راگه‌یاندنی كۆمه‌ڵه‌ی‌ لاوانی رۆژهه‌لاَت به‌ بۆنه‌ی‌ كۆچی دوایی شاعیری‌ گه‌وره‌ی‌ كورد شیركۆ بێكه‌س

ئاسۆی رۆژهه‌ڵات: به‌ داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌، رۆژی‌ 4ی‌ ئۆگۆستی 2013 به‌رامبه‌ر به‌ 13ی‌ گه‌لاوێژی‌ 1392ی‌ هه‌تاوی، شاعیر شۆڕشگێر و هه‌ست ناسكی كوردستان، هه‌ڵگری‌ خه‌می چه‌وساوه‌كانی كوردستان، شیركۆ بێكه‌سی شاعیر له‌ ته‌مه‌نی 73 ساڵیدا بۆ تاهه‌تایه‌ ماڵئاوایی له‌ژیان كرد و ئه‌ویندارانی ئه‌ده‌ب و شیعری كوردی خه‌مبار كرد. شیركۆ نموونه‌یه‌كی دیار و به‌رچاوی كه‌سێكی‌ شۆڕشگێڕ بوو.

 ئه‌ده‌بی شیركۆ ئاوێنه‌ی‌ بالاَنوێنی ده‌ربه‌ستبوونه‌ به‌ گه‌ل و نیشمان. ئه‌ده‌بی شیركۆ، ئه‌و ئه‌ده‌به‌یه‌ كه‌ دژ به‌ دۆخی هه‌بوو وه‌ستاوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ تایبه‌تمه‌ندی ئه‌دبێكی‌ ئاوانگارد وپێشكه‌وتووخوازه‌. شیركۆ چ له‌ دونیای‌ كتێبه‌كانیدا و چ له‌ ژیانی خۆیدا ئه‌و شۆڕشگێربوونه‌ی‌ خستۆته‌ روو. شیعری شیركۆ، وره‌ی شۆڕشگێڕانه‌ ده‌به‌خشێت به‌ خوێنه‌ری‌ و پێی ئه‌ڵێت دونیای واقع ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ ده‌یبینێت. 

گۆشه‌گیری‌ و خۆقه‌تیس كردن له‌ گۆشه‌یه‌ك رێگا نییه‌ بۆ گۆڕین جیهان و باشتربوونی دۆخ، به‌ڵكوو ئه‌بێ به‌ وره‌یه‌كی پێشمه‌رگانه‌ و به‌ توانای شۆڕشگێڕانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ دیكتاتۆره‌كان بوه‌ستینه‌وه‌، بۆیه‌ خۆی‌ ئه‌ڵێت له‌ هه‌ر كوێ غه‌دری گه‌وره‌ هه‌بێت شیعری منیش ئاماده‌یه‌. له‌ لایه‌كیتره‌وه‌ شیركۆ دژ به‌ دۆخی كۆمه‌لاَیه‌تی كۆمه‌ڵگای كورده‌واری‌ و به‌ تایبه‌ت دژ به‌ سیسته‌می باوكسالاری‌ و چه‌وساندنه‌وه‌ی‌ ژنان به‌ ده‌ستی ئه‌م سیسته‌مه‌ هه‌ڵوێستی گرتووه‌و ئه‌یهه‌وێت ئه‌و وانه‌یه‌ فێری‌ ئێمه‌ی‌ لاوان بكات كه‌ سیسته‌می باوكسالاری گه‌وره‌ترین بونیادی‌ سیسته‌می دیكتاتۆرییه‌.بۆیه‌ ده‌یهه‌وێت ئه‌و وشیارییه‌ به‌ كۆمه‌ڵگا و خوێنه‌رانی ببه‌خشیت كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئازادی پێویسته‌ ژن ئازاد بێت.

 به‌ گشتی شیركۆ له‌ شیعره‌كانیدا وانه‌ی‌ خه‌بات و خۆڕاگری و وه‌ستانه‌وه‌ی‌ فێری‌ ئێمه‌ی‌ لاوان كردوه‌ و ئه‌یهه‌وێت پێمان بڵێت كۆمه‌ڵگا به‌ ئیراده‌و هه‌ستی وه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر دۆخی هه‌بوو ده‌گۆڕدرێت. ئه‌و هه‌موو ده‌میش لای‌ وابوو چه‌ك قه‌ڵه‌م دوانه‌ی‌ خه‌باتی سه‌ركه‌وتنن. واته‌ هه‌م توانای مێشك و هه‌م وزه‌ی‌ بازوو و چه‌ك ئه‌توانن كۆتایی به‌ سیسته‌می دیكتاتۆری‌ بێنن. ته‌نانه‌ت ده‌مارگرژه‌كانی كوردستان نه‌یانتوانی بیری‌ رزگاریخوازانه‌ و ئاوانگاردی ئه‌و قبووڵ بكه‌ن و چه‌ندین جار فتواكوشتنیان دا.

 هیوادارم ئێمه‌ی‌ لاوان بتوانین ئه‌و وانه‌یه‌ی‌ شیركۆی‌ شاعیر ده‌یهه‌ویست فێرمان بكات به‌جوانی وه‌ربگرین و ببین به‌ داینامۆی‌ گۆڕان له‌ كۆمه‌ڵگا و سیسته‌می سیاسیدا. له‌ كۆتاییدا سه‌ره‌خۆشی له‌ سه‌رجه‌م ئه‌ده‌بدۆستان و لایه‌نگرانی شیركۆ بێكه‌سی شاعیر و بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ین و هیوادارین، خه‌ونه‌كانی شێركۆ بێكه‌سی شاعیر هه‌رچه‌ند دوای خۆشی بێت به‌دی بێت و ئازادی و یه‌كسانی له‌ كوردستان سه‌قامگیر بێت

 كۆمه‌ڵه‌ی‌ لاوانی رۆژهه‌لاَت 5ی ئۆگۆستی 2013

14ی‌ گه‌لاوێژی‌ 1392ی‌ هه‌تاوی

PM:04:32:06/08/2013




ئه‌م بابه‌ته 1179 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌