په‌یامی هاوبه‌شی كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵات و كۆمه‌ڵه‌ی خوێنده‌وارانی رۆژهه‌ڵات به‌ بۆنه‌ی 31ی جۆزه‌ردان رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌

ئاسۆی رۆژهه‌ڵات: دوو رێكخراوی مه‌ده‌نی تایبه‌ت به‌ ژنان و خوێندكارانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات له‌ په‌یامێكی هاوبه‌شدا یادی 31ی جۆزه‌ردان رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌یان به‌رزراگرتووه‌ و داوایان له‌ هه‌موو ژنان و خوێندكارانی رۆژهه‌ڵات كردووه‌ كه‌ بۆ پته‌وتر كردنی خه‌بات دژی سیاسه‌ته‌ نگریسه‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌ ریزه‌كانیان په‌یوه‌ست بن. ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

په‌یامی هاوبه‌شی كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵات و كۆمه‌ڵه‌ی خوێنده‌وارانی رۆژهه‌ڵات به‌ بۆنه‌ی 31ی جۆزه‌ردان رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌

35ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ ئاخرین رۆژی به‌هاری ساڵی 1357ی هه‌تاوی كاك سه‌عید موعینی ناسراو به‌ خانه‌، قاره‌مانی بێ وێنه‌ی خۆراگری له‌ زیندان و ڕه‌چه‌شكێنی خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌ و یه‌كه‌م پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ له‌ شه‌ڕێكی نه‌خوازراو و له‌ ته‌مه‌نی 27 ساڵیدا گیانی به‌خت كرد. ئه‌وه‌ بوو كه‌ 31ی جۆزه‌ردان رۆژی گیانبه‌خت كردنی كاك خانه‌ی موعینی وه‌كوو رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ ناونرا.

 هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ماوه‌ی پتر له‌ سی ساڵی تێكۆشاندا، وێڕای ئه‌وه‌ی وره‌ی قایم و پته‌وی پاراستنی مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی گه‌لی كورد بووه‌ و به‌وپه‌ڕی قاتعیه‌ته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ده‌ستدرێژیه‌كانی سه‌ر ئه‌و گه‌له‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا له‌ نێو خۆی كوردستانیش ئاڵاهه‌ڵگری پێشكه‌وتووترین رێبازی سیاسی و پارێزه‌ری مافی چینه‌ چه‌وساوه‌كان، ئاڵاهه‌ڵگری راسته‌قینه‌ی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، یه‌كسانی مافی ژنان و پیاوان، دیموكراسی و ئازادیه‌ سیاسیه‌كان بووه‌. هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ روڵێكی مێژوویی له‌ ئاڵوگوڕه‌ سیاسیه‌كانی زیاتر له‌ سێ ده‌یه‌ی رابردوودا گێڕاوه‌ و بێگۆمان له‌ داهاتووی كوردستان و له‌ هێنانه‌دی ئامانجه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیشدا، جێگای دیاری خۆی ده‌بێت و به‌ لێكهه‌ڵپێكانی ژیرانه‌ و درووستی خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌ له‌گه‌ڵ شكڵه‌كانی خه‌باتی سیاسی، جه‌ماوه‌ری، رێكخراوه‌ی، مه‌ده‌نی و راگه‌یاندن، له‌ ئه‌زموونی داهاتووشدا سه‌ربه‌رز و سه‌ركه‌وتوو دێته‌ده‌ر.

 ئێمه‌ش وه‌كوو كۆمه‌ڵه‌ی خوێنده‌وارانی رۆژهه‌ڵات و كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵات به‌ به‌رز نرخاندنی یادی 31ی جۆزه‌ردان و كاك خانه‌ی موعینی وه‌كوو ره‌مزی شۆڕشگێرێكی خوێنده‌وار، به‌ڵێن ئه‌ده‌ین كه‌ تا گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ به‌رز و ئینسانیه‌كانی هه‌موو گیانبه‌خت كردوانی نێو ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ و هه‌ڵپێچانی یه‌كجاری رژیمی كۆنه‌په‌ره‌ستی كۆماری ئیسلامی كه‌ جگه‌ له‌ هه‌ژاری و بێكاری و هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زی و سه‌ركوتی چالاكانی خوێندكاری و ژنان شتێكی بۆ خه‌ڵك نه‌بووه‌، به‌رده‌وام بین له‌ كار و خه‌بات.

 له‌ كۆتاییشدا ئه‌و بانگه‌وازه‌ ئاراسته‌ی هه‌موو ژنان و خوێندكارانی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ هه‌رچی زیاتر له‌ به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌ نگریسه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌ سه‌ر ژنان و خوێندكاران هوشیار بن و دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ریزه‌كانی ئێمه‌ قه‌ڵای راسان و تێكۆشان له‌ دژی ئه‌و سیاسه‌تانه‌یه‌ بۆیه‌ كۆمه‌ڵه‌ی خوێنده‌وارانی رۆژهه‌ڵات و كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵات به‌ هی خۆتان بزانن و پێمان په‌یوه‌ست بن. 


پێرۆز بێت 31ی جۆزه‌ردان رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌

كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵات و كۆمه‌ڵه‌ی خوێنده‌وارانی رۆژهه‌ڵات 31ی جۆزه‌ردانی 2713ی كوردی

PM:09:24:21/06/2013




ئه‌م بابه‌ته 965 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌