سمیناری "زمانی من ناسنامەی منە" لە لایەن دوو رێکخراوی خوێندکاری کوردستانەوە بەرێوەچوو+وێنە

سمینارێک لە ژێر ناوی "زمانی من ناسنامەی منە" لە لایەن دوو رێکخراوی کۆمەڵەی خوێندکارانی رۆژھەڵات و یەکیەتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرێوە چوو.

ئاسۆی رۆژھەڵات: بە پێی ھەواڵێک کە بە ناوەندی ھەواڵی ئاسۆی رۆژھەڵات گەیشتووە، رۆژی سێ شەممە ٦ی رەشەممە، بە بۆنەی ٢١ی فێڤرییە رۆژی جیھانی زمانی دایکی سمینارێک لە ژێر ناوی "زمانی من ناسنامەی منە" لە لایەن دوو رێکخراوی کۆمەڵەی خوێندکارانی رۆژھەڵات و یەکیەتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرێوە چوو.

 پانێلی یەکەمی سمینارەکە تەرخانکرابوو بۆ قسە و باس لە سەر تەوەری "زمان و شوناس" و لە لایەن مەسعوود بابایی وەرگێڕ و پسپوڕ لە بواری زمانی کوردی پێشکەش کرا. ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا بە ئاماژە بە رۆڵ و گرنگی زمانی کوردی لە سەر درووست بوونی ھەستی نەتەوەیی لە کۆمەڵگای کوردستان، جەختی کردەوە کە پێویستە حیزبە کوردییەکان سیاسەتی فەرھەنگی لە بەرچاو بگرن و کاری بۆ بکەن. 

پاش پشویەکی کورت، پانێلی دووەمی سمینار لە سەر "ژینۆسایدی سپی و زمانی کوردی" لە لایەن فازڵ وەلیان چالاکی مەدەنی و شارەزا لە بواری زمانی کوردییەوە، پێشکەش کرا. وەلیان بە ئاماژە بە پێویستی وشیاری تاکی کورد لە مەڕ ھەوڵی حکومەتی ئیسلامی بۆ تواندنەوەی زمانی وەکوو نموونە باسی لە گرتنەبەری ئەو سیاسەتە لە لایەن حکومەتەوە بە تایبەت لە ھەندێ لە شارەکانی کوردستان لەوانە لە کرماشان کرد. 

لە درێژەی سمینارەکە دا پەیامی کۆمەڵەی خوێندکارانی رۆژھەڵات و یەکیەتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی رۆژی جیھانی زمانی دایکی ەوە خوێندرایەوە.

 دوایین بڕگەی سمینارەکەش تەرخان کرابوو بۆ تێبینی و پرسیاری بەشدار بووان.

 دەتوانن دەقی پەیامەکە لە خوارەوە بخوێننەوە: 

بەیانیەی کۆمەڵەی خوێندکارانی رۆژھەڵات و یەکیەتیی خوێندکاران بە بۆنەی رۆژی جیھانی زمانی دایکی

نلسۆن ماندیللا دەڵێت: " ئەگەر لە گەڵ مرۆڤێکدا بەو زمانە قسە بکەی کە لێی تێدەگات، قسەی ئێوە کاریگەری لە سەر مێشکی دادەنێت، بەڵام ئەگەر بە زمانی دایکی خۆی قسەی لە گەڵ بکەی، ئەو قسەیە دەچێتە نێو دڵیەوە".

رۆژی ٢١ی فوریە، ٢ی رەشەممە لە لایەن یوونسکۆ، ریکخراوی زانستی فەرھنگی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو " رۆژی جیھانی زمانی دایکی" دیاری کراوە.

زمانی دایکی بە یەکێک لە کاریگەرترین فاکتەرەکانی پاراستنی کەلەپووری مادی و مەعنەوی مرۆڤایەتی دادەنرێت. ھەر بزاڤێک لە راستای پەرەپێدانی زمانی دایکیدا، نەک ھەر ھاندانێک بۆ فرە چەشنی  و فرە رەنگی زمانی وسیستمی پەروەردەی چەند زمانە دەبێت، بەڵکوو ھاوکات دەرفەتێکی بێ وێنە بۆ گەیاندنی زانیاری لە مەڕ داب و نەریتەکانی پێوەندیدار بە زمانەکان و فەرھەنگەکان و بە ئامرازێکی بەھێز بۆ پێکھێنانی ھاو کاری لە سەر بنەمای لێکتێگەیشتن، لە خۆبردوویی و دیالۆگی نێوان تاکەکان و فەرھەنگەکان دێتە ئەژمار. سەرەڕای ئەوەی کە مافی خوێندن بە زمان دایکی یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی ھەر مرۆڤێَک و لە لایەن ھەموو کۆنوانسیۆنەکانی مافی مرۆڤەوە بە شێوەی راستەوخۆ وەکوو مافێکی سروشتی بە فرمی ناسراوە و رۆژی جیھانی زمانی دایکی، ھەموو ساڵێک لە ھەموو شوێنێکی ئەم جیھانەدا بەرز ڕادەگیرێت، بەڵام بەرز ڕاگرتنی ئەم رۆژە لە ئێران دا لە گەلڕ کۆسپ و بەربەستی جۆراوجۆر بەرەوڕووە. رێژیمی کۆماری ئیسلامی تا ھەنووکە لە لایەکەوە پەروەردەو فێرکردنی بۆ نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە زمانەکانی خۆیان بە کردەوە قەدەغە کردووە و لە لایەکی دیکەوە بۆ یەکچەشن کردنی زمانی و تواندنەوەیان ھەوڵی داوە.

 ئەم سیاسەتە ئەگەرچی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە گەڵ شەپۆلی ناڕەزایەتی چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەرەوڕوو بووە، بەڵام رێژیم لە لایەکەوە ئەم چالاکانەی دەستبەسەر و ئەشکەنجە کردووە و حوکمی زیندانی درێژخایەنی بە سەردا سەپاندوون و لە لایەکی دیکەوە زەخت و گوشار و چاوەدێری خۆی لە سەر رەوتی قەدەغە بوونی کەڵک وەرگرتن لە زمانەکانی کوردی، تورکی، بەلووچی و عەرەبی و ... لە شوێنە گشتیەکاندا پەرەپێداوە، بە جۆرێک کە دووکان و دامەزراوەکانی خاوەنی ناوە غەیرە فارسیەکان پۆلۆمپ دەکرێن و خەڵکی سەر بە نەتەوە ستەم لێکراوەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ ھەڵبژاردنی ناوی ئیسلامی و فارسی بۆ منداڵەکانیان لە ژێر گوشاردان.

لە وڵاتی ئێراندا بەو پێیەی کە یاساکانی ئەم رێژیمە لە گەڵ رێساکانی مافی مرۆڤ لە دژایەتیدایە، ھەڵوێستی ئێمە ھەر لە رۆژی یەکەمەوە روون بووە. کۆماری ئیسلامی ھەمیشە لە گەڵ ئەو بۆنانەدا کە ھەڵگری واتایەکی نێونەتەوەیین لە دژایەتی ئاشکرادا بووە. ھەر بۆیە بۆ خۆ بواردن لە بەڕێوەبردنی ئەم بۆنە جیھانیانە، لە پەلەقاژەیەکی شەرمھێنەردا ھەوڵ دەدات تا بە پڕۆپاگەندەی زۆر و جێگورکێیان لە گەڵ بۆنە ئائینیەکاندا، لە لایەکەوە پەیامی سنووربەزێن و نێونەتەوەیی ئەم بۆنە جیھانیانە کاڵ بکاتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە لە بەر چاوی خەڵک و بیروڕای جیھانی وا نیشان بدات کە رێز لە یاسا نێونەتەوەییەکان دەگرێت.

کۆماری ئیسلامی ئێران ئەگەرچی ئەندامی رێکخراوی یوونسکۆیە و یاسا و رێساکانی ئەم رێکخراوەیە پەسەند دەکات، بەڵام ھەرگیز ئاورێک لە داخوازیەکانی ئەم رێکخراوە لە مەڕ پاراستنی مافە زمانیەکان و بە فەرمی ناسینی زمانی دایکی نەتەوەکانی ئێران نادات.

لە کۆتاییدا وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی رۆژی جیھانی زمانی دایکی بە گشت خەڵکی ئێران و بە تایبەت نەتەوەی کورد، ئازادیخوازان و بەرگریکارانی مافەکانی زمان لە جیھان، سیاسەتی ئەنتگراسیۆنی زمانیی رێژیمی کۆماری ئیسلامی  و ھەڵوێستی ئەم دواییەی فەرھنگستانی زمانی فارسی لە مەڕ دژایەتی لە گەڵ خوێندن  و پەروەردە بە زمانی دایکی بە توندی شەرمەزار دەکەین و وەبیری دێنینەوە کە فرەچەشنی زمانی نە تەنیا ھەڕەشە نیە، بەڵکوو دەرفەتێکە کە ھەر کۆمەڵگایەک لێی بەرھرەمەند نیە و داوا لە گشت چالاکان و دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکەین کە بۆ وەدیھاتنی مافی خوێندنی فەرمی بۆ نەتەوە غەیرە فارسەکان لە ئێران و ھەروەھا ئازادی چالاکانی سیاسی بەندکراو، زەخت و گوشار بخەنە سەر رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی خوێندکارانی رۆژھەڵات
٦ی رەشەممەی ١٣٩٢ی ھەتاوی 

PM:04:50:26/02/2014




ئه‌م بابه‌ته 1396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌