مێژوو


کۆچی مێژوویی شاری مەریوان و پشتیوانی شارەکانی کوردستان(31ی پووشپەڕی 1358 ه):

کۆچی مێژوویی خەڵکی شاری مەریوان دژی هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی دەکرێ وەکوو یەکەم ئەزموونی جەماوەری خەباتی مەدەنی و ئاشتی خوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناوزەد بکرێت. ئەزموونێک کە بە پێشەنگایەتی کاک فۆئادی رابەر و ئەندامانی کۆمەڵە لەو شارە رێکخرا. هەوڵدان بۆ بەردەوامی حاکمیەتی دامەزراوەگەلی خەڵکی وەکوو(ئەنجومەنی شار، یەکیەتی جووتیاران، کومیتەی ژنان) و پێشگرتن لە بوونی سپای پاسداران لە شار، دوو ئامانجی سەرەکی حەرەکەتەکە بوو. ئەم رووداوە مێژووییە دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوو. هەروەها رێخۆشکەر بوو بۆ زیندوو کردنەوەی هەستی یەکیەتی نەتەوەیی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بە شێوازێک کە هەزاران کەس لە سنە، سەقز، بانە و شارەکانی تری کوردستان بۆ پشتیوانی لە داخوازییەکانی خەڵکی مەریوان بەرەو ئەو شارە رێپێوانیان کرد.



مانگرتنی گشتی لە کوردستان(16ی گەلاوێژی 1384 ه):
رۆژی 18 پووشپەڕی 1384ی هەتاوی لاوێکی کوردی خەڵکی مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە تەقەی لێدەکرێت و بریندار دەبێت. پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر، تەرمەکەی بە شوێن ئوتوموبیل دا بە نێو شار راکێش دەکەن. ئەم کردەوە نامرۆڤانە و وەحشیانەی رژیم بەرانبەر بە لاوێکی کورد لە لایەن خەڵکی خۆڕاگری مەهاباد بی وڵام نامێنێتەوە و دەبێتە هۆی دەسپێکی سەرهەڵدانێکی یەک مانگە لە شارەکانی کوردستان. لە ئاکام دا شێوازێکی نوێ لە خەباتی بزووتنەوەی حەق خوازانەی کوردستان سەرهەڵدەداتەوە و ئەوەش خەباتی مەدەنی بە شێوەی مانگرتنی گشتیە کە 16 گەلاوێژی 1384ی هەتاوی لە سەرانسەری کوردستان بۆ مەحکووم کردنی جنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە نەتەوەی کورد بەرێوە چوو.





ماڵئاوایی لە ژیان کردنی محەممەد ئەمین زەکی بەگ مێژوونووسی ناوداری کورد(1948_1880 ز)
64 ساڵ پێش ئێستا و لە 19ی پووشپەڕی 1327 ی هەتاوی محەممەد ئەمین زەکی بەگ مێژوونووس و سیاسەتوانی ناوداری کورد ماڵئاوایی لە ژیان کرد. ناوبراو لە گەڕەکی گوێژەی شاری سلێمانی و لە دایک بووە و باوک و دایکی نەخوێندەوار بوون. زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی، ئێنگلیسی، ئەلمانی و فەرانسەی زانیوە و لە بەر زیرەکی و لێهاتووی بە»زەکی» ناوبانگی دەرکردووە. زەکی بەگ لە سەردەمی پاشایەتی عێراق دا پەرلمانتار بووە و وەک نوێنەری سلێمانی هەڵبژێردراوە. لە رێگای نووسین و رەخنەکانیەوە کاربەدەستانی عێراقی و بریتانیایی بە ئاگاهێناوەتەوە. لە جێبەجێ کردنی ئەو بەڵێنانەی لە ساڵی 1926 بە کورد درابوو. ناوبراو خاوەنی زیاتر لە 12 بەرهەمە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و تورکی.





خەڵتانی خوێن کردنی مانگرتنی گەورەی کرێکارانی شێرکەتی نەوت(23ی پووشپەڕی 1325 ه):
66 ساڵ پێش و لە 23ی پووشپەڕی 1325 هەتاوی 80 هەزار کرێکاری ناوچە نەوت خێزەکانی خوزستان، دەستیان دا بە مانگرتن و خوازیاری جێبەجێ بوونی تەواوی یاسای کارێک بوون کە لە گوڵانی هەمان ساڵ و بە دوای خەباتێکی بەردەوام، وەکوو یەکەمین یاسای کار لە ئێران پەسەند کرابوو.لە 23 پووشپەڕ دەوڵەت و کارفەرمای ئەوکات شێرکەتی نەوتی ئێنگلیس بە کەڵک وەرگرتن لە چەکدارانی خێڵەکی و کاربەدەستانی نیزامی و ژاندارمێری هیرشیان کردە سەر کرێکارە مانگرتووەکان. لەم هێرشە نیزامیەدا 50 کرێکار کۆژران و نزیک بە 200 کەسیشیان بریندار بوون. داخوازی کرێکاران بریتیی بوو لە زۆرکردنی حەق دەست و پێدانی حقوقی رۆژەکانی پشوو و دەستتێوەرنەدانی شێرکەتی نەوتی ئینگلیس لە کار و باری ناوخۆی وڵات و چەک کردنی خێڵەکان کە زۆربەیان لە ژێر فەرمانی ئێنگلیس دا بوون.




AM:11:49:01/08/2012




ئه‌م بابه‌ته 1262 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌