مێژوویی دێرینی كوردستان(5)


فوئاد محەممەدی

مەدەنیەتی گوتییەکان:

لە مێژووی کۆندا لە زۆر جێگادا باسی قەومی گوتی و نیشتمانی گوتی کراوە، تەنانەت بابلیەکان ئەڵێن(کەشتی)یەکەی نوح لەدوای(تۆفانەکە)، لە سەر شاخی(جوودی) وەستاوە. جا ئەم ناوە هیچ گومانی نییە بە زمانی بابلییەکان لەباتی(گوتی) بە کار هێنراوە، واتە:کەشتییەکەی (نوح)لە دواێ( تۆفان) لەسەرشاخێک کە ناوی(جوودی)یە راوەستاوە کە ئەویش لە وڵاتی (گوتی)دایە. بە پێی ئەم بە سەرهاتە مێژووییە، ئەبێت مرۆڤ جاری(دووهەم لە وڵاتی جوودی_گوتی_کوردییەوە بە سەر زەمینجا بلاوبووبێتەوە)، گوتییەکان وڵاتی(ئەکەد)یان داگیر کردووە و خەسارێکی زۆریان لێداوە و پەرێشانیان کردوون، لە بەر ئەوە خەڵکی( ئەکەد)، ئەمانەیان بەکێوی(باربار) ناوزەد کردووە و لە مێژووی خۆیاندا، ناویان بە چاکی نەهێناون. هەرچەند پاش ئەوە کە بە سەریاندا حاکم بوون، گوتییەکان لەوانەوە فێری مەدەنیەت واتا شارستانیەت بوون. هاوکات لەگەڵ(خوای گوتی)دا،(خوای ئەکەد)یشیان پەرەستووە و چوونەتە سەر باوەڕی ئەکەدەکان، بەڵام ئەم تێکەڵبوون و شارستانییەتە، رێزێکی زۆری بە گوتییەکان نەداوە، بگرە هەروەک جاران بە چاوی(بێگانە) و کەسی زاڵم تماشایان کردوون، لەبەرئەوەی گوتییەکان خەڵکی شاخ و ئەکەدەکان دەشتەکی بوون، زمانیشیان جیاواز بووە، بۆیە پێکەوە نەلکاون.
پەرەستشگای کۆنی گوتییەکان لە زاگرۆس ئەشکەۆتی کەرەفتوو بووە کە لە سەرزەمینی(هەوەتوو) لە نێوان دیواندرە و سەقزدایە. یەکێک لە مرڤ ناسانی فەڕانسەوی، پاش لێکولێنەوەگەلێک گەێشتووەتە ئەم رایە کە تیپی خەڵکانێک کە لە سەردەمی ئێستا لە کوردستان ژیان دەکەن، لەگەڵ وێنە و بەردتاشگەلێک کە لە گوتییەکان بە جێماوە هاوچەشنە. لە لەوحەکانی ئاشووردا، ژنەکانی گوتی، رەگەزیان ستایش کراوەو ئەوانیان بە مامرووتی ناوەزەد کردووە کە واتای سپی بە مووی کالەوەیە.

 گوتییەکان زمانی سەربەخویان بووە کە لەگەڵ زمانی عیلامیەکاندا نزیک بووە. لە شارگەلی گەورەی گوتییەکان لە باکووری زاگرۆس، دەتوانین ئەمانە ناو ببەین: ئۆربیلۆم(هەولێر)و لە باشووری هەولێر، شیمۆرۆم(ئالتوون کوپڕی)نزیکی زیێ بچووک و هەروەها هارش(دوزخورماتو)و سەقز کە پاێتەختیان ئاراپخا واتە(کەرکووکی ئێستا)بووە. کاتێک دەمانەوێت سیستمی دەسەڵات لە لای گوتییەکان روون بکەێنەوە، بە شارستانییەتێکی وەها گەورە ئاشنادەبین، کە پێدەچێت زۆرکەس بە ئاسانی باوەڕ نەکات، یان بە هەڵبەستراوی بزانێت، بەڵام راستییەکی مێژووییەو جێگای گومان نییە کە شاری ئاراپخا (کەرکوک) مەڵبەندی کۆنترین رژێمێک بووە کە سەردەمانێکە زاراوەی سیاسی (دیموکراسی) بەواتای(فەرمانڕەوایەتی بۆگەل)ی بۆدانراوە. لەم شارەدا وەک مێژوو باسی دەکات، (پاشا) لە لایەن ئەنجۆمەنێکەوە هەڵبژێراوە،کەبە (ئەنجومەنی پیران)ناسراوبوو، ئەو ئەنجومەنە ئەرکی تاوتوێکردنی کاروباری وڵاتی لە ئەستۆ بووە.


سەردەمی لۆللۆکان:

گوتییەکان و لۆللۆکان دوو قەومن کە خوێنیان تێکەڵ خوێنی( نەتەوەی کورد)بووە، بەڵام بە داخەوە بە تەواوی نەزانراوە کە ئەمانە کەی و چۆن و لە کوێوە هاتوونەتە کوردستان؟ ئەم دوو تیرە یان(قەومە)، لە مەنزوومەی زاگرۆس مێژوویان تێکەڵاوە و لە بەر ئەوەی لە دەست و مەقامی خۆیانەوە، نووسراوە بەجێ نەماوە یان نەدۆزراوەتەوە، هەر بۆیە حاڵەتی مێژووییان زۆر ناتەواوە و بە بۆنەی رووداو و تێکەڵییان لەگەڵ دراوسێی نەتەوەکانی تر کە لە مێژووی خۆیانا ناویان بردوون گۆنجاوە دەرحەق پێیان کۆمەڵێک زانیاری پەیدا بکرێت لەبەر ئەوەی ئەمانە، هاودەورە و دراوسێی (سۆمەر)و (ئەکەد)یەکان بوون. لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە بە گژیەکداچوون. جا بەو بۆنەیەوە لە مێژوویی خۆیاندا باسیان کردوون و لەمانەوە ئەوەش زانراوە کە(گوتی) و(لۆللۆ)کان لە پێش(کاسی)یەکان بە خۆیاندا هاتوون و شارستانی بوون و دەسەڵاتیان پەیدا کردووە.
لۆللۆکان لە ناوچەی باکووری کاسیەکاندا بوون، لە ناوچەکانی "سلێمانی، شارەزوور و زەهاو، لەوانەیە دەۆروبەری دەریاچەی ورمێش"، واتە لە مابەینی رووبارەکانی(زیێ بچووک، سیروان، ئەلوەند)دا ژیاون. ئەم شوێنانە ئێستا هەمووی سەرزەمینی کوردستانە. مەڵبەندی(زەهاو) ئەوکاتە ناوی (هەڵمان_نارمان)بووە، لەسەردەمی ئیسلامەتیشدا(حەلوان)یان پێ وتووە، رەنگە ناوی(هەورامان)لەم ناوانەوە پەیدا بووبێت. (لۆللۆ)و(گوتی)یەکانیش حۆکمرانی وڵاتی خۆیان بوون لە ناوچەی(سلێمانی). لە دەورەی سێ هەزار ساڵ پێش زائین دا، ئەمان لە لوتکەی گوڕ و هێزیاندا بوون. ئەمەش بەوەدا دیارە کە لە مێژوویی سیاسی(سومێر)و(ئەکەد)یەکانی ئەو سەردەمە، ناوی ئەمان زۆر هێنراوە، هاوکات لەگەڵیاندا خەریکی ململانێی بەردەوام بوون. ئەڵێی(سومێر)و(گوتی)و(لۆللۆ)کان خزمایەتی تیرەکانی یەکتریان خوێندۆتەوە، بۆیە کە (ئەکەد)ی سامی زاڵبووە بە سەر (سومێر)ەکانا، گوتی و لۆللۆکان، گەلێک لەگەڵ(سارگۆن)و(نارامسین)و پادشا بە ناوبانگەکانی(ئەکەد)دا شەڕیان کردووە.
 مێژووزانان ئەڵێن ناوەندی حکومەتی لۆللۆ شاری (زیمری)و پرۆفێسۆر "سوپایزر"یش ئەڵێت:(ئەراکدی) بووە. ئەم شارانە لە ناوچەی (سلێمانی) ئێستادا بوون، بەڵام شوێنەکانیان نەزانراوە. لە سەدەی(28پ_ز)دا،"ئاننۆبانینی" پادشای ئازای گوتی بە لەشکرەوە هاتووەتە سەر لۆللۆکان لە(زەهاو) وبە شەڕ ئەم ناوچەی لێی سەندوون. ئەبێ لەم دەورەدا لۆللۆکان کەوتبنە ژێر چەپۆکی گوتییەکانەوە و پاشان دووبارە ئازاد و سەربەخۆ بوونەتەوە، ئەوەندە دیارە جیابونەوەی ئەم دوو قەومە لە یەکتری، بۆ هەر دوولا بووەتە مایەی خراپە. لەبەرئەوەی لەم بەینەدا(ئەکەد)ە سامییەکان، وڵاتی سومێریان کە داگیر کردووە، بایان داوەتەوە سەر گوتییەکان و ئەوانیشیان شکاندووە. سارگۆنی گەورە پادشای(ئەکەد)، لای زەهاوەوە لە سەر شکستەی ئەمانەوە رۆیشتووەو چووەتە وڵاتی(لۆللۆ) تاکو(هەڵەبجە)ی ئێستای داگیر کردووەو لەوێ، شاری(هارهار)ی زەوت کردووە.
 وە نەبێت لۆللۆکان هەر بەم تۆزە زیانە لە مەینەتی شەڕ رزگار بووبن، بەڵکو(نارامسین) مەلیکی ئازای ئەکەدیش لە ئاخرەکانی سەدەی(27پ_ز)دا، بە لەشکرێکی گەورەوە هاتووەتە سەریان و شکاندونی و خستوونیەتە ژێر حوکمی خۆیەوە. (نارامسین)ئەم شەڕ و سەرکەوتنەی خۆی لە سەر لەوحەێکی بەردین بە خەتی سومێری نووسیووە کە لای سەرەوەی لەوحەکە لە باسی گوتیدا نووسراوە. خەڵکی قەرەداغ بەم رەسمە ئەڵێن (نیشانەی گاور کرد)، رەسمەکە دەکەوێتە نیوان ریگای عەربەت _ سلێمانی. ئیتر لە دوای ئەم زانستانە باسی وڵاتی (لۆللۆ) لە مێژوودا ونە. وادیارە قەومەکە بەم شەرە لاواز بووە، هەر چەندە گوتییەکان لەمەودوا تاویان داوەتە  ئەکەد و داگیریان کردووە و بەمە لۆللۆکانیش لە یەخسیری رزگار بوون، بەڵام رووداوەکانی پێشوو، لۆللۆی ئەوەندە بێ هێز کردبوو کە بەمجۆرە یارمەتیانە هەڵنەستاونەتەوە، بەڵکوو کەۆتوونە ژێر دەسەڵاتی گوتییەکانی خزمیانەوە و جارێکی تر توانای سیاسیان نەژیاوەتەوە هەتا سەدەی(19یەمی پ_ز واتە 3900ساڵ پێش).
لەو رێکەوتە بەدوایە کە خوێنێکی تازە هاتووەتە لەشیان  و کەۆتنەوە هەوڵدان بۆ گەیشتن بەئازادی. ئەم جارە گوتییەکانی لای (زێی بچووک_کەرکووک) کەتوونەتە ژێر دەستی ئەمان، تابەینێک هەردوولا حوکمیان بە سەر ئاشوریەکانیشا کردووە. تەنانەت هەندێک لە مێژووزانان لە سەر ئەو رایەن کە ئەمانە لەگەڵ ئاشووریە سامییەکاندا تێکەڵاوی یەکتری بوون، بەڵام بە ناوی(ئاشوریەوە). ئەو کاتە هێشتا نەهاتوونە مەیدانی سیاسەتەوە. لە(1310پ_ز) بەدواوە، حۆکمدارانی ئاشور، باسی ئەو جەنگانە ئەگێڕنەوە کە لەگەڵ (لۆللۆ)کاندا کردوویانە.
لەمانە سێ شەڕیان کە (ئاشورناسرپاڵ) کردوویەتی زۆر گرنگە. یەکەم شەڕ لە(884 تا 860 پ_ز)ی پێچووە. پادشای ئاشور ئەڵێت: لە بەر یاخیگەریی لۆللۆکان، لەشکری ئاشور چووەتە سەریان و وڵاتی(زاموا)، واتە سلێمانی ئێستا، گیراوە لە دوای سێ جەنگ، لە پێشدا لە (دەربەندی بازیان) تا دیوی (سورداش) داگیرکراوە، لەشکری ئاشور جاری دووخەم ناوچەی(سورداش)و(سلێمانی)و هەموو شارەزوور تا سیروانی داگیر کردووە. لێرەدا ئاشورییەکان ناوی 25شار ئەڵێن کەوا لەم ناوچەیە داگیریان کردووە. بەڵام پادشای لۆللۆ(ئامیخا) لە قەڵای(تیسیر)دا نەبەزیوە و درێژەی بە بەرەنگاری داوە. لە جەنگی سێهەمدا لەشکری ئاشور، روویکردوەتە(پێنجوێن)ی ئێستا. لە کەژی( ناڵپارێز)دا لەشکری زامواییەکان لە دواێ جەنگێکی ئازایانە شکاوە و ئاشورییەکان تا(مەریوان) بە دوایاندا رۆیشتوون. لەم شەڕانەدا لەشکری ئاشور بە هەڵمەتی زاڵمانە کوشتاری زۆری لە خەڵکی ئەو ناوچانە کردووە، سەرباری ئەوەش، لۆللۆکان لە سەر شەر هەر بەردەوام بوون تا شارەکانی شارباژێر و هەورامان گیراوە، ئەوسا شەڕ کوتایی هاتووە.


پێش ئەم شەڕانە وڵاتی(لۆللۆ)، زۆر ئاوەدان بووە، ئەو شارە زۆرانەی ئاشورییەکان داگیریان کردووە و ناویان نووسیون پێویست نییە ئێمە لێرەدا ناوەکانیان بهێنین، نیشانەیەک بوون بۆ ئاوەدانی وڵاتەکە. پادشای ئاشور(ئەستوونی سەرکەوتن)ی ئەم جەنگانەی لە سەرای(نەینەوا)دا بە رەسمەوە نیشان داوە، بەڵام لۆللۆکان رام و بێدەنگ نەبوون، تا پەیدا بوونی( ماد)ەکان جار و بار یاخی ئەبوون و بە گژ لەشکری ئاشورا ئەچوون، بۆ ئەوەی ئازادیی جاران بگرنەوە باوەش. لەشکری ئاشور بە سەر ئەماندا تێپەڕیوەو چووە بۆ سەر مادەکان، جا وڵاتی لۆللۆ بەم بۆنەیشەوە زۆر وێران بووە، تەنانەت لە دواێ کز بوونی ئاشوریەکانیش(لۆللۆ) نەیانتوانیوە بجووڵێنەوە، بەڵکوو لەشکری (ماد) چووە بۆ سەر(نەینەوا)ی پایتەختی ئاشورییەکان. بەشێکی ئەم لەشکرە بە وڵاتی لۆللۆدا رۆیشتووە، لە(612پ_ز)دا لە دوای لەناوچوونی دەوڵەتی ئاشور لە لایەن(مادە)کانەوە، وڵاتی لۆللۆ دوور دەست بووە بۆ دەوڵەتی تازەی ماد.
 
لە مێژوویی(558پ_ز)دا کە (کەیخوسرەو_کیاکسار)ی گەورە دەستی کرد بە گرتنەوەی ناوچەکان، ئەم وڵاتەشی داگیر کردووە، ئەو ساڵە رووباری(سیروان)و(زێی بچووک) کە بۆ ئیدارە کردن دابەش بووە لە دەوڵەتە تازەکەی کەیخوسرەو(کیاکسار)، ناوی بووەتە وڵاتی(گوتۆ_کوردۆ). ئیتر ناوی( لۆللۆ) نەماوە. "پرۆفێسۆر سپایزر" دەڵێ:  هەندێ لە فەرمانڕەوایانی ئاشور لە سەدەی نۆزدەهەم و بیستەمی پێش زایین لۆللۆ بوون. لۆللۆکان لە زەهاو و شارەزور و سلێمانی نیشتەجێ بوون و بە ئاسانی دەیانتوانی رێگە تیجارییەکانی بابل لێک دابڕن، رێگاێک کە ئەمرۆ لە کفری و کەلار و ئاڵتوون کوپر تێدەپەرێ، لە ژێر حوکمی ئەوان دا بووە. وشەی لۆللۆ لە زمانی ئۆرارتوویی بە واتای بێگانە و دۆژمنە بەڵام لە زمانی فارسیدا ئاماژەیەکە بۆ شتێکی ترسێنەر. خەڵکانی بە جێماوی لۆللۆ ئێستا هەر بەم ناوە لە زەنگار و دووئاوان(بین النهرین)دەژین و بە زاراوەی کرمانجی قسە دەکەن. هەندێ لە رۆژهەڵاتناسەکان لۆللۆکان بە باپیرانی لوڕەکانیش بە ئەژمار دێنن.


مەدەنیەتی لۆللۆکان:
هەرچەندە گوتی و لۆللۆکان مێژووییەکی سەربەخۆیان بۆمان بە جێنەهێشتووە و ناو و کردەوەی ئەم دوو قەومە کۆنە لە مێژووی(سومێر)و(ئەکەد)و(ئاشوور)دا نووسراوە و لە مێژووەکانی ئەواندا حاڵەتی ئیداری وکرداری قەومییان لە گەلێک جێگادا بە بۆنەی خۆیان کە لە گەڵیاندا رووداویان بووە بویان نووسیون. وا دەرئەکەوێت کە گوتی و لۆللۆکان لە ئەقوامی کێوی نەبوون، بەڵکوو لە مەدەنیەتدا بە پێی بارودۆخی ئەو ناوچە پێشکەوتوو بوون. هەزاران ساڵ پێش زایین، حوکم و دەسەڵاتیان هەبووە لە وڵاتی خۆیاندا. سەربەخۆیی خۆیان پاراستووە و بۆ راگرتنی کیانی خۆیان، قوربانیان داوە، کەم و زۆر ئیدارە و حکومەتی مەدەنی و عەشایرییان هەبووە، چونکوو ولاتەکەیان ئاوەدان و دوڵەمەند بووە. پادشاکانی ئاشوور شاهیدی مەدەنیەتی ئەمانن. ئاشوور ناسر پاڵی، پادشای ئاشوور بۆ ئەوەیکە شارەکانی ئاشووریە نوێ وئاوەدان بکاتەوە، بە کۆمەڵ وەستای پیشەسازی لۆللۆکانی بردووە بۆ ئاشورییە، بێجگە لەمە بوونی ئەو هەموو قەڵاو شاری لۆللۆییە کە پادشاکانی ئاشور باسیان کردووە، بەڵگەیەکی ئاشکرایە کە ئەمانە دوو قەومی مەدەنی و بە کەلک بوون و بە قابلییەتی ئێستای وڵاتەکەشدا گومان نییە کە ئەمە راستە. چونکە سامانی ئەم وڵاتە ئەوەندە زۆر بووە کە گومان نامێنێت کە بووبێتە هووی پێشکەوتنی لۆللۆکانی ئەو کاتە. بە کردەوەکانیاندا دیارە ئەم قەومە(بێوە)ی بووە.
 
رۆژهەڵاتناسەکان ئەڵین زمانی لۆللۆ وگوتییەکان لە یەکچووە و هەر دوو زمانەکەش چووەتەوە سەر زمانی(عیلام)، بەڵام ئەمجورە لێکۆڵینەوانە لە لایەن زاناکانەوە هێشتا(پەیوەندی)ن ێوانیانی بە حەتمی نەسەلماندووە. گەلێک لە رۆژهەڵاتناسەکان بە وڵاتی(سلێمانی)ئێستادا گەڕاون،هەموویان ئەڵێن وێرانەی کۆن لەم وڵاتەدا زۆرە،بەڵام پێویستە دەرخەرێک(کەشف)بکرێ. (پەی کوڵی)جێگای(بتخانە)ی کۆنە.لە(هۆرین وشێخان)شتی بە جێماوی کۆن زۆر هەیە.    





PM:05:38:27/07/2012




ئه‌م بابه‌ته 1439 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌