو ئێستاش شیاوی راڤە و ھەڵسەنگاندنە و چرای رووناکی رێگامانە.

 ھەر بەم پێیەش ئێمە وەکوو رێکخراوی کۆمەڵەی خوێندکارانی رۆژھەڵات، بە کەڵک وەرگرتن لە ئەندێشە و وانەکانی، کاک فۆئاد و کاک سدیق بڕیارمان داوە ھەوڵ بدەین بۆ کاری رێکخستنی زۆرتر لە نێو لاوان و خوێندکارانی رۆژھەڵاتی کوردستان و لە ھەموو چالاکانی ئەو بوارانەش داواکارین بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرز و ئینسانییەکانی ئەو دوو سەرکردە مەزنە پاڵپشت و پشتیوانمان بن.

بەرز و بەرێز بێت یادی ھاوڕێیانی رابەر کاک فۆئاد و کاک سدیق
کۆمەڵەی خوێندکارانی رۆژھەڵات
رێکەوتی ٨ی خەرمانانی ١٣٩٣ی ھەتاوی 

PM:07:11:01/09/2014




ئه‌م بابه‌ته 1176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌