ئیلام و کرماشان لە رێگەی خۆئاگایی!

زانیار ئیلامی


لەوانەیە ئێستاش کەسانێکی زۆر لە چوار پارچەی کوردستانی گەورە ناوی ئیلام و کرماشانیان تەنیا لە ئاوازی گۆرانی بێژە گەورەکانی کوردەوە بیستبێت! بە دڵنیاییەوە ئەمە دەتوانێت هەم هەواڵێکی باش بێت و هەمیش هەواڵێکی خراپ! واقیعەکە ئەوەیە کە هۆگەڵێکی فراوان لە نەناسراویەتی ئەم دوو دەڤەرە لە کوردستان بۆ دانیشتوانی تری کوردستان لە پێش چاو بگرین: هۆیەکی گرێدراوە بە چالاکی کەمتری دانیشتووانی ئەم دوو دەڤەرە لە تێکۆشانی سیاسی هاوچەرخی کوردەکان بۆ دەستەبەرکردنی مافی بنەڕەتی خۆیان لە سەردەمی هاوچەرخ کە ئێمە کەم کەم خەریکین بە جێی دێڵیین.

هۆیەکی تر کە دەکرێت وەکوو گرێدراوی هۆی یەکەم لە پێش چاو بگیرێت جیاوازییە ئایینزاییەکانی ئەم دوو دەڤەرە لە کوردستان و کاریگەری نگەتیڤی لە یەکیەتیان لە گەڵ بەشەکانی تری کوردستانە. ئەگەر ساڵەکانی پێشوو لە سەربازخانەیەک و زانستگەیەک، کوردە شیعە و سوننیەکانی رۆژهەڵات بچووکترین پێوەندییەکیان وەکوو شوناسێکی یەکپارچە لە گەڵ یەکتر نەبوو بەڵام ئێستاکە ئەم رەوتە بە تەواوەتی گۆڕانی بە سەردا هاتووە واتا بە کەمڕەنگ بوونەوەی ئایینزا لە دانوستان و پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی ئیدی ئایینزا هۆکاری دووبەرەکی نییە، بەڵکوو ئەوە بیرۆکەی شۆناسی هاوبەشە کە دووبارە حەڵقەی زنجیرە پچڕاوەکانی بە یەکەوە گرێداوەتەوە!

ئەگەر بمانەوێت وەکوو زۆربەی راڤە و لێکدانەوەکان بە بابەتەکە هەڵبڵیین و لەوە زیاتر رۆمانتیزەی بکەین و بەس بە بۆنەی زیاتر باو بوونی مۆسیقی و وێژە و شیعری کوردی لەو دوو دەڤەرە ئەمە بە جمشت و رێنسانسێکی کوردی بزانین بە دڵنیاییەوە کوێرە رێمان وەبەرداوە! واقیعەکە ئەمەیە کە شوناسی کوردی لە ئیلام و کرماشان دەبێ بە سەر دوو لق پۆلێن بکەین کە لە هەمانکاتدا کە زۆر جیاوازییان لە گەڵ یەکتر هەیە، بەڵام هاوکات هەردوو لایان لە کەشی چییەتی شوناسی خۆیاندا بزۆز و زیندوون: 

جۆرە شوناسێکی خاو و بێ ئاگا لە مێژووی تێکۆشان و داخوازییە شوناسی و زمانی و سیاسییەکانی بەشەکانی تری کوردستان، بەڵام لە هەمانکاتدا بە ئلمانگەلی زۆر بە هێزی فۆلکلۆری کوردی! کە زۆرتر لە بەشە گوندنشینەکان بە دیی دەکرێت. تایبەتمەندی ئەم بەشە لە شوناسی بزۆزی کوردی بە هەموو کەم و کووڕییەکانی، بۆ وەڵامدانەوە بە گرفتە نوێیەکانی مرۆڤی مۆدێڕن، ئەمەیە کە سەرچاوەیەکی پارێزراو و هەڵنەتەکاوە لە فۆلکلۆر و داب و نەریتی کوردیی کە بە رەچاوی ئەوەی کە یەکێک لە کەڵکەڵەکانی کوردەکانە بۆ زیندوو راگرتنی کولتووری خۆیان لە هەمبەر شەپۆلی گەورەی یەکسانسازییە کولتوورییەکانی عەرەب، فارس و تورک، ئەتوانێت زۆر بایەخدار لێی بڕوانن. 

لقی دووەمی ئەو شوناسەی کە ئێمە لێرەدا بە شێویەکی مووقڵیشانەتر بە دوایەوەین رەهەندێک لە شوناسە کە زۆرتر بەرهەمی ناسین و ئاگاییە لە گرفتە سیاسی و بەرهەڵستکارەکانی چاخی پێشووی کوردەکان، بۆ ئازادی و دەستەبەر کردنی مافەکانی خۆیان لە ئاستێکی کەڵانی پرسی کورد، کە بە دڵنیاییەوە بەشێکی گەورە لە چینی ناوەندی کۆمەڵگەی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە کە زۆرترین کاریگەری لە سەر قوتابیان و خوێندکارانی ئەم دوو دەڤەرە هەبووە. 

بە دڵنیاییەوە ئەم وزە گەورەیەی چینی خوێندکار لە سەرەتاوە هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ ئێمە، هێزێکی گەورە کە خوازیاری دیتنی جیهان و بوونە لە سۆنگە جۆراجۆرەکانەوە، وزەیەکی لە بننەهاتوویان بۆ گۆڕان و پیاچوونەوە بە پێکهاتە سواو و کۆنەکانی هەژمۆنی کۆمەڵگەی خۆیانیان پێیە بەڵام ئەگەر بمانەوێت لە مێژویەکی دیاریکراو بۆ پێگرتنی ئەم خواستە بۆ گۆڕان لە چینی ناوەندی و بەتایبەتی خویندکاران لە رۆژهەڵات قسە بکەین بە دڵنیاییەوە ئەوە دەبێ لە پاش بزوتنەوەی ریفۆرم خوازی لە ساڵی 76 ی هەتاویی لە ئێرانەوە بپەیڤین!
لەم باردوخە دەبێ روانینی میدیا کوردییەکان کە لە دۆخی هەنووکەیی دا مەشخەڵداری خۆئاگایی کوردبوونن بەم ناوچانە وەرچەرخێت! وادیارە کوردەکانی ئیلام و کرماشان زیاتر لەوەی چاوەڕوانی بیستنی شەرمنانەی مێژوو و مووزیکە کۆنەکانیان لە میدیا کوردییەکان بن چاوەڕوانی رۆڵ و پێگەیان لە داهاتووی وەرچەرخانەکان لە کوردستان دان.

بە رەچاوی ئەم دانپێدانانە تاڵەی کە بەشێک لەو بزووتنەوەی کە سێ دەیەی پێشوو بەرپرسی سەرەکی سەرکوتی ئێمە بووە و توانیویەتی خوازرا یان نەخوازرا و شەپۆلێک لە گۆڕانخوازی لە ئێمە بیچم پێ بدات بەڵام بەم حاڵەشەوە ئەمە کۆتایی باسەکە نییە!واقیعەکە ئەمەیە کە بە هۆی ئەو مەودا هاوچەرخەی کە بە گشتی لە شێوازێکی سیاسیی لە نێوان ئیلام و کرماشان و بەشەکانی تری ناوچەکانی کوردستان بە هۆگەلی جۆراجۆر لە سەردەمی هاوچەرخ بوونی هەبووە بیرۆکە و پاشخانە خەباتگێڕی و سیاسی و شوناسییەکانی خەڵکەکانی ئەم دوو دەڤەرە بۆ ساڵانێکی بەردەوام لە پاشخانە درۆیینەکان خۆاردویەتیەوە و ئاگاییگەلێکی بە گشتی بێگانە بە داخوازییەکانی ئەم دوو ناوچەیە کە لە بەرنامە و پلانی یەکسانسازی و ئاسیمیلاسیۆنێکی بێبەزەییانە ئەنجامیان دراوە. 

هەڵەی بەردەوام و هەمیشەیی ئێمە لەوێ دا بووە کە هەبوونی ئەم ئاگاییە درۆیینە بە پرۆسەیەکی تایبەت و لە شوێنێکی تایبەت واتا لە سنوورەکانی ئەم دوو ناوچەیە بینیوە! ئەم وێنایە خۆی ئەبێتە هۆی جۆرێک چەواشەدیتن و چەواشە ناسینی گرفتەکە، کە تواناییمان بۆ درکی بابەتەکە لێ دەستێنێتەوە.

ئەم رەوتی بەخشینی ئاگاییە خاوەنی میکانیزمێکی وشیارە! ئەو چەمک، سیستەمی پەروەردە و میدیای لە دەست دایە خاڵی سامناکتر لێرەدایە: تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیش، ئەم بزووتنەوەی ئاگاییدەرە درۆیینکەیەش لە قوماشی خۆیەتی! هەر بۆیە ئەگەڕێینەوە بۆ بابەتەکەی سەرەوە، تەڤگەرێکی ریفۆرمخوازی لە ساڵی 76 لە ئێران بە تەواوی لایەنگەلی نیم بەند و ئاوەکی گۆڕانخوازی خۆی لە روبەروبوونەوە لە گەڵ سیستەمی سیاسی داخراوی سیاسی ئێران، بەڵام قسەیەکی تازە لە بردنە ژێر پرسیاری هێژمۆنی سەردەست بە سەر نەتەوە نافارسەکانی دانیشتووی ئێران وەکوو نموونە کوردەکان و گرێدراو بەویش ئیلام و کرماشان نەبوو! 

هەر بۆیە لەم حاڵەتەدا خۆی بە ئامێرێک بۆ دوبارە بەرهەم هێنانەوەی ئەدەبیاتی سەنتراڵیستی نەریتی شیعی – ئیرانی گۆڕا! ئەو لە کەشی چەواشە تێگەیشتنگەلی گۆلۆبالیستی لە ئێران و تەشەنەی ئەدەبیاتی کۆزمۆپۆلیستی دۆخی سیاسی ئێران کەڵکی خراپی وەرگرت و لە نەبوونی یادەوەریی مێژویی سیاسی خۆیی(واتا کوردی) کە لاو و خوێندکاری ئیلامی و کرماشانی لە کەش و هەوای پاش شەڕ لە گەڵ عێراق، بە تەواوی لە گەڵی بێگانە بوون، بابەتەکەی بەو جۆرە کە بۆ خۆی پێی خۆش بوو پێناسە کردەوە.

لە راستی دا ئەو بەرپرسایەتی پێناسە کردنی "ئێمە" ی لە ئەستۆ گرت! بێن بابەتەکە لە سۆنگەیەکی ترەوە چاو لێ بکەین: ئیدوارد سەعید بیردۆزی سیاسی هاوچەرخ لە رۆژهەڵات ناسی (orientalism) بابەتەکە روون دەکاتەوە کە ئەتوانێت یارمەتیەکی زۆری ئەم باسەی ئێمە بکات. ئیدوارد سەعید لە رۆژهەڵاتناسیدا دەڵێت(( رۆژئاواییەکان بەرپرسایەتی "پێناسەی ئێمە رۆژهەڵاتیەکان" نیان لە درێژایی پرۆسەیەکی دووسەد سێسەد ساڵە بردە ژێر هێژمۆنی خۆیان! واتا پێناسەی شوناس و شتەکانی رۆژهەڵاتییەکان گرێدراو بە پێناسەی رۆژهەڵاتناسە رۆژئاواییەکانە، کە رۆژهەڵاتیان پێناسە کردووە. لە راستی دا مرۆڤی رۆژهەڵاتی تەنیا کاتێک مرۆڤێکی مودێڕنە کە رۆژئاواییانە بیر بکاتەوە و لە شوناسی دواکەوتوو! رۆژهەڵاتیانەی خۆی دوورە پەرێز بێت، ئەمە واتا هێژمۆنی پێناسەی رۆژئاوا بە سەر شوناسی رۆژهەڵات!

هەر بەم چەشنە لاوی ئیلامی و کرماشانی لە ژێر کاریگەری بیرۆکەی باوی جیهان نیشتمانی و ئیرانیستی تۆخکراوی گۆڕانخوازەکان لە ئێران وای بیر دەکردەوە دۆخی کولتووری و شۆناسی قەومییەکەی تەنراوێکی تەنگە کە ئەو لە مودێڕن بوون ئەخات! لە راستی دا ناسناو و پێناسەگەلێکی سەنتراڵیستی بریقەداری وەکوو "کوردی سلەحشوور" پێناسەیەکی وەکوو هەر هەمان هێژمۆنی رۆژهەڵاتناسە رۆژئاواییەکانە کە بە سەر کولتووری رۆژهەڵات دا زاڵ بووە... لە راستی دا لە پەنا و پەسێوی ئەمانە ئەم چەمکە خۆی حەشار داوە "من تۆ پێناسە دەکەم چوارچێوەکەش من دیاری دەکەم تۆ هەر ئەویتە کە من ناسیومە، تەنیا رێگەیەکت بۆ مودێڕن بوون لە بەردەمدایە" وەکوو من لە خۆت بکەی!!

یەکێک لە گەورەترین درمە شوناسییەکان لە ئیلام و کرماشان رێک هەر ئەم بابەتەیە: ئەویتر پێناسەی ئەمی لە ئەستۆ گرتووە، بەداخەوە لە هەمانکاتدا کە شانازی بە کورد بوونی خۆی دەکات، بەڵام نهاش لە دەربەندی بیرۆکەکانی شەریعەتی، خاتەمی و لەم دواییانەش رۆحانی دایە! واقیعەکە ئەوەی کە بە پێی هاتنە ژوورەوەی زۆرتری رەگگەلێکی رواڵەتیانەی کولتووری کوردانە بۆ ئەم ناوچانە بەڵام بەردەوام لە نەبوونی رێچکەیەکی فیکری خۆیی ئەناڵێنن. ئەو بە هۆی نەبوونی مێژوویەکی خەباتگێڕانە و سیاسی وەکوو زەوییەکی وشکهەڵاتوو بوو کە لە یەکەمین بارانی گۆڕانخوازی گۆڕانخوازەکان لە ئێران وەڵامی داوەتەوە و تێیدا تێرئاو بووە!

ئەمە واقیعێکی تاڵە کە بە داخەوە چینگەلێک لە خوێندکارانی ئیلامی و کرماشانی کە چاوەڕێ دەکرێت بزووتنەوەی فیکری کۆمەڵگەکەی خۆیان بن، لەوانەیە خۆیان بە کورد بزانن بەڵام هێشتاکەش ئامادە نین بۆ پێناسەی کورد بە بێ پاشگری ئێرانی دەربکەون! ئەوان هێشتاکەش بەو باوەڕە نەگەیشتوون کە ئەکرێت لە باتی نیمایۆشیج سوارە ئیلخانی زادە بخوێننەوە لە باتی بەنان حەسەن زیرەک گوێ بگرن یان لە باتی حافز و سەعدی، هێمن و هەژار بخوێننەوە! 

بە داخەوە شوناسی کوردی لە ئیلام و کرماشان شوناسێکی hybrid دوو ڕەگەیی ئێرانی- کوردییە! جۆرە تێکەڵکردنێکی نائاگایانەیە لە بابەتگەلێک کە توانایی جیاکردنەوەیان ئێستاش لە زەینی رۆشنبیر و خوێندکاری ئیلامی کرماشانی دەرنەکەوتووە، راستیەکە لێرەدایە کە ئێستاش ئەویدی بەشێک لە شوناسی ئەو پێناسە دەکات. 

بەشێ مەترسیداری چیرۆکەکە هێشتاکە ماویەتی: وادیارە لە چەند ساڵی رابردودا سیستەمی سیاسی لە ئێران بە بۆنەی دۆخی گۆشارە نێو نەتەوەییەکان، بە چەشنێکی هەستپێنەکراو و رانەگەیەندراو دەستی داوەتە بەرنامەیەکی زەبەلاحی بە رواڵەت یەکیەتی نەتەوەیی بۆ پاڵپشتی دەرونی هەر چی زیاتری ئێرانییەکان لە پشتگیری کردنی بۆ بەرنامە ئۆتۆمییەکەی! بەها دان بە بەرنامەگەلی پۆپۆلیستی وەروژاندنی هەستیاربوونی کەنداوی بە ناو فارس، داوەت لە تەواوی ئێرانییەکان بە هەر جۆرە روانینێک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە، ئازادی بەشێکی زیندانیانی سیاسی ناودار و هتد، گشتی بۆ ئەم پڕۆپاگەندانەی دەسەڵات ئەنجام دراوە، بە دیوەکەی تری دا بزووتنەوەیەکی گەورەی ناسیۆنالیستی ئێرانی لە سەر ئەساسی پارامترگەلی کولتووری فارس لە ئێران خەریکە دادەبەزێت، ئەمە مەترسییەکی هێزەکییە بۆ شوناسی تازە پێگرتووی کوردی لە ئیلام و کرماشانە! 

لەم باردوخە دەبێ روانینی میدیا کوردییەکان کە لە دۆخی هەنووکەیی دا مەشخەڵداری خۆئاگایی کوردبوونن بەم ناوچانە وەرچەرخێت! وادیارە کوردەکانی ئیلام و کرماشان زیاتر لەوەی چاوەڕوانی بیستنی شەرمنانەی مێژوو و مووزیکە کۆنەکانیان لە میدیا کوردییەکان بن چاوەڕوانی رۆڵ و پێگەیان لە داهاتووی وەرچەرخانەکان لە کوردستان دان.

PM:04:32:02/02/2014




ئه‌م بابه‌ته 1185 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌