لە کاتی زۆر بوونی تووشبوان بە ڤایرۆسی کرۆنا لە ئێران، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەوڵی کڕینی واکسەنی کرۆنا نادەن

ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ لە کاتێکدا کە ئاماری تووش بووان بە ڤایرۆسی کرۆنا لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی کەمی بووجە و گەمارۆکانی ئامریکا هەوڵی کڕینی واکسەنی کرۆنا نادەن.


"عەلی مۆتەهەری" نوێنەری پێشوو و جێگری سەرۆکی پێشووی مەجڵسی شورای ئیسلامی ئێران، دوێنی لە تویتێرێکدا ڕایگەیاند، بە هۆی ئەوەی کە ئێران لە لیستی ڕەشی ئێف ئەی تی ئێفدایە، کەمی بووجەمان هێناوە، نەمانتوانیوە ٥٠ملیۆن دۆلار پووڵی واکسەنی کرۆنا بدەین و شورای باڵای بەرژەوەندی نیزام دەبێ وڵام دەرەوە بێت.

ئێف ئەی تی ئێف، گرووپی تایبەتی هەوڵی ماڵی بە دژی گەندەڵی و تێرۆریسمی ماڵی چالاکی دەکات کە بە هۆی دژایەتی شورای باڵای بەرژەوەندییەکانی نیزام لە گەڵ تەرحی وازهێنانی کۆماری ئیسلامی بە یارمەتی ماڵی حێزبۆڵڵا و گرووپه تێرۆریستییەکان، ئێرانی لە لیستی ڕەشدا داناوە و بەو هۆیەوە پەیوەندی ئێران لە گەڵ بانکه جیهانییەکان قەدەغە کرا.


بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی قەدەغەی ئاڵۆگۆڕی پارەییان کردووتە بیانوو، لە کاتێکدا "ناسر ڕیاحی" سەرۆکی سەندیکای هاوەردە کردنی دەرمانی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئێران هیچ کێشەیەکی بۆ کڕین و ئاڵۆگۆڕی پارەی دەرمان نییە و هەروەها ڕێکخراوی جیهانی هێچ بەرگریکی بۆ سەندنی دەرمان دانەناوە.


هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەز لە چەند تویتێردا ڕایگەیاند کە پێشنیاری یارمەتی بۆ کڕینی واکسەنی کرۆنا لە سەر جێگای خۆیەتی بەڵام خامنەیی ئەم پێشنیارەی ڕەت کردووتەوە.

 

شایانی باسە، بە پێی ئاماری وەزارەتی بێهداشتی ئێران، لە ماوەی یەک ڕۆژی ڕابردوودا ١٩١کەس بە هۆی تووش بوون بە ڤایرۆسی کرۆنا گیانیان لە دەستداوە و هەروەها شەش هەزار و ١٥١ نەفەر تووشی ئەم نەخۆشییە بوون و لە کاتی هاتنی کرۆناوە ٥٣هەزار و ٨١٦ کەس بە هۆی کرۆناوە گیانیان لە دەستداوە و زۆرتر لە ١.١ملیۆن کەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کرۆنا بوون و هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوی نیزام پزێشکی ئێران کڕینی واکسەنی کرۆنای پێویست و گرینگ ڕاگەیاندووە و داوای لە بەرپرسان کردووە کە کڕینی واکسەنی کرۆنا بە بەشی تایبەتی بدەن، بەڵام ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی باس لە سازکردنی واکسەنی نێوخۆیی ئێران دەکەن کە تا ٦ مانگیتر ئامادە ناکرێت و ئەمە نیئشاندەری گرینگی پێ نەدانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە ژیانی پڕ لە مەترسی خەڵکی ئێران و  هەروەها خەڵک دەبنە قوربانی سیاسەتی ناکارامەی کۆماری ئیسلامی .


PM:03:10:22/12/2020




ئه‌م بابه‌ته 219 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌