"حەیدەر قوربانی" مەترسی سێدارەی لەسەرە

دوای لە سێدارە دانی "نەوید ئەفکاری" کوشتیگیری شیرازی، هەواڵی ڕەت کردنەوەی داخوازی پێداچوونەوەی حوکمی دادگای "حەیدەر قوربانی"، بەندکراوی سیاسی کورد لە لایەن لقی ٩ی دەزگای باڵای داد، ڕاگەیەندرا. ئەم هەواڵە مەترسی لە سێدارەدانی ناوبراوی زۆرتر کردووتەوە.

چالاکوانانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە ڕێکخستنی کەمپەینێک دژ بە حوکمی سێدارەی "حەیدەر قوربانی" ناڕەزایەتی خۆیانیان دەربڕی.

"حەیدەر قوربانی"، ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەری ١٣٩٥ هەتاوی، بە دەست هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەرکرا، دوای دوو مانگ بێ سەروشۆن بوون و ئەشکەنجە، ڕێکەوتی (١٦ی بەفرانبار١٣٩٥ی هەتاوی) بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند؛ زیندووە.

ناوبراو، ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەر ١٣٩٨ی هەتاوی، دوای سێ ساڵ لەلایەن لقی یەکی دادگای سنە، دادگایی کرا و حوکمەکەی ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەر١٣٩٨ی هەتاوی دەرکرا. بە تاوانی بەشداری لە "کوشتنی بە ئەنقەست" سێ جار حوکمی زیندانی بوونی هەڵپەسێندراو و هەرکام ٢٠ساڵ زیندان و ٢٠٠قامچی بەسەردا سەپا، کە بە پێ مادەی ١٣٤ی یاسای سزای کۆماری ئیسلامی، ٣٠ساڵی جێبەجێ دەبێت.

ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، ئەمجار بە دۆسییەیەکی دیکە کە لەلایەن ئیدارەی ئێتلاعاتی سنە پێکهاتبوو، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتی قازی سەعیدی، بە تۆمەتی "بغی" لە ڕێگەی ئەندامییەت لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حوکمی لەسێدارەدانییان بەسەردا سەپاند.

حوکمەکەی بە هۆی کەموکۆڕی بەڵگەکان، لەلایەن دەزگای دادەوە ناردرایەوە بۆ سنە، ئەمجارە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٨ی هەتاوی، لقی ٢٧ی دەزگای باڵای داد حوکمەکەی پەسەند کرد.



PM:03:02:21/09/2020




ئه‌م بابه‌ته 101 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌