به‌ڕێوه‌چوونی رێوره‌سمی رێزگرتن له‌ یادی دوو رێبه‌ری گیانبه‌ختكردوو" كاك فۆئاد و كاك سدیق"

 
له‌ باره‌گای ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران مه‌راسمی رێزگرتن له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی گیانبه‌ختكردنی " كاك فۆئاد مسته‌فا سوڵتانی" و " كاك سدیق كه‌مانگه‌ر" دوو رێبه‌ری شۆڕشگێڕی گه‌لی كورد به‌ڕێوه‌چوو.

ئاسۆی رۆژهه‌ڵات: دوانێوه‌ڕۆی رۆژی شه‌ممه‌ 9ی خه‌رمانان، له‌ باره‌گای ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران مه‌راسمی رێزگرتن له‌ یادی دوو رێبه‌ری گیانبه‌ختكردووی كۆمه‌ڵه‌ "كاك فواد و كاك سدیق" له‌ لایه‌ن سێ رێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵات، كۆمه‌ڵه‌ی لاوانی رۆژهه‌ڵات و كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی رۆژهه‌ڵات به‌ڕێوه‌ چوو.
سه‌ره‌تای مه‌راسمه‌كه‌ به‌ سرودی بانگه‌واز سرودی ره‌سمی كۆمه‌ڵه‌ و ده‌قه‌یه‌ك بێ ده‌نگی بۆ رێزگرتن له‌ یاد و تێكۆشانی ئه‌و دوو رێبه‌ره‌ گیانبه‌ختكردووه‌ و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كۆمه‌ڵه‌ و بزووتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی گه‌لی كورد ده‌ستی پێكرد. دواتر پارچه‌ شیعرێكی شێركۆ بێكه‌س شاعیری گه‌وره‌ و تازه‌ كۆچ كردووی گه‌له‌كه‌مان له‌ ژێر ناوی ( زام پێوان ) له‌ وه‌سفی كاك فۆئاد بڵاوكرایه‌وه‌. 
دواتر وته‌یه‌ك له‌ لایه‌ن هاورێ عه‌بدوڵڵا موهته‌دی سكرتێری گشتی كۆمه‌ڵه‌ له‌ سه‌ر ئه‌ندێشه‌ و تێكۆشان و رۆڵی مه‌زنی كاك فواد له‌ رێبه‌ری كردنی كۆمه‌ڵه‌ و بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌ قوناخه‌ دژوار و هه‌ستیاره‌كاندا به‌ ئاماده‌ بووان پێشكه‌ش كرا، هاوڕێ عه‌بدوڵڵا موهته‌دی كاك فوئادی به‌ رێبه‌ری كلاسیك و مامۆستا و داهێنه‌ری خه‌باتی مه‌ده‌نی له‌ كوردستانی ئێران ناولێبردوو وتی: كاك فواد له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ بوو كه‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌ كاروچالاكی و ئه‌زموونی كرده‌وه‌ی ده‌گه‌ین به‌ مافه‌كانیان و بردنی تیئۆرییه‌ سیاسییه‌كان بۆ ناو خه‌ڵك و پراكتیزه‌ كردنی ره‌مزی سه‌ركه‌وتنه‌.
پاشان شیعرێك به‌ ناوی (شەهیدانە) كه‌ له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی ده‌نگ خۆشی نه‌سڵی نوێ رۆزبه‌ كرابوو به‌ سروود، بۆ یه‌كه‌مجار له‌و رێوره‌سمه‌دا بڵاو كرایه‌وه‌.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ له‌ رێوره‌سمه‌كه‌دا رۆشنبیر و سیاسه‌تمه‌داری كورد به‌رێز "سه‌لاح موهته‌دی" وه‌ك شاهیدێكی زیندوو و شایه‌تحاڵی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ قسه‌وباسێكی له‌ سه‌ر رۆڵی گه‌وره‌ و سه‌ره‌كی رێبه‌ری گیانبه‌ختكردوو" كاك سدیق كه‌مانگه‌ر" له‌ به‌ره‌نگاری گه‌لی كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا و دانووستانه‌كانی رێبه‌رانی گه‌لی كورد له‌ به‌رانبه‌ر هه‌یئه‌تی كۆماری ئیسلامی پێشكه‌ش كرد.
جێگای ئاماژه‌یه‌ كه‌ له‌و مه‌راسمه‌ هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ی دێرینی كۆمه‌ڵه‌، كاك نه‌جمه‌دین غولاَمی ئاماده‌ بوو و به‌ خوێندنه‌وه‌ی سروودی "فوئاد رۆڵه‌ی ئاگرو خوێن" مه‌راسمه‌كه‌ی شكۆدارتر كرد.
هه‌روه‌ها شانۆیه‌ك له‌ ژێر ناوی "مەملکەتیهه‌نار و پووكه‌"" به‌ ده‌رهێنه‌ری ئیدریس عه‌بدی و ئه‌كته‌رگه‌ری سونبول تام و ئیدریس عه‌بدی نه‌مایش درا و هه‌ستی سه‌رجه‌م به‌شدار بووانی هه‌ژاند.
له‌ كۆتاییدا په‌یامی هاوبه‌شی سێ رێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی لاوان، ژنان و خوێندكارانی رۆژهه‌ڵات له‌ لایه‌ن هاورێ فرانه‌ك ئه‌ڵماسی ه‌وه‌ خوێندرایه‌وه. هه‌روه‌ها په‌یامی یه‌كیه‌تی لاوانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و ناوه‌ندی لاوانی خه‌بات و كۆمه‌ڵه‌ی گه‌نجانی حه‌ڵه‌بچه‌ له‌و رێوره‌سمه‌دا خوێندرایه‌وه‌.

كۆرته‌یه‌ك له‌ ژیاننامه‌ی هاورێیان كاك فۆئاد مسته‌فاسوڵتانی و كاك سدیق كه‌مانگه‌ر:

9ی خه‌رمانان ساڵوه‌گه‌ڕی گیان به‌خت كردنی كاك فۆئاد (رۆڵه‌ی ئاگر و خوێن)(1358_1327 ه)

فۆئاد مسته‌فا سوڵتانی ناسراو به‌ "كاك فۆئاد"، رێبه‌ر و یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵه‌ و سیمای ناسراوی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستانه‌. له‌ ئاڵمانه‌ی مه‌ریوان له‌ دایك بوو و له‌ ساڵی 1350ی هه‌تاوی ئه‌ندازیاری به‌رقی له‌ زانستگای ئاریا مێهر (سه‌نعه‌تی شه‌ریف)ی تاران ته‌واو كرد. له‌ لایه‌ن ساواكه‌وه‌ 4 ساڵ زیندانیان به‌ سه‌ردا سه‌پاند. ده‌وری سه‌ره‌كی هه‌بوو له‌ دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به‌ جۆتیاران، كرێكاران، ژنان، خوێندكاران و شورای هه‌ماهه‌نگی جه‌معیه‌ته‌كانی كوردستان. فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌مین ده‌سته‌ی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ بوو. له‌ به‌رگری نه‌ورۆزی 58ی سنه‌ به‌شدار بوو. رێبه‌رایه‌تی كۆچی مێژوویی مه‌ریوانی كرد. و به‌ هۆی چالاكییه‌كانیه‌وه‌ به‌ "رۆڵه‌ی ئاگر و خوێن" و "داهێنه‌ری خه‌باتی مه‌ده‌نی" له‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵاتی ناسراوه‌. پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ پرسه‌ی ئیعدامی دوو برای له‌ مه‌ریوان به‌ره‌و شوێنی دانووستانی سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان له‌و كاته‌دا له‌ بانه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ن هاورێیه‌كی دیكه‌ی له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ گه‌مارۆدران و له‌ شه‌ڕێكی نابه‌رابه‌ردا گیانی به‌خت كرد.

13ی خه‌رمانان ساڵرۆژی تیرۆری كاك سدیق كه‌مانگه‌ر(زمانی ئاگرینی شۆڕش)( 1368_1325 ه)

كاك سدیق كه‌مانگه‌ر له‌ ساڵی 1325 هه‌تاوی له‌ ئاوایی "ئافڕیان" سه‌ر به‌ شاری كامیاران له‌ دایك بوو. ساڵی 1350 ه خوێندنی باڵای له‌ رشته‌ی حقوق ته‌واوكرد. هه‌ر له‌و ساڵه‌ دا بوو به‌ پارێزه‌ری جوتیارانی دارسێرانی مه‌ریوان له‌ به‌رانبه‌ر ده‌ره‌به‌گه‌كانی ناوچه‌كه‌. هاوینی 57 ه بۆ پشتیوانی كردن له‌ مانگرتنی زیندانیه‌ سیاسیه‌كان له‌ زیندانی شاری سنه‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تی له‌ به‌رده‌م دادگوسته‌ری ئه‌و شاره‌ وه‌رێخست. ئه‌م رێبه‌ره‌ خۆنه‌ویست و دڵسۆزه‌ ئه‌ندامی ناوه‌ندی پارێزه‌رانی ئێران بوو. یاریده‌ده‌ری مامۆستایان بوو بۆ پێكهێنانی كانوونی مامۆستایان و هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی سه‌ره‌كی جه‌معیه‌تی دیفاع له‌ ئازادی و ئینقلابی شاری سنه‌ بوو. به‌رپرسی رادیو، نوێنه‌رایه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و به‌رپرسایه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ و چه‌ندین ئه‌ركی دیكه‌ی له‌ سه‌ر شان بوو. سه‌رئه‌نجام له‌ 13ی خه‌رمانای 1368ی ه به‌ پیلانی كۆماری ئیسلامی تێرور كرا.




PM:04:13:07/09/2013




ئه‌م بابه‌ته 1347 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌