ڕاگەیەندراوی سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بەبۆنەی مەرگی مامۆستای تێکۆشەر "مەلا حەمەدەمین ئازەریان" ناسراو بە "مامۆستا مەلا حەمەدەمین شیلان ئاوێ"


ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ بەداخەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٣ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٠ی زایینی، مامۆستا مەلا حەمەدەمین ئازەریان، دوای تێپەڕاندنی ٦٧ ساڵ ژیانی سەربەرزانەو پڕ لە خزمەت و خەبات، لەدوای جێهێشتنی ناو و بیرەوەرییەکی خۆش، ماڵئاوایی لە ژیان کرد و کەسوکار و دۆستان و نزیکانی تووشی خەمێکی قووڵ بوون.

مامۆستا حەمەدەمین مروڤێکی خۆشەویستی خەڵک و خەباتکاران و مامۆستایەکی کوردپەروەر و خەباتکار و دۆستی نزیکی کۆمەڵە بوو. لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا زۆر بوێرانە و بە هەڵوێست هاتە مەیدان و چالاکی خۆی وەک دۆستێکی کۆمەڵە و ئەندامی دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین حوسێنی درێژەدا. دواتریش لە ساڵانی ڕابردوو سەرەڕای ئەزیەت و ئازار دیتنی زۆر لە لایەن رژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوام لەسەر هەڵوێستی خۆی مایەوە کە بەرگری و پاڵپشتی لە ماف و داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد بوو. دوو جار زیندان و بانگکردن لە پاڵ گوشار و هەڕەشەی هەموو ساڵەو هەمیشەیی و تەنانەت هەڕەشەی گروپە توندڕەوە سەلەفیەکانیش نەیتوانی ئەم بەڕێزە لە ڕێچکەی کاری خۆی دابڕێت یان لە بۆچوون و هەڵوێستەکانی پاشگەز بکاتەوە.

مامۆستا لەلای خەڵکی مهاباد و بۆکان و دەوروبەر زۆرناسراو و جێگای متمانە بوو و تا کاتی مەرگی بە دۆستایەتی کۆمەڵە و پاڵپشتی لە هەڵوێستەکانی وەفادار مایەوە. کۆمەڵە وێڕای دەربڕینی ئەمەگناسی و پێزانین بە مێژووی چالاکی و خەباتی مامۆستا، سەرەخۆشی گەرمی خۆی ئاراستەی بنەماڵەو کەسوکاری مامۆستا مەلا حەمەدەمین و هەموو خەڵکی مهاباد و بۆکان و دەوروبەر دەکا و خۆ بە هاوخەمیان دەزانێت.

یادی ئازیزیان بەرز و بەڕێز بێت

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی

٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ی زایینی

٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی


PM:05:27:23/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 189 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌