په‌یامی كۆمه‌ڵه‌ی لاوانی رۆژهه‌ڵات به‌ بۆنه‌ی 31 ی جۆزه‌ردان

ئاسۆی رۆژهه‌ڵات: په‌یامی كۆمه‌ڵه‌ی لاوانی رۆژهه‌ڵات به‌ بۆنه‌ی 31 ی جۆزه‌ردان  رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌..

سه‌ره‌تا 31ی جۆزه‌ردان رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ئێوه‌ به‌شدارانی ئه‌م رێوره‌سمه‌ و هه‌موو پێشمه‌رگه‌كان و كۆمه‌لاَنی خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتی پیرۆزبایی ده‌كه‌ین. 

له‌م بۆنه‌یه‌دا سه‌ری رێزو ئیحترام بۆ كاك خانه‌ی موعینی یه‌كه‌م پێشمه‌رگه‌ی شه‌هیدی كۆمه‌ڵه‌ و هه‌موو گیانبه‌ختكردووانی‌ رێگای‌ ئازادی‌ و به‌رابه‌ری‌ داده‌نوێنین.

به‌رێزان

هه‌ر وه‌ك ده‌زانین كۆمه‌ڵه‌ ساڵی 1357 هه‌تاوی به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی ئێران به‌گشتی و كوردستان به‌ تایبه‌تی، پاش روخانی رژیمی پاشایه‌تی‌ و هاتنه‌ سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی ئێران پێكهات و وه‌ك حیزبێكی چه‌پ و شۆڕشگێڕ كه‌ چالاكییه‌كانی‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ پاراستنی‌ ده‌سكه‌وته‌كانی كۆمه‌لاَنی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، به‌ تایبه‌تی‌ توێژی‌ هه‌ژار و زه‌حمه‌تكێش كوردستان بوونی‌ خۆی‌ ئاشكرا كرد و له‌و ماوه‌یه‌دا لێبروانه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ئاوات و ئامانجه‌كانی‌ كۆمه‌لاَنی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ هیچ چه‌شنه‌ فیداكاری‌ و تێكۆشانێك درێغی‌ نه‌كردووه‌.. 

هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ر له‌ كاتی رێكخستنیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ڕو هێرشی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر كوردستان رووبه‌ڕوو بوو. به‌لاَم ئه‌م هێزه‌ كه‌م ئه‌زموونه‌ له‌ خه‌باتی چه‌كداری، تووانی به‌ره‌نگاری كۆنه‌په‌ره‌ستترین هێزی تاریكی و مێشك پڕكراو له‌ خورافه‌ بێته‌وه‌. هێزی پ م كۆمه‌ڵه‌ زۆر زوو توانی خۆشه‌ویستێكی به‌رین له‌ ناو جه‌ماوه‌ری كوردستاندا بۆ خۆی به‌ ده‌س بێنێ. بێگومان سه‌ركه‌وتن و ده‌سكه‌وته‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ جیا له‌ فیداكاری و تێكۆشه‌ر بوون و خاوه‌ن بیروباوه‌ڕێكی پته‌و بوون، هۆكارێكی دیكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پاڵپشتی و متمانه‌ی بی سنوری كۆمه‌لانی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و چه‌وساوه‌ی كوردستان بۆ ئه‌م باسكه‌ چه‌كداره‌ی خۆیان، ئه‌وان ده‌وری كاریگه‌ریان بوو له‌ سه‌ركه‌وتنی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌رابه‌ر به‌ دوژمن. مێژووی ده‌یان ساڵه‌ی هێزی پ م كۆمه‌ڵه‌ پڕه‌ له‌ به‌ره‌نگاری و تاڵی و سه‌روه‌ری و سه‌ركه‌وتن. بێگومان وه‌ك هه‌ر هێزیكی نیزامی دیكه‌ جاری واش بووه‌ له‌ مه‌یدانی شه‌ڕدا تووشی شكستیش هاتووه‌، به‌لاَم هیچ كام له‌ شكسته‌كان نه‌یانتوانیوه‌ بۆ درێژماوه‌ كاریگه‌رییان به‌ سه‌ر وره‌و ئیراده‌ی شۆڕشگێڕانه‌ و پۆلاینی ئه‌م هێزه‌وه‌ هه‌بێ.

هێزی پ م كۆمه‌ڵه‌ گه‌رچی به‌ كرده‌وه‌ سه‌لماندی كه‌ له‌ مه‌یدانی‌ خه‌بات و تێكۆشاندا هێزێكی پارتیزان و خه‌باتكاری‌ بێ‌ وچانه‌، سه‌لماندیشی هێزێكی وشیاری سیاسیشه‌ و ده‌زانی له‌ پێناو چی و به‌ چ مه‌به‌ستێك چه‌كی هه‌ڵگرتووه‌. هه‌ر بۆیه‌ به‌شێكی به‌رچاو له‌ ئه‌ركی خۆی به‌ وشیاركردنه‌وه‌، هاندان و رێنوینی كردنی كۆمه‌ڵانی خه‌لك بۆ به‌ره‌و پێش بردنی خه‌باتیان ته‌رخان كردبوو. پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ دوو ئه‌ركه‌كه‌ی خۆی واته‌ خه‌باتی چه‌كداری و كاركردن بۆ وشیاری سیاسیی له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان به‌ باشی ئه‌نجام داو له‌ داهاتووشدا ئه‌نجامی ده‌دا. هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ له‌ كوردستان له‌ لایه‌ك شه‌ڕی كۆماری ئیسلامی ده‌كرد و له‌ لایه‌كی دیكه‌ به‌ گژ كۆنه‌په‌ره‌ستی و كولتوری دواكه‌وتووانه‌، به‌ گژ فه‌رهه‌نگی پیاوسالاری و په‌ره‌پێده‌ری سیاسه‌ت و كولتوری پێشكه‌وتووانه‌ بوو. پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ له‌ كوردستان پارێزی راسته‌قینه‌ی دیموكراسی و ئازادیه‌ دیموكراتیك و مه‌ده‌نیه‌كان بووه‌..

به‌شێكی هه‌ره‌ زۆری نه‌سڵی نۆی ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ روو ده‌كه‌نه‌ پێشمه‌رگایه‌تی كۆمه‌ڵه‌، هه‌ركامه‌یان له‌ شارو گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی یا دێهاته‌كه‌ی خۆی چه‌ندین بیره‌وه‌ری به‌ نرخیان له‌ هه‌ڵس و كه‌وت و فیداكاری هێزی پ م كۆمه‌ڵه‌یان بۆ باسكردوون و له‌ زێنیان چه‌سپیوه‌. سه‌دان بنه‌ماڵه‌ ناوی رۆڵه‌كانیان به‌ ناوی فلاَن فه‌رمانده‌ و فلان كادرو پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ وه‌ ناو ناوه‌.

ئه‌م هێزه‌ ئه‌گه‌ر چی له‌ به‌ر هه‌ندێ هه‌ل ومه‌رجی تایبه‌ت سالاَنێكی هه‌ڵسوڕانی چه‌كداری نه‌بووه‌، به‌لاَم خۆشه‌ویستی خۆی هه‌روا راگرتووه‌و ئێستاش خه‌ڵك تامه‌زرۆی بینینی گه‌ڕانه‌وه‌و بینینی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ ده‌كا.

به‌ بڕوای ئێمه‌ پێویسته‌ له‌م هه‌ل ومه‌رجه‌دا زیاتر له‌ هه‌ر كاتێ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ له‌ رووی چۆنایه‌تی وچه‌ندایه‌تیه‌وه‌ و راهێنانه‌وه‌ باشتر بكه‌ین و ئه‌م هێزه‌ كاراتر و ئاماده‌تر بێ بۆ پێكهێنانی ئاڵ وگۆڕۆ و ئه‌گه‌ره‌كانی داهاتوو.

پیرۆز بێ 31ی جۆزه‌ردان

بڕوخێ رژیمی كۆنه‌په‌ره‌ستی كۆماری ئیسلامی ئێران


AM:11:57:23/06/2013




ئه‌م بابه‌ته 1352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌