راپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌ سمیناری " یه‌ك ساڵ دوای رێككه‌وتننامه‌ی كۆمه‌ڵه‌ و دێموكرات" + وێنه‌

ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 20ی ره‌زبه‌ر و ساڵێك پاش واژۆ كردنی رێككه‌وتننامه‌ی نێوان دوو حیزبی سه‌ره‌كی كوردستانی رۆژهه‌ڵات، كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، سمینارێك له‌ ژێر ناوی " یه‌ك ساڵ دوای رێككه‌وتننامه‌ی كۆمه‌ڵه‌ و دێموكرات"   له‌ لایه‌ن دوو رێكخراوی خوێندكاری "كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی رۆژهه‌ڵات" و "یه‌كیه‌تیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران" رێكخرا بۆ تاوتۆی كردنی زۆرتری ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ كه‌ به‌ ڕای زۆرێك له‌ چاودێران وه‌كوو رێككه‌وتنێكی مێژوویی ناوی لێده‌برێت.

ئاسۆی رۆژهه‌ڵات: سمیناره‌كه‌ كه‌ له‌ دوو پانێل و چوار كۆڕگێڕ پێكهاتبوو به‌ كۆڕگێڕی كاك محه‌ممه‌د نه‌زیف قادری ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ده‌ستی پێكرد. ناوبراو له‌ پانێلی یه‌كه‌مدا كه‌ ته‌رخان كرابوو بۆ قسه‌وباس سه‌باره‌ت به‌ "رێككه‌وتننامه‌ی كۆمه‌ڵه‌ و دێموكرات و كاریگه‌رییه‌كانی له‌ سه‌ر داهاتووی كوردستان" ئاماژه‌ به‌ به‌شێك له‌ به‌نده‌كانی رێككه‌وتننامه‌كه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی له‌ سه‌ر یه‌ك هه‌ڵوێستی له‌ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی، كۆنگره‌ نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی فیدراڵ و هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنه‌كانی مه‌جلیس و سه‌رۆك كۆماری حكومه‌تی ئیسلامی كرد.

 كاك محه‌ممه‌د نه‌زیف قادری له‌ به‌شێك له‌ قسه‌كانیدا به‌ ئاماژه‌ به‌ دۆخی چه‌ن ساڵی رابردووی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران و بێ هیواییه‌ك كه‌ به‌ هۆی جیابوونه‌وه‌كان پێش هاتبوو جه‌ختی له‌ سه‌ر هێوابه‌خشی به‌ستنی رێككه‌وتننامه‌كه‌ له‌ نێوان كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان كرده‌وه‌ و وتی: به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسه‌و باسانه‌ی كه‌ سه‌باره‌ت به‌ چاولێگه‌ری له‌ باشووری كوردستان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌ستنی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ له‌ خاڵه‌كانی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئێمه‌ خوازیاری به‌رفراوانتر كردنی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ و به‌شداری زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ین له‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵات.

 كۆڕگێڕی دووه‌می پانێله‌كه‌ هاورێ ئه‌نوه‌ر محه‌ممه‌دی، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی كۆمه‌ڵه‌ بوو. ناوبراویش به‌ ئاماژه‌ به‌ هێوا و وه‌ره‌ به‌خش بوونی رێككه‌وتننامه‌كه‌ و كاریگه‌ریه‌ پۆزێتیڤه‌كانی له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان. ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ كۆمه‌ڵه‌ خوازیاری په‌ره‌پێدان به‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌یه‌ و وتی، هه‌ر چه‌ن تاكوو ئێستا نه‌كراوه‌ به‌ڵام ده‌بێ كار بۆ به‌رفراوانتر كردنه‌وه‌ی بكرێ و وتی، دیاره‌ كه‌ ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ بناغه‌ دانه‌ری ئیتلافێكی گه‌وره‌تره‌، ده‌توانێ قورسایی كورد له‌ هاوكێشه‌كانی ئێران و ناوچه‌كه‌دا زۆرتر بكات.

 ناوبراو هه‌روه‌ها له‌ به‌شێك له‌ قسه‌كانیدا وتی، په‌ره‌دان به‌و هاوكاری و رێككه‌وتنه‌ش ده‌توانێ به‌ هه‌ر ناوێك له‌وانه‌ به‌ره‌ یان ئیتلافێكی گه‌وره‌ی كوردستانی بێت.

 پاش پشوویه‌كی كۆرت به‌شی یه‌كه‌می پانێلی دووه‌می سمیناره‌كه‌، كه‌ ته‌رخان كرابوو بۆ قسه‌وباس سه‌باره‌ت به‌ "رێكاره‌كانی په‌ره‌دان به‌ رێككه‌وتننامه‌ و پێكهێنانی ئیتلافێكی گه‌وره‌ی كوردستانی" له‌ لایه‌ن كاك بێهزاد خۆشحالی، نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ره‌وه‌ ده‌ستی پێكرد.

 كاك بێهزاد به‌ ئاماژه‌ به‌ درووستبوونی ئه‌نگیزش له‌ نێو ئه‌ندامان و لایه‌نگه‌رانی دوو حیزبێك كه‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌یان واژۆ كردووه‌. وتی، به‌ستنی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ بووه‌ته‌ هۆی درووست بوونی تێگه‌یشتنی سیسته‌می و هه‌وڵ دان بۆ به‌ره‌و پێشچوونی زۆرتری كۆمه‌ڵه‌ و دێموكرات و هێوای به‌ خه‌ڵك به‌خشیوه‌.

ناوبراو له‌ به‌شێك له‌ قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ ده‌توانێ گارانتی ئیجراییشی ببێت و ده‌توانێ ئیستراتژی هێرش به‌رانه‌ش بگرێته‌به‌ر. ئه‌و نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ڕه‌ كورده‌ له‌ كۆتاییدا وتی، ده‌بێ زۆرتر كار بكرێ بۆ رێككه‌وتننامه‌كه‌ تاكوو زۆرتر بڕواته‌ پێش و رانه‌وه‌ستێ.

 به‌شی كۆتایی سمیناره‌كه‌ش ته‌رخان كرابوو بۆ قسه‌وباسه‌كانی كاك رامبۆد لوتف پووری چالاكی سیاسی و ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سه‌باره‌ت به‌ " په‌رچه‌كرداره‌كانی ئوپۆزیسیونی ئێران له‌ به‌رانبه‌ر رێككه‌وتننامه‌كه‌".

 ناوبراو قسه‌كانی به‌وه‌ ده‌ست پێكرد كه‌، فارسه‌كان به‌وه‌ راهاتوون كه‌ حوكمڕانی بكه‌ن و خه‌یاڵی ئێرانی مه‌زن مێشكیانی پڕ كردووه‌ته‌وه‌ و به‌م ده‌ستپێكه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌ دوو خاڵی جێگای دژایه‌تی و تووڕه‌بوونی هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیونی ئێرانی كرد. ئه‌و دوو خاڵه‌ش بریتی بوون له‌ یه‌كه‌م: به‌شداری دڵخوازانه‌ و ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی كورده‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ سیسته‌می سیاسی داهاتووی ئێراندا كه‌ گوایه‌ نه‌ده‌بوو بنووسرایه‌، ئاره‌زوومه‌ندانه‌. دووه‌م: مافی چاره‌ی خۆنووسین. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ گۆڕینی چوونیه‌تی هه‌ڵسوكه‌وتی حیزبه‌ كوردیه‌كان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیونی ئێرانی كرد و وتی، هه‌ڵسوكه‌وتی ئێمه‌ ده‌بێ له‌ داواكارییه‌وه‌ بگۆڕدرێت بۆ مه‌رج دانان. به‌ واتایه‌كی دیكه‌ ده‌بێ له‌ جیاتی داوای فیدراڵی كردن بوترێ كه‌ ئێمه‌ به‌ مه‌رجی قه‌بوڵ كردنی فیدراڵی له‌ ئێراندا ده‌مێنینه‌وه‌ ده‌نا ده‌كرێ رێگا چاره‌یه‌ك تر بگیریه‌ته‌ به‌ر.

 جێگای ئاماژه‌یه‌ سمیناره‌كه‌ شه‌ش و سی خۆله‌كی ئێواره‌ و پاش پرسیار و وڵامی به‌شدار بووان كۆتایی پێهات. ئه‌و سمیناره‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا له‌ ته‌له‌ویزیونی "تیشك" و "رۆژهه‌ڵات" بڵاو ده‌بێته‌وه‌..






PM:04:25:13/10/2013




ئه‌م بابه‌ته 1180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌