وتاری هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتی کۆمەڵە بە بۆنەی ۲٦ی رێبەندان رۆژی کۆمەڵە


 
میوانە بەڕيزەکان، بەشداربووانی خۆشەویست، هاوڕێیانی تێکۆشەر
 
سڵاويکی گەرم لە هەمووتان و بەگەرمیش بەخێرهاتنتان دەکەم. رێبەندانی رينوێنتان پیرۆز، بیست و شەشی ڕێبەندان، رۆژی کۆمەڵەتان پیرۆز. پەنجا و یەکساڵ پيش ئێستا، بناغەی رێکخستنێک دامەزا کە چارەنووس وابوو لاپەڕەیەکی نوێ لە خەباتی گەلی کورد هەڵداتەوە و قۆنا‌غێکی نوێ لە ژیانی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان بهێنێتە ئاراوە. نزیکەی دەهەیەک دواتر، چوار رۆژ بەدوای رووخانی رژیمی پاشایەتی، لە رۆژی بیست و شەشی ڕیبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا، واتا چل و یەکساڵ لەوە پيش، کۆمەڵە لە راگەیاندنێکدا بەبۆنەی گیان لەدەست دانی ‌هاوڕێی دامەزرێنەر و سەرکردە کاک ‌حەمە حوسێنی کەریمی، خەباتی ئاشکرای خۆی وەکوو حیزبێکی سیاسی راگەیاند.

جێی خۆیەتی لە سەرەتای وتارەکەمدا سڵاو و ڕێز و خۆشەویستی خۆم بنێرم بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی گیانبەختکردوان، بۆ هەموو بەندکراوە سیاسیەکان و بنەماڵەکانیان، هەموو دەرکراو و دوورخراوەکان، هەموو پێشمەرگەکان بەدێرین و بە هی ئێستاوە، بۆ هەموو تێکۆشەرانی کۆن و نوێی ريبازی کۆمەڵە، بۆ هەموو تێکۆشەرانی رێکخستنی ناوخۆ، بۆ بنەماڵەی هەموو کۆڵبەرە گیان لەدەستداوەکان، بۆ هەموو چالاکانی مەدەنی، بەگشتی بۆ هەموو ئەوانەی کوردستانیان وکوو قەڵای خۆڕاگری ئازادیخوازی سەربەرز راگرتووە.
دۆستانی خۆشەویست، لەماوەی ساڵی رابوردوودا، گەورەترین ڕووداو نەک هەر لە ئێران و لە کوردستان بەڵکوو تەقریبەن لە هەموو جیهان بریتی بووە لە بڵاو بوونەوەی پەتای جیهانگیری کۆرۆنا و کاریگەریەکانی لەسەر هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.
ئەو نەخۆشیە لە چینەوە سەری هەڵدا، بە نهێنیکاری و شاردنەوەی لە دنیا لە کۆنترۆڵ دەرچوو، بە هاتوچۆی چڕوپڕ بڵاو بوەوە و بووی بە هۆی نەخۆشی و مەرگ و کز کردنی ئابوری دنیا و پەکخستنی کار و ژیان. بەڵام لە زوربەی وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، دەوڵەتان کەوتنە کار و سەدان تریلیۆن دۆلاریان تەرخان کرد بۆ یارمەتی بە خەڵکی وڵاتەکانیان، بۆ بووژاندنەوەی ئابوری، بۆ قەرەبوو کردنەوەی زیان لێکەوتووان و یارمەتی مووچەی بێکارکراوەکان، هەرەوها بۆ توێژینەوەی زانستی لەسەر ئەو ڤیروسە و دروست کردنی واکسەن بۆ بەرگری و دەرمان بۆ چارەسەر. بەخۆشیەوە، سەرەنجام زانست و هاوکاری مرۆڤایەتی خەریکە بەسەر بەڵای کۆرۆنادا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.
لە ئێران بەڵام هەموو شتێک بەپێچەوانە بوو. سەرەڕای هەموو هۆشدارەکان، خەتی هەوایی نێوان ئێران و چینیان دانەخست، شیرکەتی فڕۆکەوانی ماهان کە سەر بە سپای پاسدارانە بۆ بەرژەوەندی مادی خۆی ئەوەندەی هاتوچۆ کرد تا ڤیروسەکەی بەتەواوی و بە فراوانی گەیاندە ئێران و بەمجۆرە بۆ پرکردنی گیافانیان لە ناردنی خەڵک بەرەو مەرگ سڵیان نەکرد. دواتریش سەرەڕای هەموو رێنوێنیە پزیشکیەکان لەبەر ئەوەی دام و دەزگای خورافات و گەوجاندنی خەڵکیان خەوش هەڵنەگرێ، قوم و شارە تووشبوەکانیان قەرەنتینە نەکرد و لەجیاتی خەڵک لێ دوور خستنەوە دەستیان کرد بە لستنەوەیان. لە حاڵێکدا وڵاتانی پێشکەوتووی وەکوو ئیتالیا، ئێسپانیا، بەریتانیا و تەنانەت خودی چینیش لەڕێگای قەرەنتینەی شارەکانەوە بەرەنگاری بڵاو بوونەوەی ئەو نەخۆشیە بوونەوە، وتیان قەرەنتینە شێوازی سەدەکانی ناوەڕاستە و باوی نەماوە و هێشتیان ئەو ڤیروسە بە کەیفی خۆی پەرە بستێنێ. کە پزیشکانی بێسنووری فەرانسە ئامادەیی خۆیان بۆ دانانی نەخۆشخانەی گەڕۆک راگەیاند و خۆیان پێچاوە بێن بۆ ئێران، ڕەتیان کردەوە و سەفەرەکەیان پێ هەڵوەشاندنەوە. ئەمریکا ئامادەیی بۆ ناردنی یارمەتی دەربڕی، ڕەتیان کردەوە، رێکخراوی جیهانی تەندروستی ویستی یارمەتی بکا ڕەتیان کردەوە. بۆخۆشیان کەمتەرخەم و نامەسئول و نەفام و دەستەوەستان و ناکارامە مانەوە. لە جیاتی ئەوەی چارەسەرێکی زانستیانە بۆ ئەو قەیرانە بدۆزنەوە و هاوکاری کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بکەن، دەستیان دایە شێواندنی ئامارەکان. خۆ لە درۆش قەت کەم ناهێنن، بەگوێرەی هەموو راپۆرتە نێوخۆیی و جیهانیەکان، ئاماری تووشبووان و مردووان لە ئێران چەند قات لە ئاماری رەسمی زیاترە.

سەرەڕای هەموو خزمەت و ماندوو بوونی خۆنەویستانەی کادری پزیشکی، بەڵام سیاسەتی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە نەفامی و ناکارامەیی و گەندەڵی، خەڵکی بەلێشاو بە گەرووی مەرکدا کرد. کاتێکیش هاتنە سەر ئەوەی کە ڕێنوێنیەکانی سەبارەت بە داخستنی شارەکان و مانەوە لە ماڵان بەڕێوە بەرن، ئەو سیاسەتە تەنیا لە ئاستی دروشمی بێناوەرۆکدا مایەوە. نەشی دەتوانی وا نەبێ. دەوڵەتانێک کە ئەو سیاسەتەیان ڕەچاو کرد، ژیانی کرێکاران و کارمەندان و بنەماڵەکانیان لەو ماوەیەدا دابین دەکرد و لانی کەم زیانەکانیان تا ڕادەیەک بۆ قەرەبوو دەکردنەوە.

کۆماری ئیسلامی هیچ یارمەتیەکی جیدی خەڵکی نەدا، تەنانەت خامنەیی تا دوو هەفتە ئیجازەی هەڵگرتن لە سندوقی زەخیرەی ئەرزی بە دەوڵەت نەدا کە دەرمان و کەل و پەلی پزیشکی پێ بکڕن. هەر بۆیە سیاسەتی نەچوونە سەرکار و لەماڵ مانەوە لە ئێران قابیلی پیادەکردن نەبوو. خەڵکی هەژار کە هیچ سەرچاوەیەکی داهات و هیچ پاشەکەوتێکی نیە چۆن و بەتەمای کێ نەچێتە سەر کار و لە ماڵ بمێنێتەوە؟ لەڕاستیدا زوربەی خەڵک بەرامبەر بە بڵاو بوونەوەی ئەو نەخۆشیە نامەسئول نین، ناعیلاجن.

سەرباقی هەموو ئەوانەش و لە هەموو ئەوانەش شەیتانیتر ئەوە بوو کە خامنەیی کڕینی واکسەنە پەسندکراوەکانی لە خەڵک قەدەغە کرد. ئەمە نەک تەنیا کۆنەپەرستانە و نازانستیانەیە، نەک تەنیا دوژمنایەتی کوێرانە بە دژی ئەمریکا و دنیای رۆژاوا و کردنی خەڵک بە قەڵعانی مرۆییە، بەڵکوو دەچێتە خانەی تاوان دژی مرۆڤایەتی. تەنیا نەتیجەی ئەو سیاسەتەش بەکوشت دانی زۆرتری خەڵک و فەراهەم کردنی زەمینە بۆ سات و سەودای قاچاخ و ڕەش بە واکسەن و گیرفان ئاخنینی سپا و کاربەدەستانی رژیمە. گومانیشتان نەبێ سەرانی ئەو رژیمە بۆخویان و بنەماڵەکانیان بەدزی لە باشترین جۆری واکسەن کەڵک وەردەگرن.
ئەم سیاسەتە نەزانانە و کارەساتبارە بۆتە هۆی شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی لەناوخۆ و دەرەوەی ئێران، واتا ئەگەر پەتای کۆرۆنا لە مانگەکانی رابوردوو بوو بە خێروبێر بۆ کۆماری ئیسلامی و نیشتنەوەی شەپۆلی ئیعترازاتی لێکەوتەوە، ئەم جارە لەوانەیە ناکارامەیی، گەندەڵی لە کاروباری دەرمانی و نەهێنانی واکسەن خۆی ببێتە هۆکارێک بۆ پەرەسەندنی ئیعترازاتی خەڵک.
بەڵام نەخۆشی کۆرۆنا بە هەموو کاریگەریەکانی، پرسە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگای ئێران و کوردستانی لەبیر نەبردۆتەوە و نەیسڕیوەتەوە. گرینگترینیان پرسی ئابووری، یا باشترە بڵێین داڕووخانی ئابوری و هەڵتەکانی ژیانی بنەماڵەکان و گرانی و بێکاری و گەندەڵی و ئەو بابەتانەیە.
بەگوێرەی ئاماری رەسمی، کە بیگومان زۆر لە ئاماری ڕاستی کەمترە، ڕيژەی ئاوسان یا تورم سی لە سەدە، ئەوەش دەزانین کە ڕيژەی ئاوسانی مەوادی خواردەمەنی کە بۆ بنەماڵە کەم داهاتەکان گرینگترە زۆر لەوەش زیاترە. رادەی نەختینەیی، کە لەڕاستیدا بۆ ئێران مانای چاپی پووڵی بێ پشتیوانەیە و بۆمبێکی قورمیشکراوی ئاوسانە، لە ساڵی رابوردوودا دیسان بەخێرایی پەرەی سەندوە. ڕيژەی گەشەی ئابووری بەگوێرەی ئاماری سندوقی نێونەتەوەیی پووڵ، پێنج دەرسەد مەنفیە و بۆ ساڵی داهاتووش پێشبینی گەشەی مەنفی واتا پچووک بوونەوە و هەڵقرچانی ئابووری دەکرێت.
خۆ پتر لە دوو ساڵیشە کە ئەسڵەن بوودجەی عومرانی واتا بوودجەی ئاوەدانسازی و گەشەی ئابووری هەر نێویشی نەماوەتەوە و بوودجەی ئێران، دوای ئەوەی بەشی ئۆرگانە دەوڵەتی و نادەولەتیە دیار و نادیارە مفتەخۆرەکانی لێدرا و بەشی سپای پاسداران و مووشەک و ئەتۆم و ئۆرگانە ئەمنیەتیەکان و بەشی میلیشیا نیابەتیەکانی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێدرا، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا بەحاڵ بەشی مووچەی کارمەندان دەکا و شتێک بۆ بوودجەی عومرانی و بۆ ئاوەدانسازی و گەشەی ئابووری، کە لە زوربەی وڵاتانی دنیا بەشی سەرەکی بوودجەیە، نامێنێتەوە.  
ئاشکرایە کە ئەم سیاسەتە داڕووخانی ژیان و گوزەرانی بنەماڵە دەسکوتەکان و تەنانەت چینی ناونجیشی لێدەکەوێتەوە. بۆ نموونە، لانی کەمی هەقدەستی کرێکاران، ئەویش نەک هەموو کرێکاران بەڵکوو ئەوانەی زۆر بەختەوەرن و قانونی کار دەیانگرێتەوە، دومیلیۆن و شەشسەد هەزار تمەن دیاری کراوە، لە ‌حاڵێکدا بەگويرەی ئاماری رەسمی ‌هێڵی هەژاری پتر لە نۆ میلیۆن تمەن بۆ خێزانێکی ناونجیە. با لەوەش بگەڕێین کە ئەو هەقدەستەش بە شەش مانگ و بەساڵ دوا دەکەوێ و نادرێ. ئەو خێزانە کرێکاریانەش یاسای کار نایانگرێتەوە و بەهەموو نرخێک حازرن بچنە سەر کار و ئەوانەش کە ئەسڵەن کاریان دەست ناکەوێ هەر هیچ.  

یەکێک لەو ڕيگایانەی دەوڵەت لەم مانگانەی دواییدا بۆ هەڵلووشینی ئاخرین چۆڕی پووڵ و نەختینەی دەستی خێزانەکان لە کاری کرد، بریتی بوو لە دەسکاری کردنی بوورس و بردنەسەری یەکجار زۆری نرخی سەهام. بەمجۆرە ئەو بنەماڵانەی کە لە ڕيگەیەک دەگەڕان بۆ ئەوەی ئاخرین پاشەکەوتەکانی دارایی نەختی خۆیان بپارێزن لەوەی کە بە ئاوسان لێیان بتوێتەوە، هان دران بۆ کڕینی سەهامی بوورس. بەڵام بەزوویی دەرکەوت کە خەبەریك لەو قازانجە بەليشاوە بەڵێندراوە نیە و مایەکەشیان لە قۆلە کەوتووە. بەمجۆرە شەپۆلێکی ئینسانی گەورەی دیکەی ماڵباختەگان واتا قۆڵبڕاوان لە ئێران درست بووە کە بێگومان خۆی لە ئیعترازاتی خیابانی و کۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوە.  
بەگشتی، لەم ساڵدا تيکجوونی شیرازەی ئابووری، گرانی، هەژاری، بێکاری، بێسەرەوبەرەیی و ناکارامەیی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. گەندەڵی نجوومی سەراپای نیزامی داگرتووە و بۆتە شتێکی ئاسایی و وەکوو سێریاڵی تەلەڤیزیۆنی لێهاتووە و هەموو ئێوارەیەک خەڵک پەردەیەکی نوێ لەو زنجیرە درامایە کارەساتبارە دەبینن.


ئەو هەموو نالەباری و نەهامەتی و بارە ئابووری و کۆمەڵایەتیە خراپە ناتوانێ لە لەسەر لێکترازانی هەرچی زۆرتری خەڵک و دەسەڵاتدا کاریگەری خۆی دانەنێ و داشی ناوە. لە بواری سیاسیدا، ئێستا زیاتر لە دوو ساڵە کە بەدوای خۆپیشاندانە بەربڵاوەکانی بەفرانباری ساڵی نەوەد و شەش و دواتریش خەزەڵوەری ساڵی نەوەد و هەشت، گوتاری ئیسڵاحات نەک هەر بۆ نوخبە بەڵکوو بۆ جەماوەریش جێی خۆی داوە بە گوتاری گۆڕانی رژیم. راستە ئێستا بزووتنەوەیەکی گەورە لە سەر شانۆی خیابانەکان لە ئارادا نیە، بەڵام نموونەیەکی پچووک پێمان نیشان دەدا کە ڕای گشتی لەو بارەیەوە چۆنە.

لەم رۆژانەدا خانمێکی ئەندامی ئەنجومەنی شاری تاران لەڕێگەی سایتی شارەداری تارانەوە پرسیارێک لە کاربەران دەکا کە بزانێ ئاواتیان بۆ شارەکەیان چیە بەتەمای ئەوەی باسی مەدرەسە یا پارک یا نەهێشتنی ترافیکی قورس یان پاک و خاوێنی و شتی لەو بابەتە بکەن. کەچی کاربەرێک لە وەڵامدا دەنووسێ ئاواتم ئەوەیە نەمانی نیزامی کۆماری ئیسلامی بەچاوی خۆم ببینم. ئەم پۆستە لە ماوەی دووسێ رۆژدا و تا کاربەدەستان دێن بە پەلەپەل لایبەن، سی و پێنج میلیۆن کەس لایکی بۆ دەکەن.

لەڕاستیشدا گەورەترین مەترسی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە خەلکەکەی خۆیەتی و لە وەها هەستانێکی جەماوەرییە کە ئەوەندە بەربڵاو بێ کە بەو حاڵە شڕەی هەیانە بۆیان کۆنترۆڵ نەکرێت. لەڕاستیدا دەسەڵای کۆماری ئیسلامی لە ئێران دەستیان لە هەموو ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتی و خەدەماتیانەی کە دەوڵەتە ئاساییەکان بەرامبەر بە شارۆمەندانی خۆیان هەیانە هەڵگرتووە و تەنیا کار لەسەر سەرکوت و کۆنترۆڵ دەکەن. کەی و چۆن پەردەی جووڵانەوەی بەربڵاو و یەکلاییکەرەوە دێتە سەر شانۆی سیاسی کۆمەڵگا، لە کەس روون نیە، بەڵام گومان لەوە دا نیە کە خەڵک ناڕازیتر، بێزارتر و دەنگهەڵبڕتر لە هەمیشەن و رژیمیش بێ ئاسۆتر و شپرزتر لە هەمیشەیە.
بەڵام نیزامی کۆماری ئیسلامی نەک هەر لە ململانێ لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک، بەڵکوو لە تەنگژە و ململانێی نێوخۆیی و دەرەکی گەورەش دایە. یەکێک لە گەورەترینی ئەو گرفتانە پرسی جێنشینیە. هەموو ئاماژەکان نیشان دەدەن کە پرۆژەیەکی گەورە بۆ جينشین کردنی موجتەبا لە سەر کورسی ویلایەتی فەقیە و مەقامی رەهبەری لە ئارا دایە. هەموو جمگەکانی دەسەڵات، واتا سەرچاوەی دارایی، دەسەڵات بەسەر دەزگاگەلی ئیتیلاعات و ئەمنیەت و نیزامی و ڕاگەیاندن و سیاسەتی دەرەکی و هتاد، لەبەر دەستی دان و ساڵەهایە ڕاهێنانی بۆ دەکەن. هێشتا دیار نیە کە ئایا ئەو گشتە ئامادەکارییە چڕوپڕە پشتی پەردەیە گارانتی گوزارێکی هێدی و لەسەرخۆ لە باوکەوە بۆ کوڕ دەکا یان بەپێچەوانە دەبێتە هۆی ئاڵۆزی و تەکان و شەکانێکی تازە لەو نیزامەدا.
گرفتێکی گەورەی دیکە لەبەر دەم نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بریتیە لە سیاسەتی دەرەکی بەتایبەت پرسی سیاسەت لە ئاست وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا. هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئەمریکا و لاچوونی سەرکۆماری پێشوو، شاییەکی زۆری لە دڵی کاربەدستانی کۆماری ئیسلامیدا گيڕا، بەڵام زۆر زوو دەرکەوت جيبەجێ کردنی بەڵێنی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و لابردنی تە‌حریمەکان لەلایەن دەوڵەتی تازەی ئەمریکاوە وا هاسان و بێ گرێ و گۆڵ نیە و هەر وەکوو پێشتریش بارەها ئاماژەمان پێکردبوو، تازە ئەو مانگە هەنگوینەی سەردەمی ئۆباما لە نێوان ئێران و ئەمریکادا زەحمەتە دوپات بێتەوە. راستە، تیمی سەرۆک کۆماری تازەی ئەمریکا لەمەڕ ئێران بەزۆری هەر تیمەکەی ئەو سەردەمەن کە سازشەکە کرا، بەڵام بارودۆخ گۆڕاوە. دەرکەوتنی پەیوەندی چڕوپڕی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ تالیبان و ئەلقاعیدە، زێدەڕۆیی لە پیتاندنی ئورانیۆمدا، دەرکەوتنی نهێنی تازە لە چالاکییە ئەتۆمیەکاندا، دەرکەوتنی کاری تێرۆریستی رژیم لە ئوروپا و شوێنەکانی تر، دەرکەوتنی کەموکووڕی لە خودی رێککەوتنی ئەتۆمی کە لە ئێران بە بەرجام ناسراوە، سەرهەڵدانی هاوپەیمانیەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەباکاندا کە بەتایبەتی رووی لە ئێرانە، ئەوانە هەمووی بارودۆخیان وەها گۆڕیوە کە چوونەوە سەر خوانی پێشووی بەرجام بەبي هەزینە و پاشەکشەی تازە بۆ ئێران نابێت.

  
با بێینە سەر کوردستان کە بابەتی کاری ئێمە و ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە و خەمی سەرەکی ئێمەیە. هەمان بارودۆخی ئابوری و تەنگژەکانی ژیان کە باسمان کرد بەزیادیشەوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی بەرەو هەژاریەکی قورس و تاقەت پڕووکێن بردوە. نرخی کەل و پەلی ژیان رۆژ لەگەڵ رۆژ گرانتر دەبێ و بڕست لە خەڵک دەبڕێ. لە پەیوەند لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆناش کەمترین ئیمکانات بۆ کوردستان تەرخان کراوە و لەم بوارەشدا کوردستان وەکوو هەمیشە کەوتۆتە پەراوێزی خەدەماتەوە. کادری دەرمانی و پزیشکی کوردستان بەخزمەتی زۆر و فیداکارارنەی خۆیان هەر چەندی توانیبێتان قەرەبووی کەمترخەمی و نامەسئولی دەسەڵاتدارانیان کردۆتەوە. هەربۆیەش لەلایەن خەڵکی بەئەمەگی کوردستانەوە بەناوی پێشمەرگانی سپی پۆش ناوزەد کراون.

هەروەها ئەم ماوەیە زۆرێک لە خەڵکی شاروگوندەکان خۆبەخشانە یارمەتی پزیشکی و کەل و پەلی خۆپاراستنیان پێشکەش کردووە و کۆڕوکۆمەڵی لاوانی بەدەربەست و رێکخراوگەلی گونجاو خۆبەخشانە هەوڵی پاک و خاوێن کردنەوە و سەمپاشی گەڕەکی شارەکان و گوندەکانیان داوە و یارمەتیان بە پیر و پەککەوتەکانی کۆمەڵگا گەیاندوە، ئەوەش جێی سپاس و دەسخۆشیە و نموونەی رێکخستنی هاوپشتی مرۆڤانە و چالاکی مەدەنیە.
سەرباقی هەموو گرفت و نەهامەتیە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان کە خێروبێری کۆماری ئیسلامین، لەم ماوەیەدا فشاری ئەمنیەتی رژیم لە کوردستان بەردەوام بووە، مەکینەی ئەشکەنجە و ئیعدامەکان لەکار نەوەستاوە، هەر لەم رۆژانەدا هێزە ئینتیزامیەکان مێهردادی تاڵشی لاویان بەبێ هیچ تاوانێک لەژێر ئەشکەنجەدا شەهید کرد و بەمجۆرە شەهیدێکی دیکەیان بەو بنەماڵەیە زیاد کرد کە پڕبەدڵ سەرەخۆشیان ليدەکەین. تەقە لە کۆڵبەران و کوشتن و بریندار کردنیان لەم چەند مانگەدا درێژە دراوە کە لێرەدا سەرەخۆشی لەبنەماڵەی خۆشەویستی هەموو ئەو ئازایزانە دەکەین. لە هەفتەکانی رابوردوودا بەتایبەت شەپۆلێکی ڕەشبگیری و گرتنی بەکۆمەڵی چالاکانی ناوخۆ دەستی پێکردوە کە تا ئێستا پتر لە سەد و بیست و نۆ کەسیان دەستبەسەر کراون. خۆشبەختانە ئەم کارە نامرۆڤانەیە ئەمجار دەنگدانەوەیەکی گەورەی بووە و میدیا و رێکخراوەکان بەفراوانی باسیان کردوە و لە کۆماری ئیسلامیان لەقاو داوە.
گەرچی لە مانگەکانی رابوردوودا بزووتنەوەی گەورەی خیابانی نەهاتۆتە ئاراوە، بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە کوردستان چ بورکانێکی ئامادەی تەقینەوەیە، بۆیەش هەموو هەوڵی خۆیان بۆ تۆقاندن و ترساندنی خەڵک و دزێو کردن و خەوشدار کردنی سیمای گەشی کۆمەڵە و حیزبەکانی کوردستان بەکار دەبەن. نمایشکردنی چەند فیلمی ساختە و درۆیین لەسەر کۆمەڵە و کاک سەدیقی کەمانگەر و هەوڵدان بۆ خەوشدار کردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد و سەرکردەکانی، دادی کۆماری ئیسڵامی نادا و فریایان ناکەوێ. ئەو سەرکردە و کەسایەتیانە لە دڵی میللەتدا دەژین و ئەمڕۆ بزووتنەوەی کورد لە هەمیشە قووڵتر لە دڵی خەڵکی کوردستاندا جێی خۆی کردۆتەوە و لەهەمیشەش بەرینتر لە سەرتاسەری کوردستانی رۆژهەڵات تەشەنەی کردوە و بێگومان پرۆپاگەندەی قێزەونی رژیمی پەت و سێدارە بەزیانی خۆیان هەڵدەگەڕێتەوە. ئەو کاردانەوە گەورە و کەم وێنەیەی کە لە وەڵام بە سوکایەتی بە جلی کوردی هاتە ئاراوە و کەوتنە ڕێی ئەو شەپۆلە بەرینەی وەستانەوە و بەرەنگار بوونەوە، دەبێ بەباشی ئاوی گوێی دەسەڵاتدارانی ئێرانی دادابێ.
تا ئەو جێگەش دەگەڕێتەوە سەر خۆمان وەکوو کوردی رۆژهەڵات، سەرەکیترین پرس و گرینگترین بابەتێک کە بۆ ئەم سەردەمەی کوردستان لەبەر دەممان دایە، بریتیە لە یەکگرتوویی کورد و کاری هاوبەش لەسەر بنەمای ستراتێژیەکی روون و ژیرانە. لێتان ناشارمەوە کە گەورەترین مەترسیش نەگەیشتمان بەو یەکگرتووییە لە کاتی گونجاو دایە. هەر بۆیە ئەرکێکی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی ناوەندی هاوکاری. ئێمە هیواخوازین و هەموو هەوڵی خۆشمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ناوەند بتوانێ لە زووترین کاتدا بە ئاکامی پێویست لەسەر گرینگترین بابەتەکانی ئەو یەکگرتنە لەنێوخۆی و لەنێو هەموو گەلی کورد بگات.

لە کۆتاییشدا لە هەموو تێکۆشەرانی کۆمەڵەش چ لەناوخۆی کوردستان، چ لە رێکخستنی هێزی پێشمەرگە و چ دەرەوەی وڵات داوا دەکەم هەوڵ و چالاکی خۆیان فراوانتر بکەنەوە. دنیایەک ئەرک و کار لە بەردەممان دایە: هەوڵ بۆ رێکخستن و خۆ ئامادە کردن بۆ گۆڕانکارییەکان، کاری پێشمەرگانە، کاری مەدەنی، کاری رێکخستن، کاری راگەیاندن، کار لەپێناو یەکگرتوویی بەرەی کوردی، پەرەپێدان بە پەیوەندی خەباتکارانە بەدژی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ نەتەوەکانی ئێران و سەرجەم نەیارانی رژیم، هەوڵی ئێمە بۆ ناساندنی زۆرتری کوردی رۆژهەڵات و خەباتەکەی و داواکارییەکانی و مافەکانی بە دنیا و زۆر بواری دیکە چاوەڕێێ هەوڵی ماندوویی نەناسانەی ئێوەن. دەستتان بەگەرمی دەگووشم و ئاواتی سەرکەوتنتان لە بەجێ گەیاندنی ئەو ئەرکانە بۆ دەخوازم.
سپاس و بەخێرهاتنی دوبارەش بۆ هەموو بینەران و بیسەرانی خۆشەویست و شەو و رۆژتان خۆش.


PM:10:09:13/02/2021




ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌