چالاكی خوێندكاره‌ كورده‌كان‌و رێگرییه‌كانی كۆماری ئیسلامی

راپۆرت: فۆئاد محه‌ممه‌دی


نزیك به‌ یه‌ك مانگ له‌ ده‌ستپێكی سه‌ری ساڵی نوێ خوێندن له‌ ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ئیسلامی تێپه‌ڕ ده‌بێت. له‌و ماوه‌یه‌دا خوێندكارانی ئێرانی به‌ گشتی و چالاكانی خوێندكاری كورد به‌ش به‌ حاڵی خۆیان چالاكیه‌كانیان چڕتر كردووه‌ته‌وه‌به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوودا خوێندكارانی زانستگای پیشه‌یی ورمێ كه‌ رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ خوێندكارانی كوردی پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژئاوای له‌ خۆ گرتووه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌رانبه‌ر به‌ دۆخی سینفی و به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی چالاكی خوێندكاران له‌و زانستگایه‌ له‌ به‌رده‌م فازی یه‌كی ئه‌و زانستگا كۆبوونه‌وه‌.

 زیاتر له‌ 300 خوێندكاری زانستگای پیشه‌یی ورمێ به‌ رێپێوان له‌ به‌رانبه‌ر خواردنگه‌ی زانستگا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌ به‌رده‌م فازی یه‌كی ئه‌و زانستگایه‌ به‌ وتار خوێندنه‌وه‌ و تریبوونی ئازاد داخوازیه‌كانییان له‌ باره‌ی چاك كردنی دۆخی سیاسی و سینفی و كرانه‌وه‌ی كه‌شی كار له‌ بواری كلتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و زانستگادا و مۆڵه‌ت دان به‌ چالاكی گۆڤاره‌ خوێندكاریه‌كان ( ئه‌و زانستگا یه‌ك گۆڤاری هه‌یه‌ كه‌ سه‌ر به‌ به‌سیجی زانستگایه‌. له‌ كاتێكدا كه‌ هه‌ر ترم 20 داواكاری بۆ بڵاوكراوه‌ی خوێندكاری پێشكه‌ش به‌ به‌رپرسانی زانستگای پیشه‌ی ورمێ كراوه‌). هه‌روه‌ها له‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر به‌ كه‌شی ئه‌منییه‌تی و زۆر كردنه‌وه‌ی گوشار بۆ سه‌ر خوێندكاران كه‌ له‌ ماوه‌ی 7 ساڵی رابردوودا و له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و زانستگاوه‌ (دوكتور میرزایی) ره‌چاو كراوه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی هێزه‌كانی حه‌راسه‌تی زانستگا خوێندكاران به‌ سه‌ردانی درووشمی " میرزایی كشانه‌وه‌ كشانه‌وه‌" خوازیاری له‌ سه‌ر كار لابردنی سه‌رۆكی ئه‌و زانستگایه‌ بوون. كه‌مپه‌ینێك له‌و بابه‌ته‌وه‌ له‌ لایه‌ن خوێندكارانی زانستگاكه‌وه‌ رێكخراوه‌ و خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی واژۆن بۆ له‌ سه‌ر كار لابردنی سه‌رۆكی زانستگا و به‌ مه‌به‌ستی كه‌م كردنه‌وه‌ی گوشار بۆ سه‌ر خوێندكاران و مۆڵه‌ت دان به‌ چالاكیه‌كانیان.

 له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا هه‌واڵی دڵته‌زێنی مه‌رگی گۆماناوی "سه‌حه‌ر چووینی" كچه‌ خوێندكارێكی كورد بووه‌ته‌ جێگای نیگه‌رانی و تووڕه‌یی خوێندكاران به‌ گشتی و خوێندكارانی كوردی زانستگای بوعه‌لی به‌ تایبه‌تی. به‌ جۆرێك كه‌ دوابه‌دوای مه‌رگی خوێندكارێكی كچی كورد و خه‌ڵكی مه‌ریوانی زانستگای بوعه‌لی هه‌مه‌دان، خوێندكارانی ئه‌و زانستگایه‌ ده‌ستیان داوه‌ته‌ كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی.

 به‌ پێی هه‌واڵه‌كان، به‌یانی رۆژی 21ی ره‌زبه‌ر چه‌ن سه‌د كه‌س له‌ خوێندكارانی زانستگای بوعه‌لی، به‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌ مه‌یدانی ئه‌و زانستگایه‌ خوازیاری روون كردنه‌وه‌ و راگه‌یاندنی درووستی به‌رپرسانی زانستگا بوون. به‌رپرسانی زانستگا هۆكاری مه‌رگی سه‌حه‌ر چوینی، خوێندكاری 19 ساڵ ته‌مه‌نی خه‌ڵكی مه‌ریوان وه‌ك خۆكوژی راگه‌یاندووه‌، له‌ كاتێكدا یه‌ك رۆژ پاش ئه‌و لێدوانانه‌ یه‌كێك له‌ پزیشكانی، پزیشكی یاسایی هه‌مه‌دان به‌ رۆژنامه‌ی ئیعتێمادی راگه‌یاندبوو كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و كچه‌ خوێندكاره‌ پێش هه‌ڵواسینی، زه‌ربه‌یه‌ك له‌ میشكی دراوه‌ بووه‌ته‌ هۆی گیان له‌ ده‌ست دانی.

یه‌كێك له‌ خوێندكارانی ئه‌و زانستگایه‌ به‌ ئاژانسی كوردپای راگه‌یاندبوو كه‌ "هۆكاری مه‌رگی ئه‌و هاوزانكۆیه‌ی ئێمه‌ خۆكوژی نه‌بووه‌ و ناوبراو له‌ یه‌كێك له‌ شێوه‌نه‌كانی حه‌وانه‌ی ئه‌و زانستگایه‌ كه‌ تازه‌ دروستكراوه‌ و له‌ كاتێكدا كه‌ هاوپۆلییه‌كانی دیكه‌ی له‌ پشووی كۆتایی هه‌فته‌دا بووه‌ن به‌ شێوه‌یه‌كی گۆماناوی گیانی له‌ ده‌ست داوه‌.... به‌ پێی دوایین هه‌واڵه‌كان كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی خوێندكارانی زانستگاكانی هه‌مه‌دان و به‌دواداچوونه‌كان بۆ چاره‌نووسی سه‌حه‌ر چووینی هێشتا درێژه‌ی هه‌یه‌.

جێگای ئاماژه‌یه‌ خوێندكارانی كورد هه‌مووساڵێك رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ خوێندكارانی زانستگای بوعه‌لی پێكدێنن و له‌ بواری چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆڤاری خوێندكاری و به‌رێوه‌بردنی رێوڕه‌سمی سیاسی و ئه‌ده‌بی و كۆمه‌ڵایه‌تیش زۆر چالاكن، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌ هه‌موو زه‌خت و گوشاره‌كانی به‌رپرسانی ئه‌منیه‌تی زانستگا ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی به‌یان چه‌ندین ساڵه‌ له‌ زانستگای بوعه‌لی چالاكانه‌ كار ده‌كات. زۆربه‌ی رێكخه‌رانی كۆبوونه‌وه‌ گه‌وره‌ ناڕه‌زاییه‌كه‌ی بوعه‌لی هه‌مه‌دانیش پاش مه‌رگی ئه‌و كچه‌ خوێندكاره‌ بێ تاوانه‌ چالاكانی خوێندكاری كوردی ئه‌و زانكۆیه‌ بوون و به‌ ئاماژه‌ به‌ روودانی چه‌ندین رووداوی هاوشێوه‌ی له‌و چه‌شنه‌ كه‌ بۆته‌ هۆی مه‌رگی خوێندكاران له‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی زانستگا جۆراجۆره‌كانی ئێران خوازیاری روون كردنه‌وه‌ی هۆكاری ئه‌و رووداوه‌ و گرتنه‌ به‌ری رێ و شوێن پێویست بۆ دووپات نه‌بوونه‌وه‌ی وه‌ها كاره‌سات گه‌لێك  بوون.

 ئه‌وه‌ی كه‌ دیاره‌ به‌رپرسانی ئه‌منیه‌تی زانستگا له‌وانه‌ حه‌راسه‌ت و كومیته‌ی ئینزیباتی و نیگابانانی شوێنه‌كانی حه‌وانه‌وه‌ لایان وایه‌ كه‌ كاری ئه‌وان ده‌بێ ته‌نیا گیر و گرفت درووست كردن بۆ خوێندكاران بێت. ئه‌مه‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ ده‌بێ پاراستنی گیانی خوێندكاران بێ نه‌ك شتێكی دیكه‌.

 هه‌روه‌ها له‌ هه‌واڵێكی دیكه‌دا سه‌باره‌ت به‌ دادگایی كردنی پێنج چالاكی خوێندكاری كورد له‌ دادگای ئینقلابی مه‌ریوان، به‌ ناوه‌كانی محه‌ممه‌د كۆنه‌پۆشی، سۆران دانیشوه‌ر، خالید ئه‌حمه‌دی، سامان مه‌حموودی و دادود قه‌سیمی كه‌ له‌ 8ی ره‌زبه‌ر و به‌ تۆمه‌تی هه‌وڵدان دژی ئه‌منیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌ندامه‌تیی له‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان دادگایی كران. دوای چوار كه‌سیان بێ تاوان ناسران و یه‌ك ساڵ زیندانی هه‌ڵپه‌سێردراویش بۆ محه‌ممه‌د كۆنه‌پوشی ده‌ركرا. جێگای ئاماژه‌یه‌ رێكه‌وتی ١٠ی رێبه‌ندان "داود قه‌سیمی كارناسیی رشته‌ی كۆمه‌ڵناسیی زانستگه‌ی ئازادی تاران، "سامان مه‌حموودی خوێندكاری كارناسیی باڵای زانستگه‌ی ورمێ، "سۆران دانیشوه‌ر" خوێندكاری رشته‌ی شارسازیی زانستگه‌ی كوردستان، "محه‌ممه‌د كۆنه‌پۆشی خوێندكاری زانستگای ورمێ و خالید ئه‌حمه‌دی" له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و پاش یه‌ك مانگ راگیران له‌ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی مه‌ریوان، به‌شێوه‌ی كاتی ئازاد كران.

 هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی گوشاری هێزه‌ ئه‌منیه‌تیه‌كان بۆ سه‌ر چالاكانی خوێندكاری كورد له‌ ماوه‌ی رابردوودا، دانا له‌نجئاوایی، خوێندكاری تێرمی ئاخری ئابووری كشتوكاڵ كه‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ حووكمێكدا به‌ هۆكاری چالاكیه‌ خوێندكاری و ژینگه‌ پارێزییه‌كانیه‌وه‌ له‌ په‌یام نووری مه‌ریوانه‌وه‌ بۆ په‌یام نووری سنه‌ دوورخرابۆوه‌، له‌ رێگای به‌دواداچوونی نوێنه‌ری مه‌ریوان و سه‌وڵاوا له‌ مه‌جلیس خوازیاری لابردنی دوورخستنه‌وه‌كه‌ی بوو كه‌ له‌لایه‌ن ئیتلاعاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆتایی هێنان به‌ دوورخستنه‌وه‌كه‌ی دژایه‌تی كراوه‌ و له‌ وڵام به‌ خواسته‌كانی هۆكاری ئه‌و دژایه‌تییه‌، گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ بۆ درێژه‌دانی ناوبراو به‌ چالاكییه‌كانی.

 له‌ دوایین هه‌واڵه‌كانیشدا له‌ ناوخۆی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ گوشار بۆ سه‌ر خوێندكارانی كورد هاتووه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ خوێندكارانی كوردی خه‌ڵكی ورمێ به‌ هۆی ده‌ركه‌وتنی ئاڵای كوردستان له‌ سه‌ر لۆپ تاپه‌كه‌ی له‌ رێوڕه‌سمێكدا له‌ زانستگای عیلمی_كاربوردی ورمێ دره‌كراوه‌. به‌ پێی ئه‌و هه‌واڵ و راپۆرتانه‌ ی‌ كه‌ له‌ زانكۆی شاره‌ كوردنشینه‌كانی كوردستانی ئێران و چالاكی خوێندكارانی كوردی زانستگاكانی تری ئێران بڵاو بووه‌ته‌وه‌ ده‌توانین بڵێین كه‌ بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری كورد به‌ هه‌موو زه‌خت و گوشاره‌كانی دامه‌زراوه‌ ئه‌منیه‌تیه‌كانی حكومه‌تی ئیسلامی كه‌ به‌ سه‌ر چالاكانی خوێندكاری به‌ گشتی و خوێندكارانی كورد به‌ تایبه‌تی حاكمیان كردووه‌. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی سه‌ری ساڵی نوێ خوێندنه‌وه‌ خوێندكارانی كورد چالاكیه‌كانی خۆیانیان ده‌ست پێكردووه‌ته‌وه‌ و وه‌كوو هه‌موو كاتێك تێده‌كۆشن كه‌ بیسه‌لمێنن كه‌ خوێندكار مێشكی وڵاته‌و و زانكۆش لانكه‌ی ئازادیخوازی. 

PM:04:39:20/10/2013




ئه‌م بابه‌ته 1297 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌