لاوانی رۆژهەڵات پرێس كۆنفڕانسێكیان لە هەولێر بەڕێوەبرد

رێکخراوه‌کانی لاوانی رۆژهه‌ڵات له‌ پرێس کۆنفڕانسیک‌دا سه‌باره‌ت به‌ به‌ستنی یه‌که‌م کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهه‌ڵات لە رێستۆڕانتی زێوێ له‌ هه‌ولێر، دواین لێدوانیان له‌مه‌ر ئامانج‌و شێوازی کاری کۆنفڕانس بۆ رای گشتی هێنایه‌ به‌ر باس. 

ئاسۆی رۆژهه‌ڵات: رۆژی دووشه‌ممه‌ 25ی سه‌رماوه‌زی 2713ی کوردی، رێکخراوه‌کانی لاوانی رۆژهه‌ڵات له‌ پرێس کۆنفڕانسیک‌دا سه‌باره‌ت به‌ به‌ستنی یه‌که‌م کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهه‌ڵات لە رێستۆڕانتی زێوێ له‌ هه‌ولێر، دواین لێدوانیان له‌مه‌ر ئامانج‌و شێوازی کاری کۆنفڕانس بۆ رای گشتی هێنایه‌ به‌ر باس.
 
سه‌رله‌ به‌یانی نوێنه‌ری رێکخراوه‌کان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رینیان له‌سه‌ر کاروباری کۆنفڕانس به‌ڕێوه‌بردو پاشان كاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆ لێژنەی ئامادەكاریی یه‌که‌م كۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵات پرێس كۆنفڕانسێكی بە مەبەستی راگەیاندنی شوێن‌و كات‌و شێوازی بەڕێوەچوونی كۆنفڕانسه‌که‌ بەڕێوەبرد.

لەم پرێس كۆنفڕانسەدا نوێنەرانی 8 رێكخراوی لاوانی رۆژهەڵات بەشداربوون. له‌ سه‌ره‌تادا به‌ڕێز سه‌ید جه‌لال ساڵحی وه‌ک وته‌بێژی لێژنه‌ باسێکی تێروته‌سه‌لی له‌سه‌ر کۆنفڕانس‌و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوون‌و کات‌و شوێن‌و ته‌وه‌ره‌کانی‌ کۆنفڕانس‌ کردو پاشان له‌ لایه‌ن راگه‌یه‌نه‌کانه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک پرسیار له‌سه‌ر کۆنفڕانسه‌که‌ ئاراسته‌ی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ئاماده‌کاری کۆنفڕانس کراو له‌ لایه‌ن هه‌رکامیان وه‌ڵامیان درانه‌وه‌. 

شایانی باسه‌ ئه‌ندامانی لێژنه‌ پێداگری زیاتریان لەسەر یەكڕیزی‌و تەبایی سەرجەم لاوان لە رۆژهەڵاتی كوردستان کرده‌وه‌. لەم پرێس كۆنفڕانسە لێژنەی ئامادەكار رایگەیاند، رۆژی هەینی داهاتوو واتە 29ی سەرماوەز ئه‌م كۆنفڕانسه‌ لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێ‌.

هه‌روه‌ها پاش پرێس کۆنفڕانسه‌که‌، لێژنه‌ تا کاتژمێر 8ی شه‌و درێژه‌یان به‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ داو باسی زیاتریان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌رێوه‌چوونی کۆنفڕانسه‌که‌ کرد.

PM:03:33:17/12/2013




ئه‌م بابه‌ته 1149 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌