راگەیاندنى کۆتایى کۆنگرەى چواردەهەمى کۆمەڵە

بەمجۆرە بە ئاگاداریى هەمووان دەگەیەنین کە لە رۆژانى رابوردودا کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران چواردەهەمین کۆنگرەى حیزبیى خۆى سەرکەوتووانە بەڕێوە برد. 

کۆنگرەى چواردەهەمى کۆمەڵە، پێکهاتوو لە نوێنەرانى هەموو بەشەکانى رێکخستن، بەبەشدارى نزیکەى دووسەد کەس لە نوێنەران و چاودێران بەدواى ئامادەکارییەکى چەند مانگە و بە هەوڵى ماندوویى نەناسانەى هەموو ئەوانەى کە ئەرکى ئامادەکاریى ئەم کۆنگرەیان لەئەستۆ بوو، بە رێک و پێکى بۆ ماوەى چەند رۆژ کارى چڕوپڕى خۆى لە ئەمنییەت و ئاسایشدا سەرکەوتووانە بەڕێوە برد. 

کۆنگرەى چواردەهەم کە بە کۆنگرەى پتەوى و یەکڕیزى ناوزەد کرابوو، بە سرودى بانگەواز، سرودى رەسمیى کۆمەڵە و دەقیقەیەک بێدەنگى بۆ رێزگرتن لە گیانبەختکردوانى کۆمەڵە کرایەوە، دواتر راپۆرتى هەڵبژاردنى نوێنەرانى کۆنگرەى لەلایەن کۆمیتەى ئامادەکارى کۆنگرەوە بیست و ئیعتیبارى هەڵبژاردنەکە و نوێنەرانى تەئید کرد، دەستەى بەڕێوەبەرى خۆى هەڵبژارد و پێڕەوى بەڕێوە چوونى کۆنگرەى پەسند کرد و چووە ناو باسەکانى خۆیەوە.
دەستوورى کارى کۆنگرەى چواردەهەم، بێجگە لە گوزارشى سیاسی کە خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە، بریتى بوو لە: تاوتوآ کردن و پەسند کردنى ئەساسنامە واتە پێڕەوى ناوخۆى کۆمەڵە، سەرخەتى سیاسەتەکانى کۆمەڵە و بڕیارنامە پەیوەندیدارەکان و هەروەها هەڵبژاردنى سکرتێرى گشتى و کۆمیتەى ناوەندى و جێگرەکانى. 

یەکەم بابەتى کۆنگرە بریتی بوو لە راپۆرتى سیاسى کە لەلایەن سکرتێرى گشتیى کۆمەڵەوە پێشکەش کرا. جێى ئاماژەیە کە گوزارشێکى نووسراو لە کاروبارى زۆربەى ئۆرگانەکان و بووارە جۆربەجۆرەکانى حیزبى بەنووسراو پێشکەش بە بەشداربووانى کۆنگرە کرابوو، هەر بۆیەش راپۆرتى سکرتێرى گشتى زۆرتر وەکوو لێکدانەوەیەکى سیاسیى پوخت لەسەر بارودۆخى کوردستان و ئێران و ناوچەکە پێشکەش بە ئامادەبووانى کۆنگرەى چواردە کرا. لەو گوزارشە سیاسییەدا هەروەها گرینگى و جێگەى کۆنگرەى چواردەهەم لە کارى سیاسى و حیزبیماندا ئاماژەى پێکرا و گرینگترین ئەرکەکانى دەورەى داهاتوومان کە بە حوکمى ئەم کۆنگرەیە دەکەوێتە سەر شانى هەموومان شى کرایەوە.

لە راپۆرتى سیاسیدا ئاماژە بە پرسى کورد بەگشتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئاسۆى داهاتووى کرا و لێکدانەوە و هەڵوێستى کۆمەڵە لەحاست هەر کام لە پارچەکانى کوردستان، لەوانە کوردستانى تورکیە و پرۆسەى ئاشتى، بارودۆخى سوریە و خەباتى کورد لە کوردستانى سوریا، هەرێمى کورستان و هەڵوێستى ئێمە لەم بابەتەوە خرایە بەردەستى بەشداربووانى کۆنگرەى چاردەوە. 

لێکدانەوەى بارودءخى ئێران و کوردستانى رۆژهەڵات، بەتایبەت بەدواى هەڵبژاردنى یازدەهەمین خولى سەرۆک کۆمارى لە ئێران و ئاکامەکانى تەوەرەیەکى دیکەى راپۆرتى سیاسى بوو. 
لە راپۆرتى سکرتێرى گشتیدا هەروەها سەرخەتى گرینگترین ئەرکەکانى دەورەى داهاتوومان، لەوانە: باشتر و کارامەتر کردنى راگەیاندن، کارى چڕوپڕتر لەسەر بزووتنەوە جەماوەرییەکان، پەرەپێدان بە کارى رێکخستن لەناوەوە، رێک و پێک کردنى کارى رێکخستنى دەرەوەى وڵات، گرینگى دان بە فێرکردن و بارهێنان لە هەموو ئاستێکدا، پتەو کردن و پەرە پێدان و راهێنانى هێزى پێشمەرگە، کارى چڕوپڕتر لەپێناو بەرەى کوردستانیدا، پەرە پێدان بە پەیوەندییە کوردستانییەکان، درێژەدان و پەرەپێدان بە پەیوەندى لەگەلڕ ئۆپۆزیسیۆنى دێمۆکراسیخوازى ئێرانى و پەرەپێدان بە کارى پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان تەئکیدیان لەسەر کرا. 

بابەتى دووهەمى کۆنگرەى چواردەهەم، پێڕەوى ناوخۆى کۆمەڵە بوو. ئەو بابەتە کە لەلایەن هاوڕى عەبدوڵڵاى موهتەدییەوە پێشکەش کرا، بەرهەمى کارى چەندین کۆمیسیۆن بوو کە ناوبەناو لە ماوەى دوو ساڵى رابوردوو کاریان لەسەر کردبوو، بەتایبەت کارى کۆمیسیۆنێک کە لە نوێنەرانى کۆنگرەى چواردەوە پێکهاتبوو. ئەم بابەتە کە پێش بەستنى کۆنگرەش بەوردى لە سێمینارگەلێک لەگەلڕ نوێنەران و چاودێرانى کۆنگرەش تاوتوآ کرابوو، لە خودى کۆنگرەشدا جارێکى دیکە بەوردى خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە و سەرەنجام بە زۆرینەى دەنگ پەسند کرا. 

چاکسازى لە ساختارى حیزبیمان و لە شێوازى هەڵبژاردن و کار کردنى رەهبەریى کۆمەڵە، یاسامەندتر کردنى کارکردە حیزبییەکان، پەرە پێدان بە میکانیزمەکانى دیالۆگى ناوخۆیى و فراوانتر کردنەوەى ئاڵقەى بەشدارى لە دارشتنى سیاسەتەکان، وردتر و روونتر کردنەوەى ئەرک و بەرپرسایەتى ئۆرگانەکانى ناوەندى، دانانى دامەزراوە بۆ لێپرسینەوە و چاودێرى و قابیلى لێپرسینەوە کردنى هەمووان، بردنەسەرى ئاستى پتەوى و یەکریزى و کوێر کردنەوەى ئەگەرى هەر تەکان و شەکانێکى نەخوازراو لە کۆمەڵەدا، سەردەمیانەتر کردن و نزیکتر کردنەوەى شێوازى کارى حیزبیمان لە حیزبە پێشکەوتووەکانى جیهان، بەکورتى ئەمانە تەوەرەکانى گۆڕانکارى لە پێڕەوى ناوخۆى کۆمەڵە دابوون و بوون بە پەیامى هەموو کۆنگرەى چواردەهەمى کۆمەڵە. 

سەرخەتى سیاسەتەکانى کۆمەڵە لە بووارە جۆراوجۆرەکان، کە پێشتر لە سێمینارەکانى ئامادەکاریى کۆنگرەى چواردەهەم لە مانگەکانى رابوردوودا درابوونە بەر باس و لێکۆڵینەوەى ئەندامان و لە کۆمیسیۆنێکى تایبەتیشدا پێش کۆنگرە کاریان لەسەر کرابوو، خاڵیکى دیکەى کارى کۆنگرە بوو. بڕیار و پەسندکراوەکانى سەر بەم بابەتە لە رۆژانى داهاتوو، وێڕاى پێڕەوى ناوخۆ و بەڵگەنامەکانى دیکەى کۆنگرە بۆ ئاگاداری هەمووان بڵاو دەکرێتەوە. جێگەى ئاماژەیە کە هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوە لەگەلڕ هاوڕێیانى پێشوومان و خستنەگەرى دەستپێشخەرییەکى نوآ، وێڕاى تەئیدى سیاسەتى تا ئێستاى کۆمیتەى ناوەندیى کۆمەڵە لەو بووارەدا، یەکێک لە تەوەرەکانى دیکەى ئەو مادەیە لە دەستورى کارى کۆنگرەى چواردەهەم بوو. 

هەڵبژاردنى سکرتێرى گشتى و ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندى و جێگرەکانى خاڵى کۆتایى دەستورى کارى کۆنگرەى چواردەهەم بوو. کۆنگرە سکرتێر و پازدە کەس ئەندامى ئەسڵى و سآ جێگرى بۆ خزمەت کردن لە ئاستى سەرکردایەتیدا بە دەنگى نهێنى نوێنەرانى خۆى هەڵبژارد کە بەم جۆرەى خوارەوەن:
فاروق بابامیری، سەلاح بایەزیدى، ناهید بەهمەنی، زاگرۆس خوسرەوی، خالید حسێن-زادە، رەفیق حسێن¬پەناهى، ساڵح شەریفی، تاهیر عەبدپەناە، خالید عەلیپور، عەزەم قوبادى¬پور، محمد کوردی، ئەنوەر محمدى، ئەبوبەکر مودەریسی، عەبدوڵڵا موهتەدى (سکرتێرى گشتى)، و جەلال ناوە وەکوو ئەندامانى ئەسڵى و هەروەها جەمال ئەحمەدى، عەلی بەهمەنى و سۆران پاڵانى وەکوو ئەندامانى جێگر. 

لە کۆتاییدا بەپێویستى دەزانین بەبۆنەى بەڕێوە چوونى سەرکەوتووانەى کۆنگرەى چواردەهەمەوە پیرۆزبایى خۆمان ئاراستەى هەموو ریزەکانى کۆمەڵە و کۆمەڵانى خەڵکى تێکۆشەرى کوردستان بکەین و دەستخۆشى و ماندوونەبینییەکى گەرم و گوڕیش پێشکەش بە هەموو ئەو هاوڕێیانە بکەین کە ئەو ئەرکەیان بە رێک و پێکى بۆ راپەڕاندین و دەستى هەموو ئەوانەى کە لە بوارى ئامادەکاریى سیاسى، ئەمنییەت و پاراستن، بەشى تەکنیکى و تەداروکات و هەر وەها هەموو پێشمەرگەکانى کۆمەڵە کە هەلى گرتنى کۆنگرەیەکى سەرکەتوویان بۆ کۆمەڵە رەخساند بەگەرمى بگووشین. 

کۆنگرەى چواردەهەم لە هەموو ریزەکانى کۆمەڵە داوا دەکا کە هەڵسووڕاوانە و بە گەرم و گوڕى ئەرک و راسپاردەکانى ئەم کۆنگرەیە بەڕێوە بەرن و ماندوویى¬نەناسانەتر و خۆنەویستانەتر لە جاران بۆ بەئەنجام گەیاندنى ئەرکەکانمان تێبکۆشن. سەردەمەکە هەستیارە، چاوەڕوانییەکان زۆرن و ئەرکەکان قورسن. لەپالڕ هەبوونى سەختى و هەڕەشە و مەترسییەکان، ئاسۆیەکى روونیش لە بەردەممان دایە و ئێمە لە بەرامبەر ئەزموونێکى گەورەدا وەستاوین. بەرچاو روونى سیاسی، پتەوى و یەکڕیزى و کارى ماندوویى¬نەناسانە کلیلی پێشڕەوى و سەرکەوتنمانە. 

کۆنگرەى چواردەهەمى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران
4ى گەلاوێژى 1392، 26ى ژوئیەى 2013

PM:03:07:02/08/2013




ئه‌م بابه‌ته 1197 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌