په‌یامی كۆمه‌ڵه‌ی خوێنده‌وارانی رۆژهه‌ڵات به‌ بۆنه‌ی یه‌كی مه‌ی رۆژی جیهانی كرێكار

كرێكارانی كوردستان 

خه‌باتكارانی رێگای دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی

یه‌كی مه‌ی رۆژی جیهانی كرێكارانتان لێ پێرۆز بێت. هاورێیان، رێژه‌ی به‌رچاوی حه‌شیمه‌تی بێكاری خه‌ڵكی كوردستان به‌ جۆرێكه‌ كه‌ زۆربه‌ی كووره‌كانی درووستكردنی خشت، شارۆچكه‌ پیشه‌سازییه‌كانی شاره‌كانی ناوه‌ندی ئێران و هه‌روه‌ها پرۆژه‌ نه‌وت و گازییه‌ گه‌وره‌كانی باشووری ئێران، وه‌كوو عه‌سه‌لویه‌ و پاڵاوگه‌ نه‌وتییه‌كانی به‌نده‌رعه‌باس، بووه‌ته‌ شوێنی چه‌وساندنه‌وه‌ی فیكری و جه‌سته‌یی كرێكارانی كورد.

 نزیك به‌ 2 ملیون كرێكار له‌ به‌شی درووستكردنی خانووبه‌ره‌ له‌ ئێراندا هه‌ن كه‌ زۆربه‌یان له‌ له‌شكری بێكارانی كوردستان پێكهاتوون. به‌ڵام ئه‌م كرێكارانه‌ تاكوو ئێستا له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ بیمه‌یه‌ك كه‌ پشتیوانیان بێت بێ به‌ش كراوه‌ن. ئه‌مه‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ رۆژ نیه‌ هه‌واڵه‌كان باس له‌ مه‌رگی كرێكاران به‌ تایبه‌ت كرێكارانی خانوو به‌ره‌ له‌ ئاكامی رووداوی كار نه‌كه‌ن و ئاسایی بوونی ئه‌م كێشه‌یه‌ لای بیروڕای گشتی ناخی كاره‌ساته‌كه‌مان بۆ ده‌رده‌خات.

 له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ كێشه‌ی بێكاری له‌ ئێران و كوردستان سه‌رچاوه‌كه‌ی بۆ ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆی سیاسه‌ت له‌ ئابووریدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و كۆماری ئیسلامیش له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆیدا كوردستانی وه‌كوو ناوچه‌یه‌كی گه‌شه‌ نه‌سه‌ندوو هێشتووه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریه‌كی زۆر قوڵی له‌ سه‌ر ئاستی بێكاری له‌ كوردستان داناوه‌. هه‌روه‌ها پێویسته‌ له‌م رۆژه‌دا هه‌لومه‌رجی دژواری ژیانی كۆڵبه‌رانی كورد و كوژرانی نامرۆڤانه‌یان وه‌بیر بێنینه‌وه‌ و پێیان بڵێین كه‌، به‌ بێ داڕمانی یه‌كجاری ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی و سه‌رمایه‌داران و مشه‌خۆرانی سه‌ربه‌م رژیمه‌، ناكرێت گۆڕانێكی بنه‌ڕه‌تی له‌ سیاسه‌ته‌ ئابوورییه‌كان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌لێنی نه‌ته‌وه‌ی_چینایه‌تی وڵات به‌ كرده‌وه‌ ده‌ربێت.

پاشان له‌ ده‌سه‌ڵاتێكی دێموكراتیكی سبه‌ی رۆژدا، ده‌بێ سیاسه‌تی هه‌ڵاواردنی پۆزێتیڤ بگیریه‌ته‌به‌ر. كرێكارانی كوردیش پێویسته‌ به‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی_چینایه‌تی و كۆمه‌ڵه‌ش به‌ یارمه‌تی و پشتیوانی كردن له‌وان، بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافی ره‌وای هه‌ژاران و زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، گوڕانی بنه‌مایی له‌ ژیانی رۆژانه‌ی خۆیان بكه‌ن به‌ ئه‌مری واقیع.

 له‌ كۆتاییدا و به‌ له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌م راستییه‌ كه‌  بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری له‌ زۆربه‌ی ئاڵوگۆڕه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی جیهاندا پاڵپشت و پشتیوانی یه‌ك تر بووه‌ن ئێمه‌ش وه‌كوو كۆمه‌ڵه‌ی خوێنده‌وارانی رۆژهه‌ڵات وێڕای پێرۆزبایی خۆمان به‌ بۆنه‌ی یه‌كی مه‌ی رۆژی جیهانی كرێكار له‌ سه‌رجه‌م كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان و ئێران جارێكیتر هاوخه‌باتی و پاڵپشتی خۆمان له‌ خه‌باتی ره‌وای بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری له‌ ئێران و له‌ كوردستان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌. 


كۆمه‌ڵه‌ی خوێنده‌وارانی رۆژهه‌ڵات

یه‌كی مه‌ی 2013 زایینی به‌رانبه‌ر له‌گه‌ڵ 11 گوڵانی 1392ی هه‌تاوی

PM:11:53:04/05/2013




ئه‌م بابه‌ته 953 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌