چارەنووس سازترین ساڵەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان(2)








فواد محەممەدی
لە بەهاری 1919 ز، سێ رەوتی سیاسی لە نێو کوردەکاندا لە ئارادابوو: نزیک بوون لە عوسمانی(شێخ عەبدولقادر و لایەنگەرانی)، نزیکی لە هاوپەیمانەکان یان موتەفێقین(شێخ تەها نەهری و لایەنگەرانی) و هەروەها لە نێو کوردەکانی درسیم، سەربەخۆییخوازی تەواو و دوور لە هەرجور دەستێوەردانی دەرەکی. زۆرێک لەو کوردانەی کە لە ئاکامی سەرلێشێواوی تووشی دوودڵی و شڵەژاوی ببوون، نەیانەویست خۆیان بە تەواوەتی و بێگەڕانەوە بە یەکێک لەو سێ رەوتە ببەسنەوە. لە مانگی مەی 1919، هێزەکانی یونان و ئیتالیا چوونە نێو رۆژئاوای تورکیەوە. کاریگەری دەروونی ئەم جەریاناتە لە سەر خەڵکی موسلمانی ئاناتولی(تورکیە) زۆر زۆر بوو. پێشووتریش بینرا بوو کە کوردەکانی تورکیە تا چ ئاستێک لە حاست هەڕەشەی مەسێحیەکان هەستیار بوون. هەستی ئایینی و هەڕەشەی زۆرتر بوو زاڵ بوونی ئەرمەنییە مەسێحییەکان بە سەر کوردستان لە ناکاودا، بیری کاتی نەتەوەخوازی لە نێو هەزاران کەس لە دانیشتوانی کوردستانی باکوریی خستە پەڕاوێزەوە. لەو هەلومەرجەدا دەوڵەتی عوسمانی لە هەڵخراندنی هەستی برایەتی ئیسلامی لەگەڵ هیچ جورە دژوارییەک رووبەروو نەبوو. وەها بوو کە تورکەکان لە سەر ئەساسی بیری پان ئیسلامیزمی تۆخ کاریان کرد. بە جورێک کە لە بە کار هێنانی وشەی «کورد» توندوتیژانە بەرگریی دەکرا و لە جیاتی ئەوە، وشەی «موسڵمانەکان» بە کار دەبرا. ئێستا هێدی، هێدی پاش بەڵای کەڵک لێ وەرگرتنی فێڵبازانە لە هەستی ئایینی خەڵکی کورد، بەڵای دووەمی بزووتنەوەی کوردستان دەگاتە پێش: مستەفا کەماڵ دامەزرێنەری تورکیەی نوێ، لە پاییزی 1919، کاتێک کەمالیستەکان پشتیوانی بلشویکەکانیان بە دەست هێنا، هۆکارگەلێکی تازە بۆ نیگەرانی هاتە پێشەوە. مستەفا کەماڵ لە کۆتاییەکانی مانگی مەی لەگەڵ نوێنەرانی سوڤیەت دانوستانی کردبوو و لە لایەن ئەوانەوە دڵنیا کرابوو کە لە بەرامبەر هەوڵی هاوپەیمانەکان بۆ دامەزراندنی ئەرمەنستان یان کوردستانێکی سەربەخۆ لە ناوچەی ئاناتوڵی لە ناوبراو پشتیوانی دەکەن.
بەرەو بەستنی پەیمانی سێڤەر:

لە پاریس کاربەدەستانی بریتانیایی «بۆغۆس نۆبار»، نوێنەری ئەرمەنیەکانیان گەیاندە ئەو قەناعەتە بۆ پێویستی بڵاوکردنەوەی راگەیاندنێک کە باس لە یەکدەنگی کوردەکان و ئەرمەنیەکان لە دژایەتی لەگەڵ هاتنەوە سەر کاری حکومەتی عوسمانی دەکات. نۆبار بە باوەر بەوەیکە کێشەی ئەرمەنستان لە مەترسیدایە بۆ گەیشتن بە هاوڕاییەک لەم بابەتەوە خێرا لەگەڵ شەریف پاشا چووە وتووێژەوە. ناوبراوان لە بیستەمی نوامبری 1919، راگەیاندنێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە:»ئێمە لەوەیکە دامەزراندنی ئەرمەنستان و کوردستانێکی سەربەخۆ هاوڕا لەگەڵ بنەماکانی مافی نەتەوەکان بە پاڵپشتی یەکێک لە زڵهێزەکان، لە کونفرانسی ئاشتی داوا بکەین، یەکگرتوو و هاوڕاین. هەروەها رێز گرتن لە مافی رەوای کەمینەکانی ناو هەردوو وڵات بە تەئکید لە بەرچاو دەگیردرێت».
شەریف پاشا لە کۆنفرانسی ئاشتی کە ئاکامەکەی گەیشتە بەستنی پەێماننامەی سێڤەر(1920 ز)، خوازیاری سەربەخۆیی تەواوی کوردستان بوو. ئەمەش ئاماژەێک بوو بە بڕێک لە پلانەکانی فەرانسە و ئینگلیس لەو کاتەدا، کە دەیانەویست کوردستان بە ناوچەگەلێک لە ژێر چاودێری خۆیان لە باکووری کوردستان(لە ژێر چاودێری فەرانسە) و باشووری کوردستان( لە ژێر چاودێری بریتانیا)دا دەربێنن. جێگای ئاماژەیە کە فەرانسە پێشووتر دژی بوونی کوردستانێکی سەربەخۆ بوو و دواتر بە ئامۆژگاری بریتانیا تا ئاستێک ڕا و بوچوونی خۆی گۆڕی و وای پیشان دا کە هەندێک لە داخوازییەکانی گەلی کورد قەبوڵ دەکا. شێخ عەبدولقادر نەهری چەن مانگ دواتر و لە کۆتاییەکانی فورییەی 1920 لەگەڵ رۆژنامەی» اقدام»ی ئێستانبول وتووێژی کرد و لە میانەی وتووێژەکەدا لە گرنگ نەبوونی رێکەوتنامەی نێوان کوردەکان و ئەرمەنیەکان قسەی کرد و هەر جۆرە دۆژمنی نێوان کورد و تورکی ئینکار کرد و خوازیاری خودموختاری ویلایەتە کوردنشینەکان لە ناو خاکی عوسمانی دا ببوو.
ئەم باسەی دوایی بوو کە هاوکارانی شێخی لە کۆمەڵەی پێشکەوتنی کوردستان تووڕە کرد. ناوبراویان بەوە تۆمەت بار کرد کە لە بەڵێنی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان پاشگەز بووەتەوە. بەڵام عەبدولقار خۆی هەمیشە رێزێکی تایبەتی هەبوو بەرامبەر بە خەڵیفە و ئەمەش کاریگەری هەبوو لە بیر کردنەوەی دا. هەر ئەم مەسئەلەیە بوو بە هۆی جیابوونەوەی بەدرخانیەکان و رۆشنبیرەکان لە کۆمەڵەی پێشکەوتنی کوردستان و پێکهێنانی» ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی کورد» لە لایەن ئەوانەوە. بە تەواو ئەمانەشەوە بۆ کوردەکان پەیماننامەی سێڤەر(بەندی 62، 64) وەعدە و بەڵێنی پێکهێنانی ناوچەیەکی خودمختاری ئەدا کە ئەم مافەی هەبوو یەک ساڵ پاش پێکهاتن ئەگەر بتوانێ»کۆمەڵگای نەتەوەکان» بگەێنێت بەو قەناعەتە کە شیاوی سەربەخۆییە، دەتوانێ بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیی هەڵبژاردن بەڕێوە ببات. بە کوردستانی باشووریش ئیزنی ئەدا کە لە داهاتوودا بە وڵاتی کوردستانی سەربەخۆ پەیوەست بێت.
لە سێڤەر تا لۆزان:

مادام کە تورکەکان بە رێبەری مستەفا کەماڵ لە بەرەی رۆژئاوای تورکیە لە پا دەر نەدەهاتن و تەنانەت توانیان هێزەکانی یونان و ئیتالیا و فەرانسە ببەزێنن، بیرۆکەی پێکهێنانی وڵاتێکی ئەرمەنی و هەروەها وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ کوردستان و بە کردەوە دەرهێنانی مومکین بە نەزەر نەدەهات. ئێستا وادار کردنی ئانکارا بۆ چارەسەری سیاسی کێشەکە هەردەم گرینگی زۆرتری پەیدا دەکرد. سەربەخۆییخوازانی کوردستان حەقیان بوو کە گومان خراپ بن. بریتانیا ئامادەبوو لە هەر پەێمانێکی تردا کە پێداچوونەوەی لە سەر بێت، لە هەر ئاماژەێک بە» کوردستانێکی سەربەخۆ لە داهاتوو»دا بگەڕێ. ئەوەیکە بریتانیا سەخت پێویستی بوو، ئەوە بوو کە ئانکارا(ناوەندی کەمالیستەکان) ئەو وڵاتە دڵنیا کاتەوە کە لە هەڵخراندن لە سنووری کوردستانی باشوور دەست هەڵبگرێ. لە لایەکی دیکەوە بلشویکەکان و کەمالیستەکان کە هەر دووکیان تا ئەو کاتە لاواز بوون و پێویستیان بە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ هاوپێمانەکان هەبوو و لە 1921 پەێمانی هاوڕێیەتیان واژۆ کرد. لە مانگی ئوت سەرۆک وەزیرانی یونان بە تووندی لە ئورووپا داوای کرد کە کوردەکان یارمەتی بدەن بۆ پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ. بریتانیاییەکان پێشووتر پێشنیاری شێخ تەهایان کە لە سێپتامبری 1920 چوو بۆ هەولێر و بۆ جاری دووەم خوازیاری چەک و کەل و پەل بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ ببوویان، رەد کردبووەوە. بریتانیاییەکان لەوە دەترسان هەر ئەوەیکە بزووتنەوەی کوردستان دەست پێ بکات لە ئیختیار ئەوان بڕواتە دەر. تەنیا لە کاتی زەروور و لە ناچاری دەبوو کە وەها سیاسەتێک رەچاو دەکرا. هەروەها لە لەندەن چرچیل کە لەو کاتەدا وەزیری موستەعمێرات بوو، لە بەرامبەر وەها کارێک دا ڕەئی باش نەبوو. ناوبراو وای بیر دەکردەوە کە مەترسییە دیپلۆماتیک و نیزامیەکانی وەها کارێک زۆرە. لە لاێکی دیکەوە مستەفا کەمال خۆی فەرماندەی هێزەکانی تورکیەی وەئەستۆ گرت و دەستی کرد بە شەڕێکی قورس و یونانییەکانی بەزاند. ئێستا کە گومانی سەرکەوتنی ئانکارا زۆرتر ببوو، فەڕانسە لە هاوپەێمانەکانی جیا بووەوە.
لە ئوکتوبری 1921 بەڵێن نامەیەکی لەگەڵ کەمالیستەکان واژۆ کرد کە ناوەرۆکەکەی نە لە سەر بەندەکانی پەێماننامەی (سێڤەر) بەڵکوو لە سەر ئەساسی(بەڵێننامەی نەتەوەیی کەمالیستەکان) دارێژرا بوو. عەبدولڕەحمان بەدرخان بە تاڵی گلەیی دەکرد و دەیگوت: فەڕانسە بەڵێنی دا بە ئێمە کە پشتیوانیمان لێبکات و ئێستا ئێمەی رادەستی تورکیە کردووە. لە هاوینی 1921 سەرکەوتنەکانی سمکۆ، ئاسۆگەی کوردستانێکی سەربەخۆی کە لە عوسمانی و ئیران جیا بووبێتەوەی خستبووە بەر چاوی بریتانیا، بەڵام پشتیوانی لێنەکرا.
وتووێژەکانی ئاشتی لۆزان کە بە بەشداری دەوڵەتەکانی بریتانیا، فەرانسە، روسیە و ئیتالیا و بە چاودێری ئامریکا بۆ داڕشتنی نەقشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازە دەستی پێکرد بوو بە ململانێکی داپڵۆسێنەر. ئەم پەێمانە کە لە 24ی ژوئیەی 1923 واژۆ کرا تەواوی داخوازیەکانی تورکیەی جگە لە وڵایەتی موسڵ بەدیهێنا.

ماویەتی.....

AM:11:52:01/08/2012




ئه‌م بابه‌ته 1208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌